نەبوونی حکومڕانی باش و لێکەوتەکانی
2021-11-25 10:44:47
رێباز جوامێر
حوکمڕانی باش چەمکێکە لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و دامەزراوەکانی بە ئاڕاستەیەکی دروستکردنی پایە سەرەکیەکانی خزمەتگوزاری یەکسان بۆ هاوڵاتیان پێناسە دەکرێت. حکومڕانی باش پابەندە بە دروستکردنی سیستمێک کە دادپەروەرە وە دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕێزی مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکانی تاک ئەپارێزێت.
چەند فاکتەرێک هەیە کە دیاریکەری شێوازی حکومڕانی لە خۆ دەگرێت لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتداریدا کە بریتین لە:
بەشداری کردن: بەشداری کردنی هاوڵاتیان وە دادپەروەری گشتگیر باڵبکێشێت بەسەر بڕیارە گرنگەکانی حکومڕانی. بە مانایەکی تر بەشداریکردن پێویستی بەوەیە کە هەموو گروپەکانی کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ نوێنەریان هەبێت بۆ سیستمەکانی حکومەت ئەمە وەک کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز و هاونیشتمانی بەئازادیی و دەربڕینی بیروو بۆچونەکانی دەردەبڕێت.
پاراستنی شکۆی یاسا: یاسا واتە ڕێکخستنەوەی کارەکانی دادگا کە پەیڕەو بکرێت بەسەر هەر تاک و گروپێک دا بە بێ جیاوازی. شێوازی کارەکانی لەلایەن سیستمە یاساییە بێلایەنەکانەوە کە پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکانی هەموو هاوڵاتیان دەکات ئەمەش لەلایەن لقێکی دادوەری سەربەخۆوە و هێزێکی پۆلیسی ئازاد دەستنیشان دەکرێت.
هەبوونی شەفافیەت: شەفافیەت بەو مانایە دێت کە هاوڵاتیان تێدەگەن و دەستگەیشتنیان بەو شێواز و زانیاریانە هەیە کە حکومەت بڕیارەکانی لێوە دەدات، بەتایبەتی ئەگەر ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەبێت. ئەم زانیاریانە پێویستە بە فۆرماتێکی تێگەیشتوو و بەردەست دابین بکرێت، بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕێگەی میدیاوە بگوازرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.
وەڵامدانەوەی داواکاریەکان: وەرگرتنەوەی وەڵام واتە بە هەند وەرگرتنی هاوڵاتیان وە هەوڵدان بۆ تێگەیشتنی کارو دەرئەنجامەکان. ئەمەش ئەوە لەخۆ دەگرێت کە دامەزراوەکانی دەوڵات لە چوارچێوەی کاتی گونجاودا وەڵامی بەشدارەکانیان دەدەنەوە.
هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی: ئەم فاکتەرە ئاماژە بە دامەزراوەکان دەکات کە لە کۆتاییدا لە بەرامبەر هەر تاکێکی کۆمەڵگە بەرپرسیارن. ئەمە دەزگاکانی حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت دەگرێتەوە کە هەمویان بەرپرسیارن لە یەکتری.
کاریگەر و کارامەیی: ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەردەوامی سەرچاوەکان بۆ دابین کردنی پێویستیەکانی کۆمەڵگا پەرە پێدەدات. ڕایی کردنی کارەکان بە شێوازکی کاریگەر و بە کاتێکی کەم بەڕێوە ببرێن کە بگونجێت لەژێر سەقفی داواکاریەکانی هاوڵاتیان.
پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کە ئایا تاکو چەند حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم فاکتەرانەی بە هەند وەرگرتووە و کاری لەسەر دەکات!
بەهەند وەرنەگرتنی بەشداری هاوڵاتیان لە دانانی بودجەی جێگرەوە کە هاوڵاتیان تیایدا بەشدار دەبن. بودجەی جێگرەوە بریتیە لە وەرگرتنی داواکاری هاوڵاتیان بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەکان. لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی میکانیزمەکانی دارشتنی بودجەی بەکاربەر و بودجەی وەبەرهێنان کە هەر دوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی بەو یٔەرکە هەڵدەستن کە ساڵانە ئامادە دەکرێت بە شێوازێکی کلاسیکی کۆن و لێکدانەوەی بابەتیانەی بۆ ناکرێت. زۆر پێویستە بودجەی جێگرەوە هەبێت کە هاوڵاتیان تیایدا بەشدار ببن لە ئاستی داواکاری تاک و گروپ و کۆمەڵگە وە بە پێی جوگرافیا و دیمۆگرافی خواستی هەر شارو ناوچەیەک بنەماکانی بودجە ئامادە بکرێت. وە لە هەمان کات دا پرۆژەکان لەسەر بنەمای (Feasibility Study) لێکۆڵینەوەی گونجاو هەڵبژێرێن و لە بودجەی گشتیدا جێی بکرێتەوە نەک لەسەر بنەمای ناوچەگەرێتی و زاڵبوونی نفوسی حیزبی کە تاکو ئێستا بەربڵاوە.
نەبوونی شەفیافیەت لە داهاتەکانی نەوت، خاڵەسنوریەکان، داهاتەکانی تری وەزارەتەکان. ئەمە گەورەترین و بەربڵاوترین هەواڵە کە ڕۆژانە هاوڵاتیان لەسەر زاریانە و کە داوای شەفادیەت دەکەن کە داهاتی گشتی ئەم هەرێمە دیار نیە!
کە هاوڵاتی داواکاری سەرەتایی هەیە بۆ زانینی داهاتەکان حکومەت ڕێگری دەکات لە ئاشکرابوونی داهاتەکان وە بگرە ئەندام پەرلەمان و ڕۆژنامەنوسان ناتوانن زانیاری دروست وەربگرن لەم بارەیەوە.
هەڵگرتنی پەربرسیاری لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەت تاکو ئاستێکی زۆر کەمە لە کوردستان بە واتایەک ڕایی کردنی کارەکانی کەرتی گشتی بۆتە دێوەزمەیەک کە هاوڵاتیان دەست بۆ هاوکاری و تەکلیفکردن درێژ دەکەن بۆ ئەوەی کارەکانیان بە خێرایی بۆ ڕایی بکرێت. کە پێویست بوو پرۆسەکانی مامەڵەکانی هاوڵاتیان بە شێوازی بنەمای گاریگەر و خێرا ئەنجام بدرێن لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم ژمارەیەکی زۆری کارمەندی کەرتی گشتی هەیە.
ئەم فاکتەرانە پێمان دەڵێن کە حکومەتی
هەرێم زۆری ماوە بگات بە ئاستێک کە پێی بوترێت حکومڕانی باش لە چەمکی بەڕێوەبردندا.