هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن 

Draw Media

2021-03-29 09:21:14



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 

یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ھەر سیستەمێکی دیموکراسیی، بریتییە لە بوونی ئۆپۆزیسیۆن. ئۆپۆزیسیۆن ھێما بۆ بوونی دانپیانانێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی گرنگ بە پلورالیزمی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییدا دەکات. ئۆپۆزیسیۆن کۆڵەکەیەکی گرنگی ناو ئەو ”پەیمانە کۆمەڵایەتیی“ەیە کە تیایدا کۆمەڵگا لەسەر ئەوە ڕێکدەکەوێت، یەک ھێز و یەک پارت و یەک سەرۆک نەبێتە تاقە سەرچاوەی بڕیاریی سیاسیی. داننان بەم ڕاستییە سادەیەدا بەشێکی گرنگی مێژووی فیکری سیاسییە لە سەرەتای سەرەتاکانەوە. بۆ نموونە، ئەرستۆ لە دوو پەرەگرافی یەکەمی کتێبی ”سیاسەت“دا جەغت لەودەکات کە دروستبوونی خودی کۆمەڵگا خۆشی کردەیەکە پەیوەندیی بە دەستەبەرکردنی خێر و ”چاکەی گشتیی“ەوە ھەیە. پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت ھەموو ئەوانەی کە پێیان وایە پیاوی دەوڵەت و حوکمڕانیی یەک کەس یان یەک ھێز بێت، بەھەڵەداچوون و کردەی سیاسیی ھەمیشە کردەیەکی دەستەجەمعییە و زیاد لە ھێز و لایەن و کەسانێک تیایدا بەشدارن، کە بەسەریەکەوە دەتوانن لە خەمی دابینکردنی چاکەی گشتیی کۆمەڵگادا بن. لەم دیدەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای فەلسەفەی سیاسیی سەردەمی یۆنانییەکان، بوونی فرەدەنگیی و پلورالیزم و بەشداریی ھەمەلایەنەی زیاد لە ھێز و لایەنێک، جومگەی سەرەکیی کردەی سیاسییە و ئەو ژێرخانەیە کە کایەیەکی سیاسیی تەندروستی لەسەر دروستدەبێت. سیاسەت بەبێ فرەدەنگیی و بەبێ بوونی دەنگی جیاواز و لەمانەش گرنگتر بەبێ بوونی ئۆپۆزیسیۆن، مانایەکی نامێنێت.

ئەم تێگەیشتنە بۆ سیاسەت تەواو ناکۆکە بەو دید و تێگەیشتنە سیاسییە ترسناکەی لەسەر ”بوونی مەرجەع“ و ئامادەگیی سەرۆکی ھەمووشتزان و بوونی کەسێک بەناوی ھەمووانەوە قسەبکات، ئیشبکات. بیرۆکەی مەرجەع بەشێکە لە ستراتیژی وێرانکردنی ھەر مانایەک کە بشێت بە چەمکی فرەیی سیاسیی و بوونی ئۆپۆزسیۆن ببەخشرێت. کردنی کەسێک بە خاڵێک ھەموو ھێزە جیاوازەکان ناچاربن بۆی بگەڕێنەوە، جگە لەوەی کردەی دروستکردنی دەسەڵاتێکی بێلێپرسینەوە و ئەبەدییە، لەناوبردنی سەرجەمی ئەو ناکۆکیی و جیاوازییانەشە کە ھەمیشە بەشێکن لە نەخشەی کۆمەڵایەتیی ناو کایەیەکی سیاسیی تەندروست. بە مانایەک لە ماناکان فیکرەی مەرجەع گەڕاندنەوەیە بۆ ئەو دیدە ئەفلاتونییە ترسناکە کە پێ لەسەر حوکمڕانی پادشا فەیلەسوف دادەگرێت، پادشا و فەیلەسوفێکی ھەمووشتزان کە لە باتی ھەموان بیربکاتەوە و بڕیاربدات. مەرجەعی دەسەڵاتدارێتیی گواستنەوەی ڕۆحی پێغەمبەرایەتییە بۆ ناو کایەی سیاسیی و بارگاویکردنی تەواوەتییەتی بە موقەدەسی دینیی و ڕوانینی ئاینیی بۆ کەسایەتی ئیمامێکی مەعسوم و بێگوناھ و بێھەڵە.

لە ژێر سێبەری ئەو بۆچوونانەی سەرەوەدا چەمکی ئۆپۆزیسیۆن تەنها ھێما بۆ ھێزێک یان چەند ھێزێک ناکات، کە چاودێری کارەکانی حکومەت و حوکمڕانان بکەن، بەڵکو ئەو ڕوانینانەی لەسەرەوە باسمانکرد بۆ سیاسەت و بکەرەکانی دەسەلمێنێت. لە هەر وڵاتێکدا ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک و کاریگەر بوونی هەبوو، هێمایە بۆ بوونی کۆمەڵگایەکی سیاسیی کە ڕێزی جیاوازییەکان و لەیەکنەچونەکان و دیدە ناکۆکەکان بەیەکتری، دەگرێت. بوونی ئۆپۆزیسیۆن لەناو کایەی سیاسەتدا مانای رێزگرتنە لە کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتیی کە دەخوازێت ئەو فرەدیدیی و جیاوازییانەی ناو کۆمەڵگا لە چوارچێوەیەکی یاسایی و ئەخلاقییدا، بپارێزێت. لەناو سیاسەتی مۆدێرندا دەزگای پەرلەمان شوێنی کۆبوونەوەی ئەو ھەموو جیاوازییانەیە و ھەر ئەم پێکەوەبوونە مەدەنیی و عەقلانییەشە دەیکاتە گرنگترین دەزگای سیاسیی ناو کۆمەڵگا.

ڕەنگە سادەترین پێناس بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی بریتیی بێت لەو گروپانەی ناو پەرلەمان کە سەر بە فراکسیۆنی حیزبە حوکمڕانەکان نین. ئەوان بەناوی ئەو بەشانەی کۆمەڵگاوە قسەدەکەن کە خواستەکانیان لەناو بەرنامەی گروپە حوکمڕانەکەدا نییە. بە شێوەیەکی گشتیی ئەرکی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەماندا بریتییە لە کونترۆڵکردنی حکومەت و سیاسەتەکانی. بەڵام ئەمە ھەموو ماناکانی ئۆپۆزیسیۆن نییە، چونکە دەکرێت ئۆپۆزیسیۆنبوون بۆ ئەو گروپانەش بەکاربھێنرێت، کە لە دەرەوەی پەرلەماندا رەخنە لە سیاسەتی حکومەت دەگرن و بە رێگە و شێوازی جیاواز تەعبیر لە ناڕەزایەتییەکانیان دەکەن. لە هەرێمی کوردستاندا هەردوو ئۆپۆزیسیۆنەکەمان لەڕووی شکڵییەوە هەیە،  واتە ھەم ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەرلەمان و ھەم ھی دەرەوەی پەرلەمان بوونیان ھەیە، بەڵام لە غیابی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەدا کە دان بە پلورالیزمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییدا دەنێت و دەچێتە دەرەوەی عەقڵیەتی ”مەرجەعسازیی“ و”حیزبی قائید“ و ”پارتی پێشڕەو“ەوە. ئەم غیابە ترسناکەیە وادەکات ئەو ئۆپۆزیسیۆنە شکڵییەی لە دونیای ئێمەدا ھەیە، دوو وەزیفەی تایبەت ببینێت. یەکەم، ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەرلەمان ببێت بە داهۆڵێکی سیاسیی کە نە روحی تیایە و نە جووڵە. وەزیفەکەی ئەوەنەبێت کە کۆنترۆڵی کارەکانی حکومەت بکات و لە ئەنجامدەرەکانی بپرسێتەوە، بەڵکو نیشاندانی وێنەیەکی ھەڵە بێت بە دونیای دەرەوە، کە گوایە ھەرێم ھەم پەرلەمانی ھەیە و ھەم فرەیی سیاسییش کە لەناو پەرلەماندا ڕەنگدەداتەوە. وەزیفەی دووھەمی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییە بریتییە لە نیشاندانی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لەلایەن ”مەرجەع“ و ”حیزبی قائید“ و ”پارتی پێشڕەو“ەوە وەک دوژمنێکی ناوەکیی، لەو کاتانەدا کە پێویستیان بەبوونی ئەو دوژمنە ھەیە بۆ پیادەکردنی ئەو سیاسەتانەی بەبێ بوونی دوژمنێک ئەنجامدانی زەحمەتبێت. لە سیستەمگەلێکی نادیموکراسیی وەک هەرێمی کوردستاندا ئۆپۆزیسیۆن ئەو جۆکەرەیە کە دەسەڵات لە کاتی سەرزەنشتکردنی بە دیکتاتۆربوون و نادیموکراسییبووندا، دەریدەخات و دەیخاتە سەر مێز. کەیش پێویستی بە دوژمن بوو پەلاماری بدات و بەسەرچاوەی پشێوی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و بە بەرپرسیاری ھەموو نەھامەتییەکانی بزانێت. 

ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا ئامادەیە تەنها قەیرانی نوێنەرایەتییکردن نییە لەناو سیستەمە بەناو پەرلەمانییەکەدا، بەڵکو لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەدا غیابی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە کە بەرگریی لە پلورالبوونی کۆمەڵگا و لە مافەکانی ئەو فرەییە لەڕێگای یاساییەوە بکات. ھاوکات قەیرانی تێگەیشتنێکە بۆ سیاسەت کە دایدەبڕێت لە سادەترین فۆرمی بەرپرسیارێتیی و ڕووتی دەکاتەوە لە ھەر پەیوەندییەک لەنێوان سیاسەت و چاکەی گشتییدا. قەیرانی ئۆپۆزسیۆنبوون خۆشی دەرکەوتە سیاسییەکەی ئەم قەیرانە بونیادیی و بنەڕەتییەیە. ھەموو ئەمانەش هەرێمی کوردستانیان تووشی شڵەژانێکی سیاسیی و ئەخلاقیی قووڵ و غیابێکی سەرتاسەریی مەسەلەی بەرپرسیارێتی سیاسیی، کردوە. لەناو ئەم دۆخە شڵەژاوەشدا ڕۆژانە چەندان دەنگی ترسناک بەرزدەبنەوە باس لە پێویستیی دروستکردنی مەرجەع و دروستکردنی پنت و نێوەند و بارەگایەک دەکەن، کە سەرجەمی پرۆسەی نوێنەرایەتیکردن بەدەوریدا بسوڕێتەوە و ماناکانیشی لە بوونی ئەو پنتە تایبەتەی دەسەڵاتەوە، وەربگرێت. بێگومان دروستبوونی ھەر شتێکی لەو بابەتە لەقە وەشاندنێکی کوشندەیە لە ھەر ھەوڵێک بخوازێت ھەم کۆمەڵگاکە لە دەوری پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ و ھەم سیستەمە سیاسییەکەی بخاتە سەر ڕێگای ڕاستەقینەی چارەسەرکردنی کێشەکانی. 

ساڵانێکە کۆمەڵگای ئێمە لەناو دۆخێکی درۆزنانەی سیاسەتی نوێنەرایەتییکردندا دەژی، ئەوەی ھەیە و دروستکراوە سیستەمێکی نوێنەرایەتییە بەبێ نوێنەر. ئەم دۆخە وایکردوە زۆرینەی خەڵکی هەرێم ئەو بڕاویەیان لادروستببێت کە لەلایەن هیچ یەکێک لەو هێزانەی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتەوە، نوێنەرایەتی ناکرێن. بەم چەشنە کردەی ھەڵبژاردن خۆشی لە هەرێمی کوردستاندا ببێت بە لەعنەتێکی سیاسیی و دانیشتوانی ھەرێمەکە خۆیان لێی دوورەپەرێزبگرن و بایکۆتی بکەن. ئەمەش لە گەمژەیی خەڵک و خواستی سەرکردەپەرستیی و گەڕان بەدوای دیکتاتۆردا نەھاتوە، بەڵکو لە دەرککردن بەو ڕاستییە سادەوە ھاتووە کە هەڵبژاردن وەک میکانیزمێک بۆ نوێنەرایەتییکردن، لە غیابی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی دیموکراسدا، ناتوانێت دەنگی کۆمەڵگا بباتە ناو سیستەمە سیاسییەکەوە. ئەمە جگە لە ئامادەگیی تەزویری سیاسیی سیستماتیکیی کە بووە بە ڕووکارە سەرەکییەکەی ئیشکردنی سیستەمە سیاسییەکە. خەڵک دەزانن ئەوەی ھەڵبژاردن دروستیدەکات نوێنەرایەتییکردن نییە بە مانای سیاسییە ڕاستەقینەکەی نوێنەرایەتیی، بەڵکو دروستکردنی واقیعێکی سیاسیی تەزویرکراوە کە تیایدا نوێنەرایەتیی تەزویر و سەرۆکی تەزویر و مەرجەعی تەزویری تیادا دروستدەبێت و دەسەپێنرێت. تەزویری سیاسیی دۆخێکی کۆمیدیی تراژیدی لە ھەرێمەکەدا دروستکردوە کە نموونەی لە زۆر شوێنی دونیادا نییە: دۆخی دروستکردنی مۆدێلێک لە دەسەڵاتدارایی کە دەتوانێت بەتەنھا و  بێ دانیشتوانەکەی بژی. ئەم سیستەمە پێویستی بە دەنگی خەڵک نییە، چونکە لەپاڵ تەزویری سیستماتیکیدا، خودی دەنگدەران خۆشیان نە بکەرێکی سیاسیین و نە بەشداریشیان لە پرۆسەی بڕیارداندا هەیە. بەمەش هەم ھەڵبژاردن و هەم سیستەمە بەناو پەرلەمانتارییەکە لەوەدەکەون ئامرازێک بن بۆ نوێنەرایەتییکردنی خەم و بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کوردستان.

بەبۆچوونی ئێمە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا کۆتایی هاتووە و لەڕووی کردەییی و سیاسییشەوە کۆمەڵگای کوردیی گەڕاوەتە بۆ قۆناغی پێش دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان. چەندە دەسەڵاتدارێتیی سوڵتانیی لە هەرێمی کوردستاندا مانا ڕاستەقینەکانی دیموکراسییەت و سیستەمی پەرلەمانیی وێرانکرد، ئاوهاش بزوتنەوەی گۆڕانی دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، مانا ڕەمزیی و ئەخلاقییەکانی ئۆپۆزیسیۆنبوونی سیاسیی وێرانکرد. لەم قۆناغەدا ئۆپۆزیسیۆن بووە بە گۆشتێکی زیادە بە جەستەی سیاسیی هەرێمەوە و ئەوەی سیستەمە سوڵتانییەکە دەیخوازێت، ئەوە ئەنجامدەدەن. لە ئێستادا کۆمەڵگای ئێمە هێندەی خۆی لەڕێگای بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و جێبەجێنەکردنی رێسا و یاساکانی هەرێمەوە، رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن دەگێرێت، ئەوەندە هێزێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بوونی نییە، کە نوێنەرایەتیی خواست و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگا بکات و لە پێشنیارکردنی دۆخێک نزیکببێتەوە کە ئەو گرفتە بونیادییانە تێپەڕێنێت. 


ئەوەی ئێستا دەیبینین سوڵتانیزمی سیاسییە لە بەهێزترین قۆناغی سیاسیی خۆیدا، منداڵانی بنەماڵە سیاسییەکان باڵادەستن و حوکمدەکەن. ئەم نوخبە سوڵتانییەش تەنھا هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی کۆنترۆڵنەکردووە، تەنها هەردوو دەزگای سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی زامننەکردووە، تەنھا سەرۆکایەتیی پەرلەمانیشیی نەکردووە بە داهۆڵێکی سیاسیی ڕووت، بەڵکو کەوتۆتە ڕەشبگیرکردنی ئەو دەنگە ناڕازییانەش کە لە دەرەوەی پەرلەماندا ھەن و بەردەوام دروستدەبن. ئەوەی لەمڕۆدا دەیبینین ھەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەیە کە دەشێت لەدەرەوەی کایەی سیاسیی و پەرلەمان و دەزگا ڕەسمییەکانی تردا، دروستببێت. گرتنی چالاکەوانەکان و برەودان بە بیرۆکەی مەرجەعی سیاسیی، دوودیوی ھەمان پرۆسەی سڕینەوەیەکی سیستەماتیکییانەی ھێزی ئۆپۆزیسیۆنە لە ھەرێمدا. ھەموو ئەمانەش لەناو ئەو شانۆگەریی و ماکیاجە سیاسییەدا کە لە ھەرێمەکەدا بەناوی دیموکراسییەت و پەرلەمانتاریزمەوە دروستکراوە.

پێدرواێکی سیاسیی زۆر سادە بوونی هەیە کە پێماندەڵێت: لە هەر وڵاتێکدا ئۆپۆزیسیۆن نەمێنێت، مانای ئەوەیە کە دەسەڵاتدارێتییەکی دەسەڵاتگەر و فۆرمێک لە تیرۆری ئاشکرا و پەنهان باڵادەستە، لەهەر وڵاتێکیشدا ئۆپۆزیسیۆن بەهێز بوو، مانای ئەوەیە لەو وڵاتەدا سیستەمێکی سیاسیی سەقامگیر و پلورال ئامادەیە.

 

بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس 

بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم
بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە
بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی 
بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا

بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand