تورک میساقی میللی هەیە، کورد میساقی پەرتەوازەیی !

2022-05-24 15:59:56
ئاسۆ عەبدوللەتیف
بیرخستنەوەی تێرمی میساقی میللی و بنەماکانی، وەک سنوری جوگرافی و قەڵەمڕەوی سیاسی دەوڵەتی تورکیا لە دوای کەوتنی خەلافەت و دەسەڵاتی سوڵتانەکان و ڕێککەوتن نامەو ئاگربەستی مۆدرۆس لە نێوان سوڵتان محمدی شەشەم و هاوپەیمانانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم لە ١٩١٨ ، بۆیەکەم جار ڕەجەب تەیب ئەردوگان هێنایەوە گۆڕێ و خستیە سەر زوبانی میدیاکان لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦، ئەوە ئەوکاتە بوو ئاکپارتی ڕەدی کردوەوە بەشداربێت لە ڕزگارکردنی داگیرکاری موسڵ لەسەردەستی دەوڵەتی ئیسلامی ئەبوبەکر بەغدادی- داعش.
بەهەموو پێوەرێک دەبوو تورکیا ئەوکات بە گەرمی بهاتبایە سەرخەت بۆ کۆتایی خەلافەتی داعش لە موسڵ و ڕۆژاڤای کوردستان، بەڵام چونکە پەیوەندی و هەماهەنگی ئایدۆلۆژیی و عەقیدەیی هەبوو لە نێوان دەوڵەتی تورک و بنەما فیکرییەکانی خەلافەتدا لە ڕێگەی جەبهەتولنوسرەو سوپای محمدی و داعش و گروپە جیهادیەکانی ترەوە، تورکیا نەرمی نواند لەو بارەیەوەو دواتریش دەرکەوت تورکیا حەوشەی پشتەوەی ئەو ڕێکخراوە توندئاژۆیانە بوو لەباری یارمەتیدانی لۆجستی و مرۆیی و رێکخراوەیی و فریاکەوتنی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانیان تا گەشت بەو لەشکرکێشییە فراوانە لە کۆبانێ و شەنگال و عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانی و باشوری کوردستان و ئێستاش بەبیانووی ئاسایشی میللی و نیشتیمانییەوە دەنگۆی تازە هەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی نوێ و دامەزراندنی پشتێنەی ئارام و نەخشەی جیۆستراتیژیی سیی کیلۆمەتریی نوێ بۆ ناو قوڵایی خاکی ڕۆژاڤا لە زاری ئەدوغانەوە .
ناوەناوە ئەردوگان نەخشەی ئەو میساقەی کردۆتە چەکی دەستی وەک ڕەوایەتیدان بۆ جەنگ و هاتنە ناوەوەی سوپاکەی بۆ باکوری سوریاو عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان تا دەگات بە لەشکرکێشی بۆ هەموو ئەو سنورانەی ناو قەڵەمڕەوی دەوڵەتی کۆنی عوسمانی لە رۆژئاوای دەریای ئیجەو باکوری قوبروس و کەناراوەکانی دەریای سپی، هەموو ئەوانە لەژێر فۆڕمی عوسمانیزمی نوێ له توركیا تیۆریزە دەکرێت بە سپۆنسەری داعش و بیری سەلەفیزمی توندڕەوی جیهادی نوێ.
پرۆژەکە هەر بریتی نییە لە ڕوانگەی قوڵی تۆرانیزمی ئاکپارتی بەڵکو خولگەیەکە لە دەوری سوڵتانیزمی دینی و ئیمپراتۆریەتی فاشیزمی نوێ کە بەشێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش تەوزیفی دەکەن لە ئەجێنداکانیان بەتایبەتی شەش حیزبە نوێکەی تورکیا کە ئەمساڵ پێک هات لە بەرەیەک بۆ گۆڕینەوەی سیستمی سیاسی لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەڕلەمانیی کە ئەوانیش بریتین لە؛ پارتی گەلی کۆماری کەمال کلیچدار ئۆغلۆ ، پارتی چاکەی میراڵ ئاکشنەر، پارتی ئاسودەیی تیمیل کارامولا ئۆغلۆ، پارتی ئایندەی ئەحمەد داود ئوغلو، پارتی دیموکراتی پێشکەوتنی عەلی بابا جان، پارتی دیموکراتی جۆڵتکین ئویساڵ.
بەڵام بەدەرەجەی یەک پارتی دادو گهشهپێدان لهژێر فهرمانی رهجهب تهیب ئهردوغان رهنگرێژی كردوه، بۆ ئەو مەبەستە بهردهوام خهریكی ئۆپهراسیۆنی سهربازیی و لهشكركێشیین بۆ باشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و ئەو پارتانەش هەر زوو موبارەکەی هەوڵەکانی ئەردوگانیان کرد لەتەواوی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا، لەگەڵ ئەوانەدا گرتن و راوهدونان و داخستنی پارته كوردیهكان و زیندانیكردنی دهیان سهرۆك شارهوانی و پهرلهمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان- ههدهپهو هاوسهرۆكانیان بۆ خزمەتی هەمان پرۆژەو تەنانەت نەیانهێشت هەدەپە بچێتە ناو ئەو بەرە شەش پارتەشەوە.
پرۆسێسی به تورككردن و قهڵهمرهویی فاشیزمی ئاینیی بەرەو زیندووکردنەوەی میساقی میللی عوسمانیەکان لە ساڵی ١٩٢٠ لەسەر بڕیاری مستەفا کەمال ئەتاتورک دەرچوو لە پەرلەمانی عوسمانی ئەوکات بۆ دیاریکردنی سنوری جمهوریەتی نوێ و گەڕاندنەوەی موسڵ و زەویە داگیرکراوەکانیان لە ئەنجامی شکستیان لە جەنگی جیهانی یەکەم، کە شەش بنەمای سەرەکیشی لە خۆگرتبوو، ئێستا سەری کێشاوە بۆ زیندوکردنەوەی ناوەرۆکی ئەو خەون و پرۆژەیەو له داگیركاری عهفرین و سهرێ كانی و گرێ سپیهوه دەستپێدەکات بۆ شهنگال و لێدان لە كهمپهكانی مهخمورو بناری قهندیل و بادینان تا تەماعکاریی و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ لیبیاو ئازەربایجان و ناگۆرنۆ کەرەباخ، تا گەشت بە چرنوکی پڵنگ و چڕنوکی هەڵۆ لە ٢٠٢٠ و لە شوباتی ٢٠٢١ لە چیای گارەو دوایین ئۆپەراسیۆنیش چڕنوکی قوفڵ/ گرێ، لە ١٧-٤-٢٠٢٢ بۆ یەک هەفتە، لە باشوری كوردستان،
وادیاره توركهكان چهند ئامانجێكی سهرهكیان لهم بۆردومان و لهشكركێشیه نوێیهدا ههیه كه ئهویش؛
• بە تۆپزی کورد بکاتە دەرەوەی موعادەلەکەو میساقی میللی زیندو بکاتەوە و نەوت و سامانە گرانبەهاکەی بەرێت ئەوەش بە قۆستنەوەی ئەو دۆخە ناچیزەو بە لاساییکردنەوەی ڕوسیا بەرامبەر داگیرکاری بۆ هەرێمەکانی دۆنباس (دۆنتسیک و لۆهانسک)ئۆکراینا.
• تورکیا گەرەکیەتی بێتە پاڵەوانی ئاسیاو بەدیلی عەرەبستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، هێشتا ئهوهتا له خهیاڵدانی كۆنی سهدهیهك لهمهوبهری ڕێکەوتننامەی مۆدرۆس و سایكس بیكۆو پهیمانی لۆزان و داگیركاریهكانی ئهوكات، بهتایبهتی سوود وهرگرتن لهو بۆشاییه سهربازیهی كه ئهمریكاو روسیا دروستیان كردوه له ناوچهكهدا.
• تورکیا کە باری لارە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە پێشە لە ٢٠٢٣ پێویستی بە سەرکێشییە بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک، کەس بەقەد تورک حەزی بە ماسۆشیەت و دەنگە دەنگی جەنگ و باروت نییە، ئەردوگان دەزانێت ههم ئهمریكاو ههم روسیاو ههم ناتۆش زۆر پێویستیان به پێگهکەیەتی بۆیە تورکیاو ماشێنە جەنگیەکەی ناوەستێت.
بهڵام رهنگه ئیدی داگیركاری خاك ئهوهندهش ئاسان نهبێت وهك چۆن بۆ زلهێزێكی وهك روسیا كه %41 ی گازی سروشتی ئهوروپاشی بهدهسته ئاسان ناگوزهرێ و ئەوە سێ مانگە قاچی چۆتە قوڕاوەکەوە. لێ کورد بەو پەرتەوازەییە زەحمەتە بتوانێت گوتارێکی ڕادیکاڵ و هاوسەنگ بەرهەم بهێنێت بۆ بەرگرتن لەو هەمەجیەتە نوێیە، لەکاتێکدا گازی سروشتی هەیەو بەس!؟
