بڵاوكراوەی نوێ: دۆخی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان
2023-10-31 12:37:54
درەو:
(دامەزراوەی میدیایی درەو) كتێبێكی نوێی بڵاوكردەوە (دۆخی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان) بە زمانەكانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) بە ئامارو داتا و گرافیك پێشێلكاری و رەوشی رۆژنامەگەری خراوەتەروو.
کاری رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە پیشە سەخت و دژوارەکان، جارێک بەهۆی نائاسانی دەستگەیشتن بە زانیاری و داتای راست و دروست لە دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان. جارێکیش بە هۆی ئەوەی زۆرجار رۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان پێشێلکاری زۆریان بەرامبەر دەکرێت، لە دەرەوەی یاسای کاری رۆژنامەگەری ژمارە (35)ی ساڵی (2007) لە دادگاکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەوەی دووەمیان _پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان_ جێگەی بایەخی ئەم ڕاپۆرتە دەبێت. تێیدا تیشک دەخەینە سەر ڕاپۆرتەکانی هەردوو دامەزراوەی (سەندیکای رۆژنامەنوسان و سەنتەری میترۆ) کە دوو دامەزراوەن لە هەرێمی کوردستان داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان دەکەن، ساڵانە ڕاپۆرتی خۆیان لە بارەی ئەو پێشێلکارییانەوە بڵاو دەکەنەوە، کە دەرهەق بە رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
پاڵپشت بە داتاکانی سەنتەری میترۆ لە ماوەی (2011 - 2022)، واتە لە ماوەی (12) ساڵدا (3 هەزار و 468) پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەنوسان تۆمارکراوە.
هاوکات بەپێ ئامارو راپۆرتەکانی سەندیکای رۆژنامەنوسان لە ماوەی (2008 - 2022)، واتە لە ماوەی (15) ساڵدا (هەزار و 289) پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەنوسان تۆمارکراوە.
ئەم ئامارە بەرزانەی تۆمارکردنی پێشێلکاری لە هەرێمی کوردستان، زۆرجار رێکخراو و دامەرزاوە نێودەوڵەتییەکانی وەک رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، کۆمیتەی بەرگری رۆژنامەنوسان (CPJ) و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاو زۆرجاریش کونسوڵگەری و وڵاتانی بیانی هێناوەتە سەرخەت.
لە لاپەڕەکانی دواتردا، بە گرافیک و خشتەو ئاماری گشتی و ساڵانەی هەردوو دامەزراوەی ناوبراو لە ساڵی (2008)ەوە بۆ کۆتایی ساڵی (2022) روندەکەینەوە.
لینكی كتێبی (دۆخی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان)