هەڵبژاردنی پارێزگاكان.. ناكۆكییەكی نوێ پارتیو یەكێتیی
2023-06-27 12:36:35
راپۆرت: درەو
یەكێتیی بە دوو باڵەوە لە هەوڵی دروستكردنی هاوپەیمانێتیدایە لەگەڵ (گۆڕان- كۆمەڵ- یەكگرتوو) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پارتیش ئەمڕۆ (سۆسیال دیموكرات- شیوعی- زەحمەتكێشانو چەند لایەنێكی تر)ی كۆكردەوە بۆ هەمان مەبەست، پارتی دەڵێ" لە كەركوك لەگەڵ خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر هاوپەیمانێتی ناكەین"، هەردوو حزب هێشتا كێشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان بەلادا نەخستووە، چونەتە ناو كێشمەكشێی هەڵبژاردن لە كەركوك. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
پارتیش دەستیپێكرد !
كەمال كەركوكی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركوك- گەرمیان، نوێنەری ژمارەیەك لە حزبە كوردییەكانی كەركوكی بانگهێشتی هەولێر كرد، لە نوسینگەكەی خۆی لەگەڵیاندا كۆبووەوە.
كەركوكی لەم كۆبونەوەیەدا بۆچوونی لایەنەكانی وەرگرت سەبارەت بە دروستكردنی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
ئەو لایەنانەی كە نوێنەری خۆیان بۆ كۆبونەوەكەی كەمال كەركوكی ناردبوو بریتی بوون لە:
• پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان
• حزبی شیوعی كوردستان
• حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
• بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستانو چەند لایەنێكی تر
دوای كۆبونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كەمال كەركوكی رایگەیاند" ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنێك هاوپەیمانێتی بكەین بۆ هەڵبژاردن جگە لە خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر".
ئاڵۆزی دوای كۆبونەوە
لە فەرهەنگی پارتیدا مەبەست لە خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر، یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، قسەكانی كەمال كەركوكی لەبارەی یەكێتییەوە دوای رۆژێك دێت لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب لە هەولێر، كۆبونەوەیەك كە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بێ ئەنجام بووە، چونكە هەردوولا لەسەر پرسی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانو پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد ناكۆكبوون، سەرەڕای ناكۆكییەكانی دیكە.
(درەو) زانیویەتی، یەكێتی لەگەڵ ئەوەبووە كۆی كێشەكانی نێوان هەردوو حزب بەیەك پاكێج گفتوگۆی لەسەر بكرێتو هەوڵی چارەسەری بدرێت، بەڵام پارتی لەگەڵ ئەوەبووە لەم دۆخەی ئێستادا كێشەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانو پرسی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكرێن، واتا بەبێ دەستبردن بۆ چارەسەری كێشەی ئەمنیی نێوان هەردوولا.
هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتیدا، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی كۆتایهاتنی كاركردنی خۆی لە پەرلەمان راگەیاند، ئەمە دانپێدانانی فەرمی پارتی بوو بە بڕیاری رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان.
پارتیو یەكێتیی هێشتا لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەیشتوەتە رێككەوتن، لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان چونە ناو ناكۆكییەكی نوێوە، ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب جارێكی تر كۆببنەوە.
دەنگی كەركوك لەبەردەم دوو لیستی یەكێتیدا
بڕیارە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەبچێت، ئەم هەڵبژاردنە بڕیاربوو لە ساڵی 2018دا هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەڕێوەبچێت، بەڵام نەكراو دواخرا.
دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەر لە 10 ساڵ بەڕێوەچووە كە هەڵبژاردنەكەی نیسانی 2013 بوو، ساڵی 2019 یەكێك لە دروشمە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەرانی تشرینی عێراق هەڵوەشاندەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بوو، خۆپیشاندەران ئەنجومەنەكانیان بە گەندەڵ ناودەبرد، ئەوكات وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ خواستنی شەقامو كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر خۆی، پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێك ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندنەوەو كاری چاودێكردنی پارێزگارەكانی دایە دەست پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی پارێزگاكانیاندا.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەمساڵدا، پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بۆیە لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی دروستكردنی هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردن لەناوچە جێناكۆكەكان، بەدیاریكراویش پارێزگای كەركوك.
لاهور شێخ جەنگی نامەی بۆ ژمارەیەك لە حزبەكان ناردووە، داوای دروستكردنی هاوپەیمانێتییان لێدەكات بۆ هەڵبژاردنو هاوپەیمانێتییەكەی ناو لێناوە "لیستی گەل".
لاهور شێخ جەنگی دوای تەقینەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ كوڕەكانی مام جەلال لەناوخۆی یەكێتیدا، سەرباری ئەوەی هێشتا خۆی بە یەكێتیی دەزانێت، بەڵام دەیەوێت بۆ یەكەمجارو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا چانسی خۆی لەناو هەڵبژاردنو لەبەردەم خەڵكدا تاقی بكاتەوە، ئەگەر سەركەوتوو بوو، ئەزمونەكە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كۆپی بكاتەوە.
هێشتا لاهور شێخ جەنگی وەڵامی دەستپێخەرییەكەی لە حزبەكان وەرنەگرتەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە سلێمانی سەردانی (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی دادگەریی- یەكگرتووی ئیسلامی) كرد.
بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت لەڕێگەی هاوپەیمانێتییەكەوە زۆرینەی كەركوك لەبەرژەوەندی یەكێتیی یەكلابكاتەوەو پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، كە یەكێتیی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە لەدەستیداوە.
لەدواین هەڵبژاردندا (واتا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021)، لە سنوری پارێزگای كەركوك، لەكۆی 12 كورسی پەرلەمان، كورد بەتێكڕا 6 كورسی پارێزگاكەی بردەوە، لەم رێژەیە یەكێتیی (3) كورسی بردو پارتی (2) كورسیو جوڵانەوەی نەوەی نوێش (1) كورسی. ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە دەریخست یەكێتیی چیتر پێگە بەهێزەكەی لە كەركوك نەماوە، وەرنەگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە 2017وە تائێستا، كاریگەری لەسەر پێگەی یەكێتیی لە كەركوك داناوە، سەرباری ئەمەش ئەگەر لاهور شێخ جەنگی لیستی هەبێت بۆ هەڵبژاردن لەو پارێزگایە، كاریگەری لەسەر دەنگدەرانی یەكێتیی دەبێت.
هەوڵە بێ ئاكامەكانی یەكێتیی !
رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لێكەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانو كەوتنی داعش بوون لە ناوچەكە، ئەم رووداوانە دەستی هێزە عێراقییەكانو حەشدی شەعبییان كردەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە پێشترو بەر لە هاتنی داعش تێیدا جێگیربوو بوون، لەم رووداوانەدا پارتی، یەكێتیی بەوە تۆمەتبار دەكات خیانەتی كردووەو بەرەكانی شەڕی بۆ هێزی حەشدی شەعبی چۆڵكردووە، پارتی بەبەردەوامی كار لەسەر ئەم گوتارە دەكات، دەیەوێت لەم رێگەیەوە لە پێگەی مێژوویی یەكێتیی بدات لە كەركوك.
ئۆكتۆبەری 2017 لەگەڵ گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكاندا، پارێزگای كەركوك (نەجمەدین كەریم) كە سەربە یەكێتیی بوو، كەركوكی بەرەو هەولێر بەجێهێشت، دەسەڵاتدارانی عێراق پارێزگارێكی بەوەكالەت (راكان جبوری)یان دانا.
لەوكاتەوە تائێستا یەكێتیی چەندین هەوڵی خستوەتەگەڕ بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، بەڵام هەوڵەكانی بێ ئاكام بوون، لە دیارترینی ئەو هەوڵانە:
• لەرێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا لە تەموزی 2019دا، یەكێتیی پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەستەوە بە پێكهێنانی حكومەتەوە، پارتی قایل بوو بەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بدرێتەوە بە یەكێتییو ئەم كارە لەرێگەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە جێبەجێ بكرێت كە كورد تێیدا زۆرینە بوو، بەڵام دواتر ناكۆكی لەبارەی كاندیدەكانی پۆستەكە سەیرهەڵداو پارتی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكرد. ساڵی 2019 پەرلەمانی عێراق بەبڕیارێك ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوە، ئیتر یەكێتیی هیچ ئومێدێكی نەما بتوانێت بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی لەناو ئەنجومەنی پارێزگاوە پارێزگارێكی نوێ لە شوێنەكەی كۆچكردووە (د. نەجمەدین كەریم) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دابنێت.
• سەرباری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، یەكێتیی هێشتا چاوی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك هەڵنەگرت، بۆیە سەرەتای ساڵی رابردوو كاتێك راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك لەسەر لیستی هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك بۆ پەرلەمانی عێراق سەركەوت، لەناو یەكێتیدا خێرا ئامادەكاری كرا بۆ دانانی كاندیدی شوێنگرەوە، ئەوكات باس لە دانانی (خالید شوانی یاخود رێبوار تەها) دەكرا، بەڵام جبوری ئەمجارەش مانەوەی لە پۆستی پارێزگاری كەركوك هەڵبژاردو نەچوو بۆ پەرلەمانی عێراق.
• ئۆكتۆبەری 2022 كاتێك پارتیو یەكێتیی چوونە ناو دانوستانەوە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، جارێكی تر یەكێتیی پۆستی پارێزگاری كەركوكی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆكان، بەڵام پارتی لەمبارەیەوە هیچ گرەنتییەكی پێ نەدا.
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئیتر پۆستی پارێزگاری كەركوك تەنیا وەكو پۆستێكی جێناكۆك لەنێوان پارتیو یەكێتیدا نەماوەتەوە، جگە لە حكومەتی عێراق، توركیاش دەیەوێت قسەی یەكلاكەرەوەی هەبێت لە پڕكردنەوەی ئەم پۆستەدا.
ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی ئێستای یەكێتیی لەگەڵ توركیاو راگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن توركیاوە، ئەگەر تا كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان چارەسەر نەكرێت، كاریگەری لەسەر پێگەی یەكێتیی لە كەركوك دەبێت، مەگەر ئێرانییەكان لەرێگەی لایەنە عێراقییەكانەوە پاڵپشتی بكەن.