Draw Media

غازی كۆرمۆر رەوانەی كەركوك كرا

غازی كۆرمۆر رەوانەی كەركوك كرا

2023-11-06 09:55:07


(درەو): 
غازی كێڵگەی كۆرمۆر لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیی بە بۆری گواسترایەوە بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم هیچ راگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە نییە‌و پێناچێت ئاگادار بێت، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئاماژە بەوە ناكات بەپێی چ رێككەوتنێك غازەكەی گواستوەتەوە بۆ كەركوك. 
كۆمپانیای هێڵەكانی بۆری نەوت پرۆژەی راكێشانی بۆری غازی وشكی كێڵگەی (كۆرمۆر)ی بۆ وێستگەی كارەبای غازی كەركوك تەواو كرد. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، درێژەی بۆرییەكە (1050) مەترە‌و لە دوو قۆناغ پێكدێت، ئەم بۆرییە (16 ئینج)ه‌و رۆژانە بڕی (100 مەقمەق) غاز دەگەیەنێتە وێستگەی كارەبای كەركوك‌و بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای وێستگەكە زیاد دەكات. 
عەبدولكەریم موسەوی بەڕێوەبەری گشتی هێڵی بۆرییە نەوتییەكان دەڵێ: بۆرییەكە دەبێت بە لقێك لە بۆرییە سەرەكییەكە (وێستگەی جمبورو كۆمپانیای غازی باكور) بۆ ئەوەی غازی وشك بگەیەنێتە وێستگەی كارەبای كەركوك (وێستگەی تازە)، هەموو كارەكانی تایبەت بە بەستنەوەی بۆرییەكە‌و دانانی 3 قوفڵی بە قیاسی 16 ئینج تەواو بووە، ئەمە سەرباری دروستكردنی رێڕەوێك بۆ بۆرییەكە لەسەر رێگای سەرەكی (كەركوك- بەغداد) بەدرێژایی 60 مەترو رێڕەوی تر. 
بەپێی قسەی موسەوی، كارەكانی دروستكردنی بۆری غازەكە بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كارەبای پارێزگای كەركوك‌و كۆمپانیای نەوت‌و غازی باكورو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆو رێگاوبان ئەنجامدراوە. 
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تائێستا هیچ قسەیەكی لەبارەی دروستكردنی ئەم بۆرییە نەكردووە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئاماژەی بەوە نەكردووە ئایا بە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی یان حكومەتی هەرێم بۆرییەكەی دروستكردووە. 

لەبارەی كۆرمۆرەوە 
غازی كۆرمۆر یەكێك لەو بابەتانەیە كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا كێشەی لەسەرە، سەرەتای ساڵی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای بینی، ئەردۆغان داوای لێكرد هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێم هەناردەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی وتی بۆ ئەو مەبەستە قسە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەكات، لەدوای ئەم سەردانە بوو كە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەركردو یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو كوردستانی پابەندكرد بەوەی نەوت‌و غازەكەی رادەستی حكومەتی عێراق بكات. 
لەوكاتەوە ئیتر ستراتیژی پارتی بۆ هەناردەكردنی غازی هەرێم بۆ توركیا دەركەوت، لەبەرامبەر ئەمەدا یەكێتیش ستراتیژێكی پێچەوانەی پەیڕەو كرد كە رادەستكردنی غازەكە بوو بە حكومەتی عێراق.
غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان كێڵگە سەرەكییەكەی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدایە كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە.
ئەم كێڵگەیە پێداویستی رۆژانەی غازی ماڵان‌و وێستگەكانی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، لەپاڵ ئەمەدا نەوتی كۆندێنسەیت لەم كێڵگەیەدا بەرهەم دەهێنرێت كە پێداویستی سەرەكی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە‌و ئەم نەوتەی كۆرمۆر كاتێك تێكەڵ بە نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت كوالیتییەكەی بەرزدەكاتەوە.
ڕووبەری ئەم بلۆكە 135 كیلۆمەتری دووجایە، دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادركەرەم) لە قەزای چەمچەماڵ، تا ساڵی 1976 قادركەرەم سەربە قەزای (خورماتوو) بوو لە پارێزگای كەركوك، لەو ساڵەدا قەزای خورماتوو خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 ناحیەی (قادر كەرەم) خرایە سەر قەزای چەمچەماڵ‌و ئێستادا كێڵگەكە لە سنوری ئیداری چەمچەماڵدایە، ئەم كێلگەیە تاوەكو ساڵی 2003و رووخانی رژێمی سەددام لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بوو.
سەرەتای دۆزینەوەی ئەم كێڵگەیە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1928، ئەوكات كۆمپانیای نەوتی ئینگلیز گەڕانێكی سەرەتایی تێدا كردووە‌و بیرێكی لێداوە، بەڵام نەوتی دەرنەهێناوە، ئیتر كاركردن لەم كێڵگەیە راوەستاوە تاوەكو ساڵی 1953 دەست بەكاركردن كراوەتەوە، ئەوكات پشكنەرەیان زیاتر بەدوای نەوتدا گەڕاون، بەڵام بۆیان دەركەوتووە (1.8 ترلیۆن) پێ سێجا گاز لە كێڵگەكەدا هەیە. 
لە كۆتای شەڕی ئێران- عێراقدا، دوای چۆڵكردنی ناحیەی قادر كەرەم‌و شاڵاوی ئەنفال، حكومەتی عێراق جارێكی تر لەڕێگەی هەردوو كۆمپانیای نەوت‌و غازی باكورەوە دەستیكردوەتەوە بە كاركردن لە كێڵگەی كۆرمۆردا‌و چەند بیرێكی نوێی لێداوە. 
لە ساڵی 1990 بەهۆی شەڕی كوەیت‌و گەمارۆی ئابوری سەر عێراقەوە، رژێمی پێشوو كارەكانی خۆی لە كۆرمۆر راگرت. لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا كێلگەكە كەوتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد واژۆ كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوت‌و گاز لە هەردوو بلۆكی كۆرمۆرو چەمچەمال بەخشی بەو دوو كۆمپانیایە. 
دوای 15 مانگ كاركردن لە ئۆكتۆبەری 2008دا غاز لە كۆرمۆر بەرهەم هێنرا، لەڕێگای بۆرییەكی 24 ئینجی‌و بەدرێژایی 174 كیلۆمەتر غاز گەیەندرایە وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ‌و وێستگەی كارەبای هەولێر.
لە ساڵی 2009وە هەندێك گۆڕانكاری لە پشكەكانی ئەو كۆمپانیایانەدا روویاندا كە گرێبەستی كۆرمۆریان وەرگرتبوو، بەڵام دواجار كارەكە لای كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی مایەوە. (دانە غاز) خۆی وەكو گەورەترین كۆمپانیای ناوچەیی تایبەت بە بەرهەمهێنانی غازی سروشی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەناسێنێت، ئەم كۆمپانیایە لە دێسەمبەری 2005 دامەزراوە‌و لە بازاڕی دراوی ئەبوزەبی تۆماركراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان، لە میسر‌و ئیماراتی عەرەبیش كاردەكات.
كێلگەی كۆرمۆر سێ جۆر بەرهەمی هەیە كە بریتین لە:
- (غازی سروشتی) كە بە بۆری رەوانەی وێستگەكانی كارەبا دەكرێت لە چەمچەماڵ‌و هەولێر، بەپێی دواین راپۆرتی دانەغاز، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە لە غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر گەیشتوەتە (500) پێ سێجای رۆژانە، ئەمەش بەهۆی پرۆژەیەكی پەرەپێدانەوە كە بەمدواییە كۆمپانیاكە لە كێڵگەكەدا جێبەجێی كردووە.   
 - (كۆندێنسەیت) كە تێكەڵی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی، بەپێی دواین راپۆرتی داناغاز، بەرهەمی كۆندێنسەیت لە كۆرمۆر ئێستا رۆژانە بۆ (34 هەزارو 300) بەرمیل بەرزبوەتەوە 
- غازی شلی ماڵان (LPG) كە پێداویستی غازی ماڵان‌و كارگەكان دابین دەكات، كۆمپانیای دانەغاز ئەم غازە دەفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، ئێستا كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی كڕین‌و گواستەوەی ئەم غازەی بەدەستەوەیە، رۆژانە لە كێڵگەكەدا زیاتر لە (هەزار) تەن غازی شل بەرهەم دەهێنرێت، كۆمپانیای ساوس كوردستان بە تانكەر غازەكە دابەش دەكات بەسەر شارەكانی هەرێمدا بەمجۆرە:
- 12 تانكەر غاز بۆ هەولێر
- 11 تانكەر بۆ سلێمانی
- 7 تانكەر بۆ دهۆك 
•    دانەغاز لە راپۆرتی خۆیدا بۆ (9) مانگی ساڵی 2022، بە تێكڕا بڕی (85) دۆلاری بۆ نرخی هەر بەرمیلێك (كۆندێنسەیت) دیاریكردووە، بڕی (43) دۆلاریشی بۆ نرخی هەرمیلێك غازی (LPG) دیاریكردووە.
ساڵی رابردوو بەهۆی ناكۆكییەكانییەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی چۆنیەتی حومكڕانی، یەكێتیی جارێكی تر پرسی جیاكردنەوەی ئیدارەی سلێمانی لە هەولێر هێناوەتە پێشەوە، ئەگەر ئەمە رووبدات‌و كێڵگەی كۆرمۆر هەناردەی خۆی بۆ سنوری دەسەڵاتی پارتی رابگرێت، سنوری پارتی روبەڕووی قەیرانی غازی ماڵان (LPG) دەبێتەوە، هەروەها هەناردەی نەوتی هەرێمیش بەبێ (كۆندێنسەیت)ەكەی كۆرمۆر، كوالیتی دادەبەزێت‌و توشی قەیران دەبێت.
كۆرمۆر كارتی بەهێزی دەستی یەكێتییە بۆ فشار لەسەر پارتی،  ساڵی 2022 بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی ئاماژە بەم كارتە كرد‌و وتی كۆندێنسەیتی ئێمە كوالیتی نەوتی هەرێمی بەرزكردوەتەوە، ئەگەر هەناردەی كۆرمۆر رابگرین پارتی زەرەر دەكات. 
بەپێچەوانەی نەوتەوە بەگشتی داتاكانی كەرتی غاز لە بەرژەوەندی پارتیدا نین وەكو حزبی حوكمڕانی سەرەكی هەرێمی كوردستان، چونكە:  
- یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا بە (18 ترلیۆن‌و 300 ملیار) پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.
- یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا كەمترەو بە (300 ملیار) پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.
ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن، لە حاڵەتی دوو ئیدارەیدا غاز كارتی بەهێزی دەستی یەكێتییە، هەروەك چۆن ژمارەكان نیشاندەری ئەوەن نەوت كارتی بەهێزی دەستی پارتییە، چونكە زۆرینەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسنوری پارتی بەرهەم دەهێنرێت‌و كۆنترۆڵی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بۆ توركیا هەر لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتی‌و یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی كەرتی غازەوە بەدیاریكراویش كێڵگەی غازی كۆرمۆر ناكۆكن، پارتی خەونی ئەوەبوو هاوشێوەی نەوتن غازەكەش رەوانەی توركیا‌و دەرەوە بكات، یەكێتیی پرۆژەیەكی تری بۆ غازی كۆرمۆر هەبوو‌، دەیویست كۆمپانیایەك دروست بكات‌و لەرێگەی ئەو كۆمپانیایەوە غازەكە بە بۆری بگوازێتەوە بۆ ماڵان، لەرێگەی ئەم كۆمپانیایەوە ئابوری خۆی بەهێز بكات، یەكێتیی بژاردەیەكی تریشی بۆ غازەكە لەبەردەستدایە كە تاوتوێی دەكات ئەویش رادەستكردنیەتی بە بەغداد لەبەرامبەر ئەوەی حكومەتی عێراق دور لە دەستی پارتی، موچە‌و بودجەی سلێمانی دابین بكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand