Draw Media

بۆکاك ئاراس فەتاح

بۆکاك ئاراس فەتاح

2021-12-16 16:29:51


ئەبوبەكر عەلی 

وتارەکەی  بەڕێزیشت ڕەتکردنەوەی بەرامبەری (ئیسلامی) لێ دەچۆڕێت و  دژبە سەرەتاکانی گفتوگۆیە

کاك ئاراس فەتاح، لە ڕۆژی  چوارشەممە، 15/12 لەگۆشەھەفتانەکەی خۆی، لەدرەومیدیا،وتارێکی بەناونیشانی( ھونەری بێدەنگکردن ) نوسیووە و  وای دەرخستووە بەرگری لەلۆژیکی گفتوگۆدەکات.
تیایدا بەشێوەیەکی زۆر سەیروسەمەرە تەماھی لەنێوان لۆژیکی دەسەڵات وگۆڕەپانە ئیسلامییەکە دەکات وزەربێکی ڕاست وچەپیش بەسەردووەمدا دێنێت وبەبێ ئاماژەکردن بەبچوکترین بەڵگە وخۆماندوکردن لەوڕوەوە،
وەك ئەوەی ئاماژە بەجەوھەرێکی نەگۆڕبکات و بەڵگە نەویستێکی ماتماتیکیانە بیر خوێنەرانی بێنێتەوە، بێ ھیچ پۆڵێنکردن وجیاکردنەوەیەكی مەنھەجی وزانستی، کۆمەڵێ حوکمی ئەخلاقیی زۆر قورس بەسەر کۆی حاڵەتی ئیسلامیی کوردستانیدا دەدات؟! کە ھەوڵدەدەین لەخوارەوە ئاماژەیان پێدەکەین وڕەخنەو سەرنجەکانمان لەسەریان تۆمار بکەین:
 یەکەم/ پێی وایەئیسلامییەکان گفتوگۆی بابەتەکان وفیکری بەرامبەر ناکەن، چونکە توانای ئەوەیان نیە؟! لە جیاتی ئەوە پەلاماری کەسەکان وخاوەن فیکرەکان دەدەن ومۆرکی زەندیق وکافریان لێدەدەن وفتوای کوشتنیان دەر دەکەن؟!!
 ئەم  حوکمەشی بەسەر کۆی حاڵەتە ئیسلامییەکەدا داوە و گشتیە، باس لەوەنیە یەکێ یان چەند کەسێك یاخود گروپێکی بچوك بەوجۆرە لەناوئیسلامییەکاندا ھەبوبن یاخود ھەبن، بەوجۆرەبوون وھەن. کەئەوەیان دەکرێت وئاساییە جێگەی مشت وقسەلەسەرکردن بێت.
  بائێمە لێرەدا دەساڵی ڕابردوو بەنمونە وەربگرین ولەکاك ئاراس بپرسین:
١- لەکوێ وکەی ئیسلامییەکان گفتوگۆی بابەتەکانیان رەتکردۆتەوە؟ ئەی لەچەند شوێن پێچەوانەی بۆچونەکەی ئەو لەگەڵ بەرامبەرە فیکری وسیاسی ودینییەکاندا گفتوگۆی کراوەیان کردووە؟
٢- کوان  ئەوفتوایانەی بۆکوشتن دراون؟  ژمارەیان چەندە؟ دژبەکێ بوون؟ کێ داونی؟ چەند کەس لەو نێوەندەدا کوژراون وکێن؟ گریمان یەکێ فتوایەکی لەوجۆرەی داوە، ئایە ئەوە دەبێت بەبەڵگەی تەکفیرکردنی مودێرنانەی تەوژمێکی دەیان ھەزار کەسی فرەشەبەنگ و بەربڵاوو لێپرسراوکردنی لەوکارە؟ کارێکی لەوجۆرە بچوکترین دادپەروەریی تێدایە؟ چونکە ئەوگشتگیکردنە لۆژیکی  کارکردنی دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕژێمە تۆتالیتارو دیکتاتۆرەکانە، بۆسەرکوتکردنی نەیارەکانیان، نەك  ڕۆشنبیرو ئەکادیمی.
٣- بەڕێزت دەربارەی ئەوڕاستیە دەڵێی چی: کەلەچەندین ساڵی ڕابردوودا چەندین، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنوس ونوسەرو یاسایی وزانای ئیسلامی وکەسێتی سەربازی وکۆمەڵایەتی، لەھەرێمدا تیرۆر کراون ولەھیچ کام لەوانەدا دەستی تۆمەت بۆێیسلامییەکان درێژ نەکراوە؟ واتە ئەو تیرۆرو توندوتیژیەی ھەبووە نائیسلامی بووە؟ ئایە ھەق نیە بەشانازیەوە ئەوە بۆ ئیسلامییەکانی وڵاتەکەت تۆماربکەی؟
٤-  لەوتارەکەتدا بەوزمان وڕیبازە  قسە لە سەرئیسلامییەکان دەکەیت، کەئەوانت بەپەیڕە وکردنی تۆمەتبارکردووە! واتە قسەت لەسەر خۆیان کردووە نەك فیکریان. تۆمەتبارتکردون بە: فەندەمێنتالیست، بێکەفائەت، تەکفیری، پیاوکوژ وتوندوتیژ و حەڵاڵکەری خوێنی خەڵك.
واتە تاڕاددەیەکی بەرچاو لە عەقڵ وئەخلاق وھاوڵاتیبون داتڕنیون و وەك کۆمەڵێ تاوانبار خستوتنە ڕوو؟! کەلە ڕاستیدا دەبێت دادگایی بکرێن!
٤- سەبارەت بەھەڕەشەکردنی کوشتن لەمامۆستا شێرزاد حەسەن وھەرکەسێکی تر دەڵێین.
خودی ھەڕەشەکردنەکە بێساغبونەوەی نابێتە بەڵگە بۆ تاوانبارکردنی کەس، چونکە:
دەکرێت ئەوکەسە ئیدیعای بکات و وانەبێت، دەکرێت دەزگایەکی ھەواڵگری ولایەنێکی سێھەم بێت ومەرامی خۆی ھەبێت. دەشکرێت توندڕەوێکی ئاینی بێت.
ئەگەر شتی واڕویداوەو ڕاستە داواکارم شێرزاد حەسەن چاوپۆشی نەکات وسکاڵا تۆمار بکات، بۆئەوەی  ھەروەكوەکو کاتی خۆی کە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکرابوو دەربارەی ھەندێ لێدوانی دەربارەی ئیسلام( کەلەڕاستیدا توندو ھەستبریندارکەربوون) چیمان پێکرا بۆ کێشانەوەی داواکەو چارەسەرکردنی کێشەکە بەجۆرێکی ترکردمان ئەمجارەش بەرگری لێبکەین. چونکە بۆکەس نیە لەدەرەوەی یاساوە ھەڕەشەی کوشتن لەکەس بکات لەسەر بیروڕایەك ھەیەتی.
 دووەم/  بەڕێزت تۆمەتێکی تری بێ بەڵگەت خستۆتە پاڵ کۆی ئیسلامییەکان ووتووتە  ئیسلامییە توندڕەوەکان( کەلەم وتارەدا سەرجەم ئیسلامییەکان توند ڕەون وئیسلامی میانەڕەوو گفتوگۆخواز بوونی نیە !!)، داعش تاوانبار نیە بە ناشیرینکردنی ئیسلام، بەڵکو ئەوانە ی تەماھی لەنێوان ئیسلام وداعشدا دەکەن و ڕەخنەی دەکەن، لێپرسراویان دەکەوێتە ئەستۆ؟!
سەرەتا ئاساییە لەکوردستانداو لێرەو لەوێ لەبازنەی ئیسلامیدا ھەبن وبەوجۆرە بیر بکەنەوە،  ھەروەك ئاماژەمان پێکرد باسمانکرد قسەی ئێمە لەسەر ئەوەنیە، چونکە ناوەندی ئیسلامیش وەك ناوەندەکانی تر کێشەی خۆی ھەیە لەوانەش بوونی بیرکردنەوەی توندڕەوانە، بەڵکو کێشەکە تاوانبارکردنی کۆی ناوەندە فیکری وئیسلامییە سیاسیەکەیە بەتوندوتیژی وتوند ڕەوی،
کەقابیلی بێدەنگبوون نیە لەسەری. دەبێت بڵێین جێگەی داخە
لێرەشدا  بێبەڵگە قسە دەکات، چونکە پێچەوانەکەی ڕاستە، لەسۆنگەی ئەوەی یەکەم کتێبی شیکاری وڕەخنەیی لەسەر داعش لەکوردستاندا چاپکرا ئێمە نوسیمان. دووەمیش ھەر ئیسلامی بوو ھی مامۆستا عەلی باپیربوو. جاباوازبێنین لەھەموو ئەوەی پێیدەڵێن نوسین وبەییاننامەو لێدوان لەم بارەوە کەپێچەوانەی بۆچونەکەی کاك ئاراسچدەسەلمێنن بپرسین: مەگەر ھەرئەوان نەبوون فتوای ئاینییان بۆ پێشمەرگە دەرکرد شەڕی داعش بکەن ولەناسنامە دینییەکەیان سەرنەکەنەوە؟ پشتیوانی بەرەکانی جەنگ نەبوون؟ داوایان نەکرد ئەگەر حکومەتی ھەرێم پێویستی پێیان بێت وچەکیان پێبدات ئامادەن بچنە بەرەکانی جەنگ ودژبەداعش بجەنگن؟  جا ئەگەر بەڕێزت ئاگات لەھیچ لەم شتانە نیە، ئەوا مەرجی قسەکردنت دەربارەی تێڕوانینی ئیسلامیەکان بۆ داعش تێدا نیە، چونکە  بێ زانیاری قسە دەکەی وئەوەش نابێت ودەبێتە پروپاگەندە، خۆئەگەرزانیاریت ھەیەو سەرە ڕای ئەوە ئەوجۆرە وەسفی پەیوەندی ودۆخەکە دەکەیت، ئۆباڵەکەی لەڕوی فیکری وئەخلاقیشەوە ئاسان نابێت، چونکە دەچێتە چوارچێوەی  شێواندنی وێناوە.
لەڕویەکی ترەوە گەرپێت وایە تەماھی وتێکەڵاوی دروستکردن لەنێوان ئیسلام وداعشدا، کارێکی ناڕاست ونازانستی وتەنانەت خراپە نیە دەرھەق بە ئیسلام ومەسوڵمانان،  وەمافی خەڵکی باوەڕدار نیە ئەوە بە لەکەدارکردن وسوکایەتیکردن بە خۆیان و ئاینەکەیان بزانن وکاردانەوەیان ھەیبێت،  چاوەڕوانیەکەت لەشوێنی خۆیدا نیە. بۆیە ھەروەك چۆن ھەر باوەڕدارێك ڕێزی خۆی وئاینەکەی وناسنامە نیشتیمانی وئینسانییەکەی بگرێت، دەبێت بیروتێگەیشتنی داعش وھاووێنەکانی بۆ خوداوئیسلام وئینسان بەتاریك وساختەو نەخۆش بزانێت، بەھەمان شێوەش یەکسانکردنی داعش  بەئیسلام، شایستەی توندترین ڕەخنە لێگرتنە. چونکە جگە لەوەی لەجەوھەردا خزمەتکردنە بەداعش وپێدانی ڕەوایەتیەکی ئاسمانی وپیرۆزە پێی، وەتاوانبارکردنی ٩٩/ موسوڵمانانە بە لاڕێلادان وکەمتەرخەمی وجەھلی ئاینی، چونکە وەکوداعش ناکەن، ھەروەھا سوکایەتیەکی گەورەشە بەموسوڵمان وئاینەکەی، لەسۆنگەی تێکەڵاوکردنی ناوو ناوبانگ ووێنەی ھەردوکیان بە وەحشیگەری وتاوان وئەووێنەی داعش لە ئێستادا خاوەنیەتی.
پوختە:
بەپوختی ئەم وتارەو لۆژیکەکەی، دەچێتە خانەی ئەو نوسین وقسەکردنە بێ بەڵگەو حوکمی سەرپێیانەی  بەشێ لە نوخبە فیکری وڕۆشنبیریەکە بەگشتی وبەتایبەتیش بەرامبەر ئیسلامییەکان کاری پێدەکەن، ئاماژەمانپێکرد
نازانستیبونی لۆژیکی قسەکردنەکە لەچەندین ڕوەوە دەردەکەوێت لەوانەش:
١- گشتگیرکردنی داوەریکردنەکان وگوێنەدان بەو جیاوازیی وفرەییەی لەناو  ناوەندەئیسلامییەکەدا بوونی.
ناکرێت سەلەفییەکان وئیسلامییە حەرەکییەکان لەتای یەک تەرازودا کۆبکرێنەوە. چونکە زۆرێ لە سەلەفییەکان کاری حیزبیی ئیسلامییان پێ حەرامە. ڕەخنەی تێگەیشتن لەئیسلام وعەقیدەییان لەئیسلامییەکان ھەیە. تێڕوانینیان بەگشتی بۆ ئەھلی تەسەوف، دیموکراسی، دەوڵەتی نوێ، حیزبایەتی، ناسیۆنالیزم وئافرەت وتەکفیرو ناسنامەی ئیسلامی کۆمەڵگە جیاوازە. جگە لەفرە ڕەنگی ناوئیسلامیە حەرەکییەکان، لەبازنە سەلە فییەکەشدا چەندین دیدگاو ڕەوتی جیاوازمان ھەیە.
ھەربۆیە لانی کەمی بیرکردنەوەی زانستی ڕێگا بە نەبینینی ئەم فرە رەنگیە نادات.
٢- قسەکردن وحوکمدان بێھێنانەوەی بەڵگە بۆ پشتڕاستکردنەوەیان.
٣- بەھەڵە بەکارھێنانی زاراوە لەوانەش فەندەمێنتاڵیزم.چونکە ئەمزاراوەیە بۆگوزارشتدانەوە لە تەوژمی ئیسلامی نازانستیە کەبەبەکانی ناسیونالیزم وزۆر بەھای تر متوربە بوەو بەبەرنامەی ھەڵبژاردنی سیاسیەوە بەشداری کێبڕکێی دیموکراسی دەکەن ولانی کەم لەھەندێ ڕوەوە نوێنەرایەتی قۆناغی پاش ئیسلامی سیاسی دەکەن.
٤- فەرا مۆشکردنی واقیعێكی بەرجەستەی بەیەکەوە ژیان وکارکردنی پێکەوەیی فیکری وسیاسی ئیسلامییەکان لەگەڵ بەرامبەرەکاندا.
ناکرێت، پێکەوەبوون لەحکومەت، لیستی ھەڵبژاردنی ھاوبەشی ئیسلامی عەلمانی( لیستی چوارحیزبەکە٢٠٠٩) ، خەباتی ھاوبەش لەئۆپۆ زیسیۆندا، لەسەرشەقامبوونی پێکەوە ھەر لەھەڤدەی شوباتەوە تاکوئستا، پێکەوە نوسینەوەی دەستورو بەرگریکردن لەمافەنیشتیمانییەکان، سەدان چالاکی ھاوبەشی پێکەوەیی میدیایی و فیکری وسیاسی، نادیدە بگیرێت ولانی کەم ڕەگەزێکی ھەڵسەنگاندنی تەوژمێك نەبێت ولای کاك ئاراس وھاوشێوەکانی نمرەیان لەسەر نەبێت.
حەزیش دەکەم ھەرلەم دەرفەتەدا سەرنجی کاك ئاراس بۆ ئەوە ڕابکێشم کە بەبڕوای ئێمە بەشێ لەنوسینەکانی لەبوارە سیاسیە گشتیەکەشدا، ھێندەی جەمسەرگیریەکانی ناوکۆمەڵگە قوڵدەکەنەوەو  رق ویەکتر قبوڵ نەکردن بەھێزدەکات، خزمەت بە پەرەدان بەفەرھەنگی ڕێزگرتن لەجیاوازییەکان نیە، کەکاك ئاراس وبرادەرەکانی لەگۆڤاری ڕەھەند دەوریان زۆربوو لەبانگەشە بۆکردنی. بەوەش کۆمەڵگەیەکی نیمچە ھەڵوەشاوی سیاسی زیاتر لەبەریەکھەڵدەوە شێت وھاوڵاتیان بەرەو سەرھەڵگرتن ونائومێدی قوڵ دەبەن. بەتایبەتیش کەدەرفەتی لەبەریەکھەڵتەکاندنی سیستم زۆربوونی نیەو گەرڕوشبدات مەرج بەدیلەکەی دیموکراسی ودڵخواز بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand