Draw Media

گرنگی لەدایکبوونی دیدێکی ڕۆشنگەرانە بۆ دین

گرنگی لەدایکبوونی دیدێکی ڕۆشنگەرانە بۆ دین

2023-06-25 13:39:50


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
لە دونیای ئێمەداو لەکاتێکدا دین دەستیخستۆتە ناو وردو درشتی ژیانی ئینسانەکانەوە، یان تەماحى ئەوەی هەیە ئەو کارە ئەنجامبدات، کەچی قسەکردن لەسەر دین وەک چوونە ناو کێڵگەیەکی گەورەی ئەلغامی لێھاتوە، بەهەرلایەکدا بجوڵێیتەوە کەسانێک وەک لوغم بە ڕوتدا دەتەقنەوە. زۆرینەشیان بەناوی خوداو پێغەمبەرو موقەدەساتی کۆمەڵگاوە ئەدوێن و بەناوی ئەوانەشەوە ڕەوایەتی بە هێرشکردن و سوکایەتیی و بەحەیوانکردنی کەسانی لەخۆیان نەچوو ئەدەن، تا بە کوشثن و تێرۆرکردن دەگات. ئەوی دەبینرێت دروستکردنی نەوەیەکی گەنجی دینداریی توندڕەوە کە بە ئەرکێکی خودایی دەزانن بەگژ هەر کەسێکدا بچنەوە روانینی بۆ دین و دینداریی، نەچێتە ناو نەخشە بەرتەسک و بچوکەکەی ئەوانەوە بۆ دین و دینداریی. پەلاماری رەمزیی و مادیی هەرکەسێکیش بدەن شتێک لەسەر دین و دینداریی بڵێت جیاواز لەوەی ئەوان فێرکراون بیبیستن و بیڵێن. نەوەیەک پەڕینەوەی لە جنێو و سوکایەتیکردن و تەکفیرکردنەوە، بۆ تێرۆرو کوشثن و لەناوبردن، تەنها مەسەلەی کاتە. ئێمە لەئێستادا دەرکەوتە سەرەتاییەکانی ئەو گواستنەوەیە، دەبینین.
ئەوەی شوێنی سەرنجە ئەم نەوە گەنجە، کە زۆرینەیان نەوەیەکی سەلەفین، لەناو خۆیشیاندا دابەشن بەسەر چەندان تێگەیشتنی جیاوازدا بۆ دین کە لەسەر نەفیکردنی تەواوەتی یەکتریی و بە موتڵەقکردنی شێوە دینداریی و تێگەیشتنی خۆیان کاردەکەن. کێشەی نێوان ئەشعەرییەکان و سەلەفییەکان لەلایەک و کێشەی سەله‌فەییەکان و ئیخوانییەکان لەلایەکی تر دەرخەری ئەم ڕاستییە سۆسیۆلۆژییە سادانەن. ئەوە با واز لە کێشه‌ی نێوان ئەوان و ئەو زۆرینە دینیی و نادینییە بهێنین کە لە کوردستاندا ئەو روانینە سەلەفییەیان بۆ دین نییە.
ئەم دابه‌شبوونه‌ ناوەکییەی کایە دین زیاتر بەرهەمی دونیای دوای راپەرینە، رەنگە رەگوڕیشەی هەندێکیان بۆ کاتێکی کەمەکێک درێژتر ببرێنەوە، بەڵام ئامادەگیی ئەوان وەک هێزی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی نوێ دەکەوێتە دونیای دوای راپەرینەوە.
ئەم دۆخەی سەرەوە وادەکات هێزە چەپ و نادینیی و سیکولارەکانیش، ناچاربن ببنە بەشێک لەو هێزانەی ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا لەسەر دین و دینداریی قسەدەکەن، بەڵام قسەکردنێک لە دیدێکی تەواو رۆشنگەرانەوە، کە دواتر زۆر بە کورتی شیدەکەمەوە.  
ھێزە چەپ و نادینییەکانی دونیای ئێمەو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵانی شەست و ھەفتای سەدەی بیستەمدا، بەشێوەیەکی گشتیی، قسەکردن و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دین بەتەواوی پشتگوێ خستبوو. زۆرجار وەک دیاردەیەکی کاتیی تێپەڕو بەرسەرچوو مامەڵەیاندەکردن، پێیانوابوو جێگەیەک بۆ دین لە دونیای مۆدێرندا نامێنێتەوە. زۆرجاریش دینیان بۆ بیرکردنەوەی خورافیی و بۆ سیحرو ئەفسانە، کورتدەکردەوە، پێشیان وابوو ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە شوێنی لەناو میتۆدەکانی فیکرو بیرکردنەوەی مۆدێرندا نابێتەوە.

بەبۆچونی من ئەم شێوازە روانین و بیرکردنەوەیە لە دین، نەک تەنها هەڵەبوو، بەڵکو ھەڵەیەکی ستراتژیی گەورە بوو. ئەم گوێ پێنەدان و ئیهمالکردنە دەرگای بەڕووی ڕێبازە سەلەفیی و سیاسیی و جیھادییەکاندا کردەوە، بەو روانینە ترسناکەوە کە بۆ دینیان هەیە، بچنە ناو بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگاوەو کاری نهێنی و ئاشکرا ئەنجامبدەن. لەبەرامبەردا هێزە نادینییەکانیش، بە چەپ و ناچەپیانەوە، لەباتی گەشەدان بە دیدێکی ڕۆشنگەرانە بۆ دین، یاخود گەشەدان بە دیدێکی دیموکراسییانەی ڕاستەقینە، بوونە هەڵگری ئەو ستراتیژیەتی پشتگوێخستن و بە سوک و ناگرنگ سەیرکردنەی دین کە بەم رۆژەی ئەمڕۆکەی گەیاندین، رۆژێک تیایدا گوتارێکی رۆشنگەرانە سەبارەت بە دین لەئارادا نەبێت، وڵاتەکە سیخناخ بێت بە گوتاری سەلەفیی و ئیخوانیی و روو- لە - جیهاد. یان کرد. هەڵەی سەرەکیی بەجێهێشتنی دین و دەقە دینییەکان و کەلەپوری دین و دیاردەی دیندارییە بۆ ھێزە دینییه‌كان بەتەنها، کردنی ئەم هێزە دینیانەیە بە تاکە خاوەنی دین، بە قسەکەر بەناوی خوداو پێغەمبەرەکانییەوە، ئەوانیش بە خواست و ویستی خۆیان و لە فۆرمی سەلەفیەت و ئیخوانیەتی دینداریدا، لێکیاندایەوەو بەناو کۆمەڵگادا بڵاویانکردەوە.
بە بۆچونی من هەنگاوی یەکەم بە گەڕاندنەوەی نرخ بۆ دین و فیکری دینیی و کەله‌پوری دینییەوە دەستپێدەکات و خوێندنەوەی ئەمانەش لە ڕێگای دیدگا تیورییە تازەکان و دیدگا میتۆدییەکانی زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەوەشی پێویستە پرۆژەیەکی لەم بابەتە ئاڕاستە بکات دیدگایەکی ڕۆشنگەرانەیە کە پێ لەسەر عەقڵانیەت و جیاوازیی و ڕێزگرتن دابگرێت و مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی مێژوویی بیرکەره‌وەو پرسیارکەر وێنا بکات.

لە قورئاندا چەندان دەق هەن سەبارەت بە کۆیلەو چۆنیەتی مامەڵەکردنی کۆیلەوە، ئەمڕۆ کەس باس لە پیادەکردنی ئەو دەقانە ناکات، مەگەر هێزێکی سەلەفیی وەک داعش نەبێت. زۆرینەی موسڵمانانی جیهان دەڵێن ئەو دەقانە پەیوەندییان بە سەردەمی خۆیەوە ھەیەو کۆیلەیەتیی لە جیهانی ئەمڕۆدا نەماوە. یاخود لە چۆنیەتی باسکردنی مەسەلەی ئەھلی زیمەدا، بە دەگمەن نەبێت کەسێک نادۆزیتەوە لەمڕۆدا باس لە چەمکی «ئەھلی زیمە» بکات و زۆرینەی پیاوانی دینیش باس لە مەسەلەی «ھاوڵاتیبوونی یەکسان» دەکەن، بێگومان جگە لە هێزو کەسایەتییە سەلەفییە توندڕەوەکان، ئەوانە لە داعشدا لە فۆرمە ئاساییەکەی خۆیاندا بەرجەستەبوون. پەرەدان بەم فۆرمە لە خوێندنەوەی دین ئەرکێکی سەرەکیی هێزە نادینیی و عەلمانییەکانی دونیای ئێمەیە، نەک جێهێشتنی دین بۆ هێزە سەلەفیی و ئیخوانییەکان.

ئێمە دەزانین لەگەڵ دیکارتدا گۆڕانێکی گەورە لە وێناکردنی مرۆڤدا، دێتەکایەوە. مرۆڤ وەک تاکەکەسێک لەدایکدەبێت کە ئاکاری سەرەکیی ئەو بوونی دین یان بێدینبوون نییە، مەسیحیبوون یان ئیسلامبوون یان بودیبوون یان ھەرشتێکی دیکەی لەم بابەتە نییە. ئەوەی لای دیکارت ئاکاری سەرەکیی و بنەڕەتیی مرۆڤ وەک تاکەکەس دەستنیشاندەکات، بریتییە لە «بیرکردنەوە»، توانای بیرکردنەوەو جۆری بیرکردنەوەیە. مەسەلەی سەرەکیی لای دیکارت بریتییە لە ”من بیردەکەمەوە کەواتە ھەم“، ئەم تێزە پێ لەسەر ئاکاریی بیرکەرەوانەی مرۆڤ دادەنێت، کە ئاکارێکی تەواو نوێی مرۆڤەو بنەمایەکی نوێی دروستکردنی شوناسیی مرۆڤە وەک مرۆڤ.
ئەم شوناسە تازەیە تێپەڕاندنی سەرجەمی فۆرمەکانی تری شوناسە ئیسنانییەکانی ترە، یان لانیکەم شوناسێکە سەرجەم شوناسەکانی دیکە دەخاتە شوێنی دووهەم و سێهەمەوە. شوناسی لەشێوەی ”من مەسیحیم کەواتە من ھەم“، یان ”من بوزیم کەواتە من ھەم“، یان ”من موسڵمانم کەواتە من ھەم“، دەبنە شوناسی دوای شوناسی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە. بەم مانایە لە دونیای مۆدێرندا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە دەچێتە شوێنی مرۆڤی دینیی یان بێدین یان ھەرشتێکی دیکە کە شوناسی خۆی لە بیرکردنەوەوە وەرنەگرێت. بیرکردنەوەش لای دیکارت بە گومانکردن و پرسیارکردن و تێڕامان دەستپێدەکات و بە پاسادان و سەلماندن کۆتاییدێت. واتە لای دیکارت مرۆڤی بیرکەرەوەیە مرۆڤێکی عەقڵانییە، خاوەنی عەقڵێکی پرسیارکەرو گومانکەرە.
سەدەیەک دواتر شۆپنھاوەر دێت و لەپاڵ عەقاڵدا ئاکارێکی دیکەو سەرەکیی بۆ مرۆڤبوون زیاددەکات، کە بەلای ئەوەوە لە عەقڵ گرنگترە، ئەویش بوونی ئیرادەیە لای مرۆڤ. لای شۆپنھاوەر ئیرادە وەزیفەیەک لە وەزیفەکانی عەقڵ نییە، بەڵکو ئاکارێکە لە عەقڵ گرنگترو جەوھەریترە لە ئینساندا. لە راستیدا ئەو ھاوکێشەکە پێچەوانە دەکاتەوەو پێیوایە عەقڵ یەکێک لە ئامرازەکانی ئیرادەیە.
بە کورتییەکەی لە دونیای مۆدێرندا دیدێک بۆ مرۆڤ لە دایکدەبێت کە دەیکاتە خاوەنی عەقڵێکی گومانکەرو پرسیارکەر، وەکچۆن دەیکاتە خاوەنی ئیرادەیەک کە بەهۆیەوه‌ دەتوانێت بڕیاربدات و جیهانی خۆی بەوشێوەیە دروستبکات کە پێیوایە باشترو ئینسانیترە.
لە کەلەپوری ئیسلامیدا قوتابخانەی موعتەزیلە، کەم تا زۆر، هەمان ئەم روانینە مۆدێرنەیان بۆ مۆرڤ هەیە. ئەوان پێیانوایە خودا مرۆڤی بە دوو ئاکاریی سەرەکییەوە دروستکردوە، یەکەمیان بوونی عەقڵە لە مرۆڤدا، دووهەمیان بوونی ئیرادەیە. ئەم دووانەش وا لە مرۆڤ دەکەن هەم بتوانێت بیربکاتەوەو هەم بتوانێت لەناو مێژووی خۆیدا ئیرادەگەر بێت. ئەمەش دەیکاتە بوونەوەرێکی بەرپرسیار بەرامبەر بەو جیهانەی لەناویدا دەژیی، بە هەموو باشیی و خراپەو رووکارە جوان و ناشیرینەکانییەوە.
بە کورتییەکەی ئەوەی ئەمڕۆکە پێیوستە رووبدات، تەنها چارەسەری ئەمنیی و سیاسیی کێشەی توندڕەویی دینیی نییە، بەڵکو تێوەگلانە لە بەرهەمهێنانی گوتارێکی دینیی تازەدا کە رێگربێت لەوەی نەوە تازەکانی دونیای ئێمە بەو ئاسانییەی ئەمڕۆکە بکەونە بەردەمی گوتاری بانگخوازو هیزە سەلەفییەکانەوە، هەرەها بکەونە بەردەمی ئەو گوتاری ئیخوانییەوە، کە لەباتی گەشەکردنی بۆ گوتاری «پۆست ئیسلامیزم» لە دۆخی بەسەلەفیبوونێکی بەردەوامدا دەژیی. دین زۆر لەوە گرنگترە بۆ ئەم هێزانە بەجێبهێڵدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand