Draw Media

هەرێم نەوت راست بكات یان داهاتی نەوت ؟

هەرێم نەوت راست بكات یان داهاتی نەوت ؟

2021-03-28 17:50:37


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد بكات باشترە یان داهاتی نەوت ؟ رادەستكردنی نەوت دۆخی دارایی هەرێم دەبوژێنێتەوە، بەڵام سەروەری هەرێم بەسەر نەوتەكەیدا ناهێڵێت، رادەستكردنی داهاتی نەوت بەپێی رێككەوتنی نوێ لە زیانی هەرێمە، چونكە هەرێم بۆ ئەوەی پارەی یەك بەرمیل بە نرخی سۆمۆ بدات، دەبێت دوو بەرمیل‌و نیو نەوت بفرۆشێت، رەنگە لە كۆتایدا هەولێرو بەغداد لەسەر بنەمای "هیچ بەرامبەر بە هیچ" رێككەوتن بكەن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

بودجە لە دواساتەكاندا
چەند كاتژمێرێكی كەم ماوە لەبەردەم ئەوەی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و لایەنە شیعەكان بگەنە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عێراق. 
دواین رەشنوسی رێككەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغداد، هەرێمی كوردستان ناچار دەكات رۆژانە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت‌و داهاتە نانەوتییەكانی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە، بەپێچەوانەوە لایەنە شیعەكان بە پاكتاوكردن "مقاصە" رازی نین، واتە ئەگەر هەرێم ئەم داهاتانە رادەستی بەغداد نەكات، بەغداد چیتر هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێم نانێرێت‌و رێككەوتنەكە بەواتای "هیچ بەرامبەر بە هیچ" دێت.  
دوای ئەو گۆڕانكارییانەی كە لایەنە شیعەكان لە دەقی رێككەوتنەكەی پێشتری خۆیان لەگەڵ وەفدی هەرێم كردیان، ئێستا جارێكی تر قسەوباس دروستبووە لەبارەی ئەوەی ئایا هەرێم داهاتی نەوت رادەست بكات یاخود نەوتەكە خۆی ؟ لەڕووی داراییەوە داهاتی نەوت رادەست بكات سودمەند دەبێت یان نەوت ؟

ئەگەر نەوت رادەست بكات 
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەمدواییانە، بەرپرسانی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق كە بە "سۆمۆ" ناسراوە، لە كۆبونەوەیەكدا بە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان وتووە، ئەگەر هەرێمی كوردستان تەواوی نەوتەكەی رادەستی سۆمۆ بكات كە رۆژانە (460 هەزار) بەرمیلە‌و سۆمۆ بە نرخی نەوتی عێراق بیفرۆشێت، ئەوا جیاوازی نرخی فرۆشی ئەوان لەگەڵ ئەو نرخی فرۆشی حكومەتی هەرێم (300 ملیۆن) دۆلار دەبێت، واتە ئەگەر سۆمۆ هەمان بڕە نەوتی هەرێم بە نرخی خۆی بفرۆشێت داهاتی نەوتی هەرێم مانگانە (300 ملیۆن) دۆلار زیاد دەكات‌و بەغداد تەنیا ئەم جیاوازی نرخە بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێنێتەوە، كێشەكان چارەسەر دەبن.

نەوت بە نرخی هەرێم یان عێراق ؟
رۆژانە هەرێم (460 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، هەر بەرمێلێك بە (11) دۆلار كەمتر لە نرخی سۆمۆ دەفرۆشرێت (مانگی رابردوو عێراق هەر بەرمیلێكی نەوتەكەی بە 60,3 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام هەرێم بە 50 دۆلار فرۆشتویەتی).   
بەپێی ئەم هاوكێشەیە، هەرێم مانگانە بەو نرخەی خۆی كە نەوت دەفرۆشێت، بڕی (690 ملیۆن) دۆلاری وەكو داهات لە نەوتەوە بۆ دەگەڕێتەوە، رێژەی 50%ی ئەم داهاتە بۆ خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوە‌و ئەمباركردنی نەوتەكە دەڕوات، واتە بە سافی مانگانە بڕی (345 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم وەكو داهاتی نەوت دەمێنێتەوە (گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەناوخۆدا تا سنوری توركیا بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 4 دۆلاری تێدەچێت، گواستنەوەی نەوتەكە لەناو خاكی توركیا تاوەكو بەندەری جیهان بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 5,8 دۆلاری تێدەچێت، واتە تەنیا كرێی گواستنەوە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی 10 دۆلار لەسەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت).
ئەگەر حكومەتی هەرێم ئامادەبێت نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، داهاتی نەوت گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت، چۆن ؟
ئەگەر سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت، هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە نزیكەی (61 دۆلار) دەفرۆشێت، واتە (11) دۆلار زیاتر لە نرخەكەی حكومەتی هەرێم، بەپێی ئەم هاوكێشەیە، داهاتی (460 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم لە مانگێكدا دەبێت (841 ملیۆن) دۆلار.
سەرباری جیاوازی نرخی فرۆشتن، خەرجی گواستنەوەی نەوتی عێراق بەناوی خاكی توركیادا لەگەڵ هەرێم زیاتر لە (4) دۆلارە، عێراق هەر بەرمیلێك نەوتی خۆی بە (1,9) دۆلار بەناو خاكی توركیادا دەگوازێتەوە، بەڵام هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (5,8) دۆلار بە كۆمپانیای (بوتاش)ی توركیا دەدات.
واتە بە تێكڕا بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (15) دۆلار جیاوازی لە فرۆشتن‌و گواستنەوەی نەوتدا لەنێوان عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت هەمان بڕە نەوتی هەرێم ئەگەر سۆمۆ بیفرۆشێت مانگانە (200 ملیۆن) دۆلاری زیاتر دەبێت لەوەی حكومەتی هەرێم خۆی بیفرۆشێت، خۆ ئەگەر سۆمۆ هەندێك پێداچونەوەی بۆ كاری كۆمپانیاكان بكات، رەنگە بتوانێت جیاوازی داهاتەكە مانگانە بۆ (300 ملیۆن) دۆلار بەرزبكاتەوە وەكو ئەوەی بەرپرسانی سۆمۆ بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان وتووە. 
سەرباری ئەوەی ئەگەر هەرێم نەوتەكەی رادەستی سۆمۆ بكات، دۆخی دارایی باشتر دەبێت، بەڵام لەبەر دوو هۆكار، حكومەتی هەرێم ئامادە نییە نەوت رادەستبكات: یەكەم: رادەستكردنی تەواوەتی نەوت بە بەغداد سەروەری حكومەتی هەرێم بەسەر نەوتەكەیەوە ناهێڵێت، ئەمە جگە لە زیانە سیاسییەكەی، لەڕووی ئابورییەوە حكومەتی هەرێم لەبەردەم دادگاكانی جیهان لاواز دەكات‌و هەموو ئەو كەیسانە دەدۆڕێنێت كە لەسەر نەوت لەسەری تۆماركراوە. 
دووەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەستكردنی تەواوەتی نەوتی بەستوەتەوە بەوەی حكومەتی عێراق هەموو ئەو قەرزانەی هەرێم بداتەوە كە لەساڵانی رابردوودا بەهۆی راگرتنی بەشە بودجەی هەرێمەوە لەسەری كەڵەكەبووە، كە بەهاكەی (28 ملیار) دۆلارە، حكومەتی بەغداد ئامادە نییە ئەم قەرزانە لەئەستۆ بگرێت. 

ئەگەر داهاتی نەوت رادەستبكات 
خۆ ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە دەقی ئەو رێككەوتنەی كە ئێستا لەنێوان هەردولادا هەیە، واتە لەبری نەوت، داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، ئەوا دەبێت رۆژانە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ بۆ حكومەتی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشی خۆی لە بودجەی 2021ی عێراق وەرگرێت، ئەمەش قەبارەی زیانەكەی گەورە ترە، چۆن ؟
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند، ئەگەر هەرێم دوو بەرمیل‌و نیو بفرۆشێت ئینجا بەهای بەرمیلێك نەوتی سۆمۆی بۆ دەردەچێت، چونكە بە تێكڕا هەرێم بەرمیلێك نەوتی بە (51) دۆلار فرۆشتووەو سۆمۆ بە (61) دۆلار، ئەوەی هەرێم (50%) بۆ خەرجی گواستنەوەو بەرهەمهێنانە، واتا بۆ هەر بەرمیلێك (25) دۆلاری بۆ دەمێنێەوە، (25) دۆلار بۆ (61) دۆلاری سۆمۆ بڕی (36) دۆلار جیاوازیەكەیەتی، واتا هەرێم دەبێت دوو بەرمیل‌و نیو بفرۆشێت بۆ ئەوەی نرخی بەرمیلێكی سۆمۆ دەربكات.

سامپڵی نرخ لە مانگێكدا
ئەگەر جیاوازی نرخ فرۆشتنی نەوت لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و عێراقدا بۆ مانگێك وەكو سامپڵ وەربگیرێت، بۆ نمونە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، جیاوازییەكە بەمشێوەیە دەبێت: 
بەگوێرەی راپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت) كە وردبینی لە فرۆش‌و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، بەتێكڕا هەرێم هەر بەرمیلێك نەوتی بە (29) دۆلار فرۆشتووە. 
داهاتی ئەو (250) هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە كە لایەنە شیعەكان داوای دەكەن، ئەگەر بە نرخی مانگی ئەیلولی رابردوو وەربگیرێت، داهاتەكەی بە نرخی حكومەتی هەرێم دەكاتە (218 ملیۆنۆ 70 هەزار) دۆلار. 
هەمان بڕی نەوت واتە (250 هەزار) بەرمیلی رۆژانە، ئەگەر بەنرخی سۆمۆ لە مانگی ئەیلولدا بفرۆشرێت، كە عێراق نەوتی بە (40,47) دۆلار فرۆشتووە، داهاتەكەی دەكاتە (303 ملیۆن‌و 577 هەزار) دۆلار.
لە سامپڵی مانگی ئەیلولی 2020دا دەردەكەوێت، فرۆشتنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە نرخی حكومەتی هەرێم‌و نرخەكەی عێراق، جیاوازییەكەی بڕی (85 ملیۆن‌و 507 هەزار) دۆلارە تەنیا لە یەك مانگدا. 

دەرەنجام
ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت، سەرباری ئەوەی بەشە بودجەی خۆی لە عێراق زامن دەكات‌و داهاتی نەوت زیاتر دەبێت، بەڵام ئەمە سەروەری حكومەتی هەرێم بەسەر نەوتەكەیدا ناهێڵێت‌و بەلای بەرپرسانی هەرێمەوە ئەمە بابەتێكی ستراتیژییە‌و لەم زەمەنەدا تاكە كارتی بەهێزی دەستی هەرێمی كوردستانە لەبەرامبەر بەغداد‌و سەرباری ئەوە دەستور مافی ئەوەی پێداون بەهاوبەشی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدەن لەگەڵ بەغداد نەك ئەوەی هەموو دۆسیەكە رادەست بكەن. 
خۆ ئەگەر هاوشێوەی ساڵانی رابردوو نەوت رادەست نەكات‌و تەنیا بەشێوەی پاكتاوكردن بەهای (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە لە پشكی هەرێم ببڕدرێت، هەرێم بێ ئەوەی نەوت بدات، مانگانە بەبێ ئەوەی هیچ بدات، هاوشێوەی بودجەی 2019 مانگانە بڕێك پارە لە بەغداد وەردەگرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئێستا لایەنە شیعەكان دەیانەوێت كۆتایی بە بنەمای (مقاصە) واتە پاكتاوكردن بهێنن‌و دەڵێن ئەمە بنەمایەكی نادەستورییە‌و پێشتر بە تەوافوقی سیاسی كراوە، لەم حاڵەدا وەكو لە دەقی رەشنوسی نوێی رێككەوتن دانراوە، هەرێم ئەگەر داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە‌و داهاتە نانەوتییەكانی بۆ بەغداد نەگەڕێنێتەوە، بەغدادش هیچ بڕەپارەیەك نانیرێت، ئەگەر دەقەكە بەوشێوەیە جێبەجێ بكرێت، ئەتوانرێت ناونیشانی رێككەوتنەكە بكرێت بە "هیچ بەرامبەر بە هیچ".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand