Draw Media

لە پشتی قازی محەمەدەوە چی روویدا؟

لە پشتی قازی محەمەدەوە چی روویدا؟

2020-03-21 20:15:44


راپۆرتی: محەمەد رەئوف  فازڵ حەمەرەفعەت

"دەستی دایە كڵاشینكۆفەكەو راستەوخۆ فیشەكەكانی نا بەنێوچاوانی داودی برایەوە، روی چەكەكەی كردە ئەیوبی براگەورەی بەڵام لەبەر ئەوەی ئەیوب نەخۆش بوو دایكی خۆیدایە بەر لولەی تفەنگەوە، بەڵام بەفیشەكێك سەری دایكیشی پێكا، دواتر دانای برای لولەی تفەنگەكەی گرت و بەوهۆیەوە دەستی سوتا، دواتر فیشەك دەنێت بەناوچاوانی ئەیوبی براگەورەو دانای برابچوكیەوە، پاشان باوكیشی دەپێكێت، نەرمینی خوشكی كە تەنها دەربازبووی روداوەكەیە بەدوایدا رادەكات و دەڵێت هەمویانت كوشت تكایە منیش بكوژە، پێی دەڵێت ناتكوژم بۆ ئەوەی بەخەفتەوە بمریت". ئەمە "تارق"ە كە دوێنی شەو لە پشتی مزگەوتی قازی محەمەدی شاری سلێمانیەوە دایكی و سێ برایی كوشت و باوكیشی بەسەختی بریندار كرد.

لە پشتی قازی محەمەدەوە چی رویدا؟
دوێنێ شەو لەناو روحی ماندوو و شەكەتی هاوڵاتیان لەلایەك بەهۆی ترس لە تارماییەكانی "كۆرۆنا" و خۆزیندانیكردن لە پێناو سەلامەتی هەموان و  نزیك بوونەوە لە قەیرانی درایی و ترس لە دووبارەبوونەوەی پاشەكەوتی موچە، خەڵكی كوردستان بە روداوێكی بیستنی روداوێكی تراژیدی بە ئاگاهاتنەوە" كوڕێك سێ برایی و دایكی كوشتووەو باوكیشی بەسەختی بریندار كردووە" . 
ماڵی تارق (5) بران ( تەیب، ئەیوب، داود، تارق، دانا، تەها) تەنها (تەها) لەسەر ماڵ ماوە لە براكانی، (4) خوشكنتەنها ( نەرمینی خوشكی ) لەسەر ماڵ ماوە، تەیبی براگەورەی لە ئەڵمانیایەو هەرسێ برا كوژراوەكە ژن و منداڵیان هەیەو سێ خوشكیشی هاوسەرگیرییان كردووە، تەهای برابچوكی لەو كاتەدا لەماڵ نەبووە، لەگەڵ سەبیحەی دایكیان و شێخ محەمەدی باوكیان پێكەوە ژیاون. 
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" كاتژمێر 9:10 خولەكی شەوی رابردوو كوڕێك كە دایكی و سێ برای كوشتووەو باوكیشی بەسەختی برینداركردووە، هەرزوو بە برینداری دەستگیرراوە، بەڕێوەبەری پۆلیس دەڵێت:  تەنها خوشكێكی ماوە لەكاتی روداوەكەدا تارق پێی وتووە.  

لەسەر چی بوو؟
تارق لەسەرەتای ساڵی 2000 لەنانەواخانە لە گەڕەكی مەجید بەگ جەستەی دەسوتێت، لەبەر ئەوەی لەو كاتەدا و بەهۆی خراپی باری ئابوریەوە تەنها چارەسەری برینەكەی كراوەو نەتوانرا جوانكاری بۆ بكرێت و سوتاویەكە بە جەستەیەوە دیار دەبێت، وەك كەسوكارەكەی دەڵێن ( تارق یەكێك بووە لە كوڕە جوانەكان و ئەو سوتانە كاریگەری لەسەر جەستەو دەرونی هەبووە)، بۆیە ماوەیەك كاری ( سەقفی تەپەدۆر)ی كردووەو دواتر  لەساڵی 2010 (تارق) بەمەبەستی نەشتەرگەری بۆ جوانكاری جەستەی دەچێتە ئەڵمانیا، بەڵام دوای 6 ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەك لای نزیكەكانی باسی كردووە"ئەوێ شوێنی ژیان نیە، مرۆڤ شێت دەبێت" سەرەڕای ئەوەی وەڵام وەرناگرێت، دەگەرێتەوە هەرێمی كوردستان و سەرقاڵی یاری ئاسن دەبێت لەم بوارەدا ( دوو جار مەدالیای بەدەستهێناوە)و بەپێی وتەی كەسە نزیكەكانی "هەر پارەیەكی دەستكەوتبێت بۆ كڕینی خواردن و پرۆتینی تایبەت بە یاری ئاسن خەرجكردووە". 
بەڵام سەرەڕای ئەوەی هاوسەرگیری نەكردووە، هەمیشە لای باوك و دایك و براكانی نارەزایی لە ژیانی خۆی دەربڕیوەو وتویەتی "ئەمە ژیان نیە ئێمەی تێیداین، بۆیە دەبێت خانوەكەم بۆ بفرۆشن و پێی دەچمەوە ئەوروپا چونكە من ناتوانم لێرە بژیم" ئەم قسەیە چەند جارێك لای دایكی و باوك و براكانی دەیكات، بەڵام براكانی قبوڵی ناكەن و دەڵێن ناكرێت دایك و باوكمان بخەینە سەر جادەو لەم تەمەنەدا بچنە كرێچیەوە.

چی رویدا.؟
تارق بەنیازی یەكلاكردنەوەی فرۆشتنی خانوەكەیان سەر لە ئێوارەی رۆژی روداوەكە تەلەفۆن بۆ براكانی( ئەیوب، داود، دانا)  دەكات، كە بێن بۆ ماڵی باوكی، براكانیشی رازی دەبن و پێیان وایە چاسەرێكی دۆزیوەتەوە، بۆیە شەو دێنە ماڵی باوكیان، لەوێ تارق پێیان دەڵێت" دەبێت ئەم خانووەم بۆ بفرۆشن و حەقی خۆم بدەنێ و دەچم بۆ ئەوروپا، چیتر ناتوانم لێرە بژیم" براكانی بەم پێشنیازە رازی نابن و زۆر هەوڵی لەگەڵدا دەدەن كە رازی بكەن بەڵام تارق رازی نابێت، دوای نائومێد بوونی دەچێتەوە دەرەوەو بەزوویی دەگەڕێتەوە، وەك هەندێك لە كەسوكارەكەی دەڵێن چەكەكەی لەپشت دەرگاكەوە داناوە دەیهێنێت ( هەندێكی تریان دەڵێن ئۆتۆمبێلێك هاتووتە بەردەرگاكەو چەكەكەی لە كەسێكی ناو ئۆتۆمبێلەكە وەرگرتووە) و گەڕاوەتەوە ژورەوە.
بەپێی وتەی كەسە نزیكەكانی یەكەم فیشەك كە تەقاندویەتی ناویەتی بە داودی برایەوە، رودەكاتە ئەیوب، دایكی خۆی دەداتە بەرچەكەكە، ئەیوب نەخۆشی جگەری هەبووەو بەردەوام نەخۆش بووە، پاڕانەوەكەی دایكی كاریگەری نەبووە نەك هەر ئەیوب دایكشی پێكاوە،  بە فیشەكێك ناوچاوانی دایكی دەپێكێت، دواتریش دانا یەكێك لە براكانی تارق كە لە نهۆمی كە كەمێك پێشتر چۆتە نهۆمی سەرەوە لەكاتی دەمەقاڵیەكە هاتۆتە خوارەوەو لولەی تفەنگەكەی تارقی گرتووە، بەڵام هەوڵەكەی سەری نەگرتووەو دەستی دەسوتێت، فیشەك دەنێت بەسەری داودی براگەورەیەوەو دواتریش دانای برابچوكی دەكوژێت، هەر لەم هەڵچونەدا تاریق باوكیشی دەپێكێت، ( باوكی ئێستا لە نەخۆشخانەیەو برینەكەی سەری سەختەو توشی نەزیف داخلی بووە).
ئەم روداوە كاتژمێر 9:10 خولەكی دوێنێ شەو رویدا، دوای كوشتنی دایك و سێ براكەی تارق هەڵهاتووە، بەپێی گێڕاوەكان كە بەرێوەبەری پۆلیسیش پشتڕاستی كردۆتەوە، نەرمینی خوشكی لەكاتی هەڵهاتنی تاریقی برایدا بەدوای دەكەوێت و پێی دەڵێت "تكایە بەس من ماوم منیش بكوژە" تارق  پێی دەڵێت " ناتكوژم بابەخەفتەوە بمرێت".
چەند خولەكێك دوای روداوەكە هێزەكانی  پۆلیس ئاگاداردەكرێتەوە، هێزێكی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایش ناوچەكە كۆنترۆڵ دەكەن و شوێنپێی تارق هەڵدەگرن،  كە بەچەكێكەوە لە هێزە ئەمنییەكان یاخی بووە، دوای چەند كاتژمێرێك لە (جوت سایدی زەرگەتە)ی سلێمانی، هێزە ئەمنیەكان تارق دەدۆزنەوە، تارق ئامادە نیە خۆی رادەست بكات، تەقە دەكات و هێزە ئەمنیەكانیش وەڵامی دەدەنەوە، لەم پێكدادانەدا كە یەكێك لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكە بریندار دەبێت، تارقیش بە برینداری دەستگیر دەكرێت، كە لە روبەروبونەوەكەدا سێ فیشەك بەر تارق دەكەوێت ( فیشەكێك بەر قۆڵی، یەكێك بەر سكی و ئەویتر بەرشانی كەوتووە)، دوای دەستگیركردنی بە برینداری، هێزە ئەمنیەكان بە دەستگیركراوی تارق دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەو دوای نەشتەرگەری باری تەندروستی جێگیرە، پۆلیس و دادگا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تارق دەكەنەوە، پێش بینیەكان بۆ ئەوەدەچن، كەیسی ئەم كوشتنە لە كەمترین حاڵەتدا زیندانی هەتا هەتاییەو لە بەرزترین حاڵەتیشدا سزای لەسێدارەدانە، جێبەجێكردنیشی بە بڕیارێكی تایبەت دەبێت كە بەتەنها لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمە.
 (درەو) بۆ بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە پەیوەندی بە زۆرێك لە كەسە نزیكەكانی ئەو خانەوادەیەوە كردووەو زانیاری لێوەرگرتوون، بەڵام ناوی ئەوانەی كە قسەیان كردوە بە پارێزراوی لای (درەو) دەمێنێتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand