سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

خەساندن و بە كۆیلەكردنی كۆمەڵگا 

بڵاوکراوەتەوە لە : 23 ئایار 2022

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

     ساڵح ژاژڵەیی
هەر وەكو چۆن لە چاخە كۆنەكاندا سوڵتان و پێاوە دەست ڕویشتوەكان خزمەتكارو دەست و پێوەندەكانی ناو قەسرەكانیان خەساندوە و لە پیاوەتیان خستون و كردویانن بە كۆیلەی خۆیان و چۆنیان ویستوە ئاوا مامەلەیان لەگەڵ كردون و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان هێناون  ، لە ئێستادا یەكێتی و پارتی لە ڕێگای جۆراو جۆر و بە شیوازی تایبەت كۆی كۆمەڵگای كوردیان خەساندوە ، واتە بیدەنگیان كردون . 
حیزبی كوردی لە بری ئەوەی كۆمەڵگای كوردی بەرەو پێشەوە بەرێت و ناوماڵی كورد ڕێك بخات لەپێناوی پێشخستنی هەرێمی كوردستان و بەدەستهێنانی مافەكانی ، بۆتە هۆكاری تێكدانی ناوماڵی كوردو پەرتەوازەكردنی . جگە لەوەش تا ئێستاش حیزبە دەسەڵاتدارە كوردیەكان لە لایەن بنەماڵەكانەوە سەرپەرشتی و ئیدارە دەدرێن . 
واتە حیزبەكان  حیزبی بنەماڵەن . كەواتە  ئەو حكومەتەی لە سەر دەستی ئەو حیزبانەش پێك دەهێنرێت  دەبنە حكومەتی بنەماڵە نەك حكومەتێك كە نوێنەرایەتی گەل بكات  .  كە واتە  لێرەدا حیزب  دەبێتە شاگردی بنەماڵەو بنەماڵەش بە ویستی خۆی فەرمانبەرەكان  دەست نیشان دەكات و بەرپرسیاریەتیان پێ دەسپێرێت و ئەوانیش بە ویستی ئاغاكانیان هەڵس و كەوت دەكەن  .  ئێستا لە ڕێگای ئەم ڕونكردنەوانەی  لە خوارەوە باسیان دەكەم  باشتر تێ دەگەن چۆن یەكێتی و پارتی كۆمەڵگای كوردیان خەساندوەو كردویانە  بە كۆیلەو مریدی خۆیان. 
1-بۆ ئەوەی دام ودەزگاكانی حكومەت بە باشترین شێوە ڕێك بخرێن و كاروباری هاوڵاتیان بە شێوەیەكی ئاسان  بەڕێوەبەرن و وڵات بەرەو پێشەوە بەرن دەبێ پرەنسیپی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو پەێرەو بكرێت . واتە كەسێكی خاوەن بڕوانامە و شارەزاو لێزان و پسپۆڕو دڵسۆز و دەست پاك و نیشتمان پەروەرو خاوەن كەسایەتی  بدۆزرێتەوە بۆ بەڕیوەبردنی وەزارەتێك ، فەرمانگەیەك ، دادگایەك ، زانكۆیەك ، قوتابخانەیەك ، كارگەیەك .....هتد. نەك شوێن بدۆزرێتەوە بۆ كەسانی هیچ لە بارا نەبوی حیزبی و كاسەلێس و  سەر بە بنەماڵەكان  . 
بەڵام بە پێچەوانەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە یەكەم ڕۆژی دامەزراندنیەوە ، حكومەتێكی یەكگرتو نەبوەو ئێستاشی پێوە بێت دوو ئیدارەی  سەر بە دوو بنەماڵەن و  حكومەت هەر ناوەو هیچیتر . بۆیە هەموو بەرپرسی فەرمانگەكان و سەرۆك و ڕاگری زانكۆ و كۆلیجەكان و بەڕیوەبەری قوتابخانەكان و پەیمانگاكان و دادگاكان و وەزیرەكان و بەڕیوبەرە گشتییەكان و ڕاوێژكارە كان و هەموو بەرپرسەكانی تری دام ودەزگاكانی حكومەت  كەسانی سەربە دوو بەماڵەو دوو حیزبی فەرمانڕوان و شوێنیان بۆ دۆزراوەتەوە . 
بەرپرسی فەرمانگەو دام ودەزگاكانی حكومەت لە بری ئەوەی  لەسەر بنەمای شارەزایی و لێهاتوی  دانرێن ، لەسەر بنەمای حیزبی بون و لە ڕێگای لق و ناوچەو مەڵبەندو كۆمیتەكانی حیزبیەوە بۆ پۆستەكان دەپاڵێورێن .  ئەوانە بۆیە دانراون كە وەلایان بۆ حیزب و بنەماڵە  هەبێت و فەرمانی ئەوان جێ‌ بەجێ‌ بكەن . بەو هۆیەوە هیچ كاروباریك وەكوخۆی جێ بەجێ‌ ناكرێت و دیاردەی گەندەڵی و  بەهەدەردانی سامانی گشتی و خۆ دەوڵەمەند كردن بۆتە سیما و كەلتورێكی ناشیرینی ئەم هەرێمەو  هۆكاری وێرانبونی  . كەسێك دەكرێتە سەرۆكی دادگا یان دەبێتە حاكم شایانی ئەو پۆستە نییەو موچەیەكی زۆری هەیە . كەسێك دەبێتە سەرۆكی زانكۆ یان دەبێتە ڕاگری كۆلیجێك كە بە قبوڵ خاس لە زانكۆ وەرگیراوە .بۆیە ئەمانە ناتوانن سەربەخۆبن لە كارەكانیاندا .  كەسێكی وەكو توانا كەمال  دەكرێتە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی  كە بەنوكە قەڵەمێك و ئیمزایەك لە ماوەی یەك دەقیقەدا بە بڕیاری سەروی خۆی  كەسێك دەكاتە ملیۆنێر . بڕیاردەدات شوێنی باخچە و شوێنی یاریگاو شوێنی قوتابخانەكان بكاتە شوێنی  نیشتەجێبون . حاكمێك لەسەر بڕیاری حیزب حوكمی ناحەق بەسەر هاوڵاتیاندا دەدات و بەلایەوە ئاساییە .
 فەرمانگەی داواكاری گشتی  بێدەنگە لە ئاستی بەهەدەردان و دزینی سامانی هەوڵاتیانی و داگیر كردنی موڵك و ماڵی گشتی  كە بە ئاشكرا بە بەرچاویانەوە دەكرێ  . خۆ ئەگەر نوسراویشیان بۆ بنوسی و ئاگاداریشان بكەیتەوە ، ئەوان هەر بێدەنگ دەبن چونكە  پێیان وتراوە قسەنەكەن و ئەوە كاری ئێوە نییە . 
كەسێك دەكرێتە سەرۆكی زانكۆ  گومان  لە بڕوانامەكەی دەكرێت بۆیە ئاستی زانكۆكانی كوردستان لە خواری خوارەوەیە . كەسێك دەكرێتە وەزیر گرَێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەك  ئێمزا دەكات  تەنها بۆ مەبەستی دزیكردن و خۆ دەوڵەمەنكردنی خۆی .  كەواتە هەنگاوی یەكەم لەڕێگای پێدانی پلەو پۆستەوە خەڵكیان خەساندوەو كردویانن بە كۆیلەی خۆیان .
2-  لەهەرێمی كوردستان  حیزب حكومەتی ڕاستە قینەیە و حكومەت شاگردی حیزبە . بەدیوێكی تردا حیزب حكومەتە لەناو حكومەتدا  . بۆیە دەبینی  ژمارەی ئەندامانی حیزب  كە لە سەركردایەتی و بنكردایەتی و لق و ناوچەی پارتی و مەڵبەندو كۆمیتەكانی یەكێتی و  ڕێكخراوە بەناو دێموكراتیەكان و كاروباری كۆمەڵایەتی و سوڵح و سەڵاحەت  كار دەكەن ئەگەر زیاتر نەبن لە فەرمانبەرانی حكومەت كەمتر نین و ئەمانە هەمویان بونە بارێكی قورس بەسەر بودجەی گشتی خەڵكەوە چونكە هیچ كارێك بۆ میللەت ناكەن و ئەمانە كەسانی خەسێنراون و كراون بە كۆیلەی حیزب . كەواتە ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە بەشی موچەی ئەو لەشكرە بێكارەی حیزبیش ناكات ، نەك ئەنجامدانی خزمەتگوزاری . 
3- یەكێتی و پارتی دوو حكومەتی جیاوازن لەناو یەك حكومەتی درۆینەدا . هەر یەكەیان هێزی پێشمەرگەی تایبەت و ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆرو  دەزگاكانی زانیاری و پاراستنی  خۆی هەیەو تەنانەت ناوەكانیشیان جیاوازە . هیچ لایەنێكیان  ژمارەی تەواوی ئەوهێزانە نادەنە وەزارەتی درۆینەی بەناو پێشمەرگەو  وەزارەتی دارایی . بۆیە بە ئارەزوی خۆیان چۆن و چەندیان  بوێت دەیكەنە  لیست و پارە وەردەگرن .
 ئەگەر بەدواداچونێكی وەرد بكەی  لانی كەم  لەناو هێزی پێشمەرگەدا  بەقەدەر ژمارەی یەك لیوا بندیوار هەیە . فەرماندەی سەربازی نییە دەیان بندیواری نەبێت . ئەگەر  بچیتە خواروە بۆ یەكەكانی پێشمەرگەو بەدواداچونی ورد بكەی  ئەو كات تێ دەگەی  چەند كەس ناوی لە لیستدا هەیەو چەند كەسیش  بە ڕاستی ئەركی بینیوە . ئەوەتا پارتی بە ئارەزوی خۆی  بێ ئەوەی پێویستبن هاتوە 6 هەزار ئاوارەی  سووری كردۆتە پێشمەرگەو  بۆ ئەوەی دژی كورد خۆی بەكاریان بهێنێـەوە و ئەوانە بونە ئەركی قورس بەسەر بودجەی گشتییەوە .
 پارتی ناوە ناوە فەوجێك بۆ كەسێك دەكاتەوە بۆ بەكار هێنانیان دژی یەكێتی و . ماوەی 10 ساڵە بەئاشكرا 500 دەرچوی زانكۆ دانەمزراون . بزانن چەند پێشمەرگەش شەهید بوەو چەند كەسیش ساڵانە خانە نشین دەبن و موچەكەیان دەبێتە نیوە . لە بری ئەوەی خەرجی موچە كەم ببێتەوە ساڵانە  دەیان ملیار دینار خەرجی زیاد دەكات ئەمە بۆچی ؟. 
لەبەر ئەوەی بەدزیەوە لەناو هێزی چەكداردا بەردەوام خەڵك دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی بیانكەنە كۆیلەی خۆیان و بەكاریان بهێنن دژی هاوڵاتیان . ئەو هێزە چەكدارەی  یەكێتی و پارتی هەیانە بە ژمارە زۆر زیاترە لە ژمارەی سوپایەكی وەكو ئیسڕائیل كە شەر ِلەگەڵ هەموو عەرەب دەكات . ئەمە لە كاتێكدایە ئەم ژمارە زۆرەی چەكدارە تەنها ئەركیان بەرگریكردنە لە هەردوو بنەماڵەو ڕوبەڕوبونەوەی هاوڵاتیان .  
4-  بەشێكی هاوڵاتیانیان  كردۆتە كۆیلەی خۆیان  لە ڕێگای پێدانی زەوی . دامەزراندنی كەس و كاریان . بڕینەوەی دیوەخانانە بۆ كەسایەتییە دیارەكان . ناردنی ئوتومبێلی ئاخر مۆدێل بۆ هەندێك كەسی دیاری ناوكۆمەڵگا  لە كاتی هەڵاَبژاردنەكاندا .  ڕێگا پێدان و كار ئاسانیكردن بۆ هێنانی كەل و پەلی ماوە بەسەرچوو لەمەرزەكانە . 
لەم ڕێگایانەو بە شێوازی جۆراو جۆری ترەوە بەردەوام خەرێكی خەساندن و بە كۆیلەكردنی جەماوەرن واتە بیدەنگ كردنیان بەرامبەر بە تاوانەكانی خۆیان . جاری واهەیە كەسێكی هیچ نەبوی سواڵكەر  لە ناكاو وەكو قارچك هەڵاَ دەتۆقی و دەبێتە كەسایاتییەكی دیارو دەوڵەمەند بە هۆی نزیكی لە كەسانی حیزبیەوە .  گومانی تێدا نییە ئەویش بەدل َو بەگیان دەبێتە خزمەتكاری حیزب . 
5- تا پێش ڕاپەڕین هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستانی هەموو لایەنەكان زیاتر نەبوە لە 7-8 هەزار پێشمەرگە  ئێستا بچن ببینن چەند كەس بەناوی پێشمەرگەوە خانە نشینكراوە . .. خەڵكك هەیە لەحیم چی بوەو بەو هۆیەوە چاوێكی لەدەست داوە ، ئێستا بە پلەیەكی بەرز بەناوی پێشمەرگەو كەم ئەندام خانە نشینكراوە . كەسێكی تر لە تراكتۆر كەوتۆتە خوارەوە ، ئێستا عەمیدی كەم ئەندامە  .  بەهەزاران كەس كراوە بە شەهید كە هەر پێشمەرگە نەبوە . خەڵك  هەیە بە ئاسایی مردوەو خراوەتە  سەر لیستی شەهیدان  . 
جگە لە هەموو ئەمانە ژمارەیەكی یەكجار زۆر هاوڵاتی هەیە كە بۆ یەك  ڕۆژیش پێشمەرگە نەبوەو یەكێتی و پارتی  هاتون موچەیان بۆ بڕیونەوە  تەنها بۆ ئەوەی دەنگیان بۆ بدەن . خەڵك هەیە جاش بوەو بەرزترین موچەی هەیە .  ئەگەر دەتانەوێت   بزانن ئەم هەرێمە لە سایەی یەكێتی  و پارتیەوە توشی چ كارەساتێك بوە ، بەیانیانی زوو  پێش دەست پێكردنی  دەوام بچن بۆ بەردەم فەرمانگەكانی حكومەت بەچاوی خۆتان دەبینن چەند ئافرەتی بە تەمەنی بەساڵاچو بە شەلە شەل و لارە لار دەچن  بۆ پاك كردنەوەی فەرمانگەكان چونكە هەموو كەسێك بیزی نایەت ئەوكارە بكات . 
هەرئەم كەسە لە سەری مانگدا و لە كاتی خۆیدا موچە وەرناگرێـت و كە خانە نشینیش كرا دەبێ‌  لە سەرەی موچە وەرگرتندا گیان لە دەست بدات . بەڵام لەولاوە  سمێل بابرێك  كە كاتی خۆی جاش بوەو لە لایەن ئەم دوو حیزبە فەرمانڕەوایە  تاڵانچیانەوە  موچەی باشی بۆ بڕاوەتەوەو گاڵتە بەخەڵك دەكەن .
  هەرچی سیفەتی حوكمڕانی هەیە لەم وڵاتەدا نییە . قوتابخانەی وا هەبوە 25 مامۆستای تێدا بوە  15 كاتیبەی هەبوە  بەڵام  دوو پێرەژنی  داماوی بەسالاچوو  هەبوە   وەكو خزمەت گوزار  ئاخر چۆن حوكمرانی بەمانە دەكرێت ؟. 
6 –ئەو پارەیەی كە دراوە بە ئوتومبێل بۆ ئەندامانی سەركردایەتی و  بنكردایەتی و كادیرو ئەندامانی  هەردوو حیزب و  كەسایەتیەكان  و  لەگەڵ  حسابی مەسەرەفی بەنزین و خەرجی چاكردنەوەیان و لەگەڵاَ زۆرینەی ئەو ئوتومبیلانەی بۆ دام و دەزگاكانی حكومەت كڕاون كە زۆرینەیان هەر زیادەن و پێویست نین و بۆ ڕازیكردنی خەڵك كڕاون ،ئەگەر هەموو ئەو پارەیە  حساب بكرێت بەلانی كەمەوە 20 كارگەی گەورەی پی َدادەمەزرێنرا  ، كە هەر یەكەیان 500 كەس كاری تێدا دەكات . بەڵام هەموو ئەم بە هەدەر دانە بۆ ئەوەیە خەڵك   بخەسێنن ، واتە بێدەنگیان بكەن و بیانكەنە كۆیلەو خزمەتكاری خۆیان . 
7- بەڵام  ئەوەی زۆر مایەی نیگەرانیە . ئەوەی زۆر مەترسیدارە .  ئەوەیە كە لە ئێستادا نوخبەی ڕۆشنبیریش  خەریكە بە تەواوی بخەسێَنرێت و بێدەنگ بكرێن . سەردەمانێك لە شاری سلێمانی نوخبەی ڕۆشنبیر  ببو بە مەترسی گەورە لەسەر دەسەڵات . كەسانێك هەبون وەكو ئەستێرەی  گەشاوە  وابون لە ئاسمانی سلێمانیدا . قسەكانیان نوسینەكانیان لێدوانەكانیان ، نرخ و بایەخی خۆی هەبوو .  خەڵك گوێی بۆ دەگرتن . بەڵام بەداخەوە ئەو دەنگانە نەمان و كپ كران .ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگای پێدانی پلەو پۆست و موچەی باشەوە ، زۆرێك  لەوانەی كڕێن و كردنی بە كۆیلەو گوێڕایەڵی خۆی . 
 ئەوانە ژمارەیان زۆرەو بە باشیشی نازانم ناوی كەس بهێنم .  هەرچی پەیج وسایتی ئینتەرنێتی هەیە تەنها ئەوانە نەبێت كە بەقەدەر پەنجەكانی دەستن ، هەمویان لە لایەن دەسەڵاتەوە كڕاون و خاوەنەكانیان بونە كۆیلە . دەسەڵات خۆی بە سەدان پەیجو سایتی كردۆتەوەو خەڵكی تایبەتی داناوە  بۆ چەواشەكردنی  كۆمەڵگا  .
 كارەساتی گەورە ئەوەیە كە رۆِشنبیرێك ، خاوەن بڕوانامەیەكی بەرز ، خاوەن پۆَستێكی باڵا، خاوەن كەسایەتییەكی ناو شار  بێدەنگ بێت و خۆی بە بەرپرسیار نەزانێت  بەرامبەر بەو هەموو پێشێلكاریانەی  بەرامبەر بە پیرۆِزیەكانی  شار دەكرێت . ئێرە ئەوروپا نییە كەسێك شتێك لەسەر حكومەت بنوسێت و خێرا حكومەت وەڵام نەداتەوە یان ئیجرائات نەكات . 
ئێرە  كوردستانە بەرپرسانی ئێرە نە گوێیان هەیە نە زمان نابێ هەر بەوە ڕازی بێت شت بنوسێت ، دەبێ  ڕوی دەمیان تی َبكەیت و بڵێی ئەوەی نوسیومە لەگەَل تۆمە . جاری واهەیە هەر قسە ناكات و خۆی گیل دەكات . دەبێ ئەو كات  دەست و یەخەی بگرێت و ڕای وەشێنێت و پێی بڵێی ئەوە لەگەڵ تۆمەو ئاگادار بەو خۆت گیل مەكە .
 باشە دەپرسم سەرۆكی پێشوی شارەوانی سلێمانی توانا كەمال كە بڕیاری دەركرد  شوینی مەسڵەحەی كۆن كە بۆ باخچە دانرابوو ، 140 دۆنم زەوی كە بۆ یاریگای نێو دەوڵەتی دانرابوو ، بەشێكی ئەو زەویە بەتاڵانەی پشتی خەستەخانەی ئەنوەر شێخە كە ئێستا پەیمانگای وەرزشی پەروەردەی و  كۆلیجی سەڵاحەدینی ئەهلی تێدایە  بكرێنە شوێنی نیشتەجێبون و  بازرگانی ، چەند كەس هاتە دەنگ وو چەند كەس شتێكی لەسەر ئەو تاوانە گەورانە نوسی كە ئەوە دەست درێژی كردنە بۆسەر پیرۆزیەكانی شار لە لایەن كۆیلەكی حیزبەوە . ئەو تاوانە لە هەر وڵاتێكی تری دنیا بكرایا ، شارێك دەخرۆشا . لەوڵاتان  لەسەر بڕینەوەی درەختێك خەڵك خۆپیشاندان دەكات ، لەم وڵاتەی ئێمە لەسەر بڕینەوەی شارێك كەس نقەی لێوە نایەت  بۆیە تاماوین دەبی َهەر كۆیلەبین ، كۆیلەی دەستی بیگانە بین  یان كۆیلەی دەستی دەسەڵاتدارانی خۆمان ، جیاوازی نییەو كۆیلە هەر كۆیلەیە . 
باشە كەسێك  بۆ جارێك باسی ئەوەی نەكرد بۆچی لە پردی كۆبانیەوە بەرەو هەواری شار بایی 60 ملیۆن دۆلار داگیر كراوە لە لایەن سەرانی حیزب و بنەماڵەوە  بەڵام لەناو كارێزە وشكەوە تا دەگاتە پاركی ئازادی  لە كیلۆمەترێك كەمترەو  لە زەمانی سەدام حوسەینەوە  بڕیار درابوو بكرێتە جوت سایدو قەرەبوی هەموو ئەو ماڵ و دوكانانەش كراوە كە بەر شەقامەكە دەكەون .لە  ماوەی 31 ساڵی حوكمڕانی كوردو یەكێتی نیشتمانی كورستانە ئەم كیلۆمەترە نەكرا بە جوت ساید بۆ ئەوەی سیمای ئەم شارە كەمێك جوان ببێت و هاتوچۆش ئاسانتر بێت .  
بەڕێزان : ئەوانەی ئەم شارە بەڕێوە دەبەن خەڵكی ئەم شارەە نین و تەنها بۆتاڵانكردنی  لێرەن . بۆیە دەبێ‌ هەر خەڵكی ئەم شارە خەمی شارەكەی خۆیان بخۆن و لەسەر داگیركردنی بێنەدەنگ  و بە ئاشكرا هاوار بكەن . باشە ئەگەر  حاكمێكی ئەم شارە مامۆستایەكی زانكۆی ئەم شارە، ڕۆشنبیرانی ئەم شارە ، كەسایەتییەكی ئەم شارە ، خەمخۆرەكانی ئەم شارە نەیەنە دەنگ  ئەی چاوڕوانی كێ‌ دەكەن  لە بری ئێمە بێتـە دەنگ و بەرگری لە پیرۆزیەكانی شارەكە بكات ؟. 
 بەڕاستی سەیرە شاری هەڵمەت و قوربانیش ئاوا بە ئاسانی خەسێنراو بێدەنگ كراو بو بە شاری كۆیلە خەسێنراوەكان و هەرگیزچاوەڕوانی ئەو سوگایەتییە لە دانیشتوانی شاری هەڵمەت و قوربانی نەدەكرا   . لە هەر وڵاتێكی تری دنیادابوایە لەسەر  داگیركردنی شوێنی یاریگاكەو شوێنی  باخچەو  هەموو شار بەیەكەوە  دەڕژانە سەر شەقامەكان . لانی كەم وەرزشە وانەكان . ئەی باشە ئەم هەموو یانە وەرزشیانە چین و چ كارەن ؟. بەڵام داماوانە نازانن كە بە ناوی یانەی وەرزشی و وەرزشەوانەكانەوە  نێوەی زەوی ئەم شارە بەتاڵان براوە و فرۆشراوە ,  .  كاتی ئەوەیە هەمومان بەیەكەوە بێینە دەنگ .
 ڕۆشنبیر بەرپرسیاریەتێكی قورس و گەورەی دەكەوێتە ئەستۆ و زۆر شتی گەورەشی پێدەكرێت ئەگەر ئیرادە هەبێت . خۆ ئەگەر وریاش نەبێت دەكەوێتە بەر ڕەخنەی زۆر قورسەوە . لە بیرتان نەچێت  ڤلادێمیر لینین دەڵێت : ڕۆشنبیران بەتواناترین خەڵكن بۆ خیانەت، چونكە بەتواناترن لە خەڵكی تر بۆپاساو هێنانەوە .
 كۆتا قسەشم ئەم چەند قسە جوانەیە كە لە فەیسبوكەوە وەرم گرتون و   بەڕاستی زۆر جوان و پڕبایەخ و  پڕ بە پێستی خۆیەتی كە بەم دەسەڵاتەی ئێستا بوترێت . حكومەتەكەی  بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ژێر دوو ناوی پارتی و یەكێتیدا لەسەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە پێك هێنراوە  : پەڕلەمان شاگردی حكومەتە . حكومەت شاگردی حیزبە . حیزب شاگردی بنەماڵەیە . بنەماڵە غولامی بێگانەیە . خۆشم ئەمەم بۆ زیاد كرد  ، میللەتیش قوربانی و ڕەنجەڕوی  دەستی ئەمانەیە . 
22/5/2022

  
 
  
 
 


   


 

null

داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) عێراق لە (8) مانگی یەکەمی 2026

null

خۆداپۆشین بە قەیران

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

داگیرکردنی شوێن، لەناوبردنی یادەوەریی شار

null

دیدێك سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سیاسی ئێستای هه‌رێم

null

کاتێک حیزب لە نیشتمان گەورەتر دەبێت و حیزب دەبێتە سنووری نیشتمان

null

تەمبەڵی عەقڵی و کۆمەڵگای جنێو!