Draw Media

خوێن وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی حزبی 

خوێن وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی حزبی 

2021-11-30 10:34:36


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 ئه‌وانه‌ی كه‌پێویست بوو سزا بدرێن و بدرێنه‌ دادگا و له‌وێ‌ تاوانبار یان بێتاوان ده‌ربچن ، موسته‌شارو ئامر مه‌فره‌زه‌و خائین و خفرۆشه‌كان بوون ، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌بوو له‌ كوشت و بڕو تاڵانی گونده‌كان و هاوكاری به‌عس له‌ ئه‌نفال و جینۆسایدی گه‌له‌ كه‌یاندا ، هاوڵاتیه‌كی جه‌له‌ مۆرد پێی وتم ئه‌گه‌ر جاش نه‌بوایه‌ عه‌ره‌ب و سوپا له‌ كوێ‌ "بابه‌ ڕوشه‌یان" ده‌دۆزیه‌وه‌، بابه‌ روشه‌ په‌ناگه‌و شوێنێك بوو خه‌ڵكی جه‌له‌مۆرد په‌نایان بۆ بردبوو.
 موسته‌شارو جاشه‌كان نه‌ك سزا نه‌دران بگره‌ زۆرێكیان كرانه‌ خاوه‌ن دیوه‌ خان و ریش سپی حزب و خاوه‌ن پێگه‌و جێگه‌ له‌ به‌رانبه‌ریشدا له‌ بادینان و هه‌ولێرو سلێمانی زۆرێك له‌ ئازادیخوازان شه‌هید كران ، نه‌وه‌ده‌كان جگه‌ له‌ شه‌ڕی ناوخۆ ، گه‌واهیده‌ری كوشتن و تیرۆری زۆرێك بوون له‌وانه‌ی جیاواز له‌ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات بیریان له‌ ئاینده‌و دوا رۆژی میله‌ت ده‌كرده‌وه‌ ، بكوژی هه‌مووئه‌وانیش كه‌سانی به‌رپرس و باڵاده‌ستی حزبه‌كان بوون ،له‌ شه‌ڕی ناوخۆیشدا سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ر كه‌ گیرۆده‌ی شه‌ڕه‌كه‌ كرابوون به‌ ده‌ستی به‌شێك له‌و جاش و موسته‌شارانه‌ كوژران .
حزبه‌كان كێبڕكێ‌ ده‌كه‌ن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كامیان زۆرترین خه‌ڵكیان به‌ كوشتداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن زۆرترین شه‌هیدمان هه‌یه‌ ، هه‌ڵبه‌ت شانازیش به‌ زۆری شه‌هیده‌كانیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا پڕۆژه‌ی حزب ، پڕۆژه‌ی بونیاد نانی ژیانی باشتره‌ بۆ خه‌ڵك نه‌ك به‌ كوشتدان ، ئه‌م كاره‌ی حزب ده‌كرێت وه‌ك پڕۆژه‌ی خوێن ناوی لێبنرێت ، یانی حزب به‌رده‌وام ده‌بێت ده‌ستی له‌ خوێندا بێت جا خوێنی خۆی یان خوێنی ئه‌وانی تر به‌ خوێنی خۆیه‌وه‌ شانازی به‌ ژماره‌ی شه‌هیده‌كانه‌وه‌ ده‌كات و به‌ خوێنی ئه‌وانی تریشه‌وه‌ شانازی به‌ كوشتنی ئه‌وان و ئازایه‌تی خۆیه‌وه‌ .
بێگومان له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانه‌وه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ كاردایه‌و له‌ ناویدا جگه‌ له‌ شه‌هیده‌كانی حزب ده‌یان ئازادیخواز به‌ ده‌ستی خودی حزب و كاره‌كته‌رانی حزب تیرۆر كراون ، ره‌نگه‌ كوشتنه‌ جیاجیاكانی وه‌ك كوشتنی عوسمان عوزێری ، ماڵباتی فاخیر مێرگه‌ سوری ، ئازادیخوازانی باكورو رۆژهه‌ڵات ، كاره‌ساتی هه‌كاری و هه‌تادوای نمونه‌ی ئه‌و كوشت و بڕه‌بن ، كه‌ تا ئێستا درێژه‌یان هه‌یه‌ ، پڕۆژه‌ی خوێن كه‌ حزبی كوردی كاری له‌ سه‌ر كردووه‌، له‌ گه‌ڵ یارو نه‌یار پڕۆژه‌یه‌كی مه‌ترسیدارو جێی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ ، چونكه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ زۆر ترین خه‌ڵكی له‌ ده‌ستداوین ، ته‌نانه‌ت دیلكوشتن و ئه‌تككردن و دێوی و قێزه‌ونی زۆریشی تیا بووه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ گێڕانه‌وه‌شیان دڵی به‌ یه‌كدا دێت .
له‌ نێو ئه‌م پڕۆژه‌ قێزه‌ونه‌دا مرۆڤگه‌لی جوانی وه‌ك سه‌رده‌شت عوسمان ، به‌كر عه‌لی ، سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌، كه‌ریم عوسمان، ره‌وف ئاكره‌یی و زۆری تر بوونه‌ته‌ قوربانی ، كه‌ له‌ ماوه‌ی كه‌می ئه‌و ته‌مه‌نی كردویانه‌ نمونه‌ی مرۆڤی خاوه‌ن بیرو خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و نیشتمانپه‌روه‌ر بوونه‌، به‌ڵام حزب چ پێویستی به‌ بوونی ئه‌مانه‌یه‌، به‌ باوه‌ڕی من وه‌ك چۆن شه‌ڕی ناوخۆ ، شه‌ڕی براكوژی ، خراونه‌ته‌به‌ر نه‌شته‌ری ره‌خنه‌و توێژینه‌وه‌ ، پێویسته‌ له‌ سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌ی خوێنه‌ش قسه‌ی ئه‌رێنی و بایه‌خدار بكرێت .
مێژوی شه‌ست ساڵی رابردوی ئێمه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی خۆمان هێنده‌ ناشرینه‌ ته‌نانه‌ت كاتێك كاره‌كته‌ره‌كانیش بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه‌ ناتوانن ئه‌و ناشیرینیه‌ بشارنه‌وه‌ ، ئه‌و ناشیرینیه‌ وای كردووه‌ ، هه‌موو جوانی و پاكیه‌كه‌ش تۆزیان له‌ سه‌ر بنیشێت ، ده‌نا له‌ نێو شه‌ست ساڵ له‌ قوربانی دان و شه‌ڕی بوندا سه‌دان تروسكه‌و روناكی گه‌شاوه‌ هه‌ن ، كوشتنه‌كان ، به‌ كوشتدانه‌كان ، تیرۆرو دیلكوژیه‌كان ئه‌و روناكیانه‌یان شاردوه‌ته‌وه‌ .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand