بە زیندانیكردنی رۆژنامەنوسان خەونی دیموكراسی بەرەو ئاوابوون ئەچێت
2021-03-25 19:45:02
درەو:
گوهدار زێباری و شێروان شێروانی وەك رۆژنامەنووس ڕووماڵی ناڕەزاییەكانی دهۆكیان دەكرد كە دژ بە دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران بوو، لەگەڵ هاوڕێكانیان دەستگیركران و بە شەش ساڵ زیندانی سزادران" ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێكی شیكاری رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی.
لە ڕاپۆرتێكیدا فاینەنشڵ تایمز باس لە دیموكراسیەت لە عێراق و گیراوەكانی بادینان ئەكات. دادگایەك لە هەولێر گوهدار و هاوڕێكەی شێروان شێروانی تاوانبار كرد بە گواستنەوەی زانیاری بۆ لایەنی دەرەكی و هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و نایاسایی. ئەم دوو كەسە بەشێكن لەو پێنج كەسەی كە مانگی ڕابردوو بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدران، دوای بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی هاوڵاتیان دژ بە حكومەت، لەگەڵ ئەوەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی تاوانباركردنی ئەم كەسانە بە ناڕاست و هەڵبەستراو لەقەڵەم ئەدات.
باوكی گوهدار ئەوەی ڕاگەیاند كە كوڕەكەی دژ بە گەندەڵیەكانی حكومەت نوسیویەتی و ئەوان نوسینەكانیان بە دڵ نەبووە.
لایەنگرانی ئەم كەسانە دەڵێن ئەم پێنج كەسەی دهۆك قوربانی بەرگریكردنن لە دەربڕینی بیرو ڕای ئازاد . لە هەژدە مانگی ڕابردوودا دەیان ڕۆژنامەنووسی عێراقی كوژراون و ڕفێنراون و دەستبەسەركراون یان بە تۆمەتێك دراون بە دادگا.
بەرپرسیاری ئەو كوشتنانە بە شێوەیەكی گشتی ئەكەوێتە سەر میلیشیاكانی پەیوەست بە سیستەمی سیاسی عێراق و وە بە پشتگیری تاران دەكرێت. بەڵام ئێستا دەسەڵاتدارانی كورد و دەوڵەتی عێراق كەوتونەتە ژێر هەمان فشار..
كۆتایی هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەغدا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دوو نووسەری سیاسی دەركرد بە تاوانی ناوزڕاندنی دەسەڵاتی گشتی یەكێك لەو كەسانە ، ئیبراهیم ئەلسومەیدعییە، لەلایەن پۆلیسەوە لە ماڵەكەی خۆی دەستگیركرا، دووەم كەسیان لەدەرەوەی وڵات ئەژی. تۆمەتەكان بەپێی یاسایەكی ساڵی 1969 بوون كە لەسەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعسدا نووسراوە، ئەو یاساییەی كە لەبێدەنگیدا عێراقی خنكاند تا دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لە 2003 و حیزبی بەعس كۆتایی پێهات لە عێراق.
دیاری ساڵح مامۆستای زانكۆی ( موستەنصریە ) هۆشداری دەدات كە بەبەكارهێنانی "یاسای 1969 " ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە هێشتا زیهنیەتی (صەدام حسێن) لە سیستمەكەدا كاردەكات"
فرە میدیایی لە عێراقدا هەیە ، بەڵام سەربەخۆیییەكی زۆر نییە : زۆربەی بێژەرو دەزگاكانی هەواڵ ، خاوەنەكەی حیزب و میلیشیا سیاسییەكانن . پەیامنێران و كامێرامانەكان بە بەردەوامی لەلایەن هەردوو ئیدارەی كوردی و حكومەتی ناوەندییەوە كراونەتە ئامانج . كاتێك لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی دژ بە حكومەت لە ساڵی 2019 دا سەدان خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و میلیشیاكانەوە كوژران، بەرپرسی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق فەرمانی دا بە داخستنی 12 تەلەفزیۆن و چوار وێستگەی رادیۆیی ، بە بیانوی پێشێلكردنی یاساكانی مۆڵەتی میدیاییەوە.
هەرێمی كوردستانی عێراق لە مێژە پەناگەی نووسەرانی عێراقی عەرەبی بووە، بەڵام ساڵحی دەڵێت ئەوە لە گۆڕانكاریدایە ئێستا، نووسەران بە گاڵتەوە ئەڵێن دەتوانن بەغدا بەرەو هەولێر جێبێڵن ، بەڵام دواتر دەڵێن " ئەگەر ڕەخنە لە پارتی دێموكراتی كوردستان بگرن"، دواتر كەس ئەوان لە خۆ ناگرێت.
گوهدار زێباری كە كاری بۆ ڕۆژنامەی "وڵات نیوز" دەكرد، هەروەها شێروان شێروانی كە ڕۆژنامەنوسێكی سەربەخۆ بوو، دوای ڕووماڵكردنی ناڕەزاییەكان لە دهۆك دەستگیركران، خۆپیشاندانەكان لەسەر دواكەوتنی پێدانی مووچەی كەرتی گشتی بوو.
ڕێڤینگ یاسین، پارێزەری ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، كە دادگاییكردنەكەیان ناڕەوایە و ئاماژەی بەوە كرد كە كەمتر لە هەفتەیەك پێش بەرواری دادگاییەكەیان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند كە تۆمەتباران سیخوڕبوون و وتی:"ئەوانەی دەستبەسەركراون ... نە چالاكوانن و نە ڕۆژنامەنووسن هەندێكیان سیخوڕ بوون، بۆ وڵاتانی تر . . وە هەندێكیان تێكدەر بوون".
نوسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتڕاستی كردەوە كە چاودێری دادگاییكردنەكە دەكات بەڵام هێشتا بڕیاری خۆی نەداوە .
خێزانی زێباری سوورن لەسەر بێتاوانی گوهدار، باوكی دەڵێت كوڕەكەی وەك ئەوەی " لە وڵاتێكی ئازادی ڕادەربڕیندا بووبێت " دەینووسی . چەند ساڵە پێی دەڵێم، سەیركە، ئەم شتانە مەنووسە، ئەوان لەناوت دەبەن یان دەتكوژن" ئەو ئاهێك هەڵدەكێشێت و ئەڵێت "ئەوەی من پێشبینیم دەكرد روویدا"