Draw Media

شینی تەقەڵەکان و شینی ژەهرەکە!

شینی تەقەڵەکان و شینی ژەهرەکە!

2021-10-31 13:03:40


حوسێن عه‌لی شه‌ریف

کاتێک ئێمە گەشتینە گوندەکە، شەڕەکە بە تەواوەتی کۆتایی هاتبوو. بەرەی ئەمبەری چەمەکە لەبن دار توەکەی ماڵ نامیقی سمایلدا دانیشتبوون و بەرەی ئەوبەری چەمەکەش لەبن کەپرەکەی ماڵ خولەی میمکە ئامادە جەمیان بەستبوو.

ئێمە هەر کە لە کۆستەرەکە دابەزین، یەسوی لالە کاکەوڵا کردی بە کلکە خاکەنازێکدا و هاواریکرد: قەسەم وە یەک ڕەنگی خوا تا خوێنێ نەڕژێنم واز نایەرم.

یەسوو بجکۆلەیەکی گەڕی سیسەڵەبوو، بەڵام لەهەر شەڕێکدا کە بەشداری ئەکرد یەخەی گەورەترین و بەهێزترین پیاوی ئەگرت، ئیتر هەمیشە تێهەڵدراو  بوو.

عەبەی مامەم ڕویکردە یەسو و گوتی: دانیشە سڵاواتی لیبدەن ئێوە خزمی یەکن عەیبە!

ئەویش گوتی: بەخوا خزم لای من ناخوات و زۆریشم داوە لە نامیقی حەمەی سڵە، بەس حەزئەکەم دوو سێ شەقی تریشی تێهەڵدەم!

منیش گوتم: وەڵا دیارە بە سەری شکاوت و سنگی دادڕاوت و چاوی وە قۆخ کریاوتا دیارە کە زۆرت لێداوە!

ئێمە خزمەکانی خۆمان سواری کۆستەرەکە کرد و حەمەی مامەسەن و نامیقی قالەبێکەسیش خزمەکانی خۆیان سواری تراکتۆرەکەی عەلی ئەسحەو کردئەڵبەتە ئێمە زوتر گەشتینە مەرکەزی پۆلیس و لەوێ دەعوامان لەسەر جەماعەتی ئەوبەری چەمەکە قەیدکردلەمەرکەزی پۆلیس داوای تەقریر طوبیان کرد بۆئەوەی قەبارەی زیان و برینەکان بزانن.

کە چوینە خەستەخانەکە، فەوزایەکمان دروستکرد کەس لەکەس تێنەئەگەشتهەرچۆنبوو دکتۆر بەختیار پشکنینی بۆ هەمویان کرد و گوتی بەمن: با ئەوان لەدەرەوە چاوەڕێ بکەن و تۆ بمێنێرەوە بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرتەکاندوای ئەوە ڕاپۆرتەکانم وەرگرتەوە، هاتمە ناو جەماعەت بۆئەوەی هەرکەسە و ڕاپۆرتی خۆی بدەمێ بەدەنگی بەرز کەوتمە خوێندنەوەی ناوەکان.

فەیمە کاکەوڵا مرادئەلی:  ئەوە منم بومە قوروانەکە و چیم بۆ نوسریاوە؟

منیش گوتم  نوسراوە، سەری شکاوە بە ئەندازەی چوار تەقەڵ!

عەبدولڕەحمان نەسەرەدین فڵامەرز، بەڵی منم: نوسراوە سەری شکاوە بە ئەندازەی پێنج تەقەڵ.

یەسو سمایل ناوخاس، بەڵی: نوسراوە سەری شکاوە بەئەندازەی حەڤدە تەقەڵ و سنگیشی بەئەندازەی بیست و یەک تەقەڵ دڕاوە،، نازانم ئەو ماڵوێرانە شەڕی لەگەڵ پڵنگدا کردبوو یان بەشەر!

عەینە سمایل فەرەج، سەری شکاوە بە ئەندازەی حەوت تەقەڵ، ئیتر بەمشێوە هەرکەسە و ڕاپۆرتی خۆیم دایە دەستی تاسەرە گەشتە سەر مامە عەوڵای ئەحە چەقەڵ.

عەبدوڵا ئەحمەد فڵامەرز، ئا هالمەئەیرە چیم بۆ نوسریاوە؟ وەڵا نوسراوە گیانی کوتراوە و  ئازاری پێگەشتوە!

هەر لەگەڵ وامگوت مامە عەوڵا هاواریکرد: ئەی تەقەڵ؟!

منیش گوتم: وەڵا تەقەڵیان بۆ نەنوسیویت!

ئەویش گوتی: وە مەزەوێ پیاوی پێ کافرئەوێ، لەم خەستەخانە ناڕۆمە دەرۆ هەتا تەقەڵیش بۆ من نەنوسن، وە ڕیشی شاعوسمانی دووڕوە من لە گشتیان زیاتر کوتەکم خواردوە کەچی ئیساکانێ گەرەکیانە تەقەڵم بۆ نەنوسن.

توبای سالەی نامیقە مژە کە بەدەستێک ڕاپۆرتەکەی خۆی گرتبوو بە دەستیکیشی مەمکە ڕەش و درێژەکەی خستبوە دەمی مناڵێکەوە هاواریکرد:

وەڵا ڕاسەکا مامە عەوڵا لە گشتمان زیاتر لێدانی خواردگە، فەقیرە تەقەڵیشیان بۆ نەنوسیگە!

منیش گوتم: دەی تۆ دوو تەقەڵ لەوەی خۆتی بدەرێ کە ئەزانی گوناهە!

کەچی دەمی ڕائەوەشاند و ئەیگوت: وەڵا تەقەڵی خۆم نادەمە باوکیشم خۆ بەلاشخانە نیە، من بۆ بیدەمێ ئەی یەسو بۆ نایداتێ خۆ بەشی حەوت کەس تەقەڵیان بۆ نوسیوە!

شەڕەکە لەسەر نۆرەی ئاوی باخ ڕویدابوو، مامە عەوڵاش وایئەزانی کە حکومەت بەپێی ژمارەی تەقەڵەکان قەرەبویان بۆ ئەکاتەوە بۆیە شەڕی تەقەڵی ئەکرد.

ئێستا مەسەلەی ژەهرەکەش خەریکە وەک مەسەلەی تەقەڵەکانی لێدێت، هەرکەس هەڵئەسێت و شینی ژەهرخواردن ئەکات!

ئەمدێت ئەڵێت منیش و ئەویش دێت ئەڵێت بەخوا منیش!

جیاوازیەکە ئەوەیە کە تەقەڵەکانی فەیمە و مامە عەبە و یەسو هیچ قەرەبویەکی بەدوادا نەئەهات، بەڵام جەماعەتی ژەهرەکە باش ئەزانن کە هەرکەس ژەهرخواردنی لە راپۆرتەکەدا بۆ بنوسن، نانی ئەکەوێتە ڕۆن و بۆ هەتا هەتایە ژیانی مسۆگەرئەبێت، هەربۆیە گشتی هاوارئەکات:

ئەیهاوار منیش ژەهرخوارد کرام!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand