Draw Media

واقیعی ئیفترازی (ڤیرچوەڵ)

واقیعی ئیفترازی (ڤیرچوەڵ)

2022-05-25 10:35:57


ئارام سەعید

مادە مانای ئەوەیە شتێک بوونی هەیەو دەیبینیت بەچاو، دەتوانیت دەستی بۆبەریت و هەستی پێبکەیت، کاتێکیش ئەو وجودە لەناوبەریت پاشماوەیەکی لێ بەجێدەمێنێت، بۆ نمونە بە سوتاندن بێت ئەوا خۆڵەمێش بەجێدەمێنیت، یان ئاو کە دەکوڵێنیت هەڵم دەبینی، بەڵام لەجیهانی ئیفترازیدا (ڤیرچوەل) شتەکان بونیان هەیە بەڵام ناتوانی دەستی بۆبەریت، کاتێکیش کە لەناوی دەبەیت پاشماوەی نیە، بۆ نمونە کە فایلێک دەسریتەوە لەسەر کۆمپیوتەرەکەت دەچێتە تەنەکەی خۆڵەکەوەو کە لەوێ دەیسڕیتەوە ئیتر هیچ پاشماوەیەکی نیە، کەواتە پێناسەی وجود گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە...

ئەم مەسەلەیە لەبەرواردیکدا ئاڵۆزیەکی ترمان بۆ دەردەخات، ئەو واقیعەی لەناو ڤیدیۆ گەیمەکاندا دەیبینین بەرهەمی چەندین دیزاینەرو رۆشنبیرو ئەندازیارە، بەڵام ئەوکاتەی دەبێتە راستیی چی روو دەدات؟ بۆنمونە ڤیدیۆ گەیم لەواقیعیکی ڤیرچوەڵ دایە، واتە لەناو یاریەکە بەبێ بەزەیی چەکەکان بەکاردەهێنیت و نەیارەکان دەکوژیت لەکاتێکدا کۆی پرۆسەکە بونیی نیە لەواقیعداو خەیاڵە، بەڵام لە حاڵەتی فڕۆکەی بێ فرۆکەوان کە وەک ڤیدیۆ گەیم وایە، لەواقیعدا فڕۆکەوانەکە لەسەر کۆمپیوتەرەکەی وەک ڤیدیۆ گەیمێک یاری دەکات و کەسەکان غافڵکوژ دەکات یان بۆردومان دەکات و لەواقیعدا دەیانکوژێت.. واتە خۆی لەواقیعی ئیفترازیدایەو بەڕاستی کەسەکان دەکوژێت و هەرئەمەش وادەکات کە ئەو فڕۆکەوانانە زۆرکات کێشەی دەرونیان بۆ دروست دەبێت...

ئێستا لەناو واقیعی ئیفترازیدا دەتوانیت زەوی گرانبەها بکڕێت کە دەبێت بە پارە بکڕدرێت و ئەو زەویە لە واقیعدا نیە، چەندین کۆمپانیای عەقاراتی گەورە هەیە کە زەوی لە میتاڤیرس دەفرۆشن و دەکرێت ڤێلایەک، دوورگەیەک یان مۆڵێک و بازارێک بکڕیت و لەوێوە شتیش بفرۆشیت، دەتوانی ریکلام بۆ کۆمپانیاکەت بکەیت لەو شوێنانەی میتاڤێرس، دەکرێت مۆزەخانەیەک بکەیتەوەو بەپارە سەردانی بکرێت....

ئێستا واقیعی ئیفترازی بە ئەستەم جیادەکریتەوە لەواقیعی راستەقینە، خەریکە دەبێتە واقیع و ژیانمان و ئەوەی لەسەر شاشەی مۆبایلەکانمان یان کۆمپیوتەر دەیبنین دەبنە واقیعێکی بڕواپێکراو، لەکاتێکدا ئەوەی لە ئیفترازیدا هەیە بەزمانی ژمارەکان و دیجیتاڵ دروستکراوە، بەڵام وا نزیکدەبێتەوە لەواقیعی خۆمان واتە بەتەنها وابیری لێناکەینەوە کە ئەمە جیهانی هاوشێوەکردن و دروستکراوە بەڵکو بۆتە جیهان خۆی...

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand