Draw Media

لە (71) كورسی ناوچە جێناكۆكەكان كورد نزیكەی (25) كورسی دەباتەوە

لە (71) كورسی ناوچە جێناكۆكەكان كورد نزیكەی (25) كورسی دەباتەوە

2023-10-31 17:43:22



درەو:
سبەینێ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستپێدەكات، كورد لە چوارچێوەی (71) كورسی پارێزگاكانی (كەركوك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین) كێبەركێ دەكات، بە (هاوپەیمانێتی، لیستی سەربەخۆ، بایكۆت) بەشدارە لە هەڵبژاردنەكان، چاوەڕوان دەكرێت لایەنە كوردییەكان نزیكەی (20) لە (71) كورسی  ئەو چوار پارێزگایە ببەنەوە.
ئەمڕۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لیستی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پەسەند كرد كە بەتێكڕا (5 هەزارو 915) كاندید كێبركێ دەكەن بۆ بردنەوەی كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەم ژمارەیە:
•   (4 ھەزارو 258) كەس لە كاندیدەكان پیاون
•   (ھەزارو 657) كەس لە كاندیدەكان ژنن
ئەنجومەنی كۆمسیارانی سەربە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی 2023/11/1ی دیاریكرد بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە لە رۆژی 2023/12/18 بەڕێوە بچێت، كە بەپێی راگەیاندراوی كۆمیسیۆن, (50) هاوپەیمانێتی سیاسی لە عێراق, كێبڕكێ‌ لەسەر بەدەستهێنانی (275) ئەنجومەنە خۆجێیەكان دەكەن لە (15) پارێزگای عێراق
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان:
•   ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: 16 ملیۆن و 158 هەزارو 788 دەنگدەر
•   دەنگدەری گشتی: 15 ملیۆن و 108 هەزارو 135 دەنگدەر
•   ناوەندی دەنگدانی گشتی: 7 هەزارو 166
•   وێستگەی دەنگدانی گشتی: 35 هەزارو 553
•   دەنگدەری تایبەت: ملیۆنێك و 2 هەزارو 393 دەنگدەر
•   ناوەندی دەنگدانی تایبەت: 565 بنكە
•   وێستگەی دەنگدانی تایبەت: 2 هەزارو 260
•   ژمارەی دەنگدەری ئاوارە: 48 هەزارو 260
•   ناوەندی دەنگدانی ئاوارە: 35
•   وێستگەی دەنگدانی ئاوارە: 120

كورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا
لایەنە كوردیەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا, كێبڕكێی لەسەر (71) كورسی پارێزگاكانی (كەركوك و سەڵاحەدین و دیالەو نەینەوا) دەكەن.
•   پاێزگای كەركوك (15) كورسی
•   پارێزگای نەینەوا (26) كورسی
•   پارێزگای سەڵاحەدین (15) كورسی
•   پارێزگای دیالە (15) كورسی
لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە چەند شێوازێك بەشدارن لەوانە:
•   هاوپەیمانی (كەركوك هێزو ئیرادەمانە), هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستانی.
•   هاوپەیمانی (مەشخەڵی كەركوك), هاوپەیمانێتی نێوان یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان و  كۆمەڵی دادگەری كوردستانە.
•   پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی ئیسلامی عێراقی و چەند لایەنێكی دیكە پێكەوە بەشدارن
•   جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌, بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەكات.
•   حزبی سۆسیالیستی كوردستان, بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەكات.
•   بزوتنەوەی گۆڕان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە.

كورد چەند كورسی دەباتەوە
•    پارێزگای كەركوك
لە پارێزگای كەركوك كە (15) كورسی بەدەكەوێت، چاوەڕوان دەكرێت لایەنە كوردییەكان (7-8) كورسی بەدەستبهێنن، كە بەسەر لیستەكانی (یەكێتی، پارتی، نەوەی نوێ) دابەشدەبێت.
پێشبینی دەكرێت
- یەكێتی: 5-6 كورسی بەدەستبهێنێت
- پارتی: 1-2 كورسی بەدەستبهێنێت
- نەوەی نوێ: 0-1 كورسی بەدەستبهێنێت.

•   پارێزگای سەلاحەدین
لە پارێزگای سەڵاحەدین كە (15) كورسی بۆ دیاریكراوە چاوەڕوان دەكرێت یەك كورسی بەدەستبهێنێت، ئەویش بۆ كاندیدەكەی یەكێتی دەبێت واتا یەكێتی كورسیەك بەدەستدەهێنێت لەو پارێزگایە.

•   پارێزگای دیالە
لە پارێزگای دیالە كە (15) كورسی بۆ دیاریكراوە، چاوەڕوان دەكرێت كورد (2-3) كورسی بەدەستبهێنێت، لەو ژمارەیە یەكێتی (2-3) كورسی و پارتی ئەگەری هەیە (1) كورسی بەدەستبهێنێت.

•   پارێزگای نەینەوا
لە پارێزگای نەینەوا كە (26) كورسی بۆ دیاریكراوە چاوەڕوان دەركێت لایەنە كوردییەكان (8-11) كورسی بەدەستبهێنێت، لەوانە (7-9) بۆ پارتی و (1-2) كورسی بۆ یەكێتی.

واتا لەكۆی (71) كورسی لایەنە كوردییەكان دەتوانن نزیكەی (20 - 22) كورسی لەو چوار پارێزگایە ببەنەوە

 

دەنگی كورد لە پارێزگای كەركوك

لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا رێژەی دەنگی پێكهاتەكانی كەركوك بەم شێوەیەیە:
بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك كە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو _ كە پارێزگاكە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێكهاتبوو لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەكەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێك؛
•    پێكهاتەی كورد زۆرینەی دەنگەكانی پارێزگاكەی بردووەتەوە بە (160 هەزار و 370) دەنگ.
•    پێكهاتەی عەرەب بە پلەی دووەم دێت بە (120 هەزار و 672) دەنگ.
•    پێكهاتەی تروكمان پلەی سێیەمی هەیە بە (45 هەزار و 773) دەنگی
•    سەربەخۆكانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە.

   

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand