گفتوگۆی نێوان بەرەی كوردستانیو حكومەتی بەعس لەزاری بەشداربوانەوە
2021-03-22 19:05:26
درەو:
كامەران قەرەداغی – درج
نێچیرڤان بارزانی ئەندامی وەفدی دانوستانكاری كورد لە بەغداد 1991 ئاماژەی بەوەكردووە كە ئێمە هەڵوێستمان وا نیشاندا كە لاوازین، لایەنی عێراقی سودی لەوە بینی، نەوشیروان مستەفا دەیگێڕێتەوە كە بەعسیەكان داوایان لە مام جەلال كردبوو من لە وەفدەكە بگۆڕن چونكە بە بۆچونی ئەوان من كەسێكی توندڕەوم، تارق عەزیز بە روونی بە وەفدی كوردی وت: عەرەب چۆن بۆ ئەندەلوس دەگرین ئێوەش دەبێت تا هەتایە بۆ كەركوك بگرین.
وەفدی كوردی بەرەو بەغداد
دوای كۆڕەوەكەی بەهاری 1991و هێرشی سوپای عێراق بۆ داگیركردنەوەی شارە راپەڕیوەكانی هەرێمی كوردستان، سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بڕیاریدا دانوستانو گفتوگۆ بكات لەگەڵ حكومەتی عێراق وەفدێكی چوار كەسی بە سەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرەو بەغدا كەوتنەڕێ.
دانوستانەكە لەزاری نێچیرڤان بارزانییەوە
نێچیرڤان بارزانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەندامی وەفدەكە بووە دەڵێت:
بە درێژایی رێگەكە تاڵەبانی دەیوتو دووبارەی دەكردەوە كە هیچ ئاسۆیەك بۆ كورد نیە. كەس یارمەتیمان نادات. هیچ شتێك جگە لە دانوستان لە گەڵ بەغداد لە بەردەماندا نیە.
لە بەغدا تاڵەبانی توندو جدییانە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا قسەیكرد, پێی وتن ئێمە لە رابردوودا هەمیشە چارەسەرێكی ئاشتیانەمان ویستووە. بەڵاك ئێوە بە شێوەیەكی زۆر قێزون مامەڵەتان لەگەڵدا كردین و كردەوەی نامرۆڤانەتان لە دژمان ئەنجامدا، بەڵام لە یەكەم قسەكردنیدا باسكردنی چەند پرسێكی زۆری لە بیرچوو.
پاشان رۆڵی سامی عەبدولڕەحمان هات. كە بە زنجیرەیەكی رێكخراوە بیروبۆچونەكانی خستەڕوو.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت یەكەم دیداری وەفدەكە لەگەڵ عزەت دوریی سەرۆكی وەفدی عێراق بوو. یەكەم پرسیاری كە ئاراستەی كردین وتی: بۆچی مەسعود بارزانی لەگەڵتاندا نەهاتووە؟, تاڵەبانی بە دەنگێكی كزی نزیك لە چرپە وەڵامی دایەوەو وتی: رەنگە هۆكارەكەی ئەوە رووداوە بێت كە بەسەر خێزانەكەیدا هات كە 17 كەسی نزیكی خۆی كوژرانو نزیكەی 8 هەزار بارزانیش ون كران بەبێ زانینی چارەنوسیان.
دووری وەڵامی دایەوەو وتی لۆمەی ناكات. لێرەدا من قسەمكردو بە دووریم وت ئەو پرسە پەیوەندی بە هەڵوێستی شەخسی بارزانییەوە نیە, ئەو لە پێناوی كورددا كاردەكاتو هەركاتێك باوەڕی هێنا كە ئێوە ئامادەن پرسی كورد چارەسەر بكەن دێت بۆ بەغداد, بەڵام لەم كاتەدا باوەڕمان بەوە نیە, لەبەر ئەوە من لێرەم بۆ ئەوەی هەڵوێستتان بزانم.
دەربارەی هەڵوێستی وەفدی كوردی نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:" لە بەغداد هەڵوێستمان وا نیشاندا كە لاوازین. لایەنی عێراقی سودی لەوە وەرگرت, ئەوان تێگەیشتن كە ئێمە زۆر نائومێدینو هیچ هیوایەكمان نیە, كاتێك ئێمە لە كاتەكانی پشوودا هەر خۆمان دەبوین بە یەكترمان دەوت هیچ بژادەیەكمان لە بەردەمدا نیەو كاتێك عێراقییەكانیش لە لاوازی هەڵوێستی ئێمە تێگەیشتن شتێكی كەم نەبێت هیچیان پێشكەش نەكردینو وتیان پێویستە خولی دووەمی دانوستانەكان لەگەڵ مەسعود بارزانیدا بەڕێوەبچێتو دوای ئەوەش چەندین خولی تری گفتوگۆ ئەنجامبدرێت.
نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر لە 22ی ئایاری 1993 ئەم قسانەی بۆ دكتۆر كامەران قەرەداغی رۆنامەنوسی بەناوبانگی كوردو راوێژكاری پێشووی مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراق كردووە.
دانوستانەكە چۆن دەستیپێكرد؟ نەوشیروان مستەفا وەڵام دەداتەوە:
تەنها وەفدەكەی تاڵەبانی نەچووە بەغداد, لەو چوارچێوەیەدا نەوشیروان مستەفا لە دیدارێكدا لەگەڵیدا وتی سەرەتا دەستپێشخەری گفتوگۆو دانوستان لەلایەن موكەڕەم تاڵەبانییەوە خرایەڕوو بە رێككەوتنەی خۆیو مەسعود بارزانی.
نەوشیروان مستەفا دەڵێت:" نوێنەرێكمان رەوانەی بەغدا كرد كە ئەفسەرێكی خەڵكی سلێمانی بوو بەناوی دارای تۆفیق ئاغا. ئەركەكەی تەنها بریتی بوو لە گەیاندنی نامەیەك بۆ لایەنی عێراقی, دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان وەفدێكمان رەوانەی بەغداد كرد كە پێكهاتوو لە فەرەیدون عەبدولقادرو عومەر فەتاح لە یەكێتی, فازل میرانیو ئازاد بەرواری لە پارتی دیموكراتی كوردستان.
وەفدەكە عزەت دوریو حسێن كامیلو تەها جەزراویو تارق عەزیزیان بینیبوو, بە وەفدەكەمانیان وتبوو ئەگەر بارزانیو تاڵەبانی بەیەكەوە بێن بۆ بەغدادو سەددام حسێن ببینین ئەوا هەموو شتێك بە یەك دانیشتن چارەسەر دەبێت, بەكورتی بە وەفدەكەیان وبتوو هەموو شتێك جگە لە جیابوونەوە دەكرێت باس بكرێت, ئەمە رەفتاری بەعسییەكان بوو. سەرەتا دەڵێن هەموو شتێك بە خێرایی تەواو دەبێت, بەڵام دواتر دەستی دەستی پێدەكەنو دەستبەرداری بەڵێنەكانیان دەبن.
نەوشیروان مستەفا ئەیلولی 1993 لە لەندەن ئەم قسانەی بۆ د. كامەران قەرەداغی كردووە.
جارێكی تر نێچیرڤان بارزانی
وادەردەكەوێت كە بەڵێنەكانی لایەنی عێراقی ئەوەی لای كورد دروستكردووە كە دانوستانەكان لەگەڵ بەغداد دەكرێت بە رێككەوتنێكی خێرا كۆتاییان بێت, دەگەڕێمەوە بۆ وتەكانی نێچیرڤان بارزانی كە وردەكاری زیاتری دەربارەی دیدارەكانی وەفدەكەی تاڵەبانیو لایەنی عێراقی و دیداری كتوپڕیان لەگەڵ سەددام حسێن باس كرد.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:" تاڵەبانی پێی راگەیاندن كە دەسەڵاتی تەواوتی پێدراوە بۆ ئیمزاكردنی هەر رێككەوتنێك لەگەڵ بەغداد, بەڵام عێراقییەكان وەڵامیان دایەوە كە لەوە تێدەگەن, بەڵام پێویستە مەسعود بارزانیش بێت".
لە میانی گفتوگۆكاندا لەگەڵ وەفدی عێراقی كە پێكهاتبوو لە عزەت دوریی, عەلی حەسەن مەجید, حسێن كامیل, سابر دووری ( سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سەربازی)و وەفیق سامەڕائی جێگری سابر دووری , هەموان بەڕێزەوە قسەیان لەگەڵدا دەكردین, بەڵام تارق عەزیز لە قسەكردنو شێوازی قسەكردنیدا زبر بوو, بەڵام هەردوو پیاوەكەی هەواڵگری تەنها گوێیان دەگرت بەبێ ئەوەی هیچ بەشدارییەك بكەن لە موناقەشەكاندا, هەرجارێك لە قسەكردن لەسەر بابەتەكان مشتومڕێك بهاتایەتە ئاراوە تەنها تاریق عەزیز لەبری وەفدەكە قسەی دەكرد.
سەبارەت بە دیداری وەفدی كوردی لەگەڵ سەددام نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:" سەرەتا عێراقییەكان ئاگاداریان كردینەوە كە دەچین بۆ بینینی عزەت دووری, چەند ئۆتۆمبیلێك ئێمەیان بردە شوێنێك كە پاسەوانەكانی سەدداممان لێ بینی, رێگەیان نەدا چیتر بە ئۆتۆمبیلەكانمان بڕۆین, بەتەنها بە ئۆتۆمبیلی خۆیان بۆ بارەگای ئیستیخباراتی سەربازیان بردین, لەوێ پێیان وتین كە دووری دەبینین, كاتێك پێشوازیمان لێكرا ئاگادرایان كردینەوە كە دەچین بۆ دیداری سەددام لە ئەنجومەنی نیشتمانی, پێش ئەوەی بگەیتە باڵاخانەی ئەنجومەنی نیشتمانی سێ دەروازە هەبوون, لەبەردەم هەر دەروازەیەكدا شۆفێری ئۆتۆمبیلەكە بە شێوەیەكی تایبەت دەستی بەرزدەكردەوەو دەروازەكە دەكرایەوە, بەمشێوەیە سەدداممان بینی, پاش گەڕانەوەمان بۆ كوردستان بە مەسعود بارزانیم وت: ئەوان بڕیار لە هیچ نادەن ئەگەر تۆ خودی خۆت نەچیت بۆ بەغداد, بە سەراحەت دوای دیدارممان لەگەڵ عێراقییەكان هەرگیز تێنەگەیشتین كە چیان لێمان دەوێت, لەبەرئەوە بارزانی ئارەزووی نەبوو بڕوات بۆ بەغداد, بەڵام سەركردەكانی تری كورد لە نێویشیاندا تاڵەبانی هانیان دا بچێت.
بارزانی روونیكردەوە كە لەلای قورسە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بكات. دوای ئەو هەموو كارەی لەگەڵماندا كردیان, بەڵام ئەگەر نەچێت ئەوا گەلی كورد وای لێكدەدەنەوە كە عێراق ئامادەبووە بۆ رێككەوتن, بەڵام بارزانی ئازایەتیی تەواوەتی نەبووە بچێتە بەغداد بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە.
هەڵوێستی دانوستانكارانی كورد
گێڕانەوەی دانوستانكارانی كورد تێبینیو سەرنجی هەمەجۆوو جیاواز دەربارەی بەڕێوەچوونی دانوستانەكان ئاشكرادەكەن لەگەڵ رەفتاری دانوستانكارانی عێراقو كوردو هەڵوێستیان كە هەرگیز وەك یەك نەبووە, لە كاتێكدا ئەندامانی وەفدی كوردی دەڵێن كە هەردوولا لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتنو لەسەر چەند خاڵێك رێك نەكەوتوون, نەوشیروان مستەفا كە لە خولی دووەمی گفتوگۆكاندا هاوڕێیەتی مەسعود بارزانی كردووە لە بەغدا لە گێڕانەوەیدا دەڵێت " ئێمە شكستمان هێنا لە رێككەوتن لەسەر هەموو خاڵە سەرەكییەكان, بەدیاریكراویش كەركوكو پێناسەی ناوچەی ئۆتۆنۆمیو ئاسایشو ئیستیخباراتو فرە حزبی".
دەشڵێت:" پێمان وتن دەبێت یەكەمجار هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەبچێت, پاشان پەرلەمان دەستورێكی نوێ بۆ عێراق دابڕێژێتو گەل لە راپرسیەكدا دەنگی لەسەر بدات, بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر ئەوەی كە بە فیعلی رەشنوسێكی دەستوریان ئامادەكردووەو دەكرێت ئێمە پێشنیاری بڕگەیەك یان دوو بڕگە بكەین كە پەیوەست بێت بە مافەكانی كورد پێش ئەوەی بخرێتە راپرسییەوە, وتمان بەلای ئێمە ئەوە قبوڵ نیە, دەستورەكەتان ناكرێت چاكسازی تێدا بكرێت, چونكە ئەو دەسەڵاتانەی بە سەددامتان بەخشیوە یەكسانە بە دەسەڵاتەكانی خواوەند, وەڵامیاندایەوە كە هیچ شتێك قبوڵ ناكەن كە چنگیان بەسەر دەسەڵاتدا لاواز بكات, چونكە شۆڕشەكە بەعسییەو دەبێت هەرواش بمێنێتەوەو وتیان فرەحزبی تەنها بۆ كورد دەبێتو نابێت بۆ عێراق بێت, كاتێكیش داوای مافی عێراقییەكانمان دەكرد وەڵامیان دەداینەوەو دەیانوت پێویستە تەنها دەربارەی خۆمان قسە بكەین, كاتێكش لەسەر داواكارییەكامان وەك كورد قسەمان دەكردو رێككدەكەوتین دەیانوت ئێوە وەك ئەوەی عێراقی نین قسە دەكەن."
نەوشیروان مستەفا دەڵێت:" ئێمە جەختماندەكردەوە كە دەبێت ئاسایش لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئیدارەی ئۆتۆنۆمیدا بێت, چونكە كورد هەرگیز رازی نابێت بە گەڕانەوەی ئەمنی عێراقی بۆ باكور, بەڵام ئەوان وتیان دەزگا ئەمنییەكان سەربە سەرۆك كۆمارن, كەس ناتوانێت لە دەسەڵاتەكانی بەو بوارەدا كەمبكاتەوە, سەبارەت بە كەركوكی ئێمە چەند بژاردەیەكمان خستەڕوو بەڵام هەمویان رەتكردەوە, بە بۆچونی من هیچ سەركردەیەكی كورد ناتوانێت بمێنێتەوە ئەگەر سازش لەسەر كەركوك بكات, ئێمە هەڵەیەكی زۆر گەورەمان كرد چونكە وەفدەكەمان هیچ شارەزایەكی تێدا نەبوو, لەراستیدا ئەو شارەزایانەی كە چەند دۆسیەیەكیان بۆ ئامادەكردبوین هیچیان ئەندامی وەفدەكەمان نەبوون, بۆ زانیاریش هیچ هەلێكمان پێنەدرا بۆ خوێندنەوەی هیچ راپۆرتێكیش, بەعسییەكان سوربوون لەسەر پێویستی چوونی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد, بۆ نیشاندانی نیازپاكی بەوتەی خۆیان, هەروەها داویان لە مام جەلال كرد كە من لە وەفدەكەدا لابەرێت چونكە بە بۆچونی ئەوان من توندڕەو عەرەب كوژم وەك دەیانوت, بەڵام هەڵەی دووەممان ئەوە بووە كە بۆ ماوەی 42 رۆژی لەسەر یەك لە بەغدا ماینەوە كە ئەمەش هەلی بۆ عێراقییەكان رەخساند سود لە كات ببینن, ئەوان دانوستانەكانیان درێژە پێدەدات لە چاوەڕوانی پاشەكشەی هێزەكانی هاوپەیماناندا بوونو دەستی دەستیان دەكرد, هەندێك جار بە چەند رۆژ جارێك دانیشتنێكی یەك كاتژمێرییان ئەنجامدەدات, باوەڕم وایە ئێمە لاواز بوینو مەعەنەویاتمان دابەزیبوو ئاوارەبوونی دانیشتوانیش بۆ شاخەكان كاریگەری نەرێنی كردبووە سەرمان, لە كۆتاییدا كە بارزانی بڕیاریدا كە دەگەڕێینەوە بۆ كوردستان تاریق عەزیز وتی: سەددام دەیەوێت بزانن كە پشت بەستنتان بە بیانییەكان یاریكردەوەو ئەوەتان بەبیر دەهێنێتەوە كە ئێرانییەكان لەگەڵیاندا كردن. وتیشی ئەمریكییەكان لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا لە كوردستانن ئێمەش هەموو داواكارییەكانیان قبوڵ دەكەین ئەوكاتە دەستبەرداری ئێوە دەبن, هەروەها ئەوەی ئێرانییەكانیش دەیانەوێت دەیاندەینێ ئەوكاتە دەتانخنكێنن چونكە رقیان لێتانە, لێرەتا ئەندامی وەفدەكە رۆژ نوری شاویس وەڵامی تاریق عەزیزی دایەوەو وتی: باشتر نیە بۆ ئێوە سازش بۆ گەلەكەتان بكەن لەبری ئەوەی سازش بۆ ئەمریكییەكان یان ئێرانییەكان بكەن؟ عەزیز وەڵامی دایەوە: ئەوەی ئەوان ئەیانەوێت دەیاندەینێ, بەڵام هەرگیز ئەوەی ئێوی ئەتانەوێت ناتاندەینێ, ئەمەش پەیامی ئێمەیە بۆ ئێوە دەتوانن گەلەكەتانی لێی ئاگادار بكەنەوە".
سامی عەبدولڕەحمان
سامی عەبدولڕەحمان سەرۆكی ئەو كاتەی پارتی گەلی كوردستانو ئەندامی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لە وەفدی یەكەمدا لەگەڵ تاڵەبانیدا بوو كە رۆژی 18/4/1991 گەیشتنە بەغداد,و تیشك دەخاتە سەر چەند لایەنێكی تری دانوستانەكانو تێبنییەكانی لەسەر سەددام حسێن.
سامی عەبدولڕەحمان رۆژی 12/ 7/ 1993 لە هەولێر قسەی بۆ كامەران قەرەداغی كردووەو دەڵێت:" تەنها منو تاڵەبانی لەبری وەفدەكەمان قسەمان دەكرد, باوەڕم وایە كە تاڵەبانی حەماسەت گرتیو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای دیدارمان لەگەڵ سەددام حسێن لە كاتی قسەكردندا دوو هەڵەی كرد, یەكەم كاتێك وتی دەبێت ئەمریكییەكان لەرووی سەربازییەوە پاشەكشێ بكەن, دووەمیش كەوتی لەگەڵ بەغدا گەیشتوینەتە رێككەوتنێكی مەبدەئی كە ئەوە رووی نەدابوو. سەرەتا عێراقییەكان پێیان وتین كە پێویستە دانوستانەكان لە 3-4 رۆژدا كۆتاییان بێت, بەڵام 10 رۆژ لە بەغداد ماینەوە, لە كۆتاییدا بیرمدێت كە عزەت دووری پێی وتین ئێوە دەڕۆنو دێنەوە, پاشان دەڕۆنو دێنەوە. سێجار ئەم رستەیەی دووبارەكردەوە, تاڵەبانی تێبینی قسەكانی دووری كردو پێی وتین شتێك لە هەڵوێستیاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە زەنگی ئاگاداركردنەوە بەر گوێمان دەدرا, دركمان بەوەكرد كە ئەوان خەریكە هەست بە ئەمان دەكەن, ئێمە لای خۆمانەوە نەماندەویست لە ماوەی 3-4 رۆژدا بگەینە رێككەوتن, كاتێك سەدداممان بینی وا دەركەوت كە بێهیوایەو زۆر دەگمەن نەبێت سەیری نەدەكردین, دەموچاوی بەشێوەیەكی نائاسایی زەرد هەڵگەڕابوو. بەگشتی لەو قۆناغەدا دانوستانكارە عێراقییەكان زۆر خاكیو نەرمو نیان بوون لەگەڵماندا".
سامی عەبدولڕەحمان لە درێژی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت: كاتێك گەڕاینەوە بۆ كوردستان هێزەكانی ئەمریكا هێشتا لە ناوچەكەدا بوون, بەڵام فەرماندەكانیان مامەڵەیان لەگەڵ سەركردەكانماندا نەدەكرد بەڵكو تەنها قسەیان لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكانو دانیشتوانی ناوچەكەدا دەكردو هەماهەنگییان لەگەڵدا دەكردن, پوختەیەكم لە ئەنجامی گفتوگۆكانمان لە بەغداد پێشكەشی بارزانی كردو وتم عێراقییەكان ئیجابی بوون لەگەڵمانداو بەچەند رێگەیەك ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆئەوەی مافەكانی كورد بدەنو بەباشی دەزانم بارزانی خۆی بچێت بۆ بەغداد. جگە لەوەش راپۆرتی خۆمان پێشكەشی سەركردایەتی بەرەی كوردستانیی كردو هەڵوێستی هەموویان ئیجابی بوو بە ئاراستەی بەردەوامیی دانوستانەكان.
هەوڵەكانی بەغدا بۆ پەرتكردنی ریزی كورد
بەمشێوەیە بارزانی بڕیاریدا بە سەرۆكایەتی وەفدێك كە پێكهاتبوو لە سامی عەبدولڕەحمان, رۆژ نوری شاوەیسو جەوهەر نامیق بچێت بۆ بەغداد.
سامی عەبدولڕەحمان دەربارەی ئەم خولەی دانوستانەكان دەڵێت: دوای 10 رۆژ نامەمان لە تاڵەبانی پێدەگەیشت كە داواكاری عێراقییەكان بوو بۆ ئازادكردنی دەستگیركراوانی كورد بەرامبەر بە ئازادكردنی ئەفسەرانی عێراقی كە لەلای زیندانیی بوون, ئەو هەستەم بۆ دروست بوو كە تاڵەبانی دەیەوێت عێراقییەكان بانگهێشتی بەغدادی بكەن بۆ ئەوەی بێتە ناو وەفدەكەی بارزانی ئەوەش لە راستیدا مافی خۆی بوو بەڵام بە ساردییەوە وەڵامی ویستەكەیان دایەوە, عێراقییەكان بە پراكتیكی هەوڵەكانیان بۆ مەبدەئی "پەرتبكەو زاڵ بە" دەستپێكردبوو, بە تایبەتی كە دەیانزانی مامەڵەكردن لەگەڵ تاڵەبانی ئاسان نییە(....) خۆم بەشەخسی هیوادار بوووم كە پەیوەندی نێوان تاڵەبانیو بەغداد باش ببێت چونكە باوەڕم وابوو وەكوك ككورد بەبێ مانەوەمان بە یەكگرتوویی هیچ شتێك بەدەستناهێنین.
سامی عەبدولڕەحان سەرنجی ئەوەی دابوو كە عێراقییەكان لەسەرەتادا زۆر توند نەبوون, بەڵام بە تێپەڕینی كات هەڵوێستیان توندتر دەبوو, بە تایبەتی دوای ئەوەی سەرۆك ئەركانی هاوبەشی ئەمریكا ژەنەراڵ كۆڵن پاوڵ لە حوزەیراندا سەردانی هێزەكانی وڵاتەكەی كرد لە سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆكو راشیگەیاند كە واشنتۆن بڕیاریداوە لە تەمموزدا هێزەكانی لە ناوچەكە بكشێنێتەوە.
سامی دەڵێت: گەورەترین بەربەستی بەردەم دانوستانەكان بە پلەی یەكەم هەڵوێست بوو لەسەر كەركوك, پاشان شەنگالو خانەقین, لەسەرەتادا نیازی وایان نیشان نەدا كە رێگە نەدەن ئەم شارانە بخرێتە سەر ناوچەی ئۆتۆنۆمی, بەڵام دوای حوزەیران وتیان مشتومڕ ناكەن لەسەر ناسنامەی كوردیی كەركوك, بەڵام زیادكردنی كەركوك بۆ ناوچەی ئۆتۆنۆمیی واتای جیابوونەوە دەگەیەنێت, وەڵامم بۆ ئەوە ئەوە بوو كە ناوچەی تری كوردیش هەیە كە نەوتی لێ بێت بۆ نمونە زاخۆ, بەڵام تاریق عەزیز وەڵامی دایەوەو وتی ئەوە جیاوازە چونكە كەركوك بە فیعلی نەوت بەرهەمدەهێنێتو ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە دەستبەجێ لایەنێك دێت بۆ هاوكاریكردنتان, لەبەرئەوە پێشنیازمان كرد لە دۆكیۆمێنتی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بدرێت بەوەی كە ئەو ناوچانەی ئێستا بەغداد رەتیاندەكاتەوەو بەشێكن لە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی ناوچەی ناكۆكیی لەسەرنو لە داهاتوودا چارەنوسیان یەكلادەكرێتەوە, سەرەتا هەڵوێستیان ئیجابی بوو دەربارەی ئەم چارەسەرە, بەڵام باوەڕم وایە كە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە كوردستان وایكرد هەڵوێستیان بگۆڕن.
جارێكیان كاتێك بە تاریق عەزیزم وت كەركوك لە ویژانی هەموو كوردێك دایە وەڵامی دایەوەو كە ئەندەلوسیش هەروەها لە ویژانی هەموو عەرەبێكدایە هەروەك چۆن عەرەب بۆ ئەندەلوس دەگرین دەتوانن ئێوەش بۆ كەركوك بگرین.
لە كۆتاییدا بڕیاربوو كە لە بەڵگەنامەی نهێنی ( پرۆتۆكۆڵ)ی یاشكۆی رێككەوتنە ئاماژە بەوە بدرێت كە كەركوكو شەنگالو خانەقین بە ناوچەی ناكۆكی لەسەر دادەنرێن, پێم خۆشە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم كە كاتێك لەو كاتەدا لە دهۆك قسەم دەكرد دەربارەی هەڵوێستی بەغداد بەرامبەر شەنگال. شێخ خەڵەف یەكێك لە سەركردەی ئێزدییەكان وتی: پێیان بڵێ ئێمە ئامادەیین وەك ئێزدیی كورد بین بەڵام ئامادەنین ئێزدیی عەرەب بین لە كۆتاییدا كاتێك لە ئابدا لە بەغداد گەڕاینەوەو وامان دانابوو كە رێككەوتنێك ئیمزا دەكەین كودەتای سەربازی لە مۆسكۆ دژی سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەت میخائیل گۆرباچۆڤ رویداو عێراقییەكان جارێكی تر توندتر بوونەوەو عزەت دووری بە مەسعود بارزانی وت: كارەكە كۆتایی هات, چیتر ئەمریكا وەك تاكە زلهێز نامێنێتەوە, بەمشێوەیە بەبێ ئیمزاكردنی هیچ رێككەوتنێك گەڕاینەوە كوردستان.
فوئاد مەعسوم
فوئاد مەعسوم كە لە یەكێك لە وەفدەكاندا وەك نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداری دانوستانەكانی كردووە زانیاری زیاتر دەربارەی هەڵوێست بەرامبەر بە كەركوك دەخاتەڕوو.
فوئاد مەعسوم كە 14/7/1991 قسەی بۆ كامەران قەرەداغی كردووە دەڵێت: لە یەكێك لە دانیشتنەكانی دانوستاندا عزەت دوووری پێی وتین: ئێمە دەزانین كە رۆژئاو رێگەتان پێنادات دەست بەسەر كەركوكدا بگرن, پێش ئەوەی دەست بەسەر كەركوكدا بگرن رۆژئاوا دژتان نەبوون, كاتێك دەستتان بەسەردا گرت تیشكی سەوزیان بۆ هەڵكردنین بۆئەوەی لێتان بدەین, ئێستا كەركوك لەژێر كۆنترۆڵی ئێوەدا نیەو رۆژئاواش ئەوەی دەوێت, تاریق عەزیز قسەكەی لە دووری وەرگرتو وتی:" ئێوە ئەمریكییەكان ناناسن, هەتا ئەگەر 20 ساڵی تریش هاوكارییان بكەن، هەرگیز ئئەو هەژمونەتان نابێت لایان كە ئێمە هەمانە لەبەرئەوە خۆتان مەخەڵەتێنن".
دەربارەی پرۆتۆكۆڵەكە یان بەڵێننامەی پاشكۆی رێككەوتنەكە كە مەعسوم بە پابەندییەكان ناوی دەنێت دەڵێت: عێراقییەكان سوربوون لەسەر ئەوەی كە پابەندبوونەكانمان بەرامبەریان ئاشكرابن، بەڵام پابەندبوونەكانی ئەوان بەرامبەر ئێمە بە نهێنی بن، بەڵام دەقی پێشنیاركراو بۆ راگەیاندنی رێككەوتنەكە كە لایەنی عێراقی ئامادەی كردبوو بەم رستەیە دەستپێدەكات:" هەموو ئەوەی سەددام حسێن پێشبینی كردو دەی وت راستو دروست دەرچوون" ئەم رستەیەمان بە تاوانباركردنی خۆمان لێكدایەوە. كاتێك گەڕاینەوە بۆ كوردستان بەغداد هەوڵەكانی بۆ پەرتكردنی ریزەكانی كورد دەستپێكردو كاتێك گەمارۆی سەر كوردستانیان راگەیاندو جارێكی تر داوای دانوستانیان كرد مام جەلال, بارزانی ئاگاداركردەوە كە ئەگەر دەوێت دەتوانێت وەفدێك لە حزبەكەی خۆی رەوانەی بەغداد بكات, بارزانی بە تەنیا چووە بەغداد بۆ داواكاری هەڵگرتنی گەمارۆكە بەڵام داواكەی رەتكرایەوەو كاتێك گەڕایەوە بۆ كوردستان بە تاڵەبانی وتی عێراقیەكان هەڵیان خەڵەتاندووەو ئاگاداریان كردوەتەوە كە ئەگەر سەردانی بەغداد بكات سزاكان هەڵدەگرن.
میساقەكە ناكۆكی لە نێوان كورددا دروست دەكات
ئەو پرۆتۆكۆڵە نهێنییەی كە بەغداد پێشنیاری كردبووو ناوەكانی تری بریتی بوون لە میساق یان پاشكۆ یان بەڵگەنامە، ئامانج لێی ئەوە بوو كورد سەركردایەتی رەهای سەددام حسێنو دڵسۆزی بۆ رژێمەكەی قبوڵ بكات, كاتێك بابەتی پرۆتۆكۆڵی نهێنی گەیشتە گوێی سەركردە كوردەكان من بۆ ئەركێكی رۆژنامەوانی وەك نێدراوی " حەیات" لە ئەنكەرە بووم, لەو كاتەشدا جەلال تاڵەبانی بۆ دیداری تۆرگۆت ئۆزال سەرۆكی توركیا سەردانی پایتەختی ئەو وڵاتەی دەكرد لەم سەردانەیدا بەرهەم ساڵحی لەگەڵدا بوو كە ئەو كاتە نوێنەری حزبەكەی بوو لە لەندەنو یەكێك بوو لە نزیكترین یاریدەدەرەكانی تاڵەبانی.
تاڵەبانی لە هۆتێلی " ئیچقەڵا" دابەزی بوو كە خاوەنەكەی كوردی توركیا بوو. لەو كاتەدا وەفدی بەرەی كوردستانی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی تازە لە بەغدادەوە بۆ كوردستان گەڕابوەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی دانوستانەكەی لەو خولەداو لە چوارچێوەی بابەتی " میساقەكە" سەركردایەتی بەرەی كوردستانی چاوەڕوانی گەڕانەوەی تاڵەبانی بوون بۆ زانینی هەڵوێستی, من خۆم هیچ ئاگاداری بابەتەكە نەبووم, بەڵام تاڵەبانی بۆی ئاشكراكردم كە پاشكۆیەكی نهێنی بۆ رێككەوتنە پێشبینیكراوەكە هەیەو چەندین پابەندبوونی توندو ناحەقی تێدایەو ئەوەشی ترسو دوودڵی لەلای دروستكردووە ئەوەیە كە بارزانی رەزامەند بێت لەسەر ئیمزاكردنی. پرسیارم لێكرد لەسەر ئەوە هەندێكی لەبارەی ناوەرۆكی میساقەكەوە بۆ باسكردم تا لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكەمدا ئاماژەی پێبدەم, بەڵام لە كۆتاییدا رەزامەندی نیشاندا كە دزەی پێبكات بۆمو داوای لە بەرهەم ساڵح كرد كە كۆپییەكی میساقەكەی پێبوو نیشانم بدات بەبێ ئەوەی كۆپی بكەم بۆئەوەی بتواننم دەقی رستەیەك یان چەند رستەیەك وەك بەڵگە بەكاربهێنم, دەستبەجێ راپۆرتەكەم ئامادەكردو ناونیشانی " كوردەكانی عێراق لە نێوان داهاتوویەكی نادیارو رێككەوتنێكدا كە پابەندیان دەكات ملكەچی سەددام بن) م بۆ داناو رەوانەی رۆژنامەی " حەیات" م كرد كە بۆ رۆژی دواتر بەهەمان ناونیشانەوە لە لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەكەدا بڵاوكرایەوە.
دوای گەڕانەوە بۆ لەندەم چاوم بە شبلی مەلات هاوڕیی لوبنانیم كەوت كە یاساییەكی دیاربوو ئەو كات مامۆستا بوو لە زانكۆی لەندەنو هاوكاری ئۆپۆزسیۆنی عێراق بوو پێی وتم كە شۆك بووە كاتێك راپۆرتەكەمی خوێندوەتەوە. وتیشی بڕگە سەرەكییەكانی راپۆرتەكەی وەرگێڕاوەو دەستبەجێ بۆ پەرلەمانتاری پارتی كرێكارانی بەریتانیا ئان كلۆیدی ناردووە كە لەو كاتەدا سەرقاڵی پرسی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بەگشتی و كورد بوو بە تایبەتی ئەویش لەسەر ئەوە مشتومڕی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا كردبوو داوای لێكردبوون هەڵوێست بگرنەبەر, لەو كاتەدا كۆپی بەڵگەنامەكە دزەی كردبوو بۆ پایتەختەكانی رۆژئاواە ئەوەش نیگەرانیو بێزاریانی لێكەوتەوە. بەگشتی لەو ساتەوە دۆخەكە بەرەبەر دەستی بە گۆڕان كردو بە شاراستەی گۆڕانكاریی لە بەرژەوەندی كورد ئەوەش دوای دەستوەدرانی ئەمریكاو خۆرئاواو دانانی ناوچەی ئارام لە كوردستانو سەپاندنی قەدەغەی فڕینی فڕۆكەی عێراق بۆ پشتیوانی كوردو كاتێكیش كورد هەستی بە دڵنیایی كرد لە كۆتاییدا ئیمزاكردنی هەر رێككەوتنێكی لەگەڵ بەغداد رەتكردەوە.
لە پشتەوە گوێبیستی وردەكارییەكانی چیرۆكی میساقەكە بووم لە عەدنان موفتییەوە لە دیدارێكدا كە ساڵی 1993 لەگەڵیدا كردم, موفتی ئەوكات ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بوو, ئەندامی ئەو وەفدەی بەرەی كوردستانی بوو كە بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد بۆ بەغدادو عێراقییەكان داوایان كردبوو میساقەكە قبوڵ بكەن, موفتی وتی: سەبارەت بە میساقەی كە سووربووون لەسەری ئێمە سەرەڕای قەناعەتەمان بەوەی كە رەزامەندی لەسەر نادەین قبوڵمان كرد گفتوگۆی لەسەر بكەینو هەوڵماندا پێشنیازی بۆ زیاد بكەین كە بەلای ئەوانەوە تەعجیزی بوون بۆ نمونە لە رەشنوسی میساقەكەدا هاتووە كە سەددام ئەندازیاری رێككەوتنی مافی ئۆتۆنۆمیی ساڵی 1970 یە پێمان وتن ئەوە ماقوڵ نیە كە ناوی مەلا مستەفا بارزانیان نەهێناوە كە ئەو رێككەوتنەكەی لەگەڵ سەددام ئیمزاكردووە, خودی خۆم دڵنیا بووم كە ئەوە قبوڵ ناكەن, بەڵام رۆژی دواتر ئاگاداریان كردینەوە كە سەددام وتویەتی وەفدیی كوردسی گۆڵێكی لەدژی وەفدی حكومیی تۆماركردوووەو ئەو رەزامەندی لەسەر ئەو پێشنیارەی كورد دەربڕیوە, لەراستیەدا ئەوە كاریگەرییەكی ئیجابی كردە سەر دەروونی هەندێك ئەندامی وەفدەكەمان, سەرەڕای ئەوەی هەندێك دەستكاری سادەی میساقەكە كرا, بەڵام لە راستیدا هەمویان جوانكاری بوونو ئێمە لە چەند هەوڵێكی ترمان شكستمان هێنا بۆ نمونە وتمان رەزامەندین لەسەر ئەوەی كە لە میساقەكەدا هاتووە بەوەی ئێمە دژی هەر كەسێكین كە دوژمنایەتی عێراق بكات، بەڵام بەبێ بڕگەی دواتر كە پابەندمان دەكات بەرگری لە ئامانجەكانی شۆڕش بكەین, گفتوگۆو قسەكردن دەربارەی ئەم جۆرە پرسانە حەساسیەتو ناكۆكی زۆری لە نێو ئەندامانی وەفدەكەدا لێدەكەوتەوە كاك مەسعود پێی دەوتین باشترە ئێستا ئەو بابەتە لەبیر بكەین, با دەست بە پرسە بنچینەییەكان بكەینو دوای ئەوە هەر لایەنێك ( لە لایەنەكانی بەرەی كوردستانی) دەتوانێت خۆی بڕیار لەسەر سیغەیەك بدات بۆ پەیوەندییەكانی نێوان خۆیو حزبی بەعس, یان هەر حزبێكی كوردی دەتوانێت بەجیا میساقەكە ئیمزا بكات نەك وەك بەرەی كوردستانی, بەمشێوەیە لەسەر هەڵوێستێكی یەكگرتوو رێك نەكەوتین.
لە كۆتاییدا كاتێك سەددام بە تەنیا پێشوازی لە كاك مەسعود كرد. جەختیكردبوەوە كە هەرگیز رازی نابێت كەركوك بخرێتە سەر ناوچەی ئۆتۆنۆمی, دوای دیدارەكە تێگەیشتین كە كاك مەسعود هیوای نەمابوو كە سەددام قەناعەت پێ بكات رەزامەندی لەسەر بابەتەكانی تر بداتو پێی وتین ئەوە واقیعەكەیەو حكومەت ئامادە نیە هیچ شتێكی زیاتر بداتو ئێمەش وتمان ئەوی دەیدەن زۆر كەمترە لەوەی كە لە كۆبوونەوەی بەرەی كوردستانی لە شەقڵاوە لەسەری رێككەوتوین, پێویستە لەسەرمان بگەڕێینەوەو ئەم ئەنجامە بۆ سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بخەینەڕوو.
گەڕاینەوە بۆ كوردستانو ناكۆكی لە نێوانماندا دەركەوت, باوەڕم وایە هەموو پێشهاتەكانی دواتر ئەنجامی ئەو ناكۆكییانە بوونو ئەوەش پاڵی پێوەنانین بۆ تەبەنیكردنی بیرۆكەی هەڵبژاردنەكان كە كرۆكەكەی بریتی بوو لە یەكلاكردنەوەی ناكۆكی لەسەر رێككەوتن لەگەڵ بەغداد, دەتوانم بڵێم ئەنجامی كۆتایی بۆ شكستهێنانی دانوستانەكان ئەم ئایەتەی بەسەردا جێبەجێ دەبێت “وعسی أن تكرهوا شیئاً وهو خیر لكم”.