Draw Media

ئاین و رەخنەو میانڕەوی

ئاین و رەخنەو میانڕەوی

2021-12-14 18:03:48


ئاسۆس هەردی

ئەوەندەی بیرم بێ لە ژیانی منداڵی و هەرزەکاری و لاویمدا، هەمیشە ئەوەی جێگای سەرنج و رێزم بوو ئەوەبوو، خەڵکی دیندارو شارەزای ئایین زمانشیرینترین و بەئەدەبترین خەڵک بوون. حەزت ئەکرد لە مەجلیسیاندا دانیشی و گوێیان لێبگری. ئەگەر لەگەڵ لێکدانەوەو تێگەیشتەکەشیان نە بوویتایە، شەرمت ئەکرد راستەخۆ قسە لەسەر بۆچوونەکانیان بکەیت. لە نموونەی ئەوانە: مامۆستا شێخ محمەدی خاڵ، مامۆستا مودەریس، مامۆستا شێخ محمەدی بەرزنجی و… هتد، خوا لێیان خۆش بێت. ئەمە جگە لەو خەڵکە ئاساییە باوەڕدارو پابەندی ئایینەی، دڵنیام هەر یەکێک لە ئێمە لە ژیانی خۆیدا دەیان نموونەی بینیون و لەیادی ناچێت. خەڵکێک ئەدەب و رێزیان لێ ئەباری.
بەداخەوە! پێدەچێ ئەو جۆرە جوان و پڕ لە رێزو خاکیبوونە لە دینداری و خواپەرستی بەرەو لەناوچوون بچێت! 
هەندێ هاوڕێی فەیسبووک چەند سەرنجێکیان لەسەر ئەو هێرش و هەڕەشانە نووسیبوو کە رووبەڕووی مامۆستا شێرزاد بۆتەوە. ئەوەی بۆ من مایەی تێڕامان و بێزاری بوو، ئەو کۆمێنتانە بوون، کە بەشی هەرە زۆریان جگە لە سووکایەتی و جنێوی ناشرین هیچ شتێکی دیکە نەبوون!  زۆر بە دەگمەن گفتوگۆ و وەڵامدانەوەم بینی. زمانێک کە هەرگیز لە سەردەمی مامۆستا منەووەرو شارەزاکانی ئایندا نەمانبیسیووە.
ئەمە دیاردەیەکە پێویستی بە لەسەر وەستان هەیە. رەنگە یەکێک بڵێت ئەی بۆ باسی زمانی دزێوی “عەلمانییەکان” ناکەیت؟ پێم وایە بە درێژایی تەمەنی نووسینم دژی ئەو جۆرە قسەکردنە بووم و گەلێک جاریش قوربانیی ئەو زمانەی بەناو عەلمانییەکان بووم.
بە لای منەوە کێشەی ئەوەی یەکەم لەوەدایە، بەناوی ئاین و خوداوە قسە دەکات و ئاینیش لای من سەرچاوەی رێزو ئەخلاقە، وەک لەو مامۆستا پایەبەرزانەوە فێری بووین. 
پێم وایە ئەو زمانە توندو بێباکە بەرهەمی ئەو بەناو مامۆستایانەیە کە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان و پەیجەکانی سۆشیال میدیاوە، زۆر بە خوێنساردی و بێباکی، زۆر بە ئاسانی و بێ سڵکردنەوە تەکفیری خەڵک دەکەن، حوکمی کوشتن و هەڵگەڕانەوە دەردەکەن، بە زمانێک کە لە هەموو شتێک بچێت، ئەوا بێگومان لە زمانی ئەو ئیماندارو زانایانە ناچێت کە نەوەی ئێمە ناسیومانن و گوێمان لێگرتوون. زمانێک پڕە لە (ببوورن لەم تەعبیرەم) سەپاندنی مۆرکی “بێ ئەخلاقی” بەسەر هەموو ئەوانەدا کە لە خۆیان ناچن و تێگەیشتنی جیاوازیان هەیە. کاتێکیش کە “مامۆستاکان!” بەو جۆرە رەفتار بکەن، چاوەڕیی لەوە باشتر لە”قوتابییەکان” و گەنجە پڕ لە حەماسەتەکانیان ناکرێت.
پێم وایە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا ئەرکی گران و یەکەم دەکەوێتە سەرشانی ئە لایەن و رۆشنبیرانەی مەرجەعییەتیان ئاینەو خاوەنی تێگەیشتنێکی “میانڕەو” و سەردەمین بۆ ئاین. بەداخەوە ئەو بەڕێزانە، کە زۆریان هاوڕێی بەڕێزو ئازیزی خۆمن، تەنها ئەو دیوە دەبینن کە بە دڵی خۆیان نیە. هەر گفتوگۆ لەسەر ئەو بۆچوونانە دەکەن کە لەگەڵیدا ناکۆکن و بێدەنگن، یاخود لانیکەم بایەخێکی ئەوتۆ بەو هەموو ناشرینییە نادەن کە هەندێ کەس و تەوژم بەناوی ئایینەوە ئاڕاستەی خەڵکی خاوەن بۆچوونی جیاوازی دەکەن.
نایشارمەوە من چاوەڕێی ئەوە بووم و چاوەڕێی ئەوەم ئەو بەڕێزانە داکۆکی لەمافی ئازادیی رادەربڕینی مامۆستا شیرزاد بکەن یا هیچ نەبێ راشکاوانە دژی هەڕەشە کردن لە مامۆستای بەڕێز بووستنەوە، ئەگەرچی لەگەڵ بۆچوونەکاینیشیدا نەبن، وەک چۆن خەڵکێکی زۆری “عەلمانی” هەر کاتێک ئەوان رووبەڕووی پەلامارو هەڕەشە بووبنەوە، پشتیوانییان لێکردوون، ئەگەرچی لەگەڵ فکرو بۆچوونەکانیشیان نەبووبن.
رووبەڕوو بوونەوەی ئەو زمانە ناشرینەو ئەو عەقلییەتە تاریکە، ئەرکی هەموو لایەکمانە، سەر بە هەر بیروبۆچوون و قوتابخانەیەکی فکری بین.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستیم بۆ ئەو هاوڕێ ئازیزانەی خاوەن مەرجەعییەتی ئیسلامیشن و راشکاوانە رای خۆیان نووسیوەو ئازایانەش داکۆکییان لە مامۆستا شێرزادو ئازادیی رادەربڕین کردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand