ئەگینا
2021-11-29 08:30:43
د. شێركۆ عەبدوڵا
بەر لەوەی خوێ بگەنێ
بڕۆن لە قسەی ئاگردا هەڵ بدەنێ
مەزبەتە بکەنەوە لە تاعونی ڕق
شار دروست بکەنەوە
لای وەبەرهێنێکی کەمانچەژەن
بە بەردی هەڵماقۆ
بە سپیداری ئەوین
بە عەتری نەستەرەن
پەنجەرەکانی بە قۆنتەرات بدەن بە خۆر
هەموو سەربانێک پەڵەهەورێکی لێ دانێن
دەرگا لە پەڕەسێلکەکان بکەنەوە با بێن
شەربەکان لێوان لێو کەن لە دڵنیایی
ئاسایشەکان بکەن بە باخەوان
خەیاڵ پڕ کەن لە بینایی
بایکۆت بکەن
بایکۆتی چاوەشەکانی شارەوانی و
عەریزەنووسەکانی دائیرەی تاپۆ
بە مریشکەکەتان بڵێ هێلکەی خۆی بکات
نەک هی قاز
بژی ئاگردان
بڕوخێ دانەغاز
قووقەی کەڵەشێرێک بەشی گەڕەکێک ئەکات
ئەلارمی مۆبایلتان بۆچییە؟
سەیتەرە دانێن
بۆ خەنجەری بەرپشتێن
بۆ مەسئولی زیادە
بۆ درعی بەگزادەی ئەم شارە
کە پڕە لە هەڵوێستی بێ بار
لە حەسحەسی ئەغیار
دوعا بکەن پلەیستەیشنەکان بشکێن
ئاسمان پڕ بێتەوە لە کۆلارە
تانجییەک ڕابگرن
سروودی کەروێشک لانەو لانەی لەبەر بێ
ڤیزا بدەن بە ئاژاوە
با هەمیشە لە سەفەر بێ
پارێزگار فێر بکەن
نائومێدی ببڕێ نەک قردێلە
پێکەنین هاوردەکات
نەک ترێلە
دەرماڵە لە تریفە وەربگرن
ڕەچەتەی سەبر لە شیرین
بۆ تواناسازی بچنەوە بۆ فەرمانگەی عیشق
ئەگینا قەت پەڵە نادات
باران هەڵدێت لە تشرین
باڵندە ئەتۆرێت لەفڕین
ئەگینا
لەم شەڕە قۆچەش خراپتر ئەبینین
ئەوکاتە
تۆ ئەڵێی ماڵئاوا پێکەنین
ئەوکاتە دەمێکە
قەڵەمم وەستاوە لە نووسین