براگەورە لەسەردەمی قەیرانی كۆرۆنادا
2020-03-18 12:48:51
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت
تەنیا (250) رۆژە دەستبەكاربووە، كەوتووە بەسەر قەیرانێكی سەختی دارایدا، موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین ناكرێت، لە گفتوگۆو راگۆڕینەوەدایە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە، چەند سیناریۆیەك بۆ روبەڕووبونەوەی دۆخە نوێیەكە تاوتوێ دەكرێت، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەهەموو سیناریۆكاندا مەسرور بارزانی كە پارتییەكان بە "براگەورە" ناوی دەبەن، ناچارە دەست بۆ كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران ببات و موچەی وەزیرو پەرلەمانتارو پلەباڵاكان بۆ 25% كەمبكاتەوە، لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر دەخوێنێتەوە.
عێراقو هەرێم لەبەردەم قەیرانێكی دارایی قوڵدا
بەپێی داتاكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاستی هەناردەی نەوت تاوەكو مانگی رابردوو، بەتێكڕا لە رۆژێكدا گەیشتووەتە (3 ملیۆنو 391 هەزار) بەرمیل، مانگی رابردوو بەتێكڕا عێراق هەر بەرمیلێك نەوتی بە (51) دۆلار فرۆشتووە، كۆی داهاتی نەوت لەو مانگەدا (5 ملیارو 52 ملیۆنو 528 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام ئێستا ئیتر بارودۆخەكە گۆڕنكاری بەسەردا هاتووە، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا، داهاتی مانگانەی عێراقیش كەمدەكاتەوە.
ئێستا نرخی نەوت لە بازاڕدا بۆ (27 دۆلار) بۆ هەر بەرمیلێك دابەزیوە، نەوتی عێراق بە نزیكەی 7 دۆلار كەتر لە بازاڕ دەفرۆشرێت، واتە بەبەراورد بە مانگی رابردوو، نەوت لە بازاڕی جیهانیدا رێژەی 50%ی بەهای خۆی لەدەستداوە.
ئەگەر عێراق بەهەمان رێژەی مانگی رابردوو نەوت هەناردە بكات كە رۆژانە (3 ملیۆنو 391 هەزار) بەرمیلە، هێشتا بەراورد بە مانگی رابردوو رێژەی 60%ی ئەو داهاتە لەدەستدەدات كە بەهۆی فرۆشی نەوتەوە دەستیكەوتووە.
مانگی رابردوو عێراق بڕی زیاتر لە (5 ملیار) دۆلاری داهاتی نەوتی دەستكەوتووە، بەڵام بۆ ئەم مانگە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە نیوەی ئەو پارەیەی دەستدەكەوێت كە دەكاتە نزیكەی (2 ملیارو 34 ملیۆن) دۆلار، ئەمە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر خەرجی گشتی دەبێت، چونكە عێراق بۆ بەدەستخستنی داهات بەرێژەی 95% پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە.
بەپێی لێكدانەوەیەكی ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ساڵی 2020 عێراق مانگانە پێویستی بە (4 ترلیۆنو 400 ملیۆن) دینار هەیە تەنیا بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران، واتە ئەو داهاتەی كە بەهۆی فرۆشی نەوتەوە دەست عێراق دەكەوێت هێشتا نزیكەی (2 ترلیۆن) دیناری كەمترە لەو بڕە پارەیەی كە پێویستە بۆ دابینكردنی موچە.
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن لەم مانگەوە عێراق دەكەوێتە ناو سەرەتاكانی قەیرانێكی قوڵی داراییەوە، رەنگە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 2014وە عێراق لە دابینكردنی موچەی فەرمانبەراندا دوچاری كێشە ببێتەوە، ئەمەش بیانو دەدات بە دەست بەرپرسانی عێراقەوە كە چیتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ رادەستكردنی نەوت، خەرج نەكەن.
كۆبونەوە ڤیدیۆییەكەی حكومەت
ئێستا كە هەموان بەدیاریكراویش نوێنەرانی كورد لە بەغداد باسلەوە دەكەن عێراق دوچاری قەیرانێكی قوڵی دارایی دەبێتەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو هاوبەشەكانی لە كابینەكەدا چی دەكەن بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە نوێیە، كە یەكەمین تاقیكردنەوەی گەورەیە بۆ مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا.
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆبووەوە، لە ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆبونەوەكە لەڕێگەی سكایپەوە بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەو كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی بەچڕی لەگەڵ وەزیرەكانیدا گفتوگۆی لەبارەی ئەو قەیرانە داراییە چاوەڕوانكراوە كردووە، مەسرور بارزانی داوای لە وەزیرەكان كردووە پێشنیازی خۆیان بۆ چۆنیەتی كۆكردنەوەی هەموو داهاتەكانی حكومەت بخەنەڕوو، بۆئەوەی حكومەت لەڕێگەی كۆكردنەوەی داهاتەكانییەوە لەم قەیرانە نوێیەدا لانی كەم بتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بكات.
داهاتی نەوت
داهاتی نەوت كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی حكومەتی هەرێمە، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەتی وەزیران بوو، شێخ باز سەرۆكی كۆمپانیای كار كە هێشتا هیچ پۆستێكی فەرمی پێنەدراوە، بەشداربوو لە كۆبونەوە ڤیدیۆییەكەدا، شێخ باز وەكو وەزیری نەوت لە داهاتوودا بەشداری كۆبونەوەكە بوو.
(درەو) زانیوەیەتی لەبارەی داهاتی نەوتەوە، لە كۆبونەوەكەدا باسلەوەكراوە، لەدوای دەركردنی قەرزو دابەزینی نرخی نەوت، ئێستا مانگانە تەنیا (85 ملیار) دینار لە داهاتی نەوت بۆ حكومەت دەمێنێتەوە.
پێشترو بەر لە دابەزینی نرخی نەوت، داهاتی نەوتی هەرێم مانگانە (750 ملیار) دینار بووە، لەو پارەیە، بڕی (295 ملیۆن ) دۆلار خراوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی، پاشماوەی پارەكە رۆیشتووە بۆ قەرزی كۆمپانیاكانو كرێی گواستنەوەو كرێی سكیوریتی، بەمشێوەیە:
• 200 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی كۆمپانیاكان رۆیشتووە
• 60 ملیۆن دۆلار بۆ كرێی گواستنەوەی نەوتەكە رۆیشتووە
• 8 ملیۆن دۆلار بۆ سكیوریتی رۆیشتووە
ئێستاو دوای دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا، داهاتی نەوتی هەرێم بەمێشوەیەی لێدێت:
• ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕی جیهانیدا (27) دۆلارە، هەرێم بەردەوام بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕی جیهانی نەوت دەفرۆشێت، واتە ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی هەرێم بووە بە (17) دۆلار.
• هەرێم رۆژانە نزیكەی (450 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەپێی نرخە نوێیەكە، كۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم لە یەك مانگدا دەكاتە (229 ملیۆن) دۆلار.
• لەكۆی ئەو داهاتەشی بەهۆی فرۆشی نەوتەوە دەستدەكەوێت، دوای دەركردنی كرێی گواستنەوەو سكیوریتیو قەرزی كۆمپانیاكان، لە هەر بەرمیلێك نەوت، بڕی تەنیا (5) دۆلار وەكو داهات بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، ئەم بڕەش بەكۆی گشتی بۆ یەك مانگ دەكاتە (70 ملیۆن) دۆلار.
داهاتی ناوخۆ
لەپاڵ كەمبونەوەی داهاتی نەوت بەهۆی دابەزینی نرخەوە، حكومەتی هەرێم بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو سنورداركردنی هاتوچۆی مەرزەكانەوە، لە داهاتی ناوخۆشدا زیانی گەورەی بەركەوتووە.
ئەمڕۆ لەبارەی كەمبونەوەی داهاتی ناوخۆوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە سلێمانی وتی:" ئێمە لەپێناو پاراستنی تەندروستی خەڵكدا، قوربانیمان بە داهاتەكانی ناوخۆ داوە".
بەر لە هاتنی كۆرۆنا، مانگی رابردوو كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ كە گەڕاوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم بڕی (270 ملیار) دینار بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیراندا باسكراوە، ئێستا داهاتی ناوخۆ بۆ نزیكەی (25 ملیار) دینار دابەزیوە، واتە داهاتی ناوخۆ بەبەراورد بە مانگی رابردوو (10 هێندە) كەمیكردووە، ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر كۆی گشتی داهاتی حكومەتو پرسی دابینكردنی موچە دەبێت.
كۆی داهاتی هەرێم لەسەردەمی كۆرۆنادا
ئێستا دوای دۆزینەوەی هەردوو سەرچاوە سەرەكییەكەی داهاتی حكومەت (داهاتی نەوتو داهاتی ناوخۆ)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆی گشتی داهاتی مانگانەی بەمشێوەیە دەبێت:
• ئەو پارەیەی كە بەغداد بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەنێرێت كە مانگانە بڕەكەی (453 ملیار)دینارە، ئەمە سەرچاوەیەكی باشی داهاتە بۆ حكومەت، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت، سەرچاوەكان لە بەغدادەوە باسلەوە دەكەن، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە عێراق كردووە، پێناچێت چیتر بەغداد بتوانێت ئەو پارەیە بۆ هەرێم بنێرێت.
• داهاتی ناوخۆی هەرێم لەدوای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە ئێستا (25 ملیار) دینارە، ئەگەر سنورەكان بكرێتەوەو جموجوڵی بارزگانی دەستپێبكاتەوە رەنگە ئەم داهاتە بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێشتری خۆی كە مانگانە نزیكەی (270 ملیار) دینار بوو.
• ئەو پارەیەی كە ئەمریكییەكان مانگانە وەكو یارمەتی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگەی دەكەن كە مانگانە نزیكەی (20 ملیار) دینارە.
• داهاتی نەوتی هەرێم لەسەردەمی كۆرۆنادا ئێستا مانگانە نزیكەی (70 ملیۆن) دۆلارە.
واتە بەپێی ئەژمارە نوێیەكان، ئێستا كۆی گشتی داهاتی حكومەتی هەرێم مانگانە (583 ملیار) دینارە، ئەمە لەكاتێكدایە تەنیا بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆران، حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (881 ملیار) دینارە، واتە ئەگەر پارەكەی بەغدادیش بەبەردەوامی بۆ هەرێم رەوانە بكرێت، هێشتا كابینەی مەسرور بارزانی لە دابینكردنی موچەی موچەخۆراندا دوچاری كورتهێنانێكی گەورە دەبێتەوە، كە كورتهێنانەكە بەهاكەی دەگاتە نزیكەی (300 ملیار) دینار لە یەك مانگدا، ئەمە سەرباری ئەوەی كە خەرجی وەزارەتەكانی حكومەت مانگانە (150 ملیار) دینارە.
سیناریۆكانی حكومەت بۆ قەیرانەكە
نزیكەی (250) رۆژە مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی وەرگرتووە، بەڵام روبەڕووی قەیرانێكی گەورە بووەتەوە كە داهاتووی دەسەڵاتەكەی دەخاتە مەترسییەكی گەورەوە.
مەسرور بارزانی كە بۆ یەكەمجار لە ژیانی سیاسی خۆیدا پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی وەرگرت، تازە حكومەتی هەرێم لە قەیرانێكی دارایی گەورە رزگاری بووبوو، رەنگە ئەو پێشبینی نەكردبێت جارێكی تر قەیرانی لەوجۆرە روو لە كوردستان بكاتەوە، بەتایبەتیش كە نرخی نەوت لەبازاڕی جیهانیدا تاڕادەیەك بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیو شەڕی "داعش"و خەرجی شەڕەكان كۆتاییان هاتو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیش چیتر ترسی برینی پارەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە نەما.
ئەوەی ئێستا مەسرور بارزانی روبەڕووی دەبێتەوە هەمان سیناریۆی قەیرانە كە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای لە دەستپێكی كارەكانی كابینەی هەشتەمدا روبەڕووی بووەوە، بەڵام بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە.
ساڵی 2014 كە نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی هەشتەم روبەڕووی قەیرانی دارایی بووەوە، سەرەتای قەیرانەكە بە شەڕی "داعش" دەستیپێكردو دواتر قەیرانی دابەزینی نرخی نەوتی بەدوادا هات، هەر لەوكاتەشدا بەغداد موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرت، ئێستا سیناریۆكە هاوشێوەیە، لەبری "داعش" قەیرانی "كۆرۆنا" رووی لە مەسرور بارزانی كردووە، هاوكات لەگەڵ كۆرۆنادا نرخی نەوت بۆ هەرێم بەرێژەی 60% دابەزیوە، هاوكات بەغدادیش دوچاری قەیرانی دارایی بووەو رەنگە هاوشێوەی 2014 موچەی هەرێم نەنێرێت.
لەم بارودۆخەدا مەسرور بارزانیو كابینەكەی چی دەكەن بۆ ئەوەی لە یەكەم تاقیكردنەوەدا بەكەمترین زیان لێی دەربچن:
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی تاتوێی چەند سیناریۆیەك دەكات بۆ رووبەڕووبونەوەی قەیرانەكە كە ئەمانەن:
سیناریۆی یەكەم:
(درەو) زانیویەتی یەكێك لەو سیناریۆیانەی كە مەسرور بارزانی چاوی لە جێبەجێكردنیەتی بۆ گەڕاندنەوەی داهات بۆ حكومەت لەم قەیرانەدا، بڕینی دەرماڵە ناجێگرەكانی فەرمانبەرانە.
ئێستا دەرماڵەكان رێژەی 54%ی كۆی ئەو بڕە پارەیە پێكدەهێنن كە بۆ موچەخۆران خەرجدەكرێت، واتە لە كۆی (881 ملیار) دیناری موچەی فەرمانبەران، بڕی (475 ملیار) بەتەنیا بۆ دەرماڵەكان دەچێت.
دەرماڵە لە هەرێمی كوردستان (جگە لە دەرماڵە جێگیرەكان) بەپێی رێنماییو بڕیار لە ئەنجومەن وەزیران دەركراوە، بۆیە حكومەت تەنیا بە راگرتنی ئەو بڕیارانەی خۆیو بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت ئەو دەرماڵانە رابگرێت. ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانی كوردستان لە مادەی 5ی یاسای چاكسازیدا دەسەڵاتی رێكخستەوەی دەرماڵەكانی سپاردووە بە ئەنجومەنی وەزیران.
سیناریۆی دووەم:
لەم سیناریۆیەدا مەسرور بارزانیو كابینەكەی رەنگە ناچار ببن بگەڕێنەوە بۆسەر بڕینی موچەی فەرمانبەران، ئەوەی كە پێشترو لەسەردەمی كابینەكەی نێچیرڤان بارزانیدا ناوی لێنرابوو "پاشەكەوتی موچە".
ئەگەری جێبەجێكردنەوەی سیستمی پاشەكەوت لەسەر موچەی فەرمانبەران سەختترین هەنگاوێك دەبێت كە مەسرور بارزانی پەنای بۆ ببات، چونكە ئەو كە پێشتر پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، خەونی ئەوەبوو بە گەڕاندنەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرمانبەران، دەستكەوتێكی مێژووی بۆ یەكەمین ئەزمونی خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا تۆمار بكات.
(درەو) زانیویەتی، مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوەی كردووە لە هیچ حاڵێكدا نایەوێت جارێكی تر پەنا بۆ پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بباتەوە.
سیناریۆی سێیەم:
ئەم سیناریۆیە كە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەری جێبەجێبوونی زۆر بەهێزە، خۆی دەبینێتەوە لە كەمكردنەوەی موچەی مانگانەی (وەزیرو پەرلەمانتارو پلەباڵاكان) بۆ رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی كە ئێستا وەریدەگرن، ئەمە لەپاڵ جێبەجێكردنی تەواوی ماددەو بڕگەكانی یاسای چاكسازی كە بەمدواییە لە پەرلەمانی كوردستان جێبەجێكرا، مەسرور بارزانی بەم هەنگاوە دەیەوێت لەسەرەتاوە دڵنیایی بە خەڵك بدات هەر قەیرانێك رووبدات بەر لە هەمووان موچەی ئەوانە كەمدەكاتەوە كە پلەی باڵایان هەیە، لە یەكەم هەنگاودا مەسرور بارزانی دەستپێشخەری كردو رایگەیاند موچەكەی خۆی تەرخان دەكات بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.