عێراق غازی کوردستانی لە کۆمپانیایەکی ئیماراتی کڕیوە
2023-11-06 18:57:33
(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر بنەمای بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ ، غازی کێڵگەی کۆرمۆری لە کۆمپانیای ھیلالی ئیماراتی کڕیوە، حکومەتی ھەرێم و یەکێتی نیشتمانی بێئاگایی خۆیان لەم مامەڵەیە نیشان دەدەن.
بەپێی سکاڵایەک کە پەرلەمانتار (عودەی عەواد) ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆماری کردووە، وەزارەتی نەوت بەپێی رێککەوتنێک غازی کێڵگەی (کۆرمۆر)ی لە کۆمپانیا ئیماراتییەکە کڕیوە.
عودەی عەواد سکاڵاکەی لەسەر ھەریەکە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرانی نەوت و دارایی فیدراڵ تۆمارکردووە، داوا لە دادگا دەکات حوکم بدات بەوەی بڕیاری ژمارە (٢٣٣٩٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نادروستە.
ئەم بڕیارە کە عودەی عەواد داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکات دەڵێ" وەزارەتی نەوتی عێراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کڕینی غاز لە کۆمپانیای (ھیلالی ئیماراتی کە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ھەرێمی کوردستان کاردەکات)، ئەمە بەدەر لە ئامرازەکانی گرێبەست کە لەماددەی (٣)ی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکان ژمارەی (٢) ساڵی ٢٠١٤دا ھاتووە".
ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد بۆری گواستنەوەی غازی کێڵگەی کۆرمۆری بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک تەواو کردووە، (درەو) ھەر لە سەرەتاوە بەدواداچوونی بۆ بابەتە کرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و بەرپرسانی باڵای یەکێتیی وەکو دەسەڵاتدار بەسەر کێڵگەی کۆرمۆر، بێئاگایی خۆیان راگەیاند.