ئاڵا

Draw Media

2021-11-24 20:31:10



ئاسۆس هەردی 

رۆژی ٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٦ (سیدنی ستریت) کە چالاکوانێکی مەدەنیی رەش پێست دەبێت، لە رادیۆوە دەبیستێت یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی داکۆکیکار لە مافی ئەمەریکییە بە رەچەڵەک ئەفریقییەکان بە ناوی (جەیمس مێریدیت)، بە قەنناس تەقەی لێکراوەو هەوڵی کوشتنی دراوە. ئەم هەواڵە زۆر بێزارو تووڕەی دەکات. لەبەر خۆیەوە دەڵێت: دیارە "بە باشی نەیانپاراستووە". لە چەکمەجەی مێزەکەیدا ئاڵایەکی ئەمەریکای هەڵگرتووە کە لە بۆنە نیشتمانییەکاندا بە شانازییەوە هەڵیدەکرد. دەری دەهێنێت و دەچێت لە چوارڕیانێکی قەرەباڵغدا بە بەر چاوی خەڵکەوە دەیسووتێنێت. پۆلیسێک لێی نزیک دەبێتەوەو گوێی لە سیدنی دەبێت کە لەبەرخۆیەوە دەڵێت: "پێویستمان بە ئاڵایەکی نەفرەت لێکراو نیە". پۆلیسەکە لێی دەپرسێت: "ئاڵاکە هی خۆتە؟"، لە وەڵامدا دەڵێت: "بەڵێ هی خۆمەو سووتاندم. ئەگەر رێگە بدەن مێریدیت وای لێبکرێت، ئیتر ئاڵای ئەمەریکامان بۆچیە؟!"
لەسەر ئەو رووداوە دادگا بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمەریکاو سووتاندنی، سیدنی حوکم دەدات. سیدنی لە دادگای باڵا داوای پێداچوونەوەو هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە دەکات. دادگای باڵا بڕیارەکە هەڵدەوەشێنێتەوەو دەڵێت "ناکرێت سیدنی لەسەر ئەو قسانە ئیدانە بکرێت کە لە دۆخی (شۆک بوون)دا کردوونی... چونکە بەپێی دەستوورەکەمان نابێ رێگە لە دەربڕینی بیروڕا بگیرێت تەنها لەبەر ئەوەی هەندێک لەوانەی گوێیان لەو بیروڕایە دەبێت پێیان ناخۆشە". بە واتایەکی تر، بە لەبەرچاوگرتنی سیاقی رووداوەکە، دادگای باڵا وەک سووکایەتی بە ئاڵای ئەمەریکا لەقەڵەمی نادات، بەڵکو وەک شێوازێک لە ناڕەزایی دەربڕین دژی هەوڵی کوشتنی چالاکوانەکە دەیبینێ. وەک ئەوە وایە سیدنی ناڕاستەوخۆ پێی وتبین، دەبێ ئەم ئاڵایە رەمزی پاراستنی ژیان و کەرامەتمان و، ماف و ئازادییەکانمان بێت. ئەگەر وا نەبێت بۆچیمانە؟
لە کوردستانیش نزیکەی سێ چارەکە سەدە لە مەوبەر، فایەق بێکەس دەیگوت:
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوودڵن پیسن لەناویەک بۆیە وا بێ لانەیە...هتد.
کەس هەیە جورئەت بکات بەو نیشتمانپەروەرە گەورەیەی کورد بڵێت سووکایەتی بە نەتەوەی کورد کردووە؟ ئاشکرایە بێکەس هەموو تەمەنی خۆی لە پێناوی نەتەوەکەی و مافەکانیدا بەختکرد. بە ژیان و گوزەرانی خۆیشی باجەکەی دا. ئەو شیعرە بەرهەمی تووڕەیی و بێزاریی خۆیەتی لە دۆخی پەرتەوازەیی و دواکەوتوویی میللەتەکەی. لە راستیدا بێکەس دەیەوێ پێمان بڵێ تا واز لە خۆخۆری، پارچەپارچەیی، قسەی بێ کردارو عەقلییەتی دواکەوتووی خۆتان نەهێنن، "ئەبەد ناگەن بە مەقسەد".
بە کورتی، دەرهێنانی قسەو کردارەکان لە سیاقی خۆیان و یاریکردن بە سۆزو عاتیفەی خەڵک، ئەگەر هەوڵی چەواشەکردنێکی مەبەستداریش نەبێت، ئەوا بێگومان سادەگۆییەکە تووشی هەڵەی گەورەمان دەکات. وامان لێدەکات حوکمی هەڵە بدەین و ستەم لە خەڵک بکەین.
تێبینی: ئەو وێنەیەی بڵاوکرایەوە کە گوایە خۆپیشاندەران سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکەن، درکەت کۆنەو پێچەوانەکەیشی راستە. ئەو گەنجانە ئاڵاکە کۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەی کەس بەسەریدا نەڕوات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand