ناوی سەرۆكی زانكۆكان رادەگەیەندرێت
2022-02-12 16:42:55
درەو:
بڕیارە لەم هەفتەیەدا ناوی سەرۆكی زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی رابگەیەندرێت.
ماوەی نزیكەی دوومانگە چاوپێكەوتنی ئەو كەسانە كراوە كە سیڤیان پڕكردووەتەوە بۆ سەرۆكی زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی، و بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجامەكەی رادەگەیەندرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژەینەوەی زانستی لە 5ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو گۆڕینی سەرۆكی پێنج زانكۆی دەڤەری سلێمانی راگەیاند زانكۆكانی (سلێمانی، پۆلیتەكنیك، چەرمۆ، راپەڕین، دەستەی كوردستانی) و لە رۆژانی 14 و 15ی مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو لە لایەن لیژنەیەكی باڵاوە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانەدا كرا كە سیڤیان پێشكەشكردبوو، لیژنە باڵاكە بۆ هەر پۆستێك ناوی (3) كەسیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێستادا ناوەكان یەكلاكراونەتەوە، بەڵام هێشتا نازاندرێت لەو سێ كەسەی كە لەلایەن لیژنە باڵاكەوە بڕیاری لێدراوە كێ یەكلاكراوەتەوە، بەڵام (درەو) زانیویەتی كە:
بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی:
لە نێوان د. كۆسار محەمەد و د. عەلی قادر، بە ئەگەری زۆر (د. كۆسار محەمەد) دیاری كراوە.
بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ:
لە نێوان د. ئاراس فەریق زەینەڵ و د. ئەیوب خەسەرەو، بە ئەگەری زۆر (د. ئاراس فەریق زەینەڵ) دیاری كراوە.
بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی:
لە نێوان د. هۆشیار عەبدولڕەحمان و د. دانا ئەحمەد، بە ئەگەری زۆر (د. هۆشیار عەبدولڕەحمان) دیاری كراوە
بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی كوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتیژیی و توێژینەوەی زانستیی:
لە نێوان د. فەرەیدون عەبدولستار و د. كاوە عەبدوڵا، بە ئەگەری زۆر (د. فەرەیدون عەبدولستار) دیاری كراوە.
سەرۆكی ئەو زانكۆیانەی بڕیاری گۆڕینیاندراوە:
د. ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
د. مۆفەق خالید سەرۆكی زانكۆی راپەڕین
د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی
د. پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی
د. سەڵاح رەزا سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ
راپۆرتی پەیوەندیدار
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9340