دوو کورسی لە نێوان مافی ڕەواو بەتاڵان بردندا
2021-12-01 16:18:29
ئازاد جۆڵا
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێنج کورسی لە پێنج پارێزگای عێراق گۆڕانی بەسەرداهات ، لەم چوارچێوەیەش دوو کورسی لە هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و نەینەوا لەنێوان پارتی و یەکێتی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات ، ئەمەش دوای ئەو سکاڵاو بەڵگانە دێت کەوا پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرابوو ، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکە پارتی ئەم دوو کورسییە بەهی خۆی دەزانێ و لێسەندنەوەی بەتاڵان ناو دەبات و یەکێتیش بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێ ،
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا لایەنی تەزویر چی دەبێ تەنها لەم دوو بازنەیە تەزویرو فرت و فێڵی کردبێ ؟؟؟
ئایا بەڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی لەلایەن کۆمسیۆنەوە دوای 50 ڕۆژ هەموو ناپاکییەکان پاک بوونەەو هەموو دەنگە دزراوەکان گەڕانەوەو هەموو دەنگە دووبارەکان دەرهێندران و ئەوەی ڕاگەیندرا ئەنجامێکی ڕاست و دروست و ڕەوانە ؟؟؟
باشە ئەگەر لە بازنەی 3 ی هەولێر و لە بازنەی 1 ی نەینەوا تەزویر و دەنگی دووبارە هەبووبێ گرەنتی چییە لە بازنەکانی تریش بەهەمان شێوەو زیاتریش بوونی نەبێ ؟؟؟
ئەی ئەگەر تەواوی سندوقەکانی بازنەکانی تریش بەدەست هەژمار بکرێتەوەو دەنگە تەزویرو دووبارەکان دەربهێندرێن دەبێ ئەنجامەکان چەند بەرامبەر گۆڕانی بەسەردا بێت ؟؟؟
ئەگەر ئەمە ئەنجامی تەنها چەند وێستگەیەک بێت لەیەک بازنەدا بۆ دەبێ هەمان ئەم تەزویرو دەنگە دووبارانە بۆ بازنەکانی تریش ڕاست نەبێ ؟؟؟
گرەنتی چییە لەبازنەکانی ( 1 و 2 و 4 ) یش لە هەولێر و بازنەکانی تریش لە هەندێک پارێزگای تر هەمان تاس و حەمام و هەمان ساختەکاری و تەزویر بوونی نەبێ ؟؟
ئێ خۆ ئەو لایەنەی ئەوەی کردووە هەمان دەسەڵات و هەمان خواست و ویستی هەبووە لە بازنەکانی تریش بۆ بەدەست هێنانی کورسی زیاتر ئیتر بۆ دەبێ نەی کردبێ ؟؟؟
ئەمە لە کاتێکیش دایە کەوا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند تەنها دەنگە دووبارەبوەکانی هەولێر هێندەی تەواوی هەموو عێراق دەبێت !!
من ئەم ئەنجامەی هەولێر بە دوور لەڕاستی دەبینم و دڵنیام هەرچوار کاندیدەکەی یەکێتی بەئەنجامێکی زۆر لەوە زیاتر سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە بەڵام سەیرو سەمەرەکە لەوەدایە یەکێتی بەگەڕانەوەی تەنها دوو کورسی لەلایەک شاگەشگە بووەو لەلایەکی تریش لەبەر دۆخە خراپ و نەخوازراوەکەی ناوخۆی کات و سەلیقەی ئەوەی نییە دووقسە لەسەر ئەم کارە قێزوەن و غەدرو ناحەقیە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و بەرگری لەدەنگی پاک و بێ گەردی تەواوی خەڵک و پرۆسەی دیموکراسی و تەنانەت دەنگی ئەندام و بنەماڵەی شەهیدەکانی خۆیشی بکات ،
بەڵکو بەدەستهێنانەوەی دوو کورسی بە دەستکەوت و سەرکەوتنێکی زۆر مەزن دەزانێ و گەلێکیش مەمنوونە !!!!
هەولێر