با دەستی خوێندكارانی زانكۆ ماچ بكەین!
2021-11-23 10:23:45
ژوان ئهحمهد
ئەمڕۆ خوێندكارانی ناڕازیی زانكۆی سلێمانی ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو تیایدا جوانترین داواكاریان نوسیوە كە هی ئەوەیە یەك بە یەكی ئێمە. دایك و باوكانیان، ئەوانەی خەمی ئەم وڵاتەیانە، دەستیان ماچ بكەین.
خوێندكاران دەڵێن:
- ئەم خۆپیشاندانانە بۆ دەرماڵە نین، دەرماڵە دواین شتە كە ئێمە داوای دەكەین، ئەم خۆپیشاندانانە بۆ گەڕاندنەوەی شكۆیە بۆ زانكۆو خوێندكاری زانكۆ.
"وامان لێهاتوە شەرم بكەین بڵێین لەزانكۆ دەخوێنین".
بەڵێ، زانكۆ شكۆی نەماوە، زانكۆ بوهتە مەفقەسێكی خراپ بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی نەزان و جاهیل، بوهتە شوێنی پێدانی بڕوانامە بە هەموو كەسێك كە شایەنیشی نیە.
ئەم وڵاتە پڕ بووە لە زانكۆ، بەڵام ئەم هەموو زانكۆیە نەیتوانیوە تۆزقاڵێك مەعریفەی خەڵك بەرز بكاتەوە... دەیان زانكۆو كۆلێژ دروست كراون كەچی رۆژ بە رۆژ نەخوێندەواری و جەهالەت و دواكەوتویی و كۆنەپارێزی زیاتر برەو و تاو دەسێنێت.
خوێندكاران دەڵێن:
- ئامانجی ئێمە گەڕاندنەوەی شكۆی زانكۆیە، ، مانای چیە خوێندكارێك چوارساڵ خۆی هیلاك بكاتو لەیەكەمەكان بێتو كەچی لەكۆتایی ساڵدا حزب دێتو یەكەمەكان دیاریدەكات.
مانای چییە خوێندكارێك لەبەرامبەر ناڕازیبونی لەم گەندەڵییە دهیخەنو نایەڵن دەربچێت؟
مانای چییە ماستەرو دكتۆراكان بۆ خوێندكارە حزبیەكانەو خوێندكارێكیش كە بەڕەنجی خۆی نمرەی هێناوە تورێكی قوڕاویشی بەرناكەوێت.
ئێمە لەشەقو چەكەكانتان ناترسین، بەڵكو لەمانەوەمان لەم دۆخەدا ئەترسین.
هەموو ئەوانە دروستە، ستەمی گەورە دەكرێت لە خوێندكاران، زۆر تەلەبەی ژیرو پابەند دەخرێنە دواوە، زۆر دەبەنگ و گەمژەش هەیە نەك لەبەر حزب، بەڵكو لەبەر حساباتی دیكە، پێش دەخرێت، هەموو كارێكی بۆ مەیسەر دەكرێت، بۆیە دەبێت كۆتایی پێ بێت.
ئەوەی خوێندكاران نەیانوتوەو ئەبێت ئێمە بیڵێین:
- من خوێندكاری زانكۆ بوم و لەوانە خەمتر و شەرمهێنترم بینیوەو ئێستاش دەیبینم، كاتێتی دەستی ئەم خوێندكارانە ماچ بكەین چونكە ئەوەی ئەگەر ئەوان چاكی دەكەن، عەیامێكە ئێمە دەستەوەستان بوین لە بەرامبەری.
- بەڵێ لەناو زانكۆ و پەیمانگاكانمان، دەیان مامۆستا ئیستیغلالی خوێندكارەكانی دەكهن، خرۆشی خۆی و حەزە سێكسیەكانی تێردەكات و لەبەرامبەردا خوێندكارەكان بە ناچاری دەكات بە كۆیلەی سێكسی.
- بەڵێ لە زانكۆدا، ڕاگری كۆلێژ هەیە، ئابڕوچونێكی گەورەی هەیە، لیژنەی لەسەر گیراوە، كەچی وەك ئەوەی نە بای دیبێت نە بۆران، ئێستاش لە پێگەی خۆیایەتی.
- لەمانە خەمتر، دەیان گەنجی خوێندەوارمان هەیە كارێكی دەست ناكەوێ، سەدان دەبەنگیش دەبینین لە زانكۆكان كراون بە مامۆستا بێ ئەوەی سەرە واوێك لە مێشكیانا بێت.
- كەم نین ئەو سەرۆك زانكۆ و راگری كۆلێژو سەرۆك بەشیانەی ملكەچ و كۆیلە و دەربارن.
- سەدان مامۆستای گەمژە هەیە، لە زانكۆكانی دەرەوە بە پارە بروانامەی كڕیوەو بەدەست هێناوە، ئێستا لەبری زانست، ژەهر دەكاتە مێشكی گەنجەكانمانەوە. تۆیەك لە وڵاتانی عەرەبی بروانامەت هێناوە، چۆنە عەرەبی نازانیت؟ تۆیەك لە بەریتانیا و وڵاتانی دیكە بە زمانی ئینگلیزی بڕوانامەت هێناوە، چۆن ئینگلیزی نازانیت؟
- لە سایەی ئەوانەوە، لەمێژە وتومە ئێستا زانكۆ بووە بە كافتریاو باخچەیەكی گشتی شار.
بۆیە بۆ دەرماڵە رەنگە ئاهێكی تیا بێت و بڵێین ئاساییە گەر پشتیوانی خوێندكار نەكەین، بەڵام بۆ ئەم داوا ڕەوا و نیشتمانیانە، نەك پشتیوانی، هی ئەوەیە دەستیان ماچ بكەین.