Draw Media

حكومەت‌و یەكێتیی بێئاگایی لە بۆرییەكە رادەگەیەنن

حكومەت‌و یەكێتیی بێئاگایی لە بۆرییەكە رادەگەیەنن

2023-11-06 14:28:19




(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق گواستنەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆری بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك لەرێگەی بۆرییەوە ئاشكراكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بێئاگایی خۆی رادەگەیەنێت، یەكێتیش وەكو دەسەڵاتداری سنورەكە رەتیدەكاتەوە هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەوبارەیەوە كردبێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، پرۆژەی بۆری گواستنەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆری بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك كۆتایی هاتووە، بۆرییەكە 16 ئینجە‌و توانای هەیە رۆژانە (100 مقمق) غازی هەیە.
غازی كۆرمۆر لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا لە چەند ساڵی رابردوو كێشمەكێشی لەسەر بووە، یەكێتیی لەسەرەتاوە خوازیاری ئەوە بوو كۆمپانیایەك دروستبكات‌و غازەكە بە بۆری بۆ ماڵان‌و كارگەكان بگوازرێتەوە‌و بەمە داهاتی سنوری دەسەڵاتی خۆی زیاد بكات، بەڵام پارتی پشتیوانی لەوە دەكرد غازەكە بەبۆری هاوشێوەی نەوت رەوانەی توركیا بكات، بۆ ئەمەش تەنانەت كۆمپانیای (كار)ی ناردە كێڵگەكە بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەی دروستكردنی بۆری هەناردەكردن بكات، بەڵام یەكێتیی رێگری لێكرد.
سەرباری ئەمە لە چەند ساڵی رابردوودا یەكێتیی كاری لەسەر پرۆژەیەك كرد بۆ رادەستكردنی غازی كێڵگەكە بە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە بەهۆیەوە سلێمانی بتوانێت مامەڵەی دارایی راستتەوخۆ لەگەڵ بەغداد بكات‌و هەندێك لە هەژموونی حكومەتی هەرێم رزگاری ببێت كە پارتی كۆنترۆڵی بەسەردا هەیە.
(درەو) بەدواداچوونی كرد لەبارەی بۆچوونی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم سەبارەت بە گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك، سەرچاوەیەك لە وەزارەتەكە رەتیكردەوە سامانە سروشتییەكان ئاگاداری دروستكردنی بۆرییەكە بێت‌و رایگەیاند، پێشتر ئەو پرۆژەیە هەبووەو لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانە غاز) كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كاردەكات گفتوگۆیان كردووە‌و گواستنەوەی غازەكەیان بۆ كەركوك  رەتكردوەتەوە، بۆیە ئاگاداری دروستكردنی بۆرییەكە نەبوون.
لەبەرامبەردا سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتیی بە (درەو)ی وت:" یەكێتیی ئاگاداری دروستكردنی بۆرییەكەو گواستنەوەی غازی كۆرمۆر نییە بۆ كەركوك، رێككەوتنەكە لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق‌و كۆمپانیا دانە غازدا كراوە".
سبەینێ بڕیاری پارتی‌و یەكێتیی لە پیرمام كۆببنەوە، لە یەكێتیی هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی بەشدار دەبن، لە پارتیش نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی، پێشبینی دەكرێت گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك ببێت بە تەوەرێكی كۆبونەوەی سبەینێ.
گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك لەسەروبەندی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە، پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو ركابەری بەهێزی كورد لە كەركوك بە لیستی جیا بەشداری دەكەن، یەكێتیی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگای كەركوكی لەدەستداوە، دەیەوێت ئەمجارە پۆستەكە وەربگرێتەوە، پارتیش كە لە چەند ساڵی رابردوودا كاری لەسەر ئەوە كردووە یەكێتیی لەبەرچاوی كەركوكییەكان وەكو بەرپرسیار لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو گەڕانەوەی هێزە فیدراڵییەكان بۆ كەركوك بناسێنێت، دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا بەرهەمی هەوڵ‌و گوتارە سیاسییەكەی بچنێتەوە، هەرچەندە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا كە 2021 بەڕێوەچوو، یەكێتیی جارێكی تر لە كەركوك زۆرینەی دەنگی كوردی بردەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand