Draw Media

بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی لە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ

بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی لە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ

2022-03-15 08:50:07


شیكاری: درەو:

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا بڕی (151 ملیۆن) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕا تەنها بڕی (25) دۆلاری بۆ ماوەتەوەو بە کۆی گشتی کردوویەتیە (3 ملیار و 870 ملیۆن) دۆلار.
لە کاتێکدا هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەناردەی کردووە لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە هەناردەی کردبا نزیکەی سێ هێندە داهاتی دەست دەکەوت بە جۆرێک داهاتەکەی بریتی دەبوو لە (10 ملیار) دۆلار، ئەمە چۆن؟ وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەدا بەردەستە...

یەکەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پێش لێدەرکردنی خەرجییەکان)
بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا (151 ملیۆن و 211 هەزار) بەرمیل نەوتی بە بۆری نەوتی کوردستان و لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە هەناردە کردووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵەکەدا بریتی بووە لە (71) دۆلاری ئەمریکی، بەڵام حکومەتی هەرێم نەوتەکەی لە بازاڕدا (10 - 12) دۆلار کەمتر دەفرۆشێت بۆیە ئەو نرخانەی لە (خشتەی ژمارە (1)) دانراوە بە هەر بەرمیلێکی فرۆشراوی کوردستان بە تێکڕا (10) دۆلار کەمتر دانراوە لە نرخی نەوتی برێنت و حکومەتی هەرێم لە ساڵەکەدا تێکڕای بەرمیلێک نەوتی بە (61.01)دۆلار فرۆشتووە.
بۆیە دەبینین کۆی ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکەدا هەناردەی کردووە بەبێ هیچ خەرجیەک دەکاتە (9 ملیارو 214 ملیۆن و 343 هەزار و 860) دۆلاری ئەمریکی.
بەڵام ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە لە ساڵی (2021) لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی و کۆمپانیا بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە هەناردە بکرایە جیاوازییەکەی چی دەبوو؟
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ لە ساڵی (2021)دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (68.8) دۆلار فرۆشتووە، واتە، ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتوویەتی، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی بخستایە، بەهاکەی بریتی دەبوو لە (10 ملیارو 324 ملیۆن و 712 هەزار و 520) دۆلاری ئەمریکی، بەم پێیەش داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (1 ملیارو 110 ملیۆن و 368 هەزار و 660) دۆلاری ئەمریکی بە هەرزانتر فرۆشراوە لە ساڵی (2021)دا. بۆ وردەکاری تەواوی مانگەکانی ساڵی (2021) و جیاوازی داهات لە نێوان هەردوو ڕێگاکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)).

دووەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان)
بەپێی وتەی هەر یەک لە وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (58%)ی داهاتی نه‌وت ده‌درێت بە كۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی به‌رهه‌مهێنانی نەوت، بە جۆرێک (20%)ی داهات تێچووی ده‌رهێنانی نه‌وته (14%) شایسته‌ی كۆمپانیاكانه‌ و (6%)ی كرێی گواستنه‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ قه‌ره‌بووی قه‌رزه‌كانه‌.
بۆیە دوای لیدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەی نەوت و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی (151 ملیۆن و 211 هەزار) بەرمیل نەوت لە ساڵی (2021)دا دەکاتە (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار، واتە بە تێکڕا لە ماوەی ساڵەکەدا هەر بەرمیلێک نەوت تەنها (25.62) دۆلار ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر بنەمای هەمان گریمانەی پێشوو ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە، کۆمپانیا بەبازاڕ کردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردەی بکردایە، بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بەتێکڕا لە ساڵی (2021) دا حکومەتی هەرێم بڕی (42.76) دۆلاری بۆ دەمایەوەو بە کۆی گشتی دەیکردە (6 ملیارو 454 ملیۆن و 688 هەزار و 640) دۆلاری ئەمریکی.
بەمایەکی دیکە حکومەتی هەرێم لە بری (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار، نزیکەی سێ هێندەی ئەو بڕەی دەستدەکەوت کە بڕەکەی بریتی دەبوو لە (10 ملیار و 324 ملیۆن 712 هەزار و 520) دۆلاری لە فرۆشی نەوتی هەرێمەوە دەستدەکەوت. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) 


 

فرۆشی نەوت لە نێوان عیراق و هەرێمدا 
بەپێی داتاكانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگەكانی ساڵی (2021)، حكومەتی عێراق لە (1/1/2021 – 31/12/2021) بڕی (1 ملیار و 102 ملیۆن و 188 هەزار و 981) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی كۆمپانیا بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە، هەناردەی وڵاتانی دەرەوە كردووە،  كۆی ئەو داهاتەی حكومەتی عێراق لە فرۆشی نەوتەوە لەماوەی ناوبراودا دەستی كەوتووە، بریتی بووە لە (75 ملیار و 650 ملیۆن و 606 هەزار) دۆلار.
بە كۆی گشتی فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان (151 ملیۆن و 211 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵەكەدا هەناردەی كردووە بەبێ هیچ خەرجی و هەرزان فرۆشییەك دەكاتە (10 ملیارو 670 ملیۆن و 453 هەزار و 860) دۆلاری ئەمریكی، ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە  (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار بووە
بەو پێیەش ئەو داهاتەی  لە 2021 بۆ عێراق ماوەتەوە لە فرۆشی نەوت (75 ملیار و 650 ملیۆن و 606 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار بووە
بڕی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 2021دا (13%)ی كۆی بڕی فرۆشی نەوتی عێراق بووە، بەڵام داهاتەكەی (5%)ی بڕی داهاتی نەوتی عێراق بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە.
حكومەتی عێراق لە هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (68) دۆلاری بۆ ماوەتەوە، حكومەتی هەرێم لە هەر بەرمیلێك تەنیا (25) دۆلاری بۆ ماوەتەوە.
بەو پێیەش ئەگەر حكومەتی هەرێم بە سافی نەوتەكەی رادەستی سۆمۆ بكات، ئەوا بۆ هەر بەرمیلێك (43) دۆلاری زیاتر بۆ دەمایەوە، واتا لە ئێستادا كە خۆی نەوتەكەی دەفرۆشێت بۆ هەر بەرمیلێك (43) دۆلاری زیان كردووە .
واتا ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو بڕە نەوتەكەی كە لە 2021دا فرۆشتویەتی بڕەكەی (151 ملیۆن و 211 هەزار) بە نرخی سۆمۆ بیفرۆشتایە لە بری (3 ملیار) دۆلار (10 ملیار) دۆلاری بۆ دەمایەوە، واتا نزیكەی (7) ملیار دۆلار كەمتر داهاتی بۆ ماوەتەوە. 

 

ڕاپۆرتی پەیوەندیدار
-    لە (2021)دا داهاتی نەوتی عێراق ( 75 ملیار) دۆلار و هەرێم (4 ملیار) دۆلار بووە
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9857
-    فرۆش  و داهاتی نەوتی هەرێم لە 2021 دا 
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9584

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand