Draw Media

مەرگی نەوشیروان مستەفاو ماناكانی سیاسەت لە كوردستاندا

مەرگی نەوشیروان مستەفاو ماناكانی سیاسەت لە كوردستاندا

2018-05-19 08:24:31


هەریەك لە مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە وتارێكدا بەناوی (  مەرگی نەوشیروان مستەفاو ماناكانی سیاسەت لەكوردستاندا) كە لە 23/5/2017 بڵاویانكردۆتەوە دەنوسن: ئەوەی نەوشیروان مستەفا لەسیاسەتمەدارەكانی تری كورد جیادەكاتەوە تەنها نوسەربون‌و رۆشنبیربونی نییە كە خاوەنی چەندین كتێبی سیاسیی‌و مێژویی‌و سۆسیۆلۆژییە، بەڵكو ئەو راستییەشە كە ئەو چەند هەنگاوێك پێش سەركردە سیاسییەكانی تری مێژوی ئێمە كەوتوەو بەفەرسەخیش هاوڕێ كۆنەكانی خۆی بەجێهێشتوە. نەوشیروان تەنها لەژیانی رۆشنبیریی‌و سیاسیی‌و مەبدەئییدا پێش هاوڕێكانی نەكەوت، بەڵكو لەمردنەكەشیدا پێش زۆرینەی هاوڕێكانی كەوت. لەكاتێكدا ئەو تاوەكو كۆتاتەمەنی هاوتا بەخولیا رۆشنبیرییەكانی، لەگەڵ پرنسیپەكانی خۆیدا ژیاو سیاسەت بۆ ئەو وەك تێكەڵبونێك بەخەمە گشتییەكانی ناو ژیانی گشتیی مایەوە، كەچی زۆرینەی هاوڕێكانی ئەو پرنسیپانەیان دۆڕاندو بون بەبازرگان‌و داهۆڵی سیاسیی؛

دەقی وتارەكە 
مەرگی نەوشیروان مستەفاو ماناكانی سیاسەت لەكوردستاندا
ئاراس فەتاح، مەریوان وریا قانع
23/5/2017
(١)
بەپێچەوانەی هەمو مردنێكی ئاساییەوە كە پاش پرسەو سەرخۆشیكردن جارێكی تر ژیانی كۆمەڵایەتییمان ئاسایی دەبێتەوە، مردنی نەوشیروان مستەفا ژیانی سیاسییمان ئاسایی ناكاتەوە، رەنگە پێچەوانەكەی راستبێت. لەوانەیە ئەم مردنە ژیانی سیاسیمان تەواو ئاڵۆزتر بكات‌و كۆمەڵێك پرسیاری زۆر زەحمەت‌و ناڕەحەتكەریش بهێنێتە پێشەوە. رەنگە ئەم مردنە پرسیارە نەكراوەكان زۆرترو وەڵامە نەدراوەكانیش قورستر بكات. دەشێت ئەم مردنە چەندان ئەگەر، بەباش‌و خراپیانەوە، لەبەردەم پرۆسەی سیاسییدا كراوەتر بكات.
 
نەوشیروان مستەفا وەكو زۆربەی بكەرە گەورەكانی ناو سیاسەت، كەسایەتییەكی فرەلایەنەیە، بەئینگلزییەكەی پێیدەڵێن ambivalent. واتە بونی ئەم بكەرە سیاسییە بێبەریی نییە لەستاییش‌و رەخنەكردن، لەخۆشەویستیی‌و رق، لەلایەنگرو دوژمن، لەبەئایدیالكردن‌و نەفرەتلێكردن، كە هەریەكێكیشیان لەگەڵ دیوێكی ئەم پیاوە سیاسییەدا مامەڵە دەكات‌و هەر بەرەیەكیان وێنەیەكی وای بۆ دروستدەكات كە گونجاوبێت لەگەڵ ئومێدو خواست‌و تەماحە سیاسییەكانی خۆیدا. بۆیە ئەم مردنە هەڵوێست‌و روانین‌و كردەی سیاسیی جیاوازو ناكۆك‌و دژبەیەك دروستدەكات‌و نەیارو دۆستەكانی بەشێوازی جیاواز لەسەر كەلەپوری سیاسیی ئەم پیاوە كاردەكەن‌و هەریەكێكیشیان بەشێوەیەكی تایبەت رایدەكێشێتە ناو سەرزەمینێكی گوتاریی تایبەتەوە. مردنی ئەم سیاسەتمەدارە دەرگا لەسەر هەمو دیوەكانی ئەو دۆخە فرەدەركەوت‌و فرەوێنەیە دەكاتەوە. مەرگی نەوشیروان لەدوای خۆیەوە روبەرێكی گەورە لەنەزانراوی سیاسیی دروستدەكات‌و پڕكردنەوە یان نەكردنەوەی ئەو روبەرەش دەشێت دەرگا لەسەر چەندان ئەگەری سیاسیی خواستراوو نەخواستراو بكاتەوە.
 
(٢)
ئەوەی نەوشیروان مستەفا لەسیاسەتمەدارەكانی تری كورد جیادەكاتەوە تەنها نوسەربون‌و رۆشنبیربونی نییە كە خاوەنی چەندین كتێبی سیاسیی‌و مێژویی‌و سۆسیۆلۆژییە، بەڵكو ئەو راستییەشە كە ئەو چەند هەنگاوێك پێش سەركردە سیاسییەكانی تری مێژوی ئێمە كەوتوەو بەفەرسەخیش هاوڕێ كۆنەكانی خۆی بەجێهێشتوە. نەوشیروان تەنها لەژیانی رۆشنبیریی‌و سیاسیی‌و مەبدەئییدا پێش هاوڕێكانی نەكەوت، بەڵكو لەمردنەكەشیدا پێش زۆرینەی هاوڕێكانی كەوت. لەكاتێكدا ئەو تاوەكو كۆتاتەمەنی هاوتا بەخولیا رۆشنبیرییەكانی، لەگەڵ پرنسیپەكانی خۆیدا ژیاو سیاسەت بۆ ئەو وەك تێكەڵبونێك بەخەمە گشتییەكانی ناو ژیانی گشتیی مایەوە، كەچی زۆرینەی هاوڕێكانی ئەو پرنسیپانەیان دۆڕاندو بون بەبازرگان‌و داهۆڵی سیاسیی؛ ئەوان سیاسەت‌و چاكەی گشتییان لەیەكتر دابڕی‌و سیاسەت‌و موڵكدارێتی تایبەتیان بەیەكەوە گرێدا. نەوشیروان لەدواقۆناغی ژیانیدا گۆڕابو بۆ سیاسییەكی عەقڵانیی‌و بەرچاوڕون، دیدگایەكی تایبەتی بۆ چۆنیەتی داڕشتنەوەی مۆدێلی حوكمڕانیی‌و بۆ ژیانی ئابوریی‌و سیاسیی‌و سەربازیی‌و مەدەنیی لەهەرێمدا هەبو. زمانێكی سیاسیی هەبو كە دەیبردەوە ناو زمانی بەرگریكردن لەپرۆژەیەكی نیشتیمانیی گشتیی‌و لەدونیایەكی سیاسیی پلورال. هەڵگری پرۆژەیەك بو كە لەزۆر روەوە چارەسەرێكی گونجاو بو بۆ بەشێكی گەورەی ئەو قەیران‌و تەحەدا سیاسییانەی كە ساڵانێكە هەرێمی كوردستان ئالودەی بوبو.
 
(٣)
ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەوەیە یەكەمجارە لەمێژوی نوێی سیاسیی ئێمەدا سیاسەتمەدارێكی دەسەڵاتدارو خاوەن پێگە دەمرێت، بەڵام پاش مەرگی خۆی میراتی سیاسیی بۆ كوڕو كچ‌و براو ئەندامانی تری بنەماڵەكەی جێناهێڵێت، لەدەرەوەی ویراسەتی سیاسیی‌و تاپۆكردنی مێژوی خۆی لەمێژوی ئەندامانی خێزانەكەیدا دەژی. یەكەمجارە لەپاش مردنی سیاسییەكی خاوەن دەسەڵات مێژویەك لەگەندەڵیی سیاسیی‌و خەرەندێكی ئەخلاقیی قوڵ بەجێنەمابێت، هیچ شتێك‌و پۆستێك بۆ هیچ كەسێك قۆرخناكات‌و ئەگەرەكانی بەردەمی ژیانی سیاسیی بەكراوەیی دەهێڵێتەوە. هاوكات یەكەمجارە لەمێژوی دوای راپەڕین، سەركردەیەكی لەو قەبارەیە، دوای مردنی خۆی وێنەیەك بەجێناهێڵێت كە خەڵكی كوردستان بەمردنەكەی شادو خۆشحاڵبن‌و هەست بەوەبكەن لەدێوەزمەیەكی سیاسیی‌و كەسایەتییەكی ناشیرین رزگاریان بوبێت. ئەوەی نەوشیروان بەجێیهێشتوە سەرمایەیەكی رەمزیی گەورەیە كە پرنسیپە ئەخلاقییەكانی ناو ئەو سەرمایەیە تاڕۆژگارێكی درێژ تەحەدای سیاسیی‌و ئەخلاقیی گەورە بۆ بڕێكی زۆر لەسیاسەتمەدارانی كورد دروستدەكات.
 
هاوكات یەكەمینجاریشە لەمێژوی سیاسیی ئێمەدا سیاسییەك دەمرێت‌و دوای خۆی مۆدێلێكی دەسەڵات‌و كەلەپورێكی سیاسیی بەجێدەهێڵێت كە دەشێت تاساڵانێكی تر وەك هێزێك بۆ ئومێدو وەك ئاسۆیەك بۆ گۆڕانكاریی كاربكات. لەڕاستیدا یەكێك لەخاڵە جیاكەرەوەكانی نەوشیروان لەسەركردەكانی تر ئەوەیە كە ئەو هیوایەكی نوێی لەكۆمەڵگای ئێمەدا دروستكرد كە دەشێت تاساڵانێكی درێژ لەگەڵماندا بمێنێتەوە. ئەم هیوایەش بەكۆمەڵێك ئاكاری سیاسیی پۆزەتیڤەوە گرێدراوە كە هێما بۆ پچڕانی پەیوەندیی نێوان سیاسەت‌و خراپەكاریی‌و سیاسەت‌و پارەو سیاسەت‌و تەماحی شەخسیی دەكات، وەكچۆن هێماش بۆ گرێدانێكی ئەخلاقیی سیاسەت بەمەسەلە سەرەكییەكانی ژیانی كۆمەڵگاوە دەكات. جگە لەمانە نەوشیروان كەرەستەكانی گۆڕان‌و دەستكاریكردنی دونیای ئێمەی لەتوندوتیژییەوە گواستەوە بۆ خەباتی مەدەنیی‌و پەرلەمانتاریی، لەگەڵ نەوەیەكی نوێ‌و گەنجانێكی نەناسراودا كەوتە كاركردنەوە كە كەسانی گومناوو پەراوێزیی ناو كۆمەڵگای ئێمەبون، ئامادەبو لەگەڵ زیاد لەهێزێكی ئایدیۆلۆژیی جیاوازدا كاری پێكەوەیی بكات‌و زەمینەیەكی هاوبەش لەنێوان بكەرە دژەكاندا بدۆزێتەوە. نەوشیروان ئەو نرخ‌و بەهایانەشی بۆ سیاسەت گێڕایەوە كە سیاسەتكردن لەدونیای دوای راپەڕیندا بەتەواوی لەدەستیدابو، بەهای وێناكردنەوەی سیاسەت وەك چالاكیی دروستكردنی ژیانێكی گشتیی بەرپرسیار، نەك دەروازەیەك بۆ كۆكردنەوەو كەڵەكەكردنی پارەو سەرمایەی نایاسایی.
 
(٤)
نەوشیروان لەو مەسەلە گرنگە تێگەیشتبو كە كۆمەڵگای دوای راپەڕینی ئێمە پێویستی بەدامودەزگاییكردنە، پێویستی بەجیاكردنەوەی سیاسەت لەپارەو جیاكردنەوەی سیاسەت لەچەك هەیە. پێویستی بە بەستنەوەی سیاسەتە بەكۆمەڵێك پرنسیپی ئەخلاقیی‌و بەرپرسیارێتییەوە، پێویستی بە بەشداریكردنی تاك‌و هێزە كۆمەڵایەتییە جیاوازەكانە لەنەخشاندنی دواڕۆژی سیاسیی‌و كۆمەڵایەتیی‌و ئابوریی‌و رۆشنبیریی خۆیان‌و هەمو كۆمەڵگاكەش پێویستی بەخۆڕزگاركردنە لەو چوارچێوە حیزبییە نانیشتیمانیی‌و خێزانییانە كە سیاسەتكردنیان لەكوردستاندا وێرانكردوە. رزگاركردنی سیاسەت لەشانۆی نمایشكردنی هێزو لەدەركەوتە زۆرو قەبەكانی خودئەڤینیی ”نارسیزمی“ سیاسیی یەكێكی ترە لەكارە هەرەسەرەكییەكانی ئەم سیاسەتمەدارەو ئەو بزوتنەوەیەی كە هیوای گەورەی لەسەر هەڵچنیبو. لەهەمو ئەمانەدا نەوشیروان مستەفا تەواو ناكۆكە بەناوەڕۆك‌و ئاڕاستەی كاركردنی سیاسەتی باوو بەهەڵسوكەوتی سیاسییەكانی كورد لەدونیای دوای راپەڕیندا.
 
(٥)
بێگومان گەلێك رای جیاوازو ناكۆك‌و دژبەیەك بەرامبەر بەقۆناغە جیاوازەكانی ژیانی سیاسیی ئەم سیاسەتمەدارە هەیە؛ هەندێك بەتاكڕەوو دیكتاتۆرو هەندێكی تر بەئەندازیاری راپەڕین‌و كۆماری سەربەستیی دایدەنێن، هەندێك بەڕیفۆرمخوازێكی بۆرژوازیی‌و هەندێكی تر بەماندێلاو گیڤارا، هەندێك بەجەلادو هەندێك بەپیاوە سپییەكەی ناو سیاسەت، هەندێك بەسەركردە خاكییەكەو هەندێك بەپیاوێكی توندوتیژ. بەڵام هەمو ئەمانە لەو راستییە كەمناكەنەوە كە نەوشیروان تاكە سیاسییەكە لەمێژوی دوای راپەڕیندا بۆ ئەوە سیاسەتی نەكرد كە پێی بژیی، بەڵكو ئەو بۆ سیاسەت دەژیا. ئەو سیاسەتی وەكو بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقیی دەبینیی كە خاوەن كۆمەڵێك پرنسیپ‌و بەهایە، نەك وەك رێگایەك بۆ گەیشتن بەدەستكەوت‌و تەماحی شەخسیی. ئاشكرایە هەركاتێكیش سیاسەت دەستبەرداری ئەم پرنسیپ‌و بەهایانە بو لەوەدەكەوێت سیاسەت بێت، واتە لەوەدەكەوێت چالاكییەكی هاوبەش بێت بۆ دروستكردنی چوارچێوەیەك بۆ ژیانی گشتیی ناو كۆمەڵگا، بەڵكو دەگۆڕێت بۆ بزنس‌و بازرگانیكردنێكی هەمەلایەن هەم بۆ كەڵەكردنی دەسەڵات‌و سامانی سیاسیی زیاتر، هەم بۆ كەڵەكەكردنی داهاتی شەخسیی‌و چێژیی زیاتر.
 
مامەڵەكردنی سیاسەت وەكو ”پیشە“و وەكو ”بەرپرسیارێتی“ یەكێكە لەگرنگترین ئەو خاڵانەی كە ئەم سیاسەتمەدارە بەتۆخی لەزۆرینەی هاوڕێكانی‌و سیاسەتمەدارە دەسەڵاتدارەكانی تری ناو هێزە سیاسییەكانی هەرێم جیادەكاتەوە. ئەو وەكو كەسی دوهەمی دەسەڵاتداری ناو یەكێتی نیشتیمانی دەیتوانی لەوێنەی هەمو ئەوانی تر دەوڵەمەند بێت، خاوەن كۆمپانیاو بازرگانی گەورە بێت، پشكی لەئابوری نەوتدا هەبێت، خاوەنی چەند فەوجێك پاسەوان‌و قافڵەیەكی گەورە لەئۆتۆمۆبێلی گرانبەها بێت، لەسەرو هەمو ئەمانەشەوە دەیتوانی لەزیاد لەوڵاتێكی دونیادا پرۆژەی ئابوریی‌و پارەی شاراوەی لەبانكەكاندا هەبێت. هەمو ئەو زانیارییانەی تائێستا لەبەردەستدان ئەوە نیشانئەدەن كە ئەم پیاوە هیچ یەكێك لەم كارانەی نەكردوەو سیاسەت لای ئەو لەناو ئەو پۆخڵەواتە گەورەیەدا نەكوژاوەتەوە.
 
لەڕاستیدا ئەوەی نەوشیروان گەندەڵیی نەكردوەو لەمەشدا خۆی لەبڕێكی زۆر لەهاوڕێ كۆنەكان‌و نەیارەكانی جیادەكاتەوە، ئاساییترین وەزیفەی ئەخلاقییانەی سیاسییبونە لەدونیادا. كێشەكە لەوەدایە ئەم تێگەیشتنە ئەخلاقییە بۆ سیاسەت‌و بۆ كەسایەتی سیاسەتمەدار بەكۆمەڵگای سیاسیی ئێمە نامۆیە. مارەكردنی بەدڕەوشتیی‌و سیاسەتكردن لەیەكتری لەكوردستاندا مارەكردنێكی كاتۆلیكییانەی ئەبەدییە، لەمەشدا نەوشیروان پیاوێكی عیسامی‌و خاوەنی كەسایەتییەكی ئەسكێتی بو. لەكۆتاییەكانی ژیانیدا بەڕۆحی عابیدێكی دینییەوە سیاسەتی دەكرد. لەبنەڕەتیشەوە ئیشی كەسی سیاسیی ئەوە نییە دزیی‌و جەردەیی‌و تاڵانكاریی بكات، سیاسەت‌و سەرمایە، سیاسەت‌و سێكس‌و سیاسەت‌و مردن بەیەكەوە گرێبدات، وەزیفەی سیاسەتمەدار ئەوەیە بەئەخلاقییەتی بەرپرسانەوە خەریكی رێكخستنی ژیانی گشتیی كۆمەڵگاكەی بێت بەجۆرێك لەدایكبونی هەرمنداڵێك لەو كۆمەڵگایەدا بكرێت وەك ئەگەرێكی نوێ بۆ دروستبونی دونیایەكی نوێ وێنابكرێت.
 
ئەم ئاكارە تایبەتەی نەوشیروان مستەفا لەدانەبڕاندنی سیاسەت وەكو ”پیشە“ لە”ئەخلاقی بەرپرسیارێتیی“، لەدونیای ئێمەدا دەبێت بە بەهایەكی ئەخلاقیی گرنگ‌و دەگۆڕێت بۆ خاڵی جیاكەرەوە لەنێوان ئەوانەی بۆ سیاسەت دەژین‌و خەمی گشتیی كۆمەڵگا دەیانجوڵێنێت، بەرامبەر بەوانەی بەسیاسەت دەژین‌و خەمی گیرفانپڕكردن‌و پاوانكردنی دەسەڵات ئاڕاستەیاندەكات.
 
(٦)
ئاكارێكی دیكەی ئەم كەلەپورە سیاسییە كە نەوشیروان لەدوای خۆیەوە جێیهێشتوە، بەپێچەوانەی قسەی نەیارەكانییەوە، وازهێنانە لەتوندوتیژی‌و جیاكردنەوەی سیاسەتە لەڕق‌و بوغزی تاكەكەسیی. سەرەڕای ئەو هەمو فشارو نانبڕین‌و ئەشكەنجەدان‌و تەنانەت تیرۆرە سیاسییەی كە دوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان روبەڕوی ئەندامان‌و هەوادارانی مەدەنیی‌و دەنگدەری پێشمەرگەی بزوتنەوەكەو رۆشنبیران‌و رۆژنامەنوسان‌و چالاكوانانی ناو كۆمەڵگای مەدەنیی بوەوە، ئەم سیاسەتمەدارە بەعەقڵییەتی تۆڵەو رقی شەخسیی سیاسەتی دژ بەنەیارەكانی نەكرد. نەوشیروان مستەفا ئەوەندە توانای مرۆیی‌و كەرەستەی لەبەردەستدا بو كە بڕیاڕی شەڕێكی تری خوێناوی بدات‌و كۆمەڵگای ئێمە توشی ساڵانێكی تر لەنەهامەتیی گەورە بكات. نەیارەكانیشی زیاد لەجارێك هەوڵیاندا بەم ئاراستەیەدا بیجوڵێنن، بەڵام ئەو لەدوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نە بڕوای بەتوندوتیژیی هەبو وەكو كەرەستەیەك بۆ گۆڕانی سیاسیی، نە سیاسەتیش بۆ ئەو كردەیەك بو نابەرپرسیارانە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكات‌و بەئارەزوی خۆی بڕیاری مەترسیدار دەربكات. بەم مانایە نەوشیروان مستەفا یەكێكە لەو سیاسەتمەدارە دەگمەنانەی دونیای دوای راپەڕینی ئێمە كە بەرپرسانە هەم لەژیانی شەخسیی خۆیداو هەم لەپەیوەندییدا بەژیانی گشتیی كۆمەڵگاوە سیاسەتی كرد. هەمو ئەمانەش رەگەزی گرنگی ناو مۆدێل‌و كەلەپورێكی سیاسیی نوێن كە دەكرێت لەدوای مردنی ئەوەوە گەشەو درێژەیان پێبدرێت‌و بەزیندو رابگیرێن‌و بۆ ئایندە بگواسترێنەوە. یەكێك لەو خاڵانەی كە دەكرێت ئومێدی سیاسیی لەسەر بینابكرێت بونی ئەم مۆدێل‌و كەلەپورە سیاسییەیە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand