Draw Media

باسی ناردنی غازی بۆ كەركوك نەكردووە

باسی ناردنی غازی بۆ كەركوك نەكردووە

2023-11-08 11:54:06


راپۆرت: درەو
كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی كە لە كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان كاردەكات راپۆرتی نۆ مانگی ئەمساڵی خۆی بڵاوكردەوە، بەپێی راپۆرتەكە بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە قازانجی كۆمپانیاكە بەرێژەی 22% كەمیكردووە، راپۆرتەكە بەهیچ جۆرێك باسی لە دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراق نەكردووە لەبارەی گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك، كە ئێستا یەكێك لە بابەتە گەرمەكانی گفتوگۆی نێوان پارتی‌و یەكێتییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە كوردستان
راپۆرتەكە پوختەی نۆ مانگی ئەمساڵی لەم خاڵانەدا كورتكردوەتەوە: 
•     تێكڕای وەبەرهێنان لە كوردستانی عێراق بەرێژەی 8% بەرزبووەتەوە‌و گەیشتوەتە (37 هەزارو 150) بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێكدا. (هاوتای نەوت مەبەست لە بەرمیلێك غازی سروشتی‌و كۆندێنسەیت‌و غازی LPGیە))
•     لەماوەی ئەم نۆ مانگەدا داهاتەكانی كۆمپانیاكە گەیشتوەتە بڕی (326 ملیۆن) دۆلار. 
•     پرۆسەی وەبەرهێنان بەبێ راوەستان لەسەرجەم ئەو شوێنانەی كە كۆمپانیاكە كاری تێدا دەكات بەردەوام بووە. 
•     لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە (ریچارد هول) وەكو سەرۆكی جێبەجێكاری گروپی (دانەغاز) دەستبەكاربووە. 

راوەستانی نەوتی هەرێم‌و قازانجی دانەغاز
دانەغاز كە خۆی وەكو گەورەترین كۆمپانیای تایبەت دەناسێنێت لە بواری غازی سروشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بەوە دەكات، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا پوختەی قازانج بڕی (126 ملیۆن) دۆلاری دەستكەوتووە، ئەمە لەكاتێدایە ساڵی رابردوو لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا داهاتەكەی بریتی بووە لە بڕی (161 ملیۆن) دۆلار، واتا قازانجەكەی بە بڕی 22% كەمی كردووە، هۆكاری ئەم دابەزینە بۆ داكشانی نرخی نەوت‌و غاز لەسەر ئاستی جیهان دەگەڕێنێتەوە، ئەمە لەپاڵ هۆكارێكی تر لەوانە داشكانی فرۆشی (كۆندێنسەیت)ی هەرێمی كوردستان، كە بەهۆی داخستنی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمەوە كۆمپانیاكە ناچار بووە كۆندێنسەیتەكەی بە لایەنی ناحكومی‌و لە كێبركێی بازاڕدا بفرۆشێت. 
بەشێوەیەكی گشتی كۆمپانیای دانەغاز لە نۆ مانگی ئەمساڵدا داهاتەكەی بۆ بڕی (326 ملیۆن) دۆلار دابەزیوە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا داهاتی كۆمپانیاكە بڕی (415 ملیۆن) دۆلار بووە، واتا ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو دانەغاز داهاتەكەی بەڕێژەی 21% كەمیكردووە. 
تێكڕای نرخ لە نۆ مانگی ئەمساڵدا بۆ دانەغاز بریتی بووە لە بڕی (53 دۆلار) بۆ هەر بەرمیلێك كۆندێنسەیت‌و 36 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك هاوتای نەوت، ئەم نرخانە ساڵی رابردوو زیاتر بوون، هەر بەرمیلێك كۆندێنسەیت نرخەكەی بڕی (84 دۆلار)‌و بەرمیلێك هاوتای نەوتیش نرخەكەی (43 دۆلار) بووە. 
سەرباری كەمبوونەوەی داهاتەكانی، دانەغاز باسلەوە دەكات زیادبوونی ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان‌و كەمكردنەوەی خەرجی بەكارخستن، كاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر قەرەبووكردنەوەی كاریگەریی دابەزینی نرخی بەدەستهاتوو لە قازانجی كۆمپانیاكە. 
دانەغاز بە تێكڕا لە نۆ مانگی ئەمساڵدا بڕی (167 ملیۆن) دۆلاری كۆكردوەتەوە، پشكی كۆمپانیاكە لەو پارەی كە لە هەرێمی كوردستان وەریگرتووە بڕەكەی (127 ملیۆن) دۆلار بووە، (40 ملیۆن) دۆلاریشی لە كارەكانی لە میسر دەستكەوتووە. 
پشكی دانەغاز 35% بووە لەو پارانەی كە كۆمپانیای پێرل پترلیۆم لە هەرێمی كوردستان وەریگرتووە، كە بەتێكڕا (71 ملیۆن) دۆلاری هەرێمی كوردستان‌و (56 ملیۆن) دۆلاری لایەنە ناحكومییەكان بووە.

قەرزی دانەغاز لای هەرێمی كوردستان 
دانەغاز باس لەوە دەكات، لەماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا تێكڕای ئەو پارەی كە وەكو شایستەی دارایی خۆی وەریگرتووە بڕەكەی (167 ملیۆن) دۆلار بووە، لەم پارەیە بڕی (127 ملیۆن) دۆلاری شایستەی كۆمپانیاكە بووە لە هەرێمی كوردستان‌و بڕی (40 ملیۆن) دۆلاریش شایستەی دارایی كاركردنی كۆمپانیاكە بووە لە میسر.
ئەو شایستە داراییانەی كە كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم وەكو هاوبەشێكی دانەغاز لە نۆ مانگی ئەمساڵدا لە حكومەتی هەرێمی وەرگرتووە بە تێكڕا بڕەكەی (71 ملیۆن) دۆلار بووە، ئەمە لەپاڵ 56 ملیۆن دۆلاری تر كە لە لایەنە ناحكومییەكان لە هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، پشكی دانەغاز لە تێكڕای پارەكە رێژەی 35% بووە.
لە 30 ئەیلولی 2023دا تێكڕای ئەو شایستە داراییانەی كە كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستان  هەیبووەو وەرینەگرتووە بڕەكەی (106 ملیۆن) دۆلار  بووە، لەگەڵ بڕی (47 ملیۆن) دۆلار لە میسر. 
كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەكردووە، سەرباری بەردەوامی داخستنی بۆری نەوتی هەرێم، بەڵام ئەو پارانەی كە بەشێوەی دەوری لە حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، بایەخی شەراكەتە ستراتیژییەكەی لە كەرتی وزەدا لە هەرێم نیشان دەدات‌و بەردەوام دەبێت لەسەر پابەندییەكانی بۆ بەدیهێنانی خواستی بەردەوام لەسەر غاز لە هەرێمی كوردستان، لەرێگەی پرۆژەی "كۆرمۆر 250"، كە دوای تەواوبوونی دەتوانێت لانی كەم بڕی (150 ملیۆن) دۆلاری ساڵانە بۆ داهاتی كۆمپانیاكە زیاد بكات، ئەمەش دابەشكردنی قازانجی پشكدارەكانی كۆمپانیاكە لە داهاتوودا بەهێز دەكات. 
راپۆرتەكە خاوەن پشكەكانی كۆمپانیای دانەغاز ئاگادار دەكاتەوە‌و نوسیویەتی:" بەلەبەرچاوگرتنی دواكەوتنی شایستەكان لەلایەن هەرێمی كوردستان‌و میسرەوە كە بڕەكەی گەیشتوەتە 153 ملیۆن دۆلار هەروەها بەهۆی پێویستییەكانی خەرجی تایبەت بە پرۆژەی كۆرمۆر 25، كۆمپانیاكە قازانجەكانی خۆی بۆ نیوەی یەكەمی ساڵی 2023 دابەش ناكات‌و لە مانگی مارسی 2024دا چاوخشاندنەوە دەكات بە دابەشكردنی قازانجدا لەسەر بنەمای بارودۆخی ئەوكاتە". 

بەرهەمهێنان لە هەرێمی كوردستان
بەپێی راپۆرتەكە، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، تێكڕای ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بەرێژەی 8% زیادیكردووەو گەیشتوەتە (37 هەزارو 150) بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێكدا، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا ئاستی وەبەرهێنان بڕەكەی (34 هەزارو 300) بەرمیل بووە لە رۆژێكدا.
دانەغاز هۆكاری زیادبوونی ئاستی وەبەرهێنانی خۆی لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ تەواوبوونی پرۆژەی پاككردنەوەی شوێنی كاركردن لە نیوەی دووەمی 2022، هەروەها تەواوكردنی لێدانی شەش بیر لەلایەن كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم لە پرۆژەی "كۆرمۆر 250" كە چاوەڕوان دەكرێت لەكاتی تەواوبوونیدا بڕی (250 ملیۆن) پێ سێجا بۆ تێكڕای توانای وەبەرهێنانی وێستگەكە زیاد بكات‌و بیگەیەنێتە (750 ملیۆن) پێ سێجا لە رۆژێكدا. 

گواستنەوەی غاز بۆ كەركوك
رۆژی 6ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكرد بۆری گواستنەوەی غازی لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی كارەبای غازی كەركوك تەواو كردووە. 
راگەیاندنی ئەم هەواڵە مشتومڕی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی دروستكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كە وەزیرەكەی پارتییە بێئاگایی خۆی لەم پرۆژەیە راگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیش وەكو دەسەڵاتدار بەسەر كێڵگەی كۆرمۆرەوە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ رەتیكردەوە ئاگاداری پرۆژەكە بێت. 
دواتر دەركەوت حكومەتی فیدراڵ بە بڕیاری ژمارە (23392) وەزارەتی نەوتی عێراقی دەستكراوە كردووە غازی كێڵگەی كۆرمۆر لە كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی بكڕێت كە یەكێكە لە كۆمپانیاكانی ناو گروپی كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم. 
دانەغاز لە راپۆرتی نۆ مانگی ئەمساڵی خۆیدا بەهیچ جۆرێك ئاماژەی بەوە نەكردووە دانوستانی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردبێت بۆ گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك. 

لەبارەی دانەغازەوە
كۆمپانیای دانەغاز لە بواری غازی سروشتیدا كاردەكات، لە كانونی یەكەمی 2005دا لە بازاڕی دراوی (ئەبوزەبی) تۆماركراوە، ئەم كۆمپانیایە كاری دۆزینەوەو بەرهەمێهنان‌و گواستنەوەی لە چەند وڵاتێك وەرگرتووە لەوانە (ئیماراتی عەرەبی- هەرێمی كوردستان- میسر).
لە ئیمارات‌و كوردستان‌و میسر رۆژانە بڕی زیاتر لە (60 هەزار) بەرمیل هاوتای نەوت بەرهەمدەهێنێت.
كاركردنی دانەغاز لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەەی رێككەوتنێكە كە بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای (هیلال) لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئیمزای كردووە، ئەم گرێبەستە مافی ئەوەی پێ بەخشیوە نەوت‌و غازی كێڵگەی كۆرمۆرو چەمچەماڵ پەرەپێبدات‌و بەرهەمی بهێنێت‌و بیخاتە بازاڕو بیفرۆشێت. 
لە ئۆكتۆبەری 2008ەوە وەبەرهێنانی غاز لە كۆرمۆر لەرێگەی دامەزراوەی پرۆسێسكردنەوە دەستیپێكردووە، لە 2009دا هاوپەیمانێتی كۆمپانیاكانی (پێرڵ پترلیۆم) دروستكرا، كە هەریەكە لە كۆمپانیاكانی (دانەغاز)‌و (هیلال)ی لەخۆدەگرت‌و هەریەكەیان رێژەی 50%ی پشكەكانیان هەبوو، دواتر پشكی هەریەكە لەم دوو كۆمپانیایە بۆ رێژەی 35% دابەزی، ئەمەش بەهۆی هاتنە ناوەوەی هەرسێ كۆمپانیای (MOV-MOL-RWE) كە هەریەكەیان رێژەی 10%ی پشكەكانیان هەیە. 
بەهۆی جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی پەرەپێدانەوە، ئەم كۆمپانیایانە لەماوەی ساڵی 2018 بۆ 2022 ئاستی بەرهەمهێنانی غازیان لە كێڵگەی كۆرمۆر بەرێژەی 60% بەرزكردوەتەوە‌و لە 305 ملیۆن پێ سێجای رۆژانەوە گەیاندویانەتە 500 ملیۆن پێ سێجا لە ساڵی 2022دا. 
ساڵی 2019 ئەم كۆمپانیایانە گرێبەستێكی تریان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە‌و گرێبەستەكە بۆ ماوەی 20 ساڵە‌و رێگە بە دانەغازو هاوبەشەكانی دەدات پرۆژەی بەرهەمهێنان‌و چارەسەركردنی 250 ملیۆن پێ سێجای رۆژانەی تر لە كۆرمۆر زیاد بكەن‌و بیفرۆشن بە حكومەتی هەرێم (ئەمە ناوی لێنراوە پرۆژەی كۆرمۆر 250). 
دانەغاز پێشبینی دەكات پرۆژەی "كۆرمۆر 250" لە چارەكی دووەمی 2024دا تەواو ببێت‌و بەتێكڕا لەم پرۆژەیەدا بڕی (806 ملیۆن) دۆلار سەرمایەگوزاری كراوە. 
ئەو غازەی كە لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە دابین دەكرێت بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێرو چەمچەماڵ‌و بازیان، بەرێژەی 80% پشكدار بووە لە فەراهەمكردنی سوتەمەنی بەكارهێنراو بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان (ئەمە بەپێی قسەی دانەغاز). 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand