گەورەیی ئەوان و بچووکی ئەردۆغان
2021-11-03 16:28:29
هیوا سەید سەلیم
دوابەدوایی بەشداریان لە کۆڕبەندی لوتکەی G20، کە لە کۆتا رۆژەکانی مانگی رابردوو لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەسترا، رۆژی دووشەمە 31 ئۆکتۆبەری 2021 ، زۆربەی سەرکردی وڵاتانی بەشدار لەو کۆربەندە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفراسی نەتەوەیەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا بەرەو شاری گلاسکۆی ئوسکوتلەندا بەڕێکەوتن.
شایانی باسە تاکە سەرۆک کە بە هۆکارێکی زۆر سەیر بایکۆتی کۆنفراسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە گلاسکۆ کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و شاندی یاوەری بوون.
ئەردۆغان، بە بیانووی ئەوەی تیمی پڕۆتۆکۆلی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئەرکی رێکخستنی کۆنفراسەکەیان لە ئەستۆ بووە، ژمارەی کاروانی سەیارەکانی کەم کردۆتەوە، هەڵوێست وەردەگرێت و توڕە دەبێت، بە بێ ئەوەی بەشداری لەو کۆنفڕاسە گرنگە بکات و یەکسەر دەگەڕێتەوە تورکیا.
ئەم هەڵوێستەی ئەردۆغان لە کاتێک دایە کە تورکیا لە هاوینی ئەمساڵ یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە بەهۆی سووتانی دارستانەکانی زەرەو زیانێکی زۆری بەرکەوت، ئاگری دارستانەکانیشی لێکەوتەی خراپی بۆ کەشوهەوا ناوچەکە و جیهان دانا، بۆیە بەشداریکردنی ئەردۆغان لەو کۆنفڕاسە گرنگی خۆی دەبوو.
پێویستە بووترێت، ئەردۆغان یەکێک لەو سەرۆکە سەرەڕۆیانەی جیهانە کە نەک باکی بە چارەسەری قەیرانە جیهانیەکان نیە، بەڵکوو وەک چۆن لە پرسی تیرۆر کە دیاردەیەکی جیهانیە پشتیوانی لە گروپە تیرۆرستیەکان دەکات، بەهەمان شێوەش سیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی هۆکارن بۆ تێکدانی ژینگە و کەشوهەوا.
بۆیە دەبینین کە هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەیە ئەردۆغان نەک هەر ناچێت لە کۆنفراسێک ببێتە بەشێک لە چارەسەر بۆ کارەساتێکی ژینگەی، بەڵکوو گەڕانەوەی لە رۆما بەو پەلە پەلیە پەیوەندی بە پلانی ئامادەسازی وڵاتەکەی هەبوو بۆ پەلاماردانە سەر رۆژئاویی کوردستان.
جێگای ئاماژەیە کە سیاسەتەکانی ئەردۆغان بەشێکە لە تێکدانی کەشوهەوا، چونکە بینیمان لە کاتی داگیرکردنی سوپاکەی چۆن لە عەفرین ئەو دار زەیتونانەی تەمەنیان بە دەیان ساڵ دەبوو لە ڕەگەوە لە لایەن سوپاکەی دەردەهێنران، بەشێکی دار زەیتونەکانیان بەڕەگەوە لە سەر پشتی بارهەڵگرەکان گواستەوە بۆ تورکیا.
هەر ئەمساڵیش لە ئۆپڕاسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی مەتین و ئاڤاشێن لە باشوری کوردستان، سوپا داگیرکەرەکەی تورکیا داربەڕوەکانی ئەو ناوچانەیان بڕی، وە بەبەرچاوی ڕای گشتی ئەو دارانەیان گواستەوە بۆ بازاڕەکانی تورکیا.
سوپای تورکیا بەو هێرش و پەلامارانەیەن بۆسەر خاکی کوردستان لە باشوور و رۆژهەڵات، ژینگەی ئەو ناوچەیان شێواند، قسەش هەیە کە سوپای تورکیا بۆ پاشەکشێ پێکردنی گەریلا لە دوایین ئۆپراسیۆنی پەنای بۆ چەکی کیمیاوی بردبێت.
ئەو چەکەی کە بەکارهێنانی لەسەر ئاستی جیهانی قەدەغەکراوە، تورکیاش واژۆی لەسەر رێکەوتنامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی کردووە.
جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە کە کاتێک دەبینین سەرکردە گەورەکانی جیهان خۆیان لە غەمی قەیرانە جیهانیەکان دان.
بۆ نموونە سەرۆکێکی وەک جۆ بایدن، سەرۆکی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە وڵاتەکەی لە سەرجەم بوارەکاندا پێشەنگایەتی جیهان دەکات، دێت لە میانەی کۆنفراسی گلاسکۆ داوای لێبووردن لە ڕای گشتی جیهان دەکات، بەوەی وڵاتەکەی لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆنالد ترەمپ لە رێکەوتنامەی پاریس بۆ ژینگە کشاوەتەوە.
شایانی باسە ترەمپ هاوشێوەی ئێستای سیاسەتەکانی ئەردۆغان، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا زۆر باکی بە چارەسەری قەیرانە جیهانیەکان نەبوو، بۆیە ساڵی 2017 کشانەوەی ولاتەکەی لە رێکەوتنامەی پاریس راگەیاند.
کەچی جۆ بایدن، نەک دوای دەرچوونی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەو بڕیارەی تڕەمپ دایبووی هەڵوەشاندەوە، بگرە دێت لەبەرامبەر سیاسەتی سەڕەڕۆیانەی سەرۆکی پێش خۆی داوای لێبووردن لە ڕای گشتی جیهانی دەکات. جا بۆیە دەڵێین ئەوەیە گەورەیی ئەوان و بچووکی ئەردۆغان، کە چۆن کەمکردنەوەی کاروانی سەیارەکانی دەکاتە بیانووی بایکۆتکردنی کۆنفراسی گلاسکۆ.