Draw Media

كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی بێ ئەنجام بوو

كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی بێ ئەنجام بوو

2023-06-26 20:27:37


درەو:
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی بێ ئەنجام بوو، لە سەر پرسی (پرۆسەی هەڵبژاردن، پەیوەندی لەگەڵ بەغداد) ناكۆكن.
ئەمڕۆ لە بارەگانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە شاری هەولێركۆبوونەوە.
وەفدی پارتی (فازل میرانی) بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی سەرۆكایەتی كردوو پێكهاتووە لە هەریەكە لە:
•    سیداد بارزانی
•    هوشیار زێباری
•    فوئاد حوسێن
•    مەحمود محەمەد
•    زاگرۆس فەتاح
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی سەرۆكایەتی وەفدی یەكێتیی كرد لەم گفتوگۆیەدا، وەفدی یەكێتیی پێكهاتوون لە هەریەكە لە:
•    جەعفەر شێخ مستەفا
•    دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
•    شاڵاو عەلی عەسكەری
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆبوونەوەكەی نێوان یەكێتی و پارتی بێ ئەنجام بووە، هەردوولا لەسەر پرسی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد ناكۆكبوون، سەرەڕای ناكۆكییەكانی دیكە.
زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن یەكێتی لەگەڵ ئەوەبووە كە كۆی كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بەیەك پاكێج گفتوگۆی لەسەر بكرێت و هەوڵی چارەسەری بكرێت، پارتی لەگەڵ ئەوەبووە كە لەم دۆخەی ئێستادا كێشەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و پرسی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكرێن، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
دوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، چەند رۆژێك دۆخی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیی ئاسایی بووەوە، بەڵام پرسی دەنگدان لەسەر یاسای بودجەی 2023ی عێراق سەرلەنوێ پەیوەندی نێوان هەردوو حزبی ئاڵۆز كردەوە، پارتی پێیوایە یەكێتیی لەپشت ئەو هەوڵانەوە بووە كە لەناو بودجەدا بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم گیراونەتە بەر، ئەمە سەرباری ناڕەزایەتی پارتی دژی جێگیركردنی ئەو بڕگەیە لە بودجەدا كە ماف بە پارێزگاكانی هەرێم دەدات لە حاڵەتی بوونی ناڕەزایەتیدا بتوانن بەشێوەی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بكەن، ئەم بڕگەیە لەسەر داوای یەكێتیی چەسپێندراو پارتی وەكو هەوڵدان بۆ پەرتكردنی هەرێمی كوردستان وێنای دەكات.
سەرباری ئەوەی مانگی ئایار تیمی پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتنیان كرد لەسەر ئەوەی دۆسیە ئەمنییەكانی نێوانیان (بەدیاریكراوی دۆسیەی كوژرانی هاوكار جاف) بدەنە دەست لیژنەیەكی هاوبەش كە بە ئامادەیی لایەنی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی تێدا بكات، بەمدواییە دادگای هەولێر سزای ئیعدامی بۆ (وەهاب هەڵەبجەی) فەرماندەی هێزی دژەتیرۆری یەكێتیی‌و 8 فەرماندەی تری ئەو هێزە دەركرد، ئەمەش هێندەی تر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی توشی گرژی كردەوە.
لەپاڵ دۆسیەی ئەمنیی‌و دارایدا، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانیش ناكۆكن، ئەم ناكۆكییە هێشتا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە‌و چارەنوسی هەڵبژاردنیشی خستوەتە ناو تونێلێكی نادیارەوە.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand