ئاڕاستەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە بۆ پارێزگای نەینەوا
2023-06-27 13:54:47
(درەو):
لە یەكەم هەنگاودا دوای بڵاوبونەوەی یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا، وەزارەتی نەوتی عێراق هەناردەی نەوتی لە كەركوكەوە بۆ پاڵاوگەی كۆمپانیای (كار) لە هەولێر راگرتو لەبری نەوتی كەركوك، لە كێڵگەی (خورمەڵە)ی ژێر كۆنترۆڵی هەرێم پێداویستی بەرهەمە نەوتییەكانی پارێزگای نەینەوا پڕدەكاتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند، دوێنێ وەزارەتی نەوتی عێراق فەرمانیداوە هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ كۆمپانیای (كار) رابگیرێت، كۆمپانیای نەوتی باكور یەكسەر بڕیارەكەی جێبەجێكردووەو بڕی (60 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی كۆمپانیای (كار)ی راگرتووە.
لەدوای دەستپێكردنی شەڕی "داعش"و راوەستانی پاڵاوگەی (بێجی) لە نزیك تكریت لە ساڵی 2014، ناردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ كەركوكو موسڵ راوەستا، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، حكومەتی عێراق بڕیاریدا رۆژانە (100 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك بدات بە هەردوو پاڵاوگەی (كار) لە هەولێرو پاڵاوگەی (قەیوان) لە سلێمانی، بۆ ئەوەی پێداویستی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوكو موسڵ پڕ بكەنەوە، بۆ پاڵاوگەی كار بڕی (58 بۆ 60 هەزار) بەرمیلی رۆژانەو بۆ پاڵاوگەی قەیوانیش رۆژانە بڕی (38 بۆ 40 هەزار) بەرمیل.
بەپێی ئەو گرێبەستەی كە حكومەتی عێراق لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (كار)و (قەیوان) كردویەتی، ئەم دوو كۆمپانیا هەر بەرمیلێكی نەوت بە بڕی (8) دۆلار دەپاڵێون، واتا لەماوەی رابردوودا لەم پرۆسەیەدا پاڵاوگەی (كار) مانگانە بڕی نزیكەی (15 ملیۆن) دۆلاری دەستكەوتووە، پاڵاوگەی (قەیوان)یش نزیكەی (10 ملیۆن) دۆلار.
پاڵاوگەی كار نزیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستانو پاڵاوگەی قەیوانیش شەراكەتی كۆمپانیای قەیوانو ئیدارەی گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە.
بەگوێرەی یاسای بودجەی 2023ی عێراق كە دوێنێ كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت شایستەی دارایی مانگانەی خۆی لە بودجەدا وەربگرێت، دەبێت رۆژانە بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، یاسای بودجە دەڵێ ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بكرێت، دەبێت حكومەتی هەرێم هەمان بڕی نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات بۆ ئەوەی لەناوخۆدا بەكاری بهێنێت.
بڕیاری دوێنێ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ پاڵاوگەی كار، بەپێی قسەی بەرپرسێكی ئاگادار لە بەغداد، لەچوارچێوەی یاسای بودجەدایە، بەوپێیەی ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راوەستاوە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت نەوتی هەرێم بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەكاربهێنێت، بۆیە بڕیاریداوە لەبری ئەوەی لە كەركوكەوە نەوت بۆ پاڵاوگەی كار رەوانە بكرێت، لە كێڵگەی (خورمەڵە)ی ژێر كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستانەوە نەوت بگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی كارو دوای پاڵاوتنی تەرخان بكرێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی بەرهەمە نەوتییەكانی پارێزگای (نەینەوا).
ئەم بڕیارەی وەزارەتی نەوتی عێراق پاڵاوگەی (قەیوان)ی لە سلێمانی نەگرتوەتەوەو بە هەمان بڕی پێشوو نەوتی بۆ رەوانە دەكرێت بۆ ئەوەی بەرهەمەكەی بۆ پێداویستی (كەركوك) تەرخان بكرێت.
كۆمپانیای (كار) تاوەكو بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ، بەدوو جۆر لە نەوتی كەركوك سودمەند دەبوو:
• كۆمپانیای كار وەكو خاوەنی بۆری هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ ناو خاكی توركیا، لەماوەی رابردوودا بۆ هەناردەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی كەركوك بە بۆرییەكەی كوردستاندا، بڕی (10) دۆلاری لە حكومەتی عێراق وەرگرتووە، بەر لە راوەستانی هەناردە، كۆمپانیای نەوتی باكور رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی بە بۆری كوردستاندا رەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرد، لەم پرۆسەیەدا كۆمپانیای كار مانگانە بڕی (27 ملیۆن) دۆلاری دەستدەكەوت.
• پاڵاوگەی كار لە پرۆسەی پاڵاوتنی نەوتدا بۆ سنوری پارێزگای نەینەوا، مانگانە بڕی نزیكەی (15 ملیۆن) دۆلاری دەستكەوتووە.
واتا تاوەكو رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ كە هەناردەی نەوت راوەستاوە، كۆمپانیای كار لە نەوتی كەركوكو ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردویەتی، مانگانە بە تێكڕا بڕی نزیكەی (42 ملیۆن) دۆلاری دەستكەوتووە، بەڵام دوای راوەستانی هەناردەی نەوت تەنیا پارەی پاوڵاتنی نەوتی بۆ ماوەتەوە كە (15 ملیۆن) دۆلاری مانگانەیە.
پاڵاوگەی كار لە رۆژی 18ی تەموزی 2009 كراوەتەوەو بڕی نزیكەی (7 ملیارو 900 ملیۆن) دیناری تێچووە، ئەوكات پاڵاوگەكە بۆ پاڵاوتنی نەوتی كێڵگەی خورمەڵە دروستكرا، لە سەرەتاوە رۆژانە توانای پاڵاوتنی (40 هەزار) بەرمیلی هەبوو، دواتر تواناكەی بەرزكرایەوە.