زۆرینەی كاندیدەكانی پەرلەمانی عێراق بەدەنگی لیستەكانیان دەچنە پەرلەمان نەك بەدەنگی خۆیان، لەكۆی 328 پەرلەمانتاری ئێستای عێراق كە لە هەڵبژاردنی 30 ی نیسانی 2014 هەڵبژێردران، تەنها 19 پەرلەمانتاری بەدەنگی خۆی چۆتە پەرلەمان، واتا 6%ی پەرلەمانتاران، بەو پێیەش 309 پەرلەمانتاری بەدەنگی حزبەكانیان چونەتە پەرلەمان. لە هەرێمی كوردستانش لەكۆی 44 پەرلەمانتار تەنها 7 پەرلەمانتاری بەدەنگی خۆی چۆتە پەرلەمان لە پارێزگای سلێمانی كە بەهای كورسیەك ( 49.623 ) دەنگ بەهای كورسیەك بووە، بۆیە لەكۆی 18 كورسی ئەندامی پەرلەمان تەنها 3 پەرلەمانتار بەدەنگی خۆی دەرچووە ئەوانیش:. ئارام شیخ محەمەد لە لیستی گۆڕان ( 150613 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. شێركۆ میرزا محەمەد مەنگۆری لە لیستی یەكێتی ( 83.663 ) دەنگی بەدەستهێنابوو موسەنا ئەمین لە لیستی یەكگرتوو ( 51.587 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. لە پارێزگای هەولێر كە بەهای كورسیەك ( 49.632 ) دەنگ بەهای كورسیەك بووە لەكۆی 15 كورسی ئەندامی پەرلەمان تەنها 3 پەرلەمانتار بەدەنگی خۆی دەرچووە ئەوانیش : ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی لیستی یەكێتی ( 76.380 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. سەلیم هەمزە شوشكەیی سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی ( 59.492 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. ئەردەڵان نورەدین سەرۆكی لیستی پارتی ( 57.496 ) دەنگی بەدەستهێنابوو. لە پارێزگای دهۆك كە بەهای كورسیەك ( 44.586 ) دەنگ بەهای كورسیەك بووە لەكۆی 11 كورسی ئەندامی پەرلەمان تەنها 1 پەرلەمانتار بەدەنگی خۆی دەرچووە ئەویش : جەمال ئەحمەد كۆچەر ( 51.358 ) دەنگی بەدەستهێنابوو.
بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا لە پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە، كە 12 لیست لە پارێزگای سلێمانی كێبەركێ دەكەن كە 211 كاندیدیان هەیە بۆ پەرلەمانی عێراق. بەڵام بەپێی زۆرێك لە پێشبینیەكان، سەرۆكی 7 لیست دەردەچن بۆ پەرلەمان ئەوانیش لیستەكانی ( گۆڕان ، یەكێتی، یەكگرتوو، پارتی، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، نەوەی نوێ) لەگەڵ 4 كاندیدی ژن، كە دەكاتە 11 كاندید دەردەچن، ئەوەی دەمێنتەوە تەنها 7 كورسیە واتا 200 كاندید كێبەركێ دەكەن بۆ بردنەوەی 7 كورسی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف یەكێتی پەرێشانترین هێزی هەڵبژاردن ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، خاوەنی پێگەیەكی جەماوەریی بەرفراونە، بەوەی لە ساڵی 1976 ەوە شەهید دەدات و بەهەزاران خانەوادەی شەهیدی هەیە، ئەمە جگە لەو ژمارە زۆرە رۆژنامەنووس و نوسەر و رۆشنبیر و خوێنی نوێ و گەرمە سیاسییەی كە هەیەتی، بەڵام ئێستا ئەم هێزە بەهۆی باڵباڵێن و نەبوونی گوتارێكی روون بۆ پرس و پێشهاتەكان، ئەم هێزەی سەرگەردان كردووە، قۆرغكردنی سەركردایەتی و بڕیاربەدەستی ئەم هێزە، لەلایەن كۆمەڵێك دەموچاوەوە ئەم هێزەی بەجۆرێك پەرێشان كردووە، كە نازانێت لەكوێوە بەرەنگاری ئاڵنگارییەكانی بەردەمی ببێتەوە، چی ئاڵنگارییە دەرەكییەكان چی ناوخۆییەکان، كە یەكێتی لەناوە و دەرەوە كاری لەسەر دەكرێت، كێشە ناوخۆییەكانی كەمتر نین لە كێشە دەرەكییەكانی. لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی خاوەنی گوتار و بەرنامەیەكی روونی نیە، دروشمی سەرەكیان ( بەدەستهێنانەوەی ئایندەیە) واتا خۆیان بڕیاریانداوە ئایندەیان لە دەستداوە و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەدەن، ئێستا یەكێتی هێزێكی پەراوێزخراوی سەرگەردانە، بەتەنها ماوەتەوە، ژمارەیەك لیستیش چاویان بڕیوەتە دەنگەكانی، هەرچەندە ئێستا یەكێتی رووی تیرەكانی لەو هێزە نوێیانەن كە چاویان لە دەنگەكانیەتی، بەڵام ئەوەی جەستەی یەكێتی شەكەت كردووە سەرەڕای ململانێ و یەكترشكاندنی باڵەكانی، دۆستە هاوپشتەكەیەتی كە ئێستا ئەویش پشتی تێكردووە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەماوەی رابردوودا پارتی بۆ میكیاژكردنی دەسەڵاتی خۆی، هەمیشە یەكێتی بەكارهێناوە و یەكێتیش هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو حوكمرانییە بووە كە هەمیشە هێلکەكەی بۆ پارتی بووە و ریقنەكەشی بۆ یەكێتی. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبری گەشەكردن، بە بەردەوامی ئاستی دەنگەكانی كەمیكردووە، بۆنمونە لە هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای سلێمانی لە كۆی ( 349.164 ) دەنگ زیاتر لە ( 207.168 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (60%)ی دەنگەكانی سلێمانی ، لە هەڵبژاردنی 2005 ی لە كۆی (736.734) كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ( 485.718) بە رێژەی (66%)، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2014 لە كۆی ( 1.168.459 ) زیاتر لە ( 294.265) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 33%) واتا لە ماوەی 26 ساڵدا لەبری گەشەكردن بەرێژەی ( 27%) دەنگەكانی كەمیكردووە. دابەزینی كێرڤی دەنگەكانی یەكێتی هێندەی پەیوەستە بە ناوخۆی ئەو حیزبە و سەركردایەتییەكەی، هێندە پەیوەست نیە بە كارتێكەرە دەرەكییەكان، ئەم هێزە لە رابردوودا هەمیشە خۆی نوێ دەكردەوە و لە ئاستی كێشە و گۆڕانكارییەكاندا هەڵوێستی جدی هەبوو، بەڵام نەخۆشی ناوخۆیی یەكێتی و ململانێ و ناكۆكی سەركردایەتییەكەی لەسەر بەرژەوەندی شەخسی و خێزانی بەتەواوی ئەو هێزەی دوورخستەوە لە بەرنامە و پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی، ئێستا ناوەندی بڕیاری ئەو هێزە دیار نیە، هەركەسەو خۆی بە جەمسەر و باڵی سەرەكی دادەنێت، بەڵام جەوهەری بڕیاری یەكێتی لە ماڵی تاڵەبانییەوە دەدرێت و ئاسۆكانی داهاتووش بەرەو ئەوە دەڕۆن كە دواجار یەكێتی بەرەو حوكمی بنەماڵەیی دەڕوات و دواجار ماڵی مام جەلال دەبنە چەقی بڕیاری سیاسی ئەو حزبە. یەكێتی لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 21 كورسی هەبووە ( سلێمانی 6 كورسی، كەركوك 6 ، هەولێر 4 ، دهۆك 1 ، دیالە 2 ، نەینەوا 2 كورسی ) بەو پێیەش یەكێتی لە سلێمانی ( 294.265) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی ( 33%) و 6 كورسی بۆ پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای هەولێر ( 168.688 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 23%) و 4 كورسی بەدەستهێناوە، لە پارێزگای دهۆكیش ( 37.457 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 7%) و 1 كورسی واتا لە سێ پارێزگاكەی هەرێم یەكێتی ( 11) كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا سەرەڕای بزوتنەوەی گۆڕان كە بەردەوام دەنگی یەكێتی بردووە، بەڵام بەپێی خوێندنەوەی بارودۆخەكە ئەمجارە لیستەكەی بەرهەم ساڵح بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی دەبات هەروەك و لە ساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەشێكی زۆری دەنگەكانی یەكێتی برد، سەرەرای لیستەكەی د. بەرهەم، جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشێك لە دەنگەكانی یەكێتی دەبات، واتا یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا نەشتەرگەییەكی گەورەی بۆ دەكرێت و رەنگە ئەم هێزە بەشێك لە جەستەی لێبكرێتەوە و بچوكتر بێتەوە، وەك ئەوەی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی دانی بەوەدانا كە دەنگەكانیان دادەبەزێت. ئێستا قسەكە لەسەر ئەوە نەماوە دەنگەكانی یەكێتی بە دروستبونی لیستەكەی بەرهەم ساڵح كەم دەكات، بەڵكو لەسەر ئەوەیە كە كامیان زۆرتر دەنگی یەكێتی دەبەن، لیستی یەكێتی یان لیستی هاوپەیمانی و دادپەروەری. ئێستا یەكێتی پەرێشانترین هێزی ناو هەڵبژاردنەكانە، نەك وەك ساڵانی رابردوو ڕکابەری پارتی و گۆڕان نیە، بەڵكو بوەتە رکابەری هاوپەیمانی و نەوەی نوێ، چونكە بە روونی دەزانێت، ئەوەی دەنگی یەكێتی دەبات ئەو دوو هێزەن، نەك گۆڕان و پارتی. یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە( 1/6/1976 دامەزراوەو سكرتێرەكەی ( جەلال تاڵەبانی) بووە، لەو كاتە تا كۆچی دوایی تاڵەبانی لە 3/10/2017 واتا بۆ ماوەی 41 ساڵ، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیشەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە سكرتێرێكی نوێ بۆ یەكێتی دیاری بكەن. لەماوەی چوارساڵی رابردوودا هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتییانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، یەكێتی بەشێك بووە تیایدا، بەو پێیەی سەرەڕای پەراوێزخستنی لەلایەن پارتییەوە، بەڵام هێشتا حكومەتداری لە هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی بەڕێوەدەبات. خاڵی لاوازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو 1-هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكستان و قەیرانانەیە كە لە كوردستاندا رویانداوە، راستە ئۆباڵەكە دەخرێتە ئەستۆی پارتی، بەڵام یەكێتی بەردەوام هاوبەش بووە لە حكومەتدا و هیچ كات ئامادە نەبووە لە حكومەت بكشێتەوە، چونكە بە كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان، حكومەت هەڵدەوەشایەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرا. 2- ناكۆكی سەركردایەتی و ناوخۆیی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا. 3- یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حێزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و بەرەو فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە بەتایبەت لە ئیدارەدان و ناوخۆی حیزب و لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا. 4- دەوترێت یەكێتی لەسەر بەرنامەو پرەنسیپی حیزبی نەرۆیشتووە هێندەی بەرژەوەندی ئاڕاستەی كردووە، لە زۆربەی روداوەكان دوای پارتی كەوتووە، نەك لەسەر پرەنسیپ و ئەجێندای رون رۆیشتبێ. 5- بازرگانی نەوت و تێوەگلان لە گەندەڵی گەورە لەناو حیزبەكەو بەشێك لەسەركردەكانی. 6- كاڵبونەوەی روئیای یەكێتی، بەتایبەت كە یەكێتی هێزێكی دیموكرات و ئازادبووە، بەڵام چەندین رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر لێیان دراوەو كوژراون، هاوشێوەی دەڤەری پارتی. 7- پەراوێزخستنی دەڤەری سەوز دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە هاوبەش بووە لە حكومەتداو لە جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتدا بووە. 8- هەژمونی پارتی زاڵە بەسەر گوتار و هەڵوێستەكانیدا، ئێستا یەكێتی لە بڕیار و هەڵوێستەكانیدا ناتوانێت یەكێتیانە بڕیار بدات بەڵكو دەوترێت پارتیانە بڕیار ئەدات. 9- خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، كە پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، كە هۆكاری راستەقینەی 16ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆم بوو. 10 – وازهێنانی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و دروستكردنی لێستێكی نوێ و گوێپێنەدانی سەركردایەتی یەكێتی بە بەرهەم ساڵح كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی نیوەی دەنگكەكانی یەكێتی بۆخۆی بەرێت. 11- نەبوونی سەنتەری بڕیاردانی ناو یەكێتی كە بڕیاری ناویەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكانەوە، ئەمە زیانی گەورەی لە یەكێتی داوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خاڵە لاوازانەدا كۆمەلێك خاڵی بەهێزی هەرماوە، بەو پێیەی یەكێتی خاوەنی بنكەی جەماوەری خۆیەتی و خاوەندی هەیكەلی حیزبی و هێزوو دەسەڵاتی حكومداری خۆیەتی لەناوچەی سەوز، واتا كەمبونەوەی دەنگەكانی یەكێتی كەمترین كاریگەری هەبووە لەسەر دەسەڵاتی ئەو حزبە لەناوچی جێنفوزی خۆی. خاڵی بەهێزی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو: 1- یەكەم هەڵبژاردنێتی لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال، ئەگەر كۆچی ئەو بۆشایی بۆ جێهێشتبن، ئەوا بە دیوەكەی تردا هەست و سۆزی دەنگدەرانی بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەتایبەت شەهیدان و پێشمەرگەكانی. 2- هێشتا هێزی دەسەڵاتداری لە سنوری زۆنی سەوزو سەرەڕای كەمكردنی دەنگەكانی. 3- بەهێزی سەرچاوەی دارایی و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتەكانی، بەبەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێنفوزی. 4- سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و هەیكەلیەتی خۆیەتی. 5- ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكەن. ئەگەرەكانی هەستانەوەی ئەم هێزە ئەگەرێكی قورس نیە ئەم هێزە دەتوانێت هەستێتەوە و گەشە بەخۆی بدات، تەنها رێگەی هەستانەوە و چارەسەركردنی خۆرەی ناوخۆییە، كە لە مێژە جەستەی ئەو هێزەی داڕزاندووە، بەڵام بەبونی مام جەلال ئەو خۆرەیە كاریگەری نەبووە و نەیانتوانیوە سەر دەركات، بەڵام ئێستا ئەو خۆرانە لە جەستەی یەكێتی سەریان دەركردووە، بەبێ بڕینی سەری ئەو خۆرانە و هێنانە پێشەوەی كادری ناوەندی كە رەنگە كەم هێز هەبێت وەك یەكێتی كادری خوێن گەرم و لێهاتووی هەبێت، ئەو هێزە ناتوانێت ببێتەوە بە هێزی كاریگەری سەر گۆڕەپانی كوردستان.
دادگای باڵای توركیا بە گوێرەی مادەی 83ی دەستور مافی پەرلەمانتاری لە هەردوو پەرلەمانتاری شاری روحای هەدەپە عوسمان بایدەمیر و پەرلەمانتاری شاری هەكاری سەلما ئیرماك سەندەوە. لە دانیشتنی پەرلەمانی توركیادا، ئەو دۆسیانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران خوێنرانەوە كە تایبەتن بەو سزایانەی دادگاكان سەبارەت بە هەریەك لە عوسمان بایدەمیر و سەلما ئیرماك دەریان كردووە و بەگوێرەی یاسا، دوای خوێندنەوەی دۆسیەكان، مافی پەرلەمانتاریی لە هەریەك لە بایدەمیر و ئیرماك سەندرایەوە. هەروەها سزای ئیرماك بە تاوانەكانی ئەندامییەتی پەكەكە و بانگەشەكردن بۆی بە ١٠ ساڵ زیندانییكردن و سزای بایدەمیر بە تاوانی سوكایەتیكردن بە پۆلیس بە زیندانیكردن بۆ ماوەی ساڵێك و پێنج مانگ و ١٥ رۆژ، پەسەندكراون. پێشتر بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ دۆسیەك لەدژی پەرلەمانتاران عوسمان بایدەمیر، عەلیجان ئۆنلو، فەلەكناس ئوجا، سیبەل یەغیت ئاڵپ، نادر یەڵدرم، دیلەك ئۆجەلان، میزگین ئێرگات و گارۆ پایلان كرابوەوە و تۆمەتی وەسفكردنی ئۆجەلان لە قسەكانیانیاندا و پروپاگەندەكردن بۆ پەكەكە و بەشداریكردن لە پرسەی گەریلاكانی پەكەكەیان ئاراستەكراوە. پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بە سەرۆكایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ لە هەڵبژاردنی یەكی تشرینی 205ی پەرلەمانی توركیادا 59 كورسی بەدەستهێنا و لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی رابردووە گرتن و دەستگیركردنی پەرلەمانتاران و سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بەو پارتە دەستیپێكرد و تا ئێستا حەوت پەرلەمانتاری هەدەپە لە زینداندان و نۆ پەرلەمانتاریشی مافی پەرلەمانتارێتییان لێ سەندراوەتەوە و پارتەكە ئێستا لەلایەن پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت بەپێچەوانەی لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەكانەوە كە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشێوەیەكی بەرفراوان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشدارن، لیست و هاوپەیمانێتییە كوردییەكان تەنیا یەكێكیان نەبێت (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، زۆربەیان هیچ ئامادەگییەكی ئەوتۆیان لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. رەنگە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم نائامادەگییەی لیستە كوردییەكان لە ناوچە عەرەبییەكانی عێراق بۆ ئەوە بگەڕێتەوە زۆرینەی لایەنە كوردییەكان ئەگەر بۆ دروشمیش بێت خۆیان بە هێزی كوردستانی دەزانن و سەربەخۆیی و جیابونەوەیان لە عێراق لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیاندا جێگیركردووە. بەپێچەوانەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە وەكو پارتێكی كوردی لە توركیا بەشداری هەڵبژاردنی كرد و بە گوتارەكەی توانی لە ناوچە توركنشینەكانیش دەنگی زۆر كۆبكاتەوە، لایەنە كوردییەكانی عێراق سەرەڕای ئەوەی لە دوای 2003 وە لە بەغداد پۆستە باڵاكانی وەكو سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دەیان پۆستی باڵای تریان بەدەستەوە بووە، بەڵام نەیانتوانیوە سۆزی شەقامی عەرەبی بەلای دۆزی كورددا رابكشێن، رەنگە نەبوونی گوتارێكی سیاسی جددی یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی نائامادەگی لیست و لایەنە كوردییەكان بێت لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراق. ئەوەی جێگای سەرەنج بوو لەدوای شكستهێنانی ریفراندۆم، ئەوانەی بانگەشەیان بۆ ریفراندۆم دەكرد و ئەوانەشی دژی بوون، هەموان كەوتنە كێبركێ لەسەر گەڕانەوە بۆ بەغداد، زۆربەی لایەنە كوردییەكان بەپەلە نوێنەریان ناردە بەغداد، بەڵام دیار نییە بۆچی نایانەوێت لەبری نوێنەر، كاندید و گوتاری سیاسی ببەنە ناو گۆڕەپانە عەرەبییەكەی عێراقەوە ! بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە رۆژی 12ی مانگی ئایار بەڕێوەدەچێت، تەنیا دوو لایەنی كوردی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراق لیستیان هەیە، ئەو دوو لایەنەش بریتین لە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) و (جوڵانەوەی نەوەی نوێ). یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نیشمانی كوردستان سەرباری ئەوەی لە دوای 2003 وە سێ خولی سەرۆكایەتی كۆمار و چەندین پۆستی گرنگی لە عێراق بەدەستەوە بووە و هێزێكی ناسراوە لای دەنگدەرانی عێراقی، لە ناوچە عەرەبییەكانی عێراقدا تەنیا لە بەغدادی پایتەخت لیستی هەیە بۆ ركابەرێتیكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان. لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغداد (10) كاندیدی هەیە و (ساحیب رەشید موسا) سەرۆكی لیستەكەیە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چوار پارێزگای جێناكۆكە تەنیا لە سێ پارێزگای (كەركوك – دیالە- نەینەوا) لیستی سەربەخۆی هەیە، لە پارێزگای (سەلاحەدین) تەنیا بە كاندیدێك بەشداریكردووە ئەوەش لە چوارچێوەی (ائتلاف قلعە الجماهیر الوگنیە)، كاندیدەكەی یەكێتی لە سەلاحەدین (شەلال عەبدول) قائیمقامی پێشووی دووزخورماتووە. پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان كە هاوشێوەی یەكێتی لە دوای ساڵی 2003 وە چەندین پۆستی باڵای عێراقی بەدەستەوە بووە و لەلای دەنگدەرانی عەرەبی عێراقی پارتێكی ناسراوە، لە هیچ پارێزگایەكی عەرەبی عێراق نەچوەتە ناو كێبركێی هەڵبژاردنەوە. پارتی لە چوار پارێزگا جێناكۆكەكەش لە (كەركوك) و (سەلاحەدین) بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە و تەنیا لە (دیالە- نەینەوا) لیستی هەیە. لیستی پارتی لە (دیالە) پێكهاتووە لە (16) كاندید و (كازم بێرولی موراد) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات، لە پارێزگای (نەینەوا)ش لیستی پارتی (62) كاندیدی هەیە و (عەبدولعەزیز ئیبراهیم محەمەد) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵییەكە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و هاوپەیمانێتی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەیەكەوە هاوپەیمانێتییەكیان بۆ پارێزگا جێناكۆكەكان دروستكردووە بەناوی ( لیستی نیشتمان)، ئەم هاوپەیمانێتییە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش تاكە هاوپەیمانێتی لایەنە كوردییەكانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق. بزوتنەوەی گۆڕان وەكو یەكێك لە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتییەكە یەكێكە لە لایەنە كوردییەكانی بەشداری كابینەی ئێستا حكومەتی عێراق و چەندین پۆستی گرنگی لە عێراق هەیە و تاڕادەیەكیش لەناو دەنگدەرانی عێراقیدا ناسراوە، بەڵام ئەویش هیچ لیست و كاندیدێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە سەرۆكەكەی (بەرهەم ساڵح) لە یەكێك لە كابینەكانی بەغداد پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەبووە و لە شەقامی عەرەبیدا كەسایەتییەكی ناسراوە، بەهەمان شێوە هیچ لیستێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. كۆمەڵی ئیسلامیش كە لە دوای 2003 وە ئامادەگی لە پەرلەمانی عێراقدا هەبووە، هیچ لیست و كاندیدێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. لەناو (لیستی نیشتماندا) بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان سێ لایەنەكە كراوە، سەرۆكایەتی لیستەكانی هاوپەیمانێتییەكە لە پارێزگا جێناكۆكەكان بەمشێوەیە بەسەر هەرسێ لایەنەكەدا دابەشكراوە: • لە پارێزگای (دیالە) لیستی نیشتمان (5) كاندیدی هەیە و (ئیخلاس ئەڵماس براخاس) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات كە سەربە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە. • لە پارێزگای (كەركوك) لیستی نیشتمان (8) كاندیدی هەیە و (محەمەد حسێن محەمەد) سەرۆكایەتی دەكات كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە. • لە پارێزگای (نەینەوا) لیستی نیشتمان (5) كاندیدی هەیە و (حازم حەسەن ئیسماعیل) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات كە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە. • لە پارێزگای سەلاحەدین لیستی نیشتیمان كاندیدی بۆ هەڵبژاردنەكان نییە. جوڵانەوەی نەوەی نوێ جگە لە پارێزگا تێكەڵەكان یاخود ئەوەی لە دەستوری عێراق ناوی لێنراوە (ناوچە جێناكۆكەكان) كە خەڵكی كوردیان تێدایە، جوڵانەوەی (نەوەی نوێ) لە (5) پارێزگای عێراقی كە بریتین لە پارێزگاكانی (بەغداد- نەجەف- كەربەلا- میسان- ئەنبار) لیستی كاندیدی پێشكەشكردووە. • بەغداد جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغداد (28) كاندیدی هەیە و (مستەفا عەبدولكەریم عەلی) سەرۆكی لیستەكەیە. • نەجەف جوڵانەوەی نەوەی نوێ تاكە هێزی كوردییە لە نەجەف كە مەڵبەندی ئاینی شیعەكانە لیستی هەیە، لیستەكەی نەوەی نوێ لە نەجەف لە (3) كاندید پێكدێت و (زەینولعابیدین عەزیز مەزید) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • كەربەلا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە هەمان شێوە لە كەربەلا وەكو مەڵبەندی دووەمی شیعەكانی عێراق، تاكە حزبی كوردییە كە لیستی هەیە، لیستەكەی نەوەی نوێ لە كەربەلا لە (10) كاندید پێكدێت و سەرۆكی لیستەكە ناوی (وەلید عەبدولمەلیك عەبدولجەبارە). • میسان جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای میسان بەهەمان شێوە تاكە هێزی كوردییە كە بە لیستێك ركابەرێتی لایەنە عەرەبییەكان دەكات، لیستەكەی نەوەی نوێ لە میسان پێكدێت لە (7) كاندید و (موهەنەد سەعد سەعدون) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • ئەنبار جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای ئەنباریش تاكە لیستی كوردییە چوەتە ناو گۆڕەپانی ركابەرێتیكردنەوە لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان، نەوەی نوێ لە ئەنبار (4) كاندیدی هەیە و (ئاریان عەبدولوەهاب قادر) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. نەوەی نوێ لە ناوچە جێناكۆكەكان جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكایەتی دەكات و جاری یەكەمە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات، جگە لەو چوار پارێزگا عەرەبییە، لە چوار پارێزگای تێكەڵیش كە ناوچەی جێناكۆكن و كوردیان تێدایە و بریتین لە پارێزگاكانی (كەركوك- دیالە- سەلاحەدین- نەینەوا) لیستی سەربەخۆی هەیە و بەشداری هیچ هاوپەیمانێتییەكی كوردی نەكردووە لەو ناوچانە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی یەكێكە لەو حزبە كوردییانەی كە لەدوای ساڵی 2003 وە ئەگەر بەشێوەیەكی لاوازیش بوبێت ئامادەگی لە كابینە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەبووە، بەڵام ئەم حزبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمجارە هیچ لیستێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. یەكگرتووی ئیسلامی لە پارێزگا جێناكۆكەكانیش بەشێوەی سەربەخۆ بەشداریكردووە: • لە پارێزگاكانی (دیالە) و (سەلاحەدین)، یەكگرتووی ئیسلامی هیچ لیست و كاندیدێكی نییە. • لە پارێزگای (كەركوك)، یەكگرتووی ئیسلامی (12) كاندیدی هەیە و (جوان حەسەن عارف) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • لە پارێزگای (نەینەوا)، یەكگرتووی ئیسلامی (9) كاندیدی هەیە و (حسێن حاجی محەمەد) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. حزبی شیوعی كوردستان- عێراق حزبی شیوعی سەرەراِی ئەوەی پاشگری عێراقی لەگەڵ ناوی كوردستان هەڵگرتووە، بەڵام ئەویش لە شارە عەرەبییەكانی عێراق هیچ لیست و كاندیدێكی نییە. حزبی شیوعی لە ناوچە جێناكۆكەكان بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی كردووە: • لە پارێزگای (كەركوك)، حزبی شیوعی كوردستان (9) كاندیدی هەیە و (دلێر محەمەد شەریف) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • لە پارێزگای (دیالە)، حزبی شیوعی (3) كاندیدی هەیە و (حەمید محەمەد ساڵح) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • لە پارێزگای (سەلاحەدین)، حزبی شیوعی كوردستان هیچ لیست و كاندیدێكی نییە. • لە پارێزگای (نەینەوا)، حزبی شیوعی كوردستان هیچ لیست و كاندیدێكی نییە. حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بەهەمان شێوەی حزبی شیوعی هیچ لیست و كاندیدێكی لە شارە عەرەبییەكان عێراق نییە. حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە ناوچە جێناكۆكەكانیش بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات: • لە پارێزگای (كەركوك)، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان (4) كاندیدی هەیە و (رەسوڵ رەئوف عەبدولعەزیز) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • لە پارێزگای (دیالە)، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان (3) كاندیدی هەیە و (ئەحمەد محەمەد عەلی) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • لە پارێزگای (نەینەوا)، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان (4) كاندیدی هەیە و (تەها رەشید تەها) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. ئەگەرچی ئێستا بەمشێوازە ئامادەگی لیست و لایەنە كوردییەكان لە شەقامە عەرەبییەكەی عێراق ئامادەگی ئەوتۆیان نییە، بەڵام ئەگەر كورد لەدوای ریفراندۆمەوە بڕیاریداوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و جارێكی تر رۆڵ و پێگەی خۆی بەهێز بكاتەوە، رەنگە رۆژێك پێویستی بەوە هەبێت بەدوور لە گوتارە نەتەوەییەكە بە شوێن گوتارێكی گەورەتردا بگەڕێت و لەو رێگەیەوە پێگەی خۆی لە پایتەخت بەهێز بكات.
چاوپێكەوتنی: درەومیدیا ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ئەندامی ئێستای پەرلەمانی عێراق لە لیستی یەكێتی كاندیدی ژمارە 5 ی لیستی 149 ی هاوپەیمانی بەغدایە لە پارێزگای بەغداد و دوای خۆكاندیدكردنی لە لیستێكی عێراقی ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلایەن سەركردایەتی یەكێتیەوە بڕیاری سڕكردنی بۆ دەرچووە، ئاڵا تاڵەبانی ئەو بڕیارە رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت بە پرسكردن خۆی كاندید كردووە، بۆیە بڕیارەكە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە و پەیوەست نابێت پێیەوە،. ئاڵا تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ " درەو میدیا" دەشپرسێت بۆچی یەكێتی كاندیدی هەیە لە لیستە عێراقییەكان لە پارێزگای سەڵاحەدین، بۆچی كاندیدی حزبە عێراقی و عەرەبییەكانی هەیە لە لیستی خۆیدا لە پارێزگای كەركوك، دەشڵێت : " من نەچومەتە هیچ حزبێكەوە بەڵكو چومەتە لیستەوە". دەقی چاوپێكەوتنەكە: درەو : هەڵوێستی ئێوە چیە لەسەر بڕیاری سڕكردنتان، ئێوەش دەڵێن بە ئاگاداری و پرسكردن خۆتان كاندید كردووە؟ ئاڵا تاڵەبانی : من دوو خاڵ بەلامەوە گرنگە: یەكەم، من لە لیستێكی عێراقی خۆم كاندید كردووە و بەڵگەشم هەیە كە پرسم كردووە، بۆیە من داوا ئەكەم ئەنجومەنی ناوەند لێكۆڵینەوە بكات و لیژنەیەك پێكبهێنێت بەڵگەكان پێشكەشی لیژنەكە ئەكەم، چونكە من بەڵگەم هەیە كە بەپرس ئەو كارەم كردووە و هێرۆخان ئاگاداربووە، ئەگەر لیژنەكە پێی باش بوو بەڵگەكان بڵاوبكاتەوە با بڵاوی بكاتەوە. خاڵی دووەم: مەسەلەی سڕكردنەكە ئەوان سەرەتا باسی دەركردنی منیان كردووە كە لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیە، لە ئەنجامدا لە كۆی 38 كەس تەنیا (7) كەس دەنگیان پێداوە، كە هەوڵی دەركردن شكستیهێناوە دواتر باس لە هەوڵی سكڕدنم كراوە، دیارە سڕكردن لە دەسەڵاتی سەركردایەتیدایە، بەڵام دەبێت بە لیژنەی لێكۆڵینەوە بێت، دوای سەڵماندنی ئەوەی كە ئەم هەڤاڵەی سەركردایەتی لە پەیڕەوی یەكێتی لایداوە، حەقی خۆیەتی باس لە سڕكردن بكرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ لیژنەیەك دروستبكرێت و بەڵگە هەبێت پرسی سڕكردنیان خستوەتە دەنگدانەوە، ئەمجارەش لە كۆی 38 ئەندام كە ئامادەبوون تەنیا (11) ئەندام دەنگیانداوە بە سڕكردنم، بەڵام ئەوان دیسان بەدەر لە پەیڕەو و بە نایاسایی بە بڕیاری مەلا بەختیار بڕیاری سڕكردنی من دراوە. درەو: ئێوە پەیوەست دەبن بەو بڕیارەوە؟ ئاڵا تاڵەبانی : ئەو بڕیارە دەنگی پێویستی نەهێناوە و لەدەرەوەی پەیڕەوی ناخۆیە ئەو نوسراوەی مەلا بەختیار من بەهیچ شێوەیەك پابەند نابم پێیەوە و قبوڵیشی ناكەم. درەو: رێكەوتنێك هەیە لە نێوان تۆو ئەو لیستەی خۆت تیایدا هەڵبژاردووە؟ ئاڵا تاڵەبانی: بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ هەركەس بچێت بۆ حیزبێكی تر نابێت لەو حزبە بمێنێت، هەڤاڵان خۆیان باش دەزانن كە من نەچومەتە حزبی تر، من چومەتە ئیئتیلافێكەوە بۆ هەڵبژاردن بۆ نمونە ئێستا لیستی نیشتمان هەیە لە كەركوك كە گۆڕان و هاوپەیمانی و كۆمەڵی تیایە و هیچ حزبێك نەتواوەتەوە تیایدا، منیش چومەتە هاوپەیمانێتیەك كە شەش حەوت حزبە كە خەڵكی سەربەخۆشی تیایە و هاوپەیمانێتییەكە بۆ هەڵبژاردن، لە حزبی دەعوەی ئیسلامی مالیكی ئەمینداری حزبەكەیە و حەیدەر عەبادی ئەندامی مەكتەبی سیاسیە، بە دوو لیستی جیا دابەزیون، مالیكی عەبادی دەركردووە لە حزبی دەعوە؟ د. سەلیم جبوری جێگری ئەمینداری گشتی حیزبی ئیسلامی عێراقیە، سەلیم جبوری لە لیستی ئەیاد عەلاوی خۆی هەڵبژاردووە، نمونەیەكی تر دوور نەڕۆین یەكێتی لە خورماتوو لە سەڵاحەدین ، شەلال عەبدولی لە لیستێكی عێراقی عەرەبی هەڵبژاردووە، لە كەركوك كەسێك ناوی میقداد فەیزوڵا ئەحمەد بەرپرسی لقی كەركوكی حزبی ئیسلامی عێراقیە، لەناو لیستی یەكێتی بە ژمارە 18 خۆی هەڵبژاردووە. درەو: ئەی بۆچی سەركردایەتی یەكێتی ئەو هەنگاوەی بەرامبەر بەتۆ ناوە و بەرامبەر بەوانیش ئاساییە؟ ئاڵا تاڵەبانی: ئەو بڕیارەی یەكێتی تەنها لەگەڵ من و بەرامبەر بە منە، ئەمە ئەو شەڕەیە كە بەتایبەتی لەگەڵ ماڵی مام و بەتایبەت لەگەڵ ئاڵا دەیكەن، پەیوەستە بە قسەكانی من بەرامبەر بە كاك هوشیار زێباری، بەرامبەر د. نەجمەدین بەرامبەر بەو دزی و گەندەڵییەی نەوت لە كەركوك دەكرێت ئەزانن من مەلەفەكانم لایە. ئاڵا تاڵەبانی: بۆ خۆكاندیدكردنم پرسم بە هێرۆخان كردووە، بڕیاری سڕكردنم دەنگی زۆرینەی نەهێناوە و مەلا بەختیار داویەتی درەو: پێشبینی دەرچونتان دەكەن لەو لیستە لە بەغداد؟ ئاڵا تاڵەبانی: جگە لەوانەی كە سەرۆكی لیستن هیچ كاندیدێك گرەنتی دەرچوونی نیە، من كاری خۆمم كردووە لەناو بەغداد كارم كردووە، پێشتریش كارمكردووە، چاوەڕوانم دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەیامی خۆمم دەبێت. درەو: دەنگەدەری تۆ لە كەركوك بووە، بۆچی لە بەغدا خۆت هەڵبژاردووە، بۆچی لە كەركوك خۆت هەڵنەبژارد؟ ئاڵا تاڵەبانی: من دوای هەڵبژاردن زۆر شتی دیكە هەیە باسی دەكەم و روونی دەكەمەوە كە بۆ لە كەركوك نەبوو لە شوێنی دیكە بوو.
راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف لەدوای دەركەوتنی ئەنجامی ریفراندۆمی 25ی ئەیلول كە لەبری رزگاریی و سەربەخۆیی، كارەسات و نەهامەتی بۆ هاوڵاتیان پێبوو، عەڕابی ئەو ریفراندۆمەش كە خودی مەسعود بارزانی بوو كە ( دوو خول سەرۆكی هەرێم و دوو ساڵ بۆی درێژكرایەوە و دووساڵیش پۆستەكەی جێنەهێشت). شكستی ریفراندۆم، شكستی هەنگاو و ئەجێندای بارزانی بوو، بۆیە ریفراندۆم لەبری سەربەخۆیی بارزانی ناردە ماڵەوە، كە رەنگە بەشی زۆری ون بوونی بارزانی بۆ دەرنەچوونی پێشبینیەكانی بۆبێت، بەتایبەت " ریفراندۆم هیچ كارەساتێكی بەدوادا نایات، پشتیوانی نێودەوڵەتیمان هەیە، سەربەخۆیی رادەگەیەنین، ئەگەر سەرنەكەوتین بڵێن ئەم پیاوە شێت بووە و سوار سەری خۆی بووە". تەنها شكستی ریفراندۆم نەبوو كە بارزانی ناردە ماڵەوە، روانینێكی تر دەڵێت، كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و مام جەلال بارزانی ناردە ماڵەوە و ئەو خۆی لە پرۆسەی سیاسی بەدوورگرتووە، زانیاریەكان دەڵێن بەشداری پرۆسەی بانگەشەی حزبەكەشی ناكات، وەك ئەوەی لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی هەڵمەتەكەی كرد، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بارزانی دەگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسی یاخود نا ؟ دەوترێت ساڵی 2017 ساڵی ماڵئاوایی جیلی یەكەمی سیاسی بوو لە هەرێمی كوردستان ، نەوشیروان مستەفا و مام جەلال ماڵئاواییان كردوو كۆچی دواییان كرد، مەسعود بارزانیش لەسەر ئەرزی واقیع ژیانی سیاسی كۆتایی هات و لەرووی سیاسیەوە مرد. ئەگەرەكانی نەگەڕانەوەی بارزانی: 1- شكستی ریفراندۆم و لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی كوردستان كە كارتێك بوو دەكرا هەمیشە كورد تا دەیان ساڵی دیكە شەڕی مافەكانی پێبكات لە بەغداو ناوچەكەش، بەڵام ئەو كارتە بە ئاسانی لەدەست بارزانیدا سوتا، بارزانی چەندین جار بەڵێنیدا ئەگەر سەری نەگرت، ئەوا سەری خۆی هەڵدەگرێت ، بۆیە دەیەوێت تا هەستانەوەی پێگەی كورد و لەبارنەبوونی بارودۆخەكە نەگەڕێتەوە ناو دیمەنە سیاسییەكە. 2- شكستی ریفراندۆم، كۆتایی قۆناغی بارزانی و دەستپێكردنی قۆناغی پۆست بارزانی بوو، بەو پێیەی دواكارتی بارزانی بۆ مانەوەی بە زیندوویی راكێشراو سوتا، ژیانی سیاسی خۆشی پێوە سوتاند. 3- ریفراندۆم خاڵی كۆتایی ژیانی سیاسی بارزانی بوو، بەو پێیەی ریفراندۆم بەشێك لە جوڵەی سیاسی بارزانی وەك كارەكتەرێكی سەرەكی سیاسی كۆتایی پێهێنا. 4- دەوترێت بارزانی تاقەتی سیاسەتی نەماوە، وەك یەكێك لە نزیكەكانی بارزانی رایگەیاندووە كە مەسعود بارزانی لەدوای كۆچی دوایی ( نەوشیروان مستەفا و مام جەلالەوە) تاقەتی سیاسەتی نەماوە، بەو پێیەی كەس بە هاوشانی خۆی نابینێت و پێشی وایە ململانێی سیاسی لەگەڵ ئەم كارەكتەرانەی ئێستا لەبری بەهێزبوون، هێندەی تر بارزانی لاواز دەكات. 5- ئەگەر گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان لە قازانجی بەرەی روسیا و ئێران و شیعە بوون، ئەوا ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی لاواز دەكەن و مەودای گەڕانەوەشی بۆ شانۆی سیاسی دووردەخەنەوە. 6- لاوازی پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزب لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەش كە پێشتر خاوەنی پێگەیەكی بەهێز و پەیوەندیەكی فراون بوو. 7- نەمانی متمانەی نێودەوڵەتی و عێراقی و هەرێمایەتی بۆ كارەكتەری بارزانی كە هەموو داوایان لێكرد ریفراندۆم نەكات بەڵام كردی، بۆیە دروستكردنەوەی ئەو متمانە نێودەوڵەتییە بۆ بارزانی هەروا ئاسان نیە. ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی 1- ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاریگەری دەبێت لەسەر گەڕانەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی، بەو پێیەی ئەگەر لە هەڵبژاردنەكاندا پارتی و یەكێتی دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێنایەوە و پێگەی خۆیان بەدەستهێنایەوە لە بەغداد، بەغداد ناچارە لەگەڵ بارزانیدا مامەڵە بكات چونكە پێی وایە لە پشتی روداوەكان و سیاسییەكانی پارتی و یەكێتیشەوە بارزانی ئامادەیی هەیە و كاراكتەری سەرەكیە. 2- نەبونی دەستوری هەرێم گەڕانەوەی بارزانی ئاسانتر دەكات، بەو پێیەی ئێستا هیچ رێگرییەكی دەستوریی نیە بۆ گەڕانەوەی بارزانی كە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی خۆ ئەگەر پرسی دەستوریش بێتە پێشەوە، جارێكی تر لەوێدا پینەی رابردوو بۆ بارزانی دەكەن و گەڕانەوەی بارزانی مسۆگەردەكەن. 3- بارزانی تا ئێستاش ركابەری نیە، بەتایبەتیش هێزە ركابەرەكانی كۆك نین لەسەر ركابەرێك، كە بە جدی هەوڵی بۆ بدەن و پشتگیری بكەن و لەبەرامبەر بارزانی راستی بكەنەوە، بەتایبەتیش لەدوای كۆچی دوایی ( مام جەلال و نەوشیروان مستەفا). بەو پێیەش هۆكاری سەرەكی لاوازی بەرامبەرەكانیەتی كە تائێستاش نەیانتوانیوە ركابەری بدۆزنەوە و بەدیلی بارزانی پێشكەشبكەن، بە واتایەكی تر بەدیلیان نیە بۆ بارزانی. 4- ئەگەر پارتی دەنگی زۆرینە بێنێتەوە و بەهۆی ناكۆكی لایەنە عێراقیەكانەوە هەولێر ببێتەوە بە چەقی پێكهێنانی كابینەی نویًی حكومەتی عێراق، ئەوەش لە پێناو راستكردنەوەی هاوسەنگی هێزەكان لە عێراق، ئەو كات بارزانی دێتەوە ناو شانۆی سیاسیی. 5- دەوامكردنی بارزانی لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم و مانەوەی تیمی سەرۆكایەتی هەرێم وەك خۆی و بینینی میوان و وەفدەكان لە هەمان شوێنی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن بارزانیەوە، ئەوە نیشان دەدات كە وازهێنانی بارزانی كاتیە و هەركات بیەوێت دەگەڕێتەوە. 6- سەركەوتنی هەندێك هێز لە عێراق و مامەڵە و سەودای پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتیش دڵداری سیاسی ژێربەژێری نێوان پارتی و نوری مالیكی لەلایەك و پارتی و عەلاوی و نوجێفی لەلایەكی تر، بە عەبادیشەوە. ئەمە ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی زیاتر دەكەن. 7- بەهێزی پەیوەندییەكانی پارتی بەهێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانەوە، دوور نیە ئەگەر لە داهاتوودا شوێنگرەوەی بارزانی نەبوو، بارزانی بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی. 8- گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەكەدا ئەگەر لە قازانجی بەرەی توركیا و سوننە بوو ئەوا ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی بەهێزتر دەكەن. دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكەو گۆڕانگاریە خێراكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و پێویستی پارتی بە خودی بارزانی، بەتایبەتیش ئەگەر پارتی پارێزگاری لە كورسیەكانی بكات و وەك هێزی یەكەم بمێنێتەوە، ئەوا دوور نیە بە سیناریۆی جیاواز جارێكی تر بارزانی نەهێننەوە ناو شانۆ سیاسیەكە، بەو پێیەی تا ئێستاش بارزانی لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم دەوام دەكات و تیمەكەی وەك خۆیەتی، بەڵام باڵادەستی ئێران لە ناوچەكەو هەڵكشانی كێرڤی دەنگی نەیارانی بارزانی لەبەغداد و تاران و ئەنقەرە و لە ئاستی ناوخۆشدا،ئەگەرەكانی هاتنەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی بەتەواوی لاواز كردووە
حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی چوارشەممە 18ی نیسانی 2018ی بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانەوە كردە پشووی فەرمیی، لەم راپۆرتەدا بە زانیاری زۆر دەربارەی ئاینی ئێزدیی و زمان و بیروباوەڕ و پێكهاتەیان ئاشنادەبیت: ئاینی ئێزدیی ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە رەسەنە و دێرینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، بەهۆی ئەوەی باوەڕدارانی ئەم ئاینە باسی ئاین و بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن و بەهۆی ئەوەشی كە لە مێژوویاندا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" بوو بۆسەر شەنگال و ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا كە بەهۆیەوە هەزاران كەسیان لێكوژرا و هەزاران ژن و كچ و منداڵیشان كرانە كۆیلە و كەنیزەك لەلایەن داعشەوە، سەرەڕای ئەوەی كە ئێزدییەكان زۆر رووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوە و پاكتاوكردن بوونەتەوە، بەڵام بەردەوام پابەندی ئاینەكەیانن و باوەڕیان وایە كە ئاینەكەیان رێگای رزگاربوونە. ئامارێكی دروستی ژمارەی ئێزدییەكان لە بەردەستدا نییە، چەند سەرچاوەیەك ژمارەیان بە 300 هەزار بۆ 750 هەزار كەس دەخەمڵێنن و بە زۆریش لە باكوری خۆرهەڵاتی موسڵ لە عێراق و باكوری سوریا نیشتەجێن. ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە لە ئەزەلەوە هەن و بە تەنها لە وەچەی ئادەمن و بڕوایان وایە كە ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوە و پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە و پاشان خودا حەوای خەڵقكردووە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە و مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە و بەوەش خۆیان بە وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند دادەنێن. چیرۆكی شەیتان " ئیبلیس" لە ئاینی ئێزدییدا ئاینی ئێزدیی لە چیرۆكی سوجدە نەبردنی ئیبلیس بۆ ئادەم لەگەڵ ئیسلامدا هاوڕایە، لە ریوایەتی ئاینی ئیسلامدا قورئان لە ئایەتی " 34"ی سورەتی " البقرە" دا ئاماژەی بەوە چیرۆكە داوە و هاتووە: "ۆإِژْ قُلْنَا لِلْمَڵائِكَەِ اسْجُدُواْ ڵادَمَ فَسَجَدُواْ إِلاَّ إِبْلِیسَ أَبَی ۆاسْتَكْبَرَ ۆكَانَ مِنَ الْكَافِڕینَ". بەڵام ئێزدییەكان لەگەڵ ئەنجامی بەشی دووەمی ئەو ئایەتەدا جیاواز و ناكۆكن، ئەوان بڕوایان بەوە نییە كە ئیبلیس بەهۆی رەتكردنەوەی سوجدە بۆ ئادەم سزادرابێت، بەڵكو باوەڕیان وایە كە خودا ئیبلیسی خەڵات كردووە و كردوویەتی بە سەرۆكی مەلائیكەتەكان، بەهۆی ئەوەی تاكە مەلائیكەت بووە لە تاقیكردنەوەی خودا دەرچووە، چونكە خودا دوای خەلقكردنی مەلائیكەتەكان داوای لێكردوون جگە لە ئەو سوجدە بۆ كەس نەبەن و دوای خەلقكردنی ئادەمیش كە داوای لێكردوون سوجدەی بۆ بەرن وەك جۆرێك لە تاقیكردنەوە وابووە و جگە لە ئیبلیس كەسیان تێیدا دەرنەچوون ، بەوەش شیاوی ئەوە بووە كە خودای گەورە بیكاتە سەرۆكی مەلائیكەتەكان، كە ئێزدییەكان بە " تاووس مەلەك" ناویدەبەن و هەموو رۆژێك پێنجار نوێژی بۆ دەكەن. ئاینی ئێزدیی ئاینێكی موژدەبەر " تەبشیری " نییە و هیچ كەسێكی تازە ناتوانێت ببێت بە ئێزدیی بەڵكو دەبێت ئەو كەسە لە لەدایكبوونییەوە ئێزدی بێت واتە لە دایك و باوكێكی ئێزدیی لەدایك ببێت، ئەوان خۆیان بە " خواپەرست" وەسفدەكەن و دەڵێت ناوی ئاینەكەیان ئەو واتایە دەگەیەنێت و خواوەندی گەورەشیان بە " ئێزدان" ناسراوە و پێگەیەكی زۆر باڵای هەیە لایان بە جۆرێك نابێت راستەوخۆ بپەرسترێت، بەڵكو بە خاوەن هێزێكی شارەواەی لەبن نەهاتووە و لەگەڵ ئەوەدا كە خوڵقێنەری گەردوونە بەڵام پاسەوانی گەردوون نییە. مەزار و شوێنە پیرۆزەكانی ئێزدییەكان ئێزدییەكان خاوەنی چەندین شوێن و مەزاری پیرۆزن، یەكێك لەوانە مەزاری " شەرفەدینە" لە چیای شەنگال ، هەروەها پەرستگای " لالش" لە قەزای شێخانی باكوری خۆرئاوای موسڵ و ئێزدییەكان لە حەجدا دەچنە ئەم پەرستگایە و زۆربەی مەراسیم و سروتە ئاینییەكانیانی تێدا ئەنجامدەدەن. زمان و كتێبی پیرۆز ئێزدییەكان بە زاراوەی كرمانجی ژوورووی زمانی كوردی قسەدەكەن و زمانی رەسمی مەراسیم و سروتە ئاینییەكانیشانە، خاوەنی سیستمێكی ئاینیی و ئیداریی دێرینن كە لە كۆنەوە بۆیان ماوەتەوە و هەروەها چەند نەریت و كەلەپوری هاوبەشیان لەگەڵ ئاینیەكانی تردا هەیە. بەشێك لە ئێزدییەكان دەڵێن كتێبێكی پیرۆزیان هەیە بەناوی " مەسحەفا رەش" بەڵام زۆرینەیان جەختدەكەنەوە كە ئەم كتێبەیان نەبینوە هەرچەندە جەخت لە بوونی دەكەنەوە. ئایینی ئێزدی كاریگەری هەبوو بۆسەر ئاینەكانی تر و ئاینەكانی تری دراوسێشی كاریگەریان كردوەتە سەری، ئەم ئاینە لە بە پیرۆزدانانی خۆر و مانگدا لە ئایینی زەردەشتی و لە حەرامكردنی چەند خۆراكێكدا لە ئاینی جولەكە و لە چەند ریتمێكی میوزیكیشدا لە ئاینی مەسیحی و لە نوێژ و زەكات و حەج و خەتەنەكردنیشدا لە ئاینی ئیسلام دەچێت. بە گوێرەی چەند چاوپێكەتنێك لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و چەند ئەكادیمییەك، رۆژووگرتن لای ئێزدییەكان دابەشدەبێت بۆ دوو رۆژووگرتن، یەكەمیان رۆژووگرتنی تایبەتە كە 80 رۆژە ( 40 رۆژ لە هاوین و 40 رۆژ لە زستان )، دووەمیشیان رۆژووگرتنی گشتییە واتە ( رۆژووی ئێزید ) كە سێ رۆژە لە ساڵێكدا : سێشەممە، چوارشەممە و پێنج شەممەی هەفتەی دووەمی مانگی 12ی هەموو ساڵێك، دوای ئەوەش جەژنی ئێزید دێت كە یەك رۆژە. هەروەها ئێزدییەكان سێ رۆژی تر لە مانگی دوومی هەموو ساڵێك بە رۆژوودەبن و دەبێتە بێكەوێتە ( دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممە ) و بە رۆژووی خدر ئەلیاس ناودەبرێت و پاشان جەژن دێت كە یەك رۆژە. جەژنی سەری ساڵ ( چوارشەمبە سۆر ) هاوشێوەی ئاینەكانی تر ئێزدییەكانیش چەندین جەژنی تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێكیش لەو جەژنانە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییە كە پێی دەڵێن جەژنی " چوارشەمبەی سۆر". جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان دەكەوێتە یەكەمین چوارشەممەی مانگی نیسانی خۆرهەڵاتی هەموو ساڵێك، كە 13 رۆژ جیاواز و درەنگترە لە مانگی نیسانی زاینیی و بەمشێوەیە سبەی چوارشەممە 18ی نیسان جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە. ئێزدییەكان بە گوێرەی پێگەی ئاینی دەكرێن بە چەند چینێكەوە: یەكەم: چینی رۆحانییەكان: ئەمەش دەكرێن بە دوو گروپەوە: 1- گروپی پیر: ئەمە كۆنترین گروپی ئاینی ئێزدیین، بە تێپەڕبوونی كات كەمبونەتەوە و بەهۆی ئەو هەڵمەتانەشی كە كراوەتە سەریان ژمارەیەكی كەمیان ماوەتەوە. 2- گروپی شێخ: دوای لاوازبوونی گروپی پیر لە راپەڕاندنی ئەركە ئاینییەكاندا، لەسەر دەستی شێخ عادی بن مسافر ئەم گروپە دامەزرێنرا بۆئەوەی ئاینی ئێزدیی كۆبكاتەوە، ئەم گروپەش دابەش دەبەێت بۆ چەند چینێك، ئەندامەكانی هەر چینێك ناتواننجگە لە چینەكەی خۆیان هاوسەرگیری بكەن، ئەمەش چینەكانن: • شێخ شەمش • شێخ حەسەن • شێخ بەكر • شێخ ناسرەدین و .... هتد. 3- چینی فەقیر: ئەمانە چینی خواپەرستن و پۆشاكێكی سپی تایبەت بە خۆیان هەیە و قژێكی درێژیان هەیە. 4- چینی حادی یان قەواڵەكان: ئەمانە ئەو دەروێشانەن كە پلەی ئاینی وەك ( خواپەرست و باوەڕدار) یان هەیە، قەواڵ هەر كەسێك كە سرودە ئاینییەكان دەڵێت و سەربە یەك عەشیرەتن و ناوەندی سەرەكییان دەكەوێتە نێوان ناوچەی باشیك و بەحزانی لە پارێزگای نەینەوا. 5- چینی كەواچك: كەواچك كۆی وشەی " كوچك" ە كە بە مانای دیوەخان دێت چینێكن لە خەڵكی گشتی و پۆشاكی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەركەكەیان بریتیە " لە دۆزینەوەی چارەنوسی مردووان باش بێت یان خراپ لەگەڵ پەیوەندیكردن بە جیهانی غەیبەوە بۆ زانینی دۆخی ئێستا و داهاتوو" دەتوانین بڵێین ئەركەكەیان زیاتر رۆحانییە. 6- چینی موریدەكان: نزمترین چینی ئێزدییەكانە و لە رابردوودا ئەركیان گوێڕایەڵی كوێرانە بووە، بەڵام نەوەی نوێی ئەم چینە ئێستا زۆر مەیلیان بۆ چەمكە مەدەنییەكان هەیە و زۆر ملكەچ نین و زەكات نادەن، و مافی ئەوەشیان نیە لەگەڵ چینەكانی تردا هاوسەرگیری بكەن. هەندێك لە ئێزدییەكان خۆیان تەنها بەسەر سێ چیندا دابەشدەكەنن لەسەر ئەو بنەمایەی كە چینی كوچك و حادی لە بنەڕەتدا لە چینی موریدەكانن و چینی " پیر" یش چینێكی جیاوازن لە چینی " شێخ" بەڵام ئەوەی راستییەكی پشتڕاستكراوەیە كە ئەوەیە هاوسەرگیری لە نێوان پەیڕەوانی ئەو پێنج چینەدا رێگەی پێ نادرێت، هەتا تەنانەت لە ناو یەك چینی وەكو شێخەكانیشدان بۆ نمونە كەسێكی سەر بە گروپی شێخ حەسەن ناتوانێت لەگەڵ كەسێكی شێخ ناسرەدین یان گروپێكی تر هاوسەرگیری بكات. ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ
دوای ئەوەی درەومیدیا وەك یەكەم میدیا نامەی دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕانی بڵاوكردەوە، لە روونكردەوەیەكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی مەسعود حەیدەر رایدەگەیەنێت: كە روبەرووی تەشهیر و ناوزڕاندن بوتەوە و لە هەمانكاتدا بەبێلایەنی دەمێنێتەوە و پەیوەندەی بە هیچ حزبێكەوە ناكات. بە دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود حەیدەر ژمارەی ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ 7 ئەندامان كەم دەبێتەوە لەبەر ئەوەی پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان د. تاڤگە محەمەدی لە ئەندامێتی فراکسیۆنەکەی دوورخستەوە. دەقی روونكردنەوەكەی مەسعود حەیدەر: روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی.. هاونیشتمانیانی بەریز وەکو چۆن لە چوار ساڵی رابردوو بێ بنەما زۆرترین جنێو تەشھیرو تەخوین ئاراستەمان کرا لەسەر ھەڵوێستە نیشتمانیەکانمان و دوور لە ھەموو بەھاو ئاکارێک و لەلایەن گروپێکی دیارەوە، دوای دەستلەکارکێشانەوەم کە ئەمە مافێکی سەرەتایی ھەموو مرۆڤێکە، دیسان ھەمان گروپ بەھەمان ئاکار و بە درۆ و دراو تەخوین و تەشھیرمان بۆ دەکەن، تا ئەو رادەی ھەوڵی زەوتکردنی ئازادی ھەڵبژاردنی بێ لایەنیشمان ئەدەن. ھەم وەکو خانەوادە وەھەم لەسەر ئاستی کەسی ھەمیشە خەباتمان کردوە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان و لەبەری حەق و گەل بووینەو دەبین و دوای دەستلەکارکێشانەوەم #بێ_لایەن_دەمێنم ، پەیوەندی بە ھیچ حزب و لایەنێکەوە ناکەم. مەسعود حەیدەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق ٢٠١٨/٤/١٧ بغداد
ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا حیزبەكان بە كۆمەڵێك كاندیدی زیاتری دوبارەوە دەچنە كێبەركێی هەڵبژاردنەوە، هەندێك پێیان وایە ئەمە ئاساییە، چونكە كاری پەرلەمانتاری ئەزموونە و گرنگە لیستەكان خەڵكانی بەئەزمونیان تێدا بێت، هەندێكی تر وەكو نەنگییەك لە لیستەكانی هەڵبژاردن تەماشای دەكەن و وەكو داخستنی دەرگا بەڕوی دەموچاو و بیری نوێ وێنای دەكەن. كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتار و وەزیر و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن حزبەكانی هەرێمی كوردستانەوە، رەنگە چەندین هۆكاری جیاوازی هەبێت كە بەلای حزب و قەوارە سیاسییەكانەوە گرنگن، رەنگە یەكێك لەو هۆكارانە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و گەرەنتیكردنی سەركەوتنی كاندیدەكان بێت، چونكە ئەوانەی پێشتر كاندیدكراون بۆ پۆست و پلە جیاوازەكان زیاتر لەلای دەنگدەران ناسراون بن بە بەراورد لە كەسانی تر كە بۆ جاری یەكەمە بەشداری ئەم تاقیكردنەوەیە دەكەن، لەوانەشە هۆكارێكی تری ئەو دووبارە كاندیدكردنەوانە پەیوەندی بە تەكەتولەكانی ناو حزبەكانەوە هەبێت. هەرچەند لە سێ خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا حاڵەتی دوبارەكردنەوەی كاندیدەكان هەبووە، بەڵام بەبەراورد بە هەڵبژاردنی ئەمجارە ژمارەیەكی كەمتر بووە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەدا كە بڕیارە رۆژی 12ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبێت، دەموچاوی دوبارە بەشێكی زۆری لیستەكانی داگیركردووە. (درەو) لەم راپۆرتە شیكارییەدا ناوی كاندیدی دووبارەی لیست و هاوپەیمانێتییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات: یەكەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان سەرۆكی لیستەكانیان لە هەولێر و سلێمانی هەمان كاندیدی پێشوون و ئێستاش ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن . 1- ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆكی لیستی كۆمەڵ لە پارێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی پێشوودا سەرۆكی لیستی كۆمەڵ بووە و ئێستاش سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە. 2- زانا رۆستایی، سەرۆكی لیستی كۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر، لە هەڵبژاردنی پێشوودا كاندیدی كۆمەڵ بووەو پێشتریش پەرلەمانتاری كۆمەڵ بووە لە پەرلەمانی كوردستان و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 3- سەلیم شوشكەیی، كاندیدی كۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 4- دارا حەمە ئەمین، كاندیدی كۆمەڵ لە پارێزگای سلێمانی، پێشتر وەزیری ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوەردستان بووە. دووەم/ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەرۆكی لیستەكانی یەكگرتووی ئیسلامە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی دووبارەن. 1- موسەننا ئەمین، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەهەمان شێوە سەرۆكی لیستی یەكگرتوو بووە و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 2- عومەر كۆچەر، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 3- حاجی كاروان، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە. 4- شێركۆ جەودەت، كاندیدی یەكگرتوو لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی پەرلەەمانی كوردستانە. 5- كەژاڵ هادی، كاندیدی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە. 6- جوان حەسەن، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای كەركوك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە. 7- ژمارەیەك كەسی تر كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كاندیدكراون و دەرنەچوون، بەڵام ئێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدكراونەتەوە. سێیەم / یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئێستا خۆیان كاندیدكردوەتەوە: 1- رێزان شێخ دلێر، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 2- بەختیار شاوەیس، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە. 3- نەوزاد رەسوڵ، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 4- ئارێز عەبدوڵا، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 5- رێبوار تەها، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای كەركوك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە . 6- ژمارەیەك كەسی تر كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كاندیدكراون و دەرنەچوون، بەڵام ئێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدكراونەتەوە . چوارەم / بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكی لیستەكانی هەولێر و سلێمانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەن: 1- یوسف محەمەد، سەرۆكی لیستی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، سەرۆكی لیستی پێشووی گۆڕان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان 2- كاوە محەمەد، سەرۆكی لیستی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، پێشتر سەرۆكی لیستی گۆڕان بووە لە هەولێر و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 3- ئەمین بەكر، كاندید گۆڕان لە پارێزگا سلێمانی، ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 4- هۆشیار عەبدوڵا، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 5- عەدنان عوسمان، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، پێشتر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە. 6- بەهار مەحمود، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە. 7- غالب محەمەد، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە. 8- عەبدولڕەحمانی موهەندیس، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە. 9- هێڤی هەیاف، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە. 10- سیوەیل عوسمان، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، پێشتر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە . 11- ژمارەیەك كەسی تر كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كاندیدكراون و دەرنەچوون، بەڵام ئێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدكراونەتەوە. پێنجەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەیەك كاندیدی دووبارەی خستوەتە ناوی لیستەكەیەوە: 1- عەرەفات كەرەم، كاندیدی پارتی لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 2- بەیار دۆسكی، كاندیدی پارتی لە پارێزگای دهۆك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە . 3- دانا جەزا، كاندیدی پارتی لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە . نەوەی نوێ رابون مەعروف - سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە لە فراكسیۆنی گۆڕان لەبارەی كاندیدكردنەوەی دەموچاوە كۆنەكانەوە لەناو لیست و هاوپەیمانێتییەكانەوە، هەندێك لە چاودێرانی سیاسی بۆچونی جیاواز دەخەنەڕوو. لە وتارێكدا بەناوی "مەترسییەكانی دووبارە كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتاران"، د. كاروان عەلی بەتایبەتی لەبارەی ناوە دوبارەكانی لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نوسیویەتی: 1- خیانەت و خۆفرۆشی لەنێو ماڵی كورد لەبەغدا زیاد دەكاو هەندێكیان دەستیان تێكەڵ دەكەن لەگەڵ ناحەزانی كورد وەك لە رابردوو بینیمان 2- دەرگا داخستن بەرووی كادرانی دڵًسۆز و نەهێنانە پێشەوەی خوێنی نوێ، دەبێتە مایەی نیگەرانیەكی زۆرو دیسان كۆچكردنی كادیرانی یەكێتی بۆ نێو حزبەكانی تر دەست پێدەكاتەوە 3- كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتارەكان بۆ خولێكی تریش، زیانێكی گەورەی دەبێ بۆ سەنگ و دەنگەكان، چونكە خەڵكی كوردستان تێبینی و سەرنجی زۆریان هەیە لەسەر ئەداو توانای سەرجەم پەرلەمانتاران بە هی یەكێتیشەوە، بۆیە خەڵك دەنگ نادا بەو دەمووچاوە دووبارانەو لە ئەنجامدا دەنگی یەكێتی كەمدەبێتەوەو هی حزبەكانی تر زیاد دەكا. ئەمە زیاتر راستەو كاریگەریی هەیە لە كەركوك و ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان پێشتریش حاكم شێخ لەتیف پسپۆڕی یاسای دەستوری و پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی ناوە دوبارەكانی لیستی گۆڕان لە نوسینێكدا بەناوی " میراتی نەوشیروان مستەفا" نوسیویەتی: میراتێكی زۆر ڕون و ئاشكرای نەوشیروان مستەفا ئەوەبوو كە هیچ كەسێك لەناو گۆڕان لەیەك جار زیاتر سودمەند نەبێت لە پۆستەكان، چونكە بەداخەوە لەم وڵاتە پلەو پۆست بەبازرگانی كراون، بۆ ئەوەی زۆرترین هەل بۆ زۆرترین خەڵك بڕەخسێت و وەك دوو حیزبی دەسەڵاتدار پۆست و پلەكان بۆ ژمارەیەك دەموچاو قۆرخ نەكرێن و ئەزمونی ئەوان دوبارە نەكەنەوە، ئەوە ڕاستیە ئەو لەژیانی خۆیدا ڕێگای نەدا بەكەس دووجار سودمەندبێت، چەندە بەتواناش بوبێت، هێنانەوەی هەر بیانویەك بۆ دوبارە خۆكاندید كردن لادان و فێڵكردنە لە ڕێبازی كاك نەوشیروان.
مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە نامەیەک دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە فراكسیۆنی گۆڕان و بزووتنەوەی گۆڕانیش راگەیاند. حەیدەر لە نامەیەکدا دەڵێت:" دوای دیراسەتكردنی چوار ساڵی كاركردنم لە پەرلەمانی عێراق و وەزعی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان و نەهج و سیاسەتی بزوتنەوەكە، وە دوای نۆ ساڵ خەباتكردن لەرێگای بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ میللەتەكەم، گەشتمە ئەو قەناعەتەی كە دەستلەكار بكێشمەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەكو حزب و وەكو فراكسیۆن و ئەو دوو مانگ و نیوەی ماوە لەم خولەی پەرلەمان وەكو كوردێكی بێ لایەن نوێنەرایەتی بكەم." ئەمەش دەقی نامەکەی مەسعود حەیدەرە: هاورێیانی بەڕێز.. پاش سڵاو دوای دیراسەتکردنی چوار ساڵی کارکردنم لە پەرلەمانی عێراق و وەزعی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان و نەھج و سیاسەتی بزوتنەوەکە، وە دوای نۆ ساڵ خەباتکردن لەرێگای بزوتنەوەی گۆرانەوە بۆ میللەتەکەم، گەشتمە ئەو قەناعەتەی کە دەستلەکار بکێشمەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەکو حزب و وەکو فراکسیۆن و ئەو دوو مانگ و نیوەی ماوە لەم خولەی پەرلەمان وەکو کوردێکی بێ لایەن نوێنەرایەتی بکەم. دەمەوێ سوپاسی ھەمووتان بکەم بۆ چوار ساڵی پێکەوە کارکردن لەم خولەی پەرلەمانی عێراق. دڵنیاتان دەکەمەوە لەم چوار ساڵە زۆر بە دڵسۆزی و بە ویژدانەوە بەرگریم لە مافەکانی میللەتەکەم کردوەو ھەمیشە بەرژەوەندی خاک و خەڵکی کوردستانم خستۆتە پێش ھەموو شتێک. ھۆکارەکان زۆرن بۆ گەیشتنم بەم قەناعەتەو لەکاتی گونجاو بۆ بەرێزتانی رووندەکەمەوە. دەمەوێ سوپاسی ھەموو ئەو ھەڵسوراوە بەرێزانە بکەم وە لە پێش ھەموویانەوە رەوانشاد کاک نەوشیروان و ھەموو دەنگدەرانم کە ئەمانەتی نوێنەرایەتی کوردیان خستە سەرشانم. لەگەڵ ھاورێ کوردەکانم لە پەرلەمان وەکو ئەرکێکی نیشتمانی، ئەخلاقی و نەتەوەیی و ئاینی و سیاسی درێغیم نەکردوەو ئەوەی لەتوانام بووە ھەوڵم بۆی داوە بۆ بەرگری لە مافە دەستوری و یاسایی یەکانی کورد، ھەمیشە لە خەمی قووتی خەلک وچارەسەرکردنی کێشەکانیان بوومە و گوێم بە حزبایەتی و ململانێ سیاسێکانی حزبە کوردێکان نەداوە و زۆرجار تەفسیری ھەڵەی بۆ کراوە و دوور لە گشت ئاکارێک تۆمەت و تەشھیرم ئاراستە کراوە. ئەو ئەرکەی کەوتە سەرشانم بە پاکی و ئەمانەتەوە گەیاندمە جێگا و ھەمیشە لەبەرەی بەرگری بوومە لە مافی خەلک و خاکی کوردستان بە شایەتی ھەموو کوتلەو حزبەکانی ناو پەرلەمانی عێراق. بەرانبەر خواو میللەتەکەم روسورو سەربەرزم و ھەمیشە لەخانەی گەل و نیشتمان دەبم. براتان مسعود حیدر ٢٠١٨/٤/١٧ بغداد
بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو، هێندەی كەشوهەوای ساردی ئەم چەند رۆژە، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان سارد بوو، سارد وسڕی هەڵمەتی هەڵبژاردن بوەتە جێگای قسە وباسی چاودێرانی سیاسی، چەندین شیكاری دەكرێت بۆ هۆكاری لاوازی كەمپەینی هەڵبژاردنی ئەمجارە، هەرچەندە هەڵمەتی ساردی هەڵبژاردنەكان بە بەڵێنی گەرمی لیستەكان بەرێوەدەچێت. هاوڵاتیان بەساردیەوە بەشداری دەكەن بەشێك لە هاوڵاتیان نائومێدبوون لە هەڵبژاردن و پەرلەمان، ئەگەر پێشتر لە هاوڵاتیان هەلبژاردن و خەباتی پەرلەمانیان بە شارێگای گۆڕانکاری دانابێت، ئەوا ئێستا بەشێك لەخەڵكی ئەو قەناعەتەیان لا دروست بووە كە ئەنجامی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنەكان تەنها گۆڕینی ژیانی چەند كەسێك بووە و زۆرینەی خەڵكی كوردستانیش تا دێت بەدبەختتر دەبن و ژیانیان قورستر و نەهامەتیەكانیان زیاتر دەبێت. خەڵك هەموو جارێك دەنگ دەدات سەیر دەكات گۆڕانكاری روونادات و ژیانیان خراپتر دەبێت و باشتر نابێت، خەڵكی لە رابردوودا بەڵێنی گەورە و مژدەی گەورەی پێدراوە بۆ ژیانێكی باشتر بۆخۆیی و ماڵ و منداڵی بەڵام دیسان خەونەكانی بوونە خەونی زڕاو، بە مانایەكی تر هەڵبژاردن و كورسی پەرلەمان نەیتوانی گۆڕانكاری لە ژیانی خەڵكیدا بكات، بۆیە هاوڵاتیان لە بەڵێن و دروشمی هێزەكاندا ئومێد بۆ داهاتوو نادۆزنەوە . نەبونی گوتارێكی روون بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد لیست و قەوارە سیاسییەكان و تەنانەت كاندیداكانیش خاوەنی گوتارێكی روون نین و گوتارەكانیان لاواز و دووبارەن و حیزبەكان لە چوارچێوەی كۆمەڵێك دروشم و بەڵێنی سواودا دەخولێنەوە، بەڵێنەكانیان هەموو دووبارەن و بەرنامە و ئەجێندای نوێیان پێ نیە كە خەڵكی ئۆمێدیان پێهەڵبواسێت بۆ باشتركرتنی ژیانیان. لە كاتێكدا هەڵبژاردنەكان بۆ بەغدادە بەڵام لیست و كاندیدەكان بەڵێنی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە كوردستان دروستكردنی پرۆژە و ئۆتۆمبێلی كارەبایی بە هاوڵاتیان دەدەن، لە كاتێكدا هەموو دەزانن ئەركی پەرلەمانتار لە بەغداد دەركردنی یاسا و چاودێریكردنە نەك بەڵێنی گۆرینی سیستمی حوكمڕانی لە هەرێم كە وەزیفەی ئەو نیە... پێدانی ئەم بەڵێنانە بە هاوڵاتیان بەجۆرێك لە جۆرەكان، سەرلێشێواوویە و گوتارێكی بەتاڵە و تەعبیر لە ئیفلاسی دەكات، چونكە ئەو بەڵێنانە بۆ پەرلەمانی كوردستانیش ناگونجێت نەك پەرلەمانی عێراق. هەموو هەڵبژاردنێك خەڵكی كۆمەڵێك پەرلەمانتار دەنێرێت بۆ بەغداد بەڵام دوایی لێیان دەپرسن بۆ هیچ ناكەن دەڵێن ئێمە كەمینەین، لەگەڵ ئەوەی كورد كەمینەیە لە بەغداد و رێژەكەی ناگاتە 20% بەڵام پەرتەوازەشە لە بەغداد و نەبوونی گوتاری هاوبەشیان لە بەغداد، كە ئەمە وایكردووە هەم خەڵكی هەم لیستەكان خۆشیان نائومێد بن بۆ هەڵبژاردن، پێشتر كورد كێشەی خاك و دەسەڵات و مافە نەتەوایەتییەكان و بەشداری سیاسی هەبوو لە بەغداد، بەڵام ئێستا خەونەكانی هێندە بچوكبوونەتەوە كە خۆی تەنها لە موچەدا دەبینێتەوە، لەكاتێكدا موچە مافە لەبەرامبەر ئەركدا، نەك منەت. قەیرانی دارایی لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە دوای دروست بوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، بارودۆخ و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان بەرەو خراپی رۆیشت ئەمەش وایكرد كە تاكە خەمی خەڵكی دابینكردنی موچە و بژێوی ژیانی بێت، خەڵكی پێی وایە ئەو قەیرانانە هەمووی دروستكراون و ململانێی سیاسیین نەك كارەساتی ئابوری، بە بەردەوام نەوتی كوردستان فرۆشراوە، كە داهاتی نەوت 25 دۆلار بووە خەڵكی بەجۆرێك موچەی دروست كردووە و نەوت بوە بە 70 دۆلار هەر هەمان موچە وەردەگرێت، بۆیە خەڵكی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا روبەرووی گەورەترین قەیران و نەهامەتی بووەوە و نە حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن نە حزبەكانی دەسەڵات چارەیەكیان بۆ دۆخەكە پێنەبوو، بۆیە هاوڵاتیان لەوپەڕی نائومێدیدان لەبەرامبەر بەڵێن و كردەوەی حزبەكان، ئەم نائومێدیە گوازراوەتەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ساردكردووە. ریفراندۆم و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی ریفراندۆم كێرڤی ئومێدی هاوڵاتیانی زۆر سەرخست، بەڵام شكستی ریفراندۆم و دیمەنی كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك و رادەستكردنی 51%ی خاكی كوردستان، بەتایبەتیش مامەڵەكردنی بەغداد وەك براوەی ئەو جەنگەی كە پێشمەرگە و كورد قوربانی زۆری لە پێناودا، ئەمە بێهیوایی زۆری لای تاكی كورد دروستكرد، بەجۆرێك نەك هەر تاكی كوردی بەڵكو هێزە سیاسییەكانی كوردستانیش بەرچاویان رونیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد و روئیایەكی رۆشنیان بۆ داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد نیە. كێ زیان دەكات لە ساردی هەڵمەتی هەڵبژاردن ساردی پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی گشتی هەموو لیستەكان زیانی لێ دەكەن ، بەو پێیەی ئاستی رێژەی بەشداریكردن كەم دەبێتەوە و بەهای كورسی زیاد دەكات، بەڵام ئەوەی زۆرتر زیانی پێدەگات ئەو هێزانەن كە پشتیان بە چینی خوارەوە كۆمەڵگە بەستووە، ئەوچینەی كە پەراوێزترین چینی كۆمەڵگەن، كە قەیرانی ئابوری و خراپی خزمەتگوزاری هاڕیونی، ئەوانە نائومێدترین چینن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، كە لە هەڵمەتەكانی پێشتر بە گەرمی بەشداریان كردووە بە ئومێدی گۆڕینی ژیانیان، بەڵام هەڵبژاردنەكان هیچی لە ژیانیان نەگۆڕیوە، بۆیە كەمتر بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكەن، ئەمانە كەمتر دەنگدەری هێزەكانی دەسەڵاتن. دەنگدەری ئەو هێزانەن كە لە ئۆپۆزسیۆندان و لەبەرامبەر بەرەی دەسەڵات وەستاونەتەوە.
ئێستا حزبە كوردستانیەكان 65 كورسیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە و لەو ژمارەیە 46 كورسی هی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە، لەو ژمارەیە هەولێر ( ١٥ ) كورسی 1 كورسی كۆتا، سلێمانی ( ١٨ ) كورسی و دهۆك ( ١١ ) كورسی و 1 كورسی كۆتا . پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان 17 كورسی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (٧٥٣٠١٤) دەنگی بەدەستهێنا ،كە 8 كورسی لە دهۆك و 7 كورسی لە هەولێر و 2 كورسی لە سلێمانی هەیە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان 11 كورسی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (٤٩٦٥٣٦) دەنگی بەدەستهێناوە ،كە 1 كورسی لە دهۆك و 4 كورسی لە هەولێر و 6 كورسی لە سلێمانی هەیە. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێمی كوردستان 9 كورسی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (٤٧٢٥٠٣) ،كە 2 كورسی لە هەولێر و 7 كورسی لە سلێمانی هەیە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەرێمی كوردستان 4 كورسی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (١٩٢١٧٩) دەنگی بەدەستهێناوە ،كە 2 كورسی لە دهۆك و 2 كورسی لە سلێمانی هەیە. كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەرێمی كوردستان 3 كورسی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (١٤٠٧٧١) دەنگی بەدەستهێناوە ،كە 2 كورسی لە هەولێر و 1 كورسی لە سلێمانی هەیە.
ئامادەكردنی/ نیاز عەبدوڵا حیزبه سیاسییه كوردییهكانی كهركوك ترسیان ههیه 134 ههزار كارتی دهنگدانی كاتی كه بۆ ئاوارهكانی حهویجه و دهوروبهری له لقی كهركوكی كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكان دروست كراوه، بۆ مهبهستی دهنگدانی ساخته له ههڵبژرادنهكانی 12ی ئایاری 2018ی عێراق لهو پارێزگایه بهكاربهێندرێت. ئهمڕۆ یهك شهممه له شاری كهركوك جگه له حیزبی پارتی دیموكرات و حیزبی نهوهی نوێ كه ئامادهی كۆبوونهوهكه نهبوون كۆی هێزه سیاسییهكان ئامادهی بوون، تا بهیهكهوه باس له چۆنییهتی هاوكاریكردن و هاندانی بهشداری هاووڵاتیان و رێگریكردن له ساختهكاری بكهن. لهو بارهیهوه مامۆستا سهڵاح ساڵهیی بهرپرسی پهیوهندییهكانی حیزبی زهحمهتكێشانی كوردستان له كهركوك كه ئامادهی كۆبوونهوهی لایهنه سیاسییهكان بوو، به درهو میدیای وت "50%ی كهركوكییهكان تا ئێستا كارتی بایۆمهتری ههڵبژاردنیان نهكردووه، لقی كهركوكی كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژرادنهكانی عێراق-یش 134 ههزار كارتی دهنگدانی كاتی بۆ ئاوارهكانی حهویجه و دهروبهری كردووه بهبێ ئهوهی كهس ئهو كارتانهی وهرگرتبێتهوه و دابهشكرابێت، بۆیه ئێمه مهترسیمان ههیه ئهم كارتانه له پارێزگای كهركوك لهناو شاری كهركوك و حهویجه بۆ مهبهستی ساختهكاری له لایهن هێزه سیاسییه عهرهبییهكان بهكاربهێندرێن". سهڵاح ساڵهیی ئهوهی خسته روو ئهو ژماره كارته دهتوانێت سهنگ و قهبارهی ململانێكه له بهرژهوهندی هێزه سیاسییه عهرهبییهكان له كهركوك یهكلا بكاته و وتی " ئێمه ئهمڕۆ لهو كۆبوونهوهیهدا سهرهڕای ههوڵدان بۆ هاندان و بهشداریكردنی زیاتری هاووڵاتیانی كهركوك له ههڵبژاردن، مهبهستمان بوو لیژنهیهك له حیزبهكان پێكبهێنین تا لهگهڵ كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژرادن له كهركوك كۆببێتهوه و بهدواداچوون بۆ ئهو ژماره كارته كاتییهی دهنگدان بكات بۆیه ئهوهمان كرد و لیژنهكهمان پێكهێنا". بهرپرسی پهیوهندییهكانی حیزبی زهحمهتكێشان له كهركوك جهختی لهسهر پێویستی وهلانانی كێشه ناوخۆییهكان له نێوان هێزه سیاسییهكان كردهوه و ئامادهنهبوونی حیزبهكانی پارتی دیموكرات و نهوهی نوێی به بۆشایی لێكدایهوه له دۆخی ئێستای سیاسی كهركوك. جگه له پارتی دیموكراتی كوردستان كه بریاری بهشداری نهكردنی ههڵبژاردنهكانی له پارێزگای كهركوك داوه، ئهمڕۆ15ی نیسان حیزبه كوردییهكانی كهركوك بانگهشهی ههڵبژاردنیان لهو شاره دهستپێكرد.
دەنگی هێزەكان لە 1992 بۆ 2014 لە پارێزگای هەولێر. راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف ئەگەرچی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو پەیوەستە بە پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی هێزەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەو پێیەی لەماوەی چوارساڵی رابردوودا كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە رویانداوە كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و پێگەی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە ئەو كاریگەریانەش راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ پێگەی هێزەكان، ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو كاریگەریانەی لەسەر پێگەی هەرێم درووستی كردوو دواتریش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری بەدوای خۆیدا هێنا، هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەر گۆڕینی نەخشەی هێزە سیاسیەكانی هەرێم درووست دەكەن و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی حكومەت و بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هێزەكان بەبێ گۆڕانكاری لە پێگەی هێزەكان لە هەولێر كاریگەریەكی ئەوتۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان درووست ناكات، چونكە هەولێر هەم پایتەختی هەرێم و ئەم شوێنی بریاری سیاسی و هەم قۆرخكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە، گۆڕانكاری لە نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر گۆڕانكاری لە داهاتووی سیاسی و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان. پێگەی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر یەكەم/ هەڵبژاردنی 1992 لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای هەولێر كە (340000) مافی دەنگدانی هەبوو(335827) دەنگیدا بەرێژەی ( 77.6%) لەو پارێزگایە ئاستی دەنگەكان بە جۆرێك بوو كە، پارتی دیموكراتی كوردستان (152143) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (45.9%) و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (148352) دەنگ بە رێژەی (44.4%) و لیستی ئیسلامی (11092) بە رێژەی (3.3%) و حیزبی شیوعی (11047) بەڕێژەی (3.3%) دەنگیان بەدەست هێنا، پارێزگای هەولێر لەیەكەم هەڵبژاردندا دەنگی یەكێتی و پارتی زۆر نزیك بوو لەیەكەوە، بۆیە كەڵكەڵەی یەكلاكردنەوەی شوناسی هەولێر بۆ یەكێكیان هەرزوو پەیدا بوو، بۆیە یەكێتی سلێمانی و پارتی هەولێریان بۆخۆیان یەكلاكردەوەو شەڕی هەیمەنەی هەولێریان كرد و لە شەڕی ناوخۆ ماوەیەك بۆ یەكێتی یەكلا بوەوەو دواتر پارتی لە 31ی ئابدا هەیمەنەی خۆی بەسەر هەولێردا چەسپاند و تا ئێستاش ئەو هەیمەنەیە بەردەوامە و لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتووە كە گۆڕان لە پێگەو نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە درووست بكات. دووەم/ هەڵبژاردنی 2005 بەڵام لە هەڵبژاردنی 2005 دا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی و یەكێتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد بەلام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە لیستی جیابوو بۆیە ئاستی دەنگی حیزبەكان لەو هەڵبژاردنەدا دەردەكەوێت، لەو هەڵبژاردنەدا (647994) كەس دەنگیان دابوو، تەنها (4) لیست توانیان كورسی مسۆگەر بكەن ئەوانی تر دەنگی پێویستیان نەهێنا، لیستی دەنگی دیموكراتی كوردستان كە لە (پارتی و شیوعی و ژمارەیەك حیزب پێكهاتبوو) كە (347772 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بە رێژەی (53.7%) دەنگەكان و لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (244343) دەنگ بەریژەی بەڕێژەی (37.7%)و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (22523) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (3.5%) و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (18781) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (2.9%)، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە غیابی یەكێتی لەو شارە لەدوای روداوەكانی 31ی ئاب یەكێتی توانی نزیكەی 38%ی دەنگی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بكات و پارتی كۆمەڵێك هێزی دیكەش نزیكەی 54%. سێیەم/ هەڵبژاردنی 2010 بەلام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 ی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە (917685)، هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (680408) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان (306775) دەنگ بەڕێژەی (45.08%) دەنگەكان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (124632) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (18.3%) و لیستی گۆڕان توانی (103397) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (15.19%) و كۆمەڵی ئیسلامیی ( 70662) دەنگ و توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (9.2%)، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (51065) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (7.5%)، لە دوای درووست بونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئیدی یەكێتی دەنگەكانی لە پارێزگای هەولێر زۆر دابەزی بۆ 18% واتا بە بەراوردی 2005 بەرێژەی 20% دابەزی و دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی لە پارێزگای هەولێر پەرت بوو . چوارەم/ هەڵبژاردنی 2014 بەڵام پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014، كە (936557) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (744489) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (354735) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (48% ) و ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168688) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%) و لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ بەڕێژەی (11%) و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و بەڕێژەی (4%)ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی لایەنەكان زیاتر بوو لە پارتی كە پارتی 45% و لایەنەكانی تریش زیاتر لە 50%ی دەنگەكانیان مسۆگەر كردووە. ئەگەر لە دەنگ و رێژەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ورد بیتەوە دەردەكەوێت ئاستی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر زۆر گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەو پێیەی پارێزگای هەولێر لەژێر هەیمەنەی پارتیدا بووەو جموجول و چالاكی هێزەكانی سنورداركردووەو دۆخێكی سیاسی وای خوڵقاندووە، كە تەواوی پۆست و بڕیار و پرۆژەكانی ئەو ناوچانە لەژێر هەیمەنەی پارتی خۆیی و بۆ گیرفانی خۆی بووە. ئەگەرچی ململانێی توندی هێزەكان لە پارێزگای سلێمانی گەرم بووەو ئەوەش لە قازانجی دەنگی پارتیە لە هەولێر و دهۆك، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت هەڵبژاردنی داهاتوو گۆرانكاری لە پێگەو دەنگ و رێژەی لایەنەكاندا درووست بكات بەتایبەتیش لە پارێزگای هەولێر، بەو پێیەی پارتی دەسەڵاتداری ناوچەكە بەرپرسی پلە یەكی خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ناسەقامگیری كوردستان بووە، بەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و بەم دوایانەش سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەیوەندیەكان و نەوت و ناوخۆ هەمووی لەدەستی پارتیدا بووە بۆیە بەرپرسیارێتی سەرەكی دەكەوێتە ئەستۆ، هاوكات ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو دۆخە پڕ لە قەیرانەی بەدوای خۆیدا هێنای دارێژەرو پلانی سەرەكی ئەنجامدانی لە دەستی پارتی و سەرۆكی پارتیدا بووە ئەو سیاسەتەش هۆكاری سەرەكی داروخانی ژێرخانی ئابوری و سیاسی و روخان و لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و هەرێمایەتی و جیهانیش. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەموو ئەو بارودۆخانەی كە رویان داوەو رێوشوێنە توندەكانی كۆمسیۆنی عێراق بۆ رێگری لە تەزویر و ساختەكاری گۆڕانكاری لە دەنگ و رێژەی دەنگەكانی هێزە باڵادەستەكانی كوردستان لە پارێزگای هەولێر درووست بكات، بە درووستكردنی هەرجۆرە گۆڕانكاریەكیش لە دەنگی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان درووست دەكات.، بەتایبەتیش ئەو زنجیرە خۆپیشاندانانەی كە لەماوەی رابردوودا رویاندا هەیمەنەی دەسەڵاتی پارتی لە ترس و تۆقاندن و سەركوتكردن تێكشاند، كە ئەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی دەنگدەر ترسی نەبێت لەوەی دەنگ بە هێزوو لایەنی دیكە بدات.
