(سێ پرس)
2021-11-05 10:40:37
عهبدولڕهزاق شهریف
- پرسی دەستور
یەک دەنگی نەخێری ئاڵتونی (نوری تاڵەبانی) کە خۆی سەرۆکی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان بو، بەس بو بۆ ئەوەی رەتبکرێتەوەو نەخرێتە راپرسییەوە، چونکە ئەو وتی: ئەم رەشنوسەی لەپەرلەمانا خوێندرایەوە، دەستکاریکراوە، ئەوە نیە کە ئێمە وەک لیژنە ئیقرارمانکردوە..!
نوسینەوەی دەستورو خستنە راپرسی و تێپەڕاندنی، وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و دۆکیومێنتێکی پێکەوەیی کۆمەڵی کوردەواری لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەبێت بە گرنگترین کارو پێویستی خەڵک.
بۆ ئەوەی بەدەنگەوە هاتن، پابەندبون و کاریگەری هەبێت پێویستی بە کۆدەنگی فراوان و زۆرینە هەیە. لەم قۆناغەدا، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و بەوانەشەوە کە هەریەک بەرێژەی خۆی لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیان هەیە، بەراورد بە رێژەی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی مانگی رابردو، نیوە کەمتری رێژەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان پێک ئەهێنن. بۆیە ناتوانن و بۆیان نیە لەم قۆناغەدا، رەشنوسی دەستورێک بنوسنەوە و بیسەپێنن، لە کاتێکدا، هەڵپەی فرسەتی تەنیا حیزبێک بە ئاشکرا دیارەو هەژمونی ئەویش بەهۆی جڵەوی حوکمدارییەوە، بەسەر حیزبەکانیتردا، دیارتر ...
دواخستنی ئەو پرسە گرنگەو هەواڵەکردنی بە خولی پەرلەمانی ئایندە، کە نیوە ساڵێکی کەمی ماوە، باشترین خزمەتەو زەمینەی متمانەش لای خەڵکی هەرێم ئەرەخسێنێ.
- پرسی نەوەی نوێ
لەگەڵ دروستبونیدا، وەک هێزێکی رادیکالی بەرەنگاری دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم دەرکەوت، لە ئێوارەی یەکەم بونەوە، رەونەقی خەرمانەی مانگی (نەوەی نوێ) لە ناو ناخی خەڵکی هەرێمی کوردستانا نەخشا.
بەرگری و بەگژاچونەوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە کایەی سیاسیدا، کۆڵنەدان و بەردەوامی ئەوان، ئەفسونێکی رۆمانسی بە گەنجان و لاوان بەخشیوە، نهێنی ئیرادەو توانای گەنجێکی سەرۆکی ئەو جوڵانەوەیەش ئەفسونێکی زیاتر...
هەرچەندە بەراورد بە حیزبە ئۆپزسیۆن و نارازییەکانیتر لە هەرێم، کات و شوێن، تەنانەت پشتیوانی هەمەلایەنە، کەمتر لە خزمەتی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)دا بوە ! کەچی ئەم بەخێراییەکی قیاسی هەمو ئەوانەی پێش خۆی تێپەڕاند. ترس لە ئایندەو هەژمونی فیکری سیاسی تەقلیدی، روبەرێکی فراوانی بیرکردنەوەی نوخبەی جیاوازو کادرو سەرکردەکانی حیزبەکانی لە کوردستانا داگیرکردوە، بۆیە ئەوان ئایندەیەکی رۆشن بۆ جوڵانەوەکە نابینن ! وەک ئەوەی ئێمەومانان ئەیبینین.
- پرسی لاهور
پێشترو هەمو هەوڵەکان بۆ رێککەوتنی هەردو هاوسەرۆک شکستی هێنا، هەرچەندە هەردولا بەرامبەر جێبەجێکردنی داواکاری یەکتری ئامادەی ئیمزاکردنی لاپەڕەیەکی سپی بون، بافڵ لەبری دەستلەکارکێشانەوەی لاهورو ئەمیشیان بەرامبەر لەیەکێتیدا مانەوە، بەڵام رایەڵەی خوێن و نامەگۆڕینەوە و شۆخیکردنی نێوانیان لەدوای روداوەکانی هەشتی تەموز هەردوکیانی سەرمەست و سەربەست کردبو ..! نەیانکرد .
دوای فەرمانی وەدەرنانی لاهورو هاوڕێکانی حەتمەن ئەوانەشی بەدوادادێ کە کڕاونەتەوە ! یان گەڕاونەتەوە، ئنجا گرێوگۆڵی ناو پاشماوەکەی (ی ن ک) ئاڵۆزتر ئەبێت، ئەوان مەحکومن بە راگەیاندنی کۆتایی هاتنی یەکێتی وەک حیزبێکی سیاسی لە کوردستانا، بەڵام چۆن و، کەی ؟؟ ئەبێ دوعای خێریان بۆ بکەین.