قوباد تاڵەبانی: كاك نەوشیروان و مام جەلال دوانەیەكن لەیەکتر جیانابنەوە
2018-05-19 08:55:59
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا رایدەگەیەنێت ئەوەی جورئەت بكات بێرێزی بەرانبەر كاك نەوشیروان و ئادگار و یادەوەریی ئەو بكات، ئەوە بێرێزی بە مام جەلال كردووە.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكیدا دەشڵێت :" چونكە دوانەیەكن هیچ كات لەیەكتر جیا نابنەوە و من وەك كوڕی مام جەلال ئەم یادەی كاكە نەوە و ئەم كۆست كەوتن و پێشهاتانەی دوایی بە دەرفەت دەزانم تا پابەندیی خۆم بە زیندووهێشتنەوەی هەردوو رێبازی مام و كاكە نەوە دووپات بكەمەوە. سەرخستنی ئامانجەكانی مام جەلال و كاك نەوشیروانیش تەنها بە دۆستایەتیی و برایەتیی هەموومان و باش ئیدارەدانی ناكۆكییەكان دێت بە جۆرێك بە قازانجی هەموولایەك و پاراستنی نەگۆڕە مێژوییەكان بگەڕێتەوە.
ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
ساڵیادی كۆچی كاكە نەوە
بە هاتنەوەی ساڵیادی كۆچی دوایی كاك نەوشیروان، جارێكیتر برینەكانمان بۆ سەفەری كتوپڕی ئەو كەڵە سەركردەو روناكبیرو نووسەرەی كورد كولایەوە. ڕەوانشاد هاوڕێی تەمەنی مام جەلال و شەریكی سەروەرییە مێژوییەكانی بوو. هەردووكیان ئەندازیاری زۆر وێستگەی گرنگن لە خەباتی رزگاریخوازیی گەلی كورد و ئێمە بەختەوەرین لە رۆژگارێك ژیاین كە ئەوان رێبەرمان بون و لە نزیكەوە لە كانیاوی بیرو رێبازی ئەوان ئاومان خواردەوە.لە هەموو قۆناغێكی پێكەوەبوونی مام و كاكە نەوەدا دونیای ئێمە هیوایەكی تێدا دروستبۆتەوە، بە پێچەوانەشەوە لە ناكۆكییەكانیشیاندا، كۆمەڵگاكەمان دووچاری پەرتەوازەیی و دڵەخورتێ هاتووە. ئەوان خاوەنی مەشخەڵانی شۆڕشی نوێن و بە گوڵاوی سەرمۆری رێككەوتنی دەباشانیش ئێمەیان بە جێهێشت، لە پێناو گەیشتن بە حكومڕانییەكی دیموكراسییانە و وەلانانی ناكۆكییە نا پێوێستەكان كە چەندین دەیەیە میللەتی ئێمەی شەكەت و ماندوو كردووە.ئێستاش كە ئێمە لەم قۆناغە هەستیارەداین لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە گەڕانەوە هەیە بۆ شوێن پێی ئەم دوو سەركردەیە، ئەوەی جورئەت بكات بێرێزی بەرانبەر كاك نەوشیروان و ئادگار و یادەوەریی ئەو بكات، ئەوە بێرێزی بە مام جەلال كردووە، چونكە ئەو دووانەیە هیچ كات لەیەكتر جیا نابنەوە و من وەك كوڕی مام جەلال ئەم یادەی كاكە نەوەو ئەم كۆست كەوتن و پێشهاتانەی دوایی بە دەرفەت دەزانم تا پابەندیی خۆم بە زیندوو هێشتنەوەی هەردوو رێبازی مام و كاكە نەوە دووپات بكەمەوە. سەرخستنی ئامانجەكانی مام جەلال و كاك نەوشیروانیش تەنها بە دۆستایەتیی و برایەتیی هەموومان و باش ئیدارەدانی ناكۆكییەكان دێت بە جۆرێك بە قازانجی هەموولایەك و پاراستنی نەگۆڕە مێژوییەكان بگەرێتەوەو لە هەمان كاتیشدا یادو یادەوەریی ئەم دوو رێبەرە مەزنە وەك دوو هاورێی خەباتگێڕ بۆ هەمیشە بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
قوباد تاڵەبانی