ژنکوشتن لەنێوان درامای خێزانیی و نیشتیمانییدا
2022-03-09 17:26:51
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ژنکوژیی ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستاندا بووە بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی مەترسییدار، کە بکەرە سەرەکییەکانی پیاون و ئەوانەشی دەیانپارێزن لەناو سیستەمە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە پیاوسالارییەکەی کوردییدان. بە بۆچوونی من ژنکوژیی (فێمیساید) تەنها تاوانێکی کۆمەڵایەتیی و درامایەکی خێزانیی نییە نییە، بەڵکو رەهەندێکی ئەخلاقیی و یاسایی قووڵیشی هەیە. ئەم دیاردەیە پێشئەوەی بگات بە دادگاکان، دوو جار ژنی تێدا دەکوژرێت، جارێکیان کوشتنی ژنە لەڕووی جەستەییەوە، چونکە ئەم مرۆڤە لەدەرەوەی هەموو یاساو رێساکان، لەڕێگای کوشتنی پلانداڕێژراو و بەئەنقەستەوە، لەلایەن پیاوەوە سزادەدرێت و مافی ژیانی لێدەسەندرێتەوە. جاری دووەمیشیان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەکوژرێت، چونکە قبوڵکردنێکی کۆمەڵایەتیی و بێدەنگییەکی کولتووریی کوژەر بەسەر ئەم دیاردەیەدا زاڵە و لە هەندێک حاڵەتیشدا بکوژەکە بەبێ سزای یاسایی و کۆمەڵایەتیی دەربازی دەبێت. بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە لە جیهاندا نزیکەی 137 ژن بەدەستی مێرد، باوک، برا، یان کەسوکارە نێرینەکانیان دەکوژرێن. هەندێک سەرچاوەی تریش باس لە 5000 بۆ 100,000 حاڵەتی ژن کوشتن لە ساڵێکدا دەکەن، کە دیارە ژمارەیەکی نادیاریان بەناوی خۆکوشتن و خۆسوتاندن ناچنە ناو لیستی ئامارەکانەوە. کوشتنی ژن هاوتا نییە بە کوشتنی پیاو، پیاو کاتێک دەکوژرێت لەسەر پیاوبوون نییە، بەڵکو دەشێت هۆکارێکی سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی یان سایکۆلۆژیی لەپشتیەوە بێت، بەڵام ژن کاتێک دەکوژرێت تەنها لەبەرئەوەیە کە ژنە.
بێئاگایی و ناحاڵیبونێکی کوشندەیە کاتێک تەماشای ئامارەکانی ژنکوژیی بکەین و وابزانین کە جیاوازیی نێوان کوردستان و ئەڵمانیا لە پرسی ژنکوژییدا تەنها ژمارەیە. سەرەڕای ئەوەی پاشخان و هۆکاری جیاواز لەنێوان دیاردەی ژنکوژیی لە ئەڵمانیا بە بەراورد لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەڵسوکەوتی کۆمەڵگا و دادگاش لەگەڵ ئەم بابەتەدا زۆر جیاوازە. ژنکوژیی لای ئەڵمانەکان لەسەر پرسی شەرەف نییە، واتە پاراستنی شەرەفی پیاو و خێزان و عەشرەت پاشخانەکەی نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم لەسەر دەسەڵاتە، بە بەرجەستەکراویش لەسەر خواستی موڵکدارێتییە. واتە پیاو ژن وەک موڵکی خۆی تەماشادەکات، ژن بۆی نییە لێی جیابێتەوە و لەدوای جیابوونەوەش، جگە لەو بۆی نییە کەسی تری خۆش بوێت، نابێت بیر لە هاوسەرگیرییەکی نوێش بکاتەوە. بێگومان ژن لە ئەڵمانیاش وەک کوردستان لەسەر ئەوە دەکوژرێت کە ژنە، بەڵام بە پێچەوانەوەی پیاوی کوردەوە، ڕەهەندی پاراستنی شەرەف لای پیاوی ئەڵمان بوونی نییە. لای پیاوی کورد جگە لە پرسی دەسەڵات، کوشتنی ژن بە پاراستنی شەرەفی کۆمەڵایەتیی و سومعەی خێزان و بنەماڵە و پیاوەتیی پاساوی بۆدەهێنرێتەوە. لە ئەڵمانیا، بەپێچەوانەی کوردستانەوە، زۆرینەی کۆمەڵگا ئیدانەی ئەم دیاردەیە دەکات و بکوژ بە تاوانبار دەزانێت و لەڕووی یاساییشەوە هیچ پاساوێکی ئەخلاقیی، یان کولتووریی، یاخود ئایینیی بۆ ئەم تاوانانە جێگای قبوڵکردن نییە.
گەرچی هیچ شەرەفێکی ئایینی یان نەتەوەیی لە ژنکوشتندا نییە، بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگا پیاوسالارییەکانی هاوشێوەی کۆمەڵگای کوردییدا، بەناوی شەرەفەوە ئەنجامدەدەرێن. بەشێوەیەکی گشتیی لێکچوونێک لەنێوان دیاردەی کوشتنی شەرەف لە هەموو کۆمەڵگاکاندا بوونی هەیە، کە بریتین لە: یەکەم، پیاوێک یان چەند ئەندامێکی نێرینەی ناو خێزانەکە پێی هەڵدەسن، دووەم، تاوانەکە پلاندارێژراوە، واتە هیچ کاتێک بەشێوەیەکی عەفەوی ڕوونادات. سێیەم، بەشێوەیەکی گشتیی، پلان و کردەی ژنکوژیی لەلایەن خێزانەوە پشتیوانیی لێدەکرێت، یان لانی کەم ڕێگریی لێناکرێت. چوارەم، ژمارەیەکی زۆری ڕووداوی شەرەفکوژیی لەدوای جیابوونەوە ڕوودەدەن. پێنجەم، لە گەلێک حاڵەتدا قوربانییەکە تاوانباردەکرێت بەوەی ژیانێکی ڕۆژئاواییانە دەژیی و خیانەت لە بەها کولتوورییەکانی وڵاتەکەی دەکات و بەها ئایینییەکانی بریندار و پێشێلکردووە. هەموو ئەم خاڵانە لە نموونەی کوشتنی ماریا سامی و زۆرێکی تری دیاردەی ژنکوژیی لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت.
خەسڵەتە سەرەکییەکانی ژنکوژیی و کوشتن لەسەر شەرەف بریتیین لە: یەکەم، مافی خاوەندارێتیی. بڕیاری کوشتنی ژن لەلایەن پیاوەوە، ڕاستەوخۆ پابەندی ئەو پەیوەندییە ناتەندروستەی نێوان پێگە و مافەکانی ژن و پیاوە لە کۆمەڵگا. واتە پیاو ئەو بوونەوەرەیە کە خۆی بە سەروەر و ساحێبی ژن و منداڵ و ماڵ دەبینێت و مافی ڕەها بەخۆی دەدات ژن و منداڵەکەی وەک دیلی کۆمەڵایەتیی مامەڵەبکات و ئەشکەنجەیان بدات. لە خراپترین حاڵەتدا پیاو مافی کوشتنی ڕەگەزی مێیینەش، وەک خاوەنداری کۆیلەیەک، بە خۆی دەدات، چونکە وەک شتێک تەماشا و مامەڵەیدەکات، کە موڵکی شەخسیی ئەوە. دووەم، ڕقبوونەوە لە ژن. یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی تاوان بوونی ڕقە. ئەم ڕقە، تەنها ڕقێکی سایکۆلۆژیی نییە، بەڵکو ڕقێکی کۆمەڵایەتیی و جێندەرییە. ئەم ڕقە کۆمەڵایەتییە بەمانای ئەوە نا کە ژن سەر بە چینێکی کۆمەڵایەتیی جیاوازە، یان سەر بە ئەتنییەکی جیاواز و ئیمانداری ئاینێکی جیاوازە لە پیاو، بەڵکو ئەم ڕقە تەنها لەبەرئەوەیە کە ژنە. بە پوختیی، پیاو کە ژن دەکوژێت لەپشتییەوە رقێکی جێندەریی ئامادەیە کە بە „ژنبێزیی“ ناوزەدکراوە، چونکە ژن وەک بوونەوەرێکی نەفرەتلێکراو تەماشا و مامەڵەدەکات. سێهەم، لێسەندنەوەی مافی نەخشاندنی جۆری پەیوەندیی ژیان و دەستنیشانکردنی بەزۆری هاوسەر بۆ کچان و بەشوودانی پێش تەمەنی یاسایی و خستنەناو ژیانێکی سێکسوالیتیی ناتەندروست و توندوتیژەوە، کۆی ئەمانە سنووردارکردنی ئازادییەکانی ژن و پێشێلکردنێکی ڕەهای مافەکانی ڕەگەزی مێیە لەلایەن خێزانەوە. هەموو شکاندنێکی ئەم بازنە کۆمەڵایەتییە داخراوە و کرانەوەیەک بەڕوی ژیانێکی تر، لە زۆرینەی کاتەکاندا بە ئەشکەنجە و لە خراپترین حاڵەتیشدا بە سزای کوشتن کۆتایی دێت. لە کۆتاییدا کوشتنی ژن لەسەر شەرەف لە بونیادێکی پیاوسالارییدا ڕوودەدات کە دەسەڵاتی پیاو بەسەر ژندا جێگای پرسیار نییە و مشتومڕی لەسەر ناکرێت، بەڵکو دۆخێکی بەدیهیی کۆمەڵایەتیی قبووڵکراوە. هەرکاتێک ژن ویستی لەدەرەوەی وێناکردنی پیاو ژنێتیی خۆی بژی، لەناو پیاوانی خێزان و خزماندا دەخرێتە ژێر فشار و زەبروزەنگەوە. هەرکاتێکیش پیاو بەپێی ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان دەسەڵاتی بەسەر ژنەکەیدا نەما، پیاوەتیی خۆی لەدەستدەدات و وەک ناپیاو ناوزەد دەکرێت.
کردەی کوشتنی مێیینە یان فێمیساید لای پیاوی ژنکوژ، نە تاوانە و نە شەرم، بەڵکو وەک مافێکی ئایینی، کولتووریی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت یاساییش تەماشادەکرێت. واتە پیاو ئەو مافە بەخۆی دەدات، کەی بیەوێت و چۆنی بوێت ژنەکەی، خوشکەکەی یان دایکی بکوژێت و شەرەفی خۆی بکڕێتەوە. رێکەوت نییە کە لەماوەی تەنها یەک مانگدا پێنج ژن لە هەرێمی کوردستاندا دەکوژرێن. بەبۆچوونی من، بۆئەوەی وێنەی کۆمەڵگاکەمان لەوە زیاتر وێران نەبێت، دەبێت سنوورێکی تۆخ بۆ ئەم خوێنڕشتنەی ژنان و بێدەنگییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە کوشندەیە دابنرێت. بۆئەوەی کۆمەڵگای ئێمەش نەچێتە ڕیزی ئەو کۆمەڵگایانەی کە ژنکوژیی (فێمیساید) تیادا سەروەرە، دەبێت مانا و چەمکی شەرەف و پیاوەتیی و بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی ژیان و ئازادییەکانی تاک، دەستکاریی قووڵ بکرێن و ئیشی گەورەیان لەسەر بکرێت، چونکە نەنگییەکی نیشتیمانیی و شەرمێکی هێجگار گەورەیە گەر کۆمەڵگاکەمان بە تاوانی شەرەفکوژیی لە دونیادا بناسرێتەوە.
هەر بەو بۆنەیەوە من نازانم ئایا ئێس ئێم ئێسە سەرنجڕاکێشەکەی قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە ڕۆژی ژنان، گەیشتبووە دەزگای ئاساییشی سلێمانیی کە چەندە بێشەرمانە لە ڕۆژی هەشتی مارسدا، سەرەڕای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمیی، بێڕێزییەکی بێوێنەیان بەرامبەر بە ژنان و پیاوانی خۆپیشاندەر کرد و ڕێگرییان لە خۆیان و میدیاکان دەکرد. تەنها سووربوونی ڕێکخەران و خۆپیشاندەران لەسەر مافەکانیان، شەڕانگێزیی و پلانی ئەو ئەندامانەی دەزگای ئاساییشی پووچەڵکردەوە. لەوەش خراپتر، ئەو ئاساییشەی بە خۆپیشاندەرێکی پیاوی گوت، هەمووی خەتای کەسانی وەک ئێوەیە کە ژنان وایان بەسەردێت، واتە خەتای پیاوانی فێمێنیست و رێکخراوانی ژنانە کە ژنان بێئەخلاق دەبن و دەکوژرێن! نازانم ئەم پیاوە چەکدارە وەک هێزی جێبەجێکار چ ڕێزێک بۆ ناوەڕۆکی ئێس ئێم ئێسەکەی قوباد تاڵەبانی دادەنێت و چۆن تەماشای ئەو هەموو خانمە بەڕێزانەی دەکرد کە لەو خۆپیشاندانەدا ئامادەبوون. لەم دوانەش خراپتر نازانم مەسرور بارزانیی بە چ ئێتیکی ڕۆژنامەوانیی و مافێکی یاسایی ڕێگادەدات لە کەناڵی 24ەکەیەوە پروپاگەندەی میدیایی و پاساوی کۆمەڵایەتیی بۆ کوشتنی ماریا سامیی لە هەولێر بکرێت و چاوپێکەوتنێکی پڕ لە ڕێز و حورمەت لەگەڵ برابکوژەکەی ماریادا پەخشبکەن و ڕای گشتیی بە گێڕانەوەی حیکایەتی کوشتنێکی خوێنساردانە ڕابهێنن.