Draw Media

مرۆڤ کاتێک ئەبێت بە (نوقتەی لابەلا)

مرۆڤ کاتێک ئەبێت بە (نوقتەی لابەلا)

2022-05-27 11:55:43


هێمن عه‌بدولقادر

مشکێکی بچوک لەناو دارستاندا پیاسەی دەکرد بە دەستە بچوکەکانی لاسکی گیاکانی دەقرتاندن و گۆرانی دەگوت، لەناکاو بینی شێرێکی گەورە، کەوتۆتە ناو تۆڕێکی گەورە هەرچەند هەوڵئەدات ناتوانێت خۆی لەو داوەی کە تێی کەوتووە ڕزگار بکات، لەو دیو تۆڕەکەشەوە کۆمەڵێک کەمتیارو چەقەڵ و مەیمون پێدەکەنن بەبێ ئەوەی زاتی ئەوە بکەن لێێ نزیک ببنەوە، پاش ماوەیەک لە چۆڵبوونی چوار دەوری شێرەکە.

مشکی بچکۆلە بە ترس و لەرزێکی زۆرەوە چووە حزوری شێری یەخسیرکراو، وتی: سڵاو گەورەی دارستان، ئەوە چ حاڵێکە تۆی تێدایت ؟

شێر وتی:- لە ڕاستیدا چەندین سالە بەهۆی ڕق و ئیرەیی کەمتیارو مەیمونەوە لەپێگەو ناوبانگی من لە کەمیندان بۆم، هەتا بەم دۆخەیان گەیاندم.

مشکی بچکۆلە وتی:- قوربان ئەگەر من بە ددانەکانم ئەم تۆڕە ببڕم و ڕزگارت بکەم، بەڵێن ئەدەیت کە لەمەولا مشکەکان نەخۆیت ؟

شێر وتی:- بەڵێن بێت.

بەو جۆرە مشک بەددانەکانی بەشێکی تۆڕەکەی بڕی و شێر هاتە دەرەوەو سوپاسی مشکی کردو سەری داخست و بە هێواشی ملی ڕێگای بەرەو دەرەوەی دارستانەکە گرت.

مشکی بچکۆلە لە داواوە هاواری کرد: (گەورەی دارستان ئەوە بۆ کوێ دەڕۆیت؟)

شێر بە غەمگینیەوە وتی: دەچم لە شوێنێکی ئەم دنیایە بەبێ دەنگی دادەنیشم.

مشک وتی بۆچی؟ مەگەر تۆ گەورەی ئەم دارستانە نیت ؟ نابێت جێی بهێڵیت.

شێر وتی؛- دارستانێک کەمتیارو مەیمون بتبەستنەوەو مشک رزگارت بکات، ئەو دارستانە هەر بۆ جێهێشتن و گۆشە نشینی باشە.

* لە کۆمەڵگایەکدا کە مرۆڤ ئیحتیاج و ئاتەجی بە مرۆڤی بچوک بوو ئیتر دانیشتن و گۆشەنشینی باشترە.

* لە کۆمەڵگاو شوێنێکدا کە (تەنورەی کورت)و (نامە)و (ڤیدیۆ چات)و (ژوانی شەوانی سۆزانیەک)و (هەڵدانی پێکێک لە باخێکی قەراغ شاردا) لە (دەستپاکی)و (داوێن پاکی)و (زمانپاکی)و (خوێنەواریی)و (بێ زیانی)و (بڕوانامەی بەرز)و (لێهاتووی)و (شارەزایی)و (ئەزموون) زیاتر شەفاعەتت بۆ بکەن، ئیتر ئەو کۆمەڵگایە ئەگەر جێشی نەهێڵیت، گۆشەنشینی باشترە.

* لە کۆمەڵگاو شوێنێکدا کە (سمت و کوڵم و لێوێکی بەرز) لە کەسایەتیەکی خاوەن پایەو مەعریفەی بەرز، زیاتر ئەرزشی هەیەو قسەی دەڕوات ئیتر ئەو شوێنەو ئەو کۆمەڵگایە هەر هی ئەوەیە لێی هەڵبێیت، ئەگەر بەجەستەیش نەبێت بەڕۆحی دەبێت لێی بڕۆیت.

* هیچ کەسێک گرنگی بەوە نادات کە تۆ تا چەند کوڕی باش یان کچی باشیت، ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە تۆ تاچەند دەتوانی وەک کەمتیار (پیسخۆر)بیت یان وەک (مەیمون) قیژە قیژ بکەیت یان چۆن دەتوانیت ڕۆژێک یان شەوێکیان تا بەیانی بۆ بڕازێنیتەوە

* لە کۆمەڵگایەکدا مەیمون لەسەر دار بێت و عاقڵەکانیشیان لە مالەوە یان لە سوچێکدا کەنارگیر کرابن، لە شوێنێکدا کەمتیار بتوانێت بتگلێنێ و مشکی بچوکیش بتوانێت تەکلیف و تکات بۆبکات، مەگەر هەر حاجی قادری کۆیی کۆمەکی ئەم دۆخەمان بکات کە دەڵێ:-

(شێخ غەفور بیستومە چاچیم پێ دەڵێی،

چاکە، من نابم بە نوقتەی لابەلا!)

کام ئیشەی زۆر بێ داهات و بێ ناوبانگە، باشترە لەو ئیشەی کە مرۆڤ دەکات بە نوقتەی بچوکی پیس و باسی کۆڕو مرۆڤی لابەلا.

نوقتە سەری دێڕ ...

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand