لە بنەڕەتدا (نیەت) لە پەلاماردانی حکومەتی هەرێم چی یە؟
2021-12-13 06:31:02
بەهرۆز جەعفەر
لەهەموو ئاستێکدا، لە لای هەموو کەسێکەوە ڕوونە کە لە هەرێمی کوردستان ڕۆتین هەیە، داهات یەک نە خراوەتەوە، هێزی سەربازیی یەکدەست و یەک بەرگ نییە. ئاسایشی ووزە، ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی ئەلیکترۆنی…و … تادوایی لەبەردەم هەڕەشەدان.
بەڵام نیەت لە هاتوهاوارو پەلاماردانی حکومەتی هەرێم چی یە؟ بۆ نمونە ئێستا ئێمە ئەڵێین پرۆسە نەوتییەکانی هەرێم کێشەی بونیادی هەیە، بۆ هەر هەموو ئاستەکانی توێژینەوەی زانستی و ڕاسپاردەو دەرئەنجاممان خستۆتە ڕوو، بۆ گرێبەستەکان، بۆ گەڕان و پشکنین، بۆ پاڵاوتن، بۆ هەناردەکردن، بۆ بازاڕیکردن، بۆ لۆبی بۆکردن. کە ئەڵێین قەیرانی ئاو و کەشوهەوا کاریگەری خراپی هەیە، بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی ئیشمان لەسەر کردوە، داومان بە هەموو لایەنەکان و میدیا… ئیتر بەوجۆرە لەسەر هەموو پرسەکان وەستاوین، بێ ئەوەی حکومەتی هەرێم سەلاموعەلەیکومێکیشی لێ کردبین.
نیەت لەوە چییە کەسێک دوو خول و سێ خول پەرلەمانتارە هەموو بونی ئەو، پرۆژەی ئەو پەلاماردانی حکومەتی هەرێمە؟. لە شنگالەوە، لە قەندیلەوە، لە بەغداوە، لە میدیای بیانییەوە، لە ناوخۆوە، لە پەرلەمانەکانەوە پەلاماری حکومەتی هەرێم ئەدرێت، هەر بە ڕاستی (نیەت) ەکە چی یە؟
لە (١٧ی شوبات) مۆڵەتێکمان وەرگرت، بەنیەتی ئەوەی ئێمەش پەیامێک بدەین بە کۆی دەستەڵاتی کوردیی ئیمڕۆ ڕیفۆرمێک بکات لە سبەی باشترە، هەر ئەوەندەمان زانی لە چەندین لایەنی ئۆپۆ!ز!س!یۆ!نەوە هاتن…هاتن بۆ سواربونی شەپۆلەکە. هێشتا دانەبەزیون، یەکێک لەو برایانە کە ئەوا سێ خولە پەرلەمانتارە لە دوای ١٧ ی شوباتەوە، خوا ئاگەدارە ئەیوت؛ ئەمە وا نابێت، ئەبێت خوێن لە شەقام بڕژێ، ئینجا میدیای بیانی بهێنین بڵێیین ئەوە دەستەڵاتی کوردیی خوێنی ڕژاندوەو ئینجا کەسوکاری خوێن ڕژاوەکانیش دێنە شەقام لەگەڵمان!. کە زانیمان لە دەستمان دەرچوەو دەرەقەتیان نایەین، جیابوینەوە لە ئەنجومەنەکە تا ئەو خوێنە نەڕژێ!. لای ئەوان نیەتەکە ئەوە بو حکومەتی هەرێم خوێن نەڕێژێ ئیتر ئەم کاکەیە خۆی ببێتە پەرلەمانتارو سەرۆک و وەزیرو چی و چی ئینجا ئەم خۆی خوێن بمژێ و بڕێژێ!؟
حکومەتی هەرێم، سەروو (٤٠٠) ملیار دیناری بۆ پرۆژەی شەقامی سەت مەتری سلێمانی و (١٦) ملیاری بۆ سایلۆی گەنم لە گەرمیان و، (٣٤) ملیاری بۆ فراوانخوازی و چاککردنی هاتوچۆی ناو دهۆک و چەند ملیارێک بۆ ئاوی چەمچەماڵ و (٧) ملیاری دیکە بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجەو، لە ڕادیۆکەی ناو سەیارەکەوە گوێم لێ بو کە مشوری سەگەکانیش ئەخوات و لەو دوورەوە شوێنی مانەوەو پێداویستی بۆ سەگە بەرەڵاکانی هەولێر دابین ئەکات. ئەی نیەت و پلانی تۆ چی یە؟. حکومەت هێشتا ئەو شانسەی نەبوە کە بایی ئەوە بەرگری لە خۆی بکات. پلاتفۆڕمێک دروست بکات کە بزانین ئەوانەی تر چی لەو باشتریان پێیە پێشکەشی بکەن؟ ئەو شانسەی نەبوە قۆپچەی سەرەوەی کراسەکەی بکاتەوە و بڵێت خۆ نزیکەی (٤٥٠) هەزار بندیوار من دام نەمەزراندووە لەسەردەمی کێدا کراوە؟ کام حیزبی بچوک و گەورە هەیە بە هەزاران مووچە خۆری- خانەنشینی لەسەر شانی حکومەتی هەرێم نەبێت، حیزبی بچوک هەیە هەزاران کەسی بە پێشمەرگەی دێرین خانەنشینە بێ ئەوەی هیچ بەرپرسیارێتیەک هەڵبگرێت لە ئێستای کوردستاندا!. هەیە لەسەر بنەمای خودی ئەم خراپیەی حکومەتی هەرێم دروستبوەو ئۆپۆزسیۆنەو (٤) هەر کەناڵی ئاسمانی داناوە!. نیەتی چی یە؟ بۆچی پەلاماری حکومەتی هەرێم ئەدات؟ خۆی مانگانە پارەی ئاوو کارەباو سەکیۆرتی لە هەزاران شوققەو ڤیەللا وەرئەگرێت بەڵام بە خەڵک ئەڵێت پارەی ئاو و کارەبا بە حکومەت مەدەن!؟ خۆی ئەزانێت هێڵی بۆڕی کوردستان سەروو (١٠٠٠) کیلۆمەترە تا مینای جەیهان و لە کۆتایی (٢٠١٣) تەواوبوە، عێراقیش هێڵی نییەو لە مینای بەسرەوە سۆمۆ نەوتەکەی ئەفرۆشێت، کەچی بە نیەتی پەلاماردان ( گرنگ نییە ناڕاستە) ئەڵێت حکومەتی هەرێم کرێی گواستنەوە ئەدات بەڵام بەغدا نایدات!. حکومەتی هەرێم باجی ڕێک نەخستۆتەوە؟
خۆی حکومەت ئەم گاپەی دروست کردوە، تەنانەت زبڵ و خاشاکیش کە زمان و دەست بگرن پەلاماری ئەدەن، هەقە لە هەر شارو شەقامێکدا شاشەیەکی ئەلیکترۆنی گەورە دابنات، ڕاستەوخۆ خۆی لە ڕێگای ئەو شاشانەوە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک بکات.
هەر بەڕاستی خەڵک بێزارە، بێ دادە، لەسەروو ئەمەشەوە ناخۆشییەکەی ئەوەیە بە لا-ڕێدا ئەبرێن و بۆ موزایەداتی حیزبی و ئایدۆلۆژی و بۆ کامی دەروونی کەسانێک بەکارئەهێندرێن. سیستەمی پەروەردە خراپە (زۆریش خراپە) هەڵەی مەنهەج هەیە (زۆر وایە) نابێت شتێک هەبێت پێچەوانەی بنەماکانی ئاینی ئیسلام بێت، تۆزێک ڕاشکاویش بین ئەوەندەو نیوێکی وڵاتی ئەردەن لەم هەرێمە چکۆلانەیە مزگەوت هەیە، (٦٠٠٠) هەزار مزگەوت کارەبای تەواو سەرف ئەکات بێ ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف یەک دینار بداتە حکومەتی هەرێم؟ هەروەک چۆن سەدان باخی بەرپرسان و سێبەرەکانی دەستەڵاتیش هەیە هەروەهایە.
بۆ نمونە، تۆ بەم بیرو-ڕایەت ووت « مەبە بە موحامی حکومەت». من سەدان هەزار خوێنەر ئەزانێت نابم بە موحامی کەس، هەرگیز خۆم ناخەمە سوچێک یان بەرەیەک دژی بەرەیەک، لای توێژەر دواجار کەرەستەکانی نوسین بڕیار ئەدەن. بەڵام ئەی ببم بە موحامی بەغدا (تائێستاش بەغدا هێڵێکی بۆڕی چاک نەکردۆتەوە کە لە ٢٠١٤ ەوە داعش تەقاندویەتیەوە، بە بۆڕییەکەی کوردستاندا نەوتی کەرکوک هەناردە ئەکات). ببم بە موحامی حەشدی شەعبی؟ نەوەی نوێ؟ پەکەکە؟ حیزبەکانی ئێوە؟ بۆچی ! ئایا نیەتەکەی ئێوە وەک پرەنسیپێکی نیشتیمانی و زانستی و پرۆژەیەکی بەرجەستەکراو وایە، یان بۆ خۆ دەرخستن و کورسی بەدەستهێنانە لەسەر شانی خەڵکی ماندوو ی کوردستان؟ کابرا خۆی پزیشکەو ئەیەوێت ببێت بە بەرێوەبەری گشتی لەوەزارەتەکەدا، دێت سەت کەتنی تەندروستی باس ئەکا، لەبەرئەوەی نییە خەمی سێکتەری تەندروستی وەک خەمێکی گەورە لە کۆڵ بنات.