تورکیا- فینلانداو سوید

2022-05-18 10:29:09
دانا حهمهعهزیز
ئەردۆغان ڕایگەیاند، پەسندی ناکات سوید و فینلاندا ببنە ئەندامی ناتۆ! دوێنێ ئەردوغان بە ڕاشکاوی وتی "هیچ پێویست ناکات وەفدی ئەو دوو وڵاتە سەردانی تورکیا بکەن بۆ نەرمکردنی هەڵویستی حکومەتی تورکیا لەوبارەیەوە".
ئەردوغان دوپاتیکردەوە، سویدو فینلاندا پشتیوانی پەکەکە دەکەن و، هەردوو وڵات بونەتە گەورەترین خانەخوێی کوردە تیرۆریستەکان و جەمەعاتی فەتحوڵا گولەن.
تورکیا لە شوباتی ١٩٥٢وە ئەندامی ناتۆیە. بەدرێژایی ئەو ٧٠ ساڵە بەهۆی گرنگیی جوگرافیای سیاسییەوە بەرامبەر یەکێتی سۆڤێتی جاران و ڕوسیای ئێستا، بەردەوام لەلایەن خۆرئاواوە چاوپۆشی لە رەفتارە ناشیرین و نا مرۆییەکانی کراوە. جارێ دیار نیە ئەردۆغان بەم هەڵوێستەی داوای چی لە خۆرئاوا دەکات، بەڵام ئەوەی ڕونە پارەو چەك و پشتیوانی زیاترە، هەموشی لەدژی کورد.
هاوشێوەی ئۆکرانیا، هاتنی ئەم دوو وڵاتە خاوەن جیۆسیاسییە گرنگەی ئەوروپا بۆ ناو ناتۆ، پێگەی تورکیا لاواز دەکات. فینلاندا نزیکەی ١٣٠٠ کم سنوری بە ڕوسیاوە هەیە. سەینت پیتەرسبۆرگ (لینین گراد) دووەم گەورەترین شاری روسیا، لە سنوری فینلاندەوە، بە ئۆتۆمبێل کەمتر لە دوو سەعات ڕێگایە. ئەندامێتی فینلاندو سوید لە ناتۆدا، دەریای بەڵتیك بەتەواوی بەڕوی ڕوسیادا دائەخات، تەنگەی هیڵسەنکی پایتەختی فینلاندا لەگەڵ کالینین-ی پایتەختی ئیستۆنیای هاونەژادو ئەندامی ئێستای ناتۆ، دورییەکەی سەد کیلۆمەترێکە.
* فینلاندو سوید، خاوەنی خاوێنترین و پێشکەوتوترین تەکنۆلۆجیای هەمەجۆرن، تەکنۆلۆجیای سەربازیی ئەم دوو وڵاتە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.
فینلاندا، ڕوبەرەکەی ٣٣٨ کم دوجایە، واتە نزیکەی هیندەی ئەڵمانیایە. دانیشتوانەکەی پێنج ملیۆنە، بەڵام کۆی داهاتی ناوخۆی ساڵانەی نزیکەی ٢٨٠ملیار دۆلارە.
سوید، ڕوبەرەکەی ٥٢٨ کم دوجایە و لە ئسپانیا گەورەترە، دانیشتوانەکەی دە ملیۆنەو کۆی داهاتی ناوخۆی ساڵانەی ٥٥٠ ملیار دۆلارە.
