Draw Media

داڕمانی پەیوەندییەكانی بافڵ تاڵەبانی‌و قەیوان

داڕمانی پەیوەندییەكانی بافڵ تاڵەبانی‌و قەیوان

2022-03-11 19:36:07


راپۆرت: درەو
لەگەڵ گۆڕینی سەرۆكی دەزگای زانیاریی، فشارەكانی بافڵ تاڵەبانی بۆسەر گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان توند بوەتەوە، داوای 50%ی پرۆژەو سەرمایەی كۆمپانیاكە دەكات، قەیوان تۆمەتبار دەكات بەوەی سەرۆكی دەزگای زانیاری (ئەژی ئەمین) لە پارتی‌و بەرپرسانی توركیا نزیك كردوەتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

گۆڕانكارییەكی رانەگەیەندراو!
لەدوێنێوە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، ئەژی ئەمین سەرۆكی دەزگای زانیاری یەكێتی لە پۆستەی دورخراوەتەوە‌و (جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی) لە شوێنەكەی دانراوە، بەڵام تائێستا میدیای فەرمی یەكێتی هەواڵی ئەم گۆڕانكارییەی بڵاونەكردوەتەوە.
ئەژی ئەمین-یش هێشتا هیچ رونكردنەوەیەكی نەداوە‌و ناونیشانی خۆی لە فەیسبوك وەكو سەرۆكی دەزگاكە نەگۆڕیوە.  

كێشەی ئەژی ئەمین 
ئەژی ئەمین هەڵەبجەیی یەكێكە لە كارمەندە دیارەكانی دەزگای زانیاریی یەكێتی، كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە لەریزەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستانەوە پەیوەندی بە یەكێتییەوە كردووە‌و وەكو كارمەند لە دەزگای زانیاریی دەستبەكاربووە.
بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموزی ساڵی رابردووی یەكێتی، ماوەی چەند مانگێك بوو ئەژی ئەمین لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە سڕكرا بوو، لە كارەكەی دورخرابووەوە، بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، لە رووداوەكانی 8ی تەموزو رۆژانی دواتردا لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە كەڵكی لێوەرگیرا، ئەمەش بەهۆی شارەزایی‌و زیرەكییەكەیەوە لەكاری هەواڵگریدا.
بەهۆی ئەو رۆڵەی كە لە كۆنترۆڵكردنەوەی دەزگای زانیاری‌و دورخستنەوەی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی بینی، هەروەها رۆڵی ئەو ئامادەكردنی بەڵگەی تایبەت بە ژەهرخواردنی بافڵ تاڵەبانی‌و ئاشكراكردنی لایەنگرەكانی لاهور شێخ جەنگی لەناو دەزگادا، رۆژی 11ی تەموز واتە سێ رۆژ دوای كۆنترۆڵكردنی دەزگای زانیاریی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە، فەرمانی دەستبەكاربوونی ئەژی ئەمین وەكو سەرۆكی دەزگای زانیاری یەكێتی لە شوێنی (محەمەد تەحسین تاڵەبانی) دەرچوو،  قوباد تاڵەبانی ئیمزای دەستبەكاربوونی ئەژی ئەمینی وەكو سەرۆكی دەزگای زانیاری لە هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و نێچیرڤانی سەرۆكی هەرێمەوە وەرگرت. 
بافڵ تاڵەبانی لە دیدارێكیدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان دوای رووداوەكانی 8ی تەموز، ئەژی ئەمینی وەكو "باشترین" بەرپرسی دەزگای زانیاری ناوبرد.

دورخستنەوەی ئەژی ئەمین
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بافڵ تاڵەبانی لە كارەكانی ئەژی ئەمین دردۆنگ بوو، هەوڵیدا لە سەرۆكایەتی دەزگای زانیاری دوری بخاتەوە، سەرچاوە ئاگاداركان لەناو یەكێتییەوە باس لە چەند هۆكارێك دەكەن سەبارەت بە نیگەرانی بافڵ تاڵەبانی لە كارەكانی ئەژی ئەمین، لەوانە: 
•    ئەژی ئەمین گوێی بۆ فەرمانەكانی بافڵ تاڵەبانی نەگرتووە‌و بەوشێوەیە كاریكردووە كە خۆی ویستویەتی. 
•    ئەژی ئەمین هێزێكی تایبەت بەخۆی دروستكردووە كە لە نزیكەی 400 كەس پێكدێت. 
•    ئەژی ئەمین بەبێ ئاگاداری بافڵ تاڵەبانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی بەدیاریكراوی لەگەڵ توركیا گرێداوە.
•    پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ ئاگاداری بافڵ تاڵەبانی گرێداوە. 
•    پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ كۆمپانیای قەیواندا هەبووە‌و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی ئەو كۆمپانیایە كردووە. 
•    ئەژی ئەمین لەرووداوەكانی 8ی تەموزو دواتردا كاری لەلای بافڵ تاڵەبانی تەواوبووە‌و مانەوەی زیاتر لە دەزگای زانیاری لە بەرژەوەندی ماڵباتی تاڵەبانیدا نییە، بەتایبەتی كە لەدوای دەستبەكاربوونییەوە چەند روداوێكی ئەمنیی لە سلێمانی رویانداوە. 
لە ناوەڕاستی مانگی یەكی ئەمساڵ، كە بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرماوە، شەقامەكانی سلێمانی توشی بەستەڵەك هاتن‌و هاتوچۆ لە شەقامەكان راوەستا، هێزێكی "كۆماندۆ" لە فەرماندەیی پێشمەرگەوە گواسترایەوە بۆ بەردەم ماڵی مام جەلال لە دەباشان‌و لەوێ جێگیركرا.
ئەو شوێنەی كە هێزەكەی تێدا جێگیركرا دەكەوێتە بەرامبەر بە پرۆژەی نیشتەجێبوونی "بەرزاییەكانی سلێمانی"، ئەمە یەكێكە لە پرۆژەكانی كۆمپانیای (قەیوان)‌و ماڵی ئەژی ئەمین لەناو ئەم پرۆژەدایە، بۆیە ئەم جوڵەیە وەكو هەڕەشە لەسەر سەرۆكی دەزگای زانیاری لێكدرایەوە.
ئەم هەواڵانە ئەژی ئەمینی ناچار كرد رونكردنەوەیەك بڵاوبكاتەوە، تێیدا هەواڵی لابردنی لە پۆستەكەی رەتكردەوە‌و هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر هەموو ئەو میدیایانە كرد كە هەواڵی لەوجۆرە بڵاودەكەنەوە.  
لە كۆتا رۆژەكانی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە بافڵ تاڵەبانی بڕیاری خۆی لەبارەی گۆڕینی ئەژی ئەمینەوە یەكلاكردەوە، بەڵام ئەژی ئەمین بەرەنگاری كردو دەستبەرداری پۆستەكەی نەبوو. 
لە یەكەم هەنگاودا بۆ لێدان لە پێگەی ئەژی ئەمین، بافڵ تاڵەبانی هێزی دژە تیرۆری لەژێر كۆنترۆڵی دەزگای زانیاری دەرهێنا‌و وەكو هێزێكی سەربە خۆی مامەڵەی لەگەڵدا كرد، فەرماندەی هێزی دژە تیرۆر كە (وەهاب هەڵەبجەی)یە، ناكۆكی لەگەڵ ئەژی ئەمین هەیە، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە بەپێی پەیكەری كارگێڕی، وەهاب هەڵەبجەیی لەژێر فەرمانی ئەژی ئەمنیدا بوو. 
شەوی 23ی شوباتی رابردوو، سەرلەنوێ هێزێكی زۆری ئەمنی لەبەردەم ماڵی مام جەلال لە دەباشان كۆكرایەوە، زانیارییەكان باس لەوەدەكەن لەو شەوەدا ئەو هێزە كە بە هێزی "سكرتاریەتی مام جەلال" ناسراوە، زۆربەی بازگەكانی دەزگای زانیارییان لە سیتەك‌و قەڵاچوالان كۆنترۆڵ كردووە، ئەم جموجوڵە ئەژی ئەمینی سەرۆكی دەزگای زانیاری ناچار كرد بە فڕۆكەیەك بەرەو هەولێر گەشت بكات. 
رۆژی 24ی شوبات، ئەژی ئەمین لە هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی دەركەوت، قوباد تاڵەبانی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەیدا بەشێوەیەكی ئارامتر. 
دوای دیدارەكەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لە هەولێر، ئەژی ئەمین گەڕایەوە بۆ سلێمانی‌و لە پۆستەكەی وەكو سەرۆكی دەزگای زانیاری دەستبەكاربووەوە، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند‌و شەوی 9ی ئەم مانگە جموجوڵی سەرباری دژی ئەژی ئەمین دەستی پێكردەوە‌و بۆ جاری دووەم سەرۆكی دەزگای زانیاری بەرەو هەولێر سەفەری كردەوە‌و دوێنێ لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، (جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی) بەرپرسی هەواڵگری هێزەكانی (70)ی یەكێتی لە شوێنی ئەژی ئەمین وەكو سەرۆكی دەزگای زانیاری دەستبەكاربوو.
جەلال شێخ ناجی وەكو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان فەرمانی كارگێڕی هەیە‌و دەتوانێت نوسراوە فەرمییەكان رایی بكات، ئەمە ماڵی مام جەلال رزگار دەكات لەوەی جارێكی ترو دوای ئەژی ئەمین پەنا بۆ مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی ببەن بۆ دەركردنی فەرمانێكی نوێ بۆ سەرۆكی دەزگای زانیاریی، بەتایبەتیش لەم كاتەدا كە بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی ئاڵۆزی تێكەوتووە. 
تائێستا میدیای فەرمی یەكێتی هەواڵی گۆڕانكارییەكەی دەزگای زانیاری رانەگەیاندووە‌و ئەژی ئەمینیش بێدەنگی هەڵبژاردووە‌و هیچ رونكردنەوەیەكی نەداوە. 

هەڕەشە لە قەیوان
هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی بۆ گۆڕینی سەرۆكی دەزگای زانیاری، بافڵ تاڵەبانی فشارەكانی لەسەر كۆمپانیای "قەیوان" توندكردوەتەوە، گلەیی لە شیوازی شەراكەتی ئیدارەی گشتی یەكێتی‌و كۆمپانیای قەیوان هەیە بەتایبەتی لە پرۆژەی پاڵاوگەی بازیاندا. 
ئێستا بافڵ تاڵەبانی نەك تەنیا پێداچونەوە بە شەراكەتی ئیدارەی گشتی‌و كۆمپانیای قەیوان، داوای رێژەی 50%ی كۆی گشتی پرۆژەو سەرمایەی كۆمپانیای قەیوان دەكات. 
دوێنێ شەو لە پرۆژەی بەرزاییەكانی سلێمانی، جموجوڵی هێز لە نزیك ماڵی خاوەنی ئەم كۆمپانیایە بەدی كراوە. خاوەنەكانی كۆمپانیای قەیوان رەتیدەكەنەوە هیچ جۆرە شەراكەتێكی زیاتر لەوەی كە هەیانبووە، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بكەن، داوا دەكەن ئەگەر كێشەیەك لە شەراكەتی پێشتردا هەیە، ببرێتە بەردەم دادگا.
جوڵەی بافڵ تاڵەبانی دژی كۆمپانیای قەیوان، بۆ خاوەنەكانی كۆمپانیاكە شۆكە، چونكە لە رووداوەكانی 8ی تەموزدا ئەم كۆمپانیایە بەلای بافڵ تاڵەبانیدا شكایەوە، تەنانەت كاتێك بافڵ تاڵەبانی باری تەندروستی تێكچوو، لەلایەن (فاخر شێخ تەیب)ی خاوەنی كۆمپانیای قەیوانەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە)‌و لەوێ چارەسەری بۆ كرا‌و راپۆرتی تایبەت بە "ژەهرخواردن"ی بۆ ئامادەكرا‌و سامپڵی لێوەرگیراو رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا. 
بۆ خاوەنەكانی كۆمپانیای قەیوان پێشبینی نەكراو بوو، بەو خێراییە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی تێكبچێت، بافڵ تاڵەبانی ماوەی (25) رۆژی بۆ كۆمپانیای قەیوان دیاریكردووە تاوەكو بە مەرجەكانی رازی ببن، ئێستا (15) رۆژی ماوەی ئەم مۆڵەتە تێپەڕیوە.
بەرپرسانی یەكێتی ئەوانەی ئاگاداری روداوەكانن دەڵێن، بافڵ تاڵەبانی پێیوایە ئەژی ئەمین لەرێگەی كۆمپانیای قەیوانەوە لە مەسرور بارزانی‌و بەرپرسانی توركیا نزیك بوەتەوە، بەجۆرێك بەمدواییە زۆرێك لە پرۆژەكانی قەیوان لە سلێمانی‌و هەولێر لەرێگەی مەسرور بارزانییەوە بە ئاسانی كارەكانی راییكراوە‌و كۆمپانیاكە چەند پرۆژەیەكی لە هەولێر پێدراوە. 

لەبارەی كۆمپانیای قەیوانەوە
بەگوێرەی ئەوەی لە پەیجی فەرمی كۆمپانیاكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، ئەم كۆمپانیایە لە ساڵی 1993 دامەزراوە‌و كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتییە، چەندین بەرژەوەندی هەمەجۆری بازرگانی‌و وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستان‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لەوانەش پاڵاوتنی نەوت‌و بازرگانی وزە‌و خانوبەرە‌و هۆتێل.
خاوەنەكانی ئەم كۆمپانیایە، كوڕانی (شێخ تەیب قەیوانی)ن. بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان، كۆمپانیای قەیوان دووەم گەورە كۆمپانیایە لەسەر ئاستی عێراق لەڕووی سەرمایەوە، سەرمایەی ئەم كۆمپانیایە لەنێوان (10 بۆ 12) ملیار دۆلار ئەژماردەكرێت، جگە لە پرۆژە ئابورییەكان لەناو هەرێمی كوردستان، لە دەرەوەی وڵاتیش چەندین پرۆژەی هەیە، بۆیە كۆی گشتی سەرمایەی كۆمپانیاكە بەدیاریكراوی نازانرێت.
ساڵی 2016 ئەم كۆمپانیایە بۆ دروستكردنی وێستگەی كارەبای بازیان، بڕی (105 ملیۆن) دۆلاری لە بانكێكی ئەڵمانی قەرزكردووە، ئەم قەرزە‌و قەرزە دەرەكییەكانی تری كۆمپانیاكە، رەنگە قەیوان لە هەندێك فشار بپارێزێت. 
ئەم كۆمپانیایە لەناو شاری سلێمانی خاوەنی (4) پرۆژەەی نیشتەجێبوون، پاڵاوگەیەكی نەوت‌و وێستگەیەكی كارەبا، پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی‌و گروپی نەخۆشخانە‌و كۆگاكانی دەرمان‌و بریكاری چەند جۆرێك ئامێری كارەبایی‌و ئەلیكترۆنی‌و چەند پرۆژەیەكی تر. 
 

راپۆرتی پەیوەندیدار 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand