دەستی دەستی و یاری بە كوردی كەركوك
2019-03-05 08:14:12
لەتیف فاتیح فەرەج
لەرێكەوتنەكەی 4-3ی یەكێتی و پارتیدا كەركوك درایە دەست ڕەشەبای قەدەرەوە ، ئەوە یەكەم جار نیە كەركوك بەو دەردە دەبرێت،زنجیرەی فرۆشتن و پشتكردنە كەركوك و یاری كردن بە چارەنووسی دانیشتوانەكەیەوە، بە تایبەت كوردەكە دورو درێژە ،سپاردنی كەركوك بە لیژنە واتە دەستی دەستی پێكردن ، قسە باوەكەی كە دەڵێت هەر كارێك ویستت سەرنەگرێ لیژنەی بۆ دروست بكە، بۆ هیچ پرسێك راست نەبێت بۆ كەركوك راستە ،ئەوەش لە بەر ئەوەی شەڕی كەركوك شەڕی خاوەندارێتی و مافی مرۆڤ نیە شەڕی بۆشكە نەوت و بەرژەوەندیە .
شەڕی نەوت و ریفراندۆم و شەڕی كورسی و 16ی ئۆكتۆبەرو ئەم یاریەی ئێستا كە یاری دواخستنی چارەسەرو ماندو كردن و بێزار بوونە هەمووگرێدراوی یەكترن ،ناكرێت هیچ یەك لەو بازنانە لە یەكتر جیا بكەیتەوەو بە تەنێ هەڵوەستەی لە سەر بكەیت ، ئیدی ئەوە ئاوەزی دەسەڵاتدارانی كوردستانە دەرهەق بە كەركوك .
ئێمە هەموو ئەو راستیانەمان پێش رودانی دەزانی ، لە 2003ەوە قسەمان لەو یاریە ناشرینە كردوە كە لە بارەی كەركوكەوە بەڕێوە دەچێت ،بەڵام ئیدی قسەی پاڵەوانەكانی نەوت و گەندەڵی هەر ئەوە بوو كە ئێمە ناهەقی بەرانبەر حزبەكانی خۆمان دەكەین و چاومان بە سەركەوتنەكانی ئەواندا هەڵنایەت ، ئێوە تەنها سەیری پرسی كەركوك بكەن لەم یەك دوو مانگەدا بە دەست سەرانی كوردەوە ، رۆژی 5-2بڕیاریان دا " یەكێتی و پارتی " كە لە 18ی -2 پرسی كەركوك و مەسەلەی پارێزگار یەكلابكەنەوە ، پارتی لە 18ی دوو لەو پرسە خۆی دزیەوەو راستی لە گەڵ بەڵێنەكەی خۆیدا نەكرد ، یەكێتیش تا ئەو ساتەش نەیتوانیبوو یەك كاندید بۆ پارێزگار دیاری بكات .
لە 4-3 دیسان یەكێتی و پارتی دانیشتنەوە ، پرسی كەركوك لاوەكیانەو لە پەراوێزدا باس كرا ، سەیر ئەوەیە ئەگەر مانگی 11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت و كەركوكی تیا بێت وەك بڕیارە ، ئەوالە ئێستاوە بۆ ئەو كاتە 8 مانگی ماوە، باوەڕم وایە ئەگەر پارتی و یەكێتی زۆر پەلەش بكەن و بتوانن عیراقیش رازی بكەن و توركمان و عەرەبی كەركوكیش بێنە ڕایە لە ئێستاوە بە لای كەمەوە 3مانگپێویستە بۆ بێنەو بەرە ، واتە ئەوەی دەمێنێتەوە 5 مانگە ، ئاخۆ ئەمە یاری پێكردن نەبێت چیە ؟!
لێرەدا جێی خۆیەتی رەخنەی كەركوكیەكان بكەین ، ئەندامانی كوردی حزبە كوردیەكانی كەركوك زۆر كەم كەركوكیانەو لە بەرژەوەندی كەركوك بیردەكەنەوە ، دەنا دەیانتوانی خۆیان زۆر بابەت چارەسەر بكەن ، لەمەدا نمونەیەكی زندوو هەیە كاتی خۆی یەكێتیەكانی كەركوك لە گەڵ ریفراندۆم نەبوون ،بەڵام بە ناچاری و لە ژێر فشارو هەڕەشەدا ناچاركران ، خۆ ئەگەر ملیان نەدایەو سوربونایە لەسەر هەڵوێستەكەیان ، رەنگە ئێستا بارو دۆخەكە جۆرێكی تر با، بۆیە كەركوكیەكان پێویستیان بە جۆرێك لە خۆ بڕیاری و یاخی بوونە نەك ملدان و قەبوڵكردن .