حكومەت 55 كەسی لە یەكەكانی 80ی سەربە پارتی دامەزراند
2021-03-28 10:34:43
(درەو):
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەم مانگەدا، (55) كەسی لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هێزەكانی (80)ی سەربە پارتی دامەزراندووە.
بەگوێرەی نوسراوێكی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، رۆژی (1)ی ئەم مانگە دەرچووە، (55) كەس دامەزرێندراون.
ئەم (55) كەسە، لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی هێزەكانی (80)ی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرێندراون.
ئەمە لەكاتێكدایە، لە ساڵی 2014وە بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە، حكومەت دامەزراندنی لە وەزارەتەكان راگرتووە، ساڵانە نزیكەی (35 هەزار) كەس زانكۆو پەیمانگاكان تەواو دەكەنو چاوەڕوانی ئەون حكومەت لە كەرتی گشتیدا كاریان بۆ دابین بكات.
خەرجی موچەی فەرمانبەرانی حكومەت لە هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین، مانگانە (894 ملیار) دینارە، لەم رێژەیە زیاتر لە (133 ملیار) دیناری تەنیا بۆ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوات، كە رێژەی 15%ی كۆی گشتی خەرجی موچە لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.