لە پاش جەنگ و ململانێ، حکومڕانی دروست، بەڵام چۆن؟
2019-03-05 15:28:29
لاوك سەڵاح
قسەکردن لەسەر بیناکردنەوە و دابەشکردنەوەی دەستەڵات و حکومرانی باش و دروست دەستبەجێ لە پاش مێژوویەکی پڕ جەنگ و ململانێ لە ژینگە و دۆخێکدا کە سەرتاپا نائومیدی باڵی بەسەردا کێشا بێت، لە تارمایی سەراب و بێهودەیی ژیان و پروپووچی ماناکان زیاتر نییە، زەمەنێکت پێویستە بۆ ئەوەی بە هانای هاوارەکانی سەرلەنوێ بیناکردنەوەی کۆمەڵگە و دامەزراوەکان و بەهاکانەوە بچیت تا پرۆسەیەکی خۆماڵی لە بیناکردنی نەتەوە دروست بکەیت. هەموو جووڵەیەکی پاش جەنگ و وێرانی خاوە تا رادەی مردن، وەک شانۆنامەیەکی بێدەنگ وایە، هەندێ جار بێ رۆح دێتە بەرچاوت و کاتت دەوێت تا لە کرۆکی ماناکەی تێدەگەیت.
لە دۆخی پاش جەنگ، هاوار و نزاکان بەر پەڕەی ئەو گوێیانە دەکەون کە دەنگی بۆمبا بارین و ناپاڵم و موشەک و تانک درزی تێکردوون و تووشی کەڕی کردوون، نزاکان لەگەڵ وێنەی لاشە و تەرمی کوژراوەکان تێکەڵ دەبن و مانا و بەهاکان لێڵ دەکەن تا رادەی سڕینەوە، کارەساتەکان نەوەک هەر بەدگومانی دەخوڵقێنن، بەڵکو دەتکەنە لاشەیەکی نیوە مردووی دابڕاو لە هەموو شتێک، زیندوویەکی بێ رۆح و کپ وەک مردوو، لە دۆخێکی لەو جۆرەدا ئاستمە گوێ بۆ هاوارەکانی بیناکردنەوە بگیرێت یان بڕوا بەکەسەکان بێنیت کە دەبێت خشتەکان سەرلەنوێ دانە دانە بخرێنە سەر یەکتری و ئەوەی وێران بوو بینا بکرێتەوە. بۆ ئەوەش کۆمەڵگە پێویستی بە کات و راچڵەکینێکی ناوخۆی خۆی هەیە بۆ ئەوەی لەو کپ بوون و بێدەنگیە مردووەی کە هەیە بە ئاگا بێتەوە.
بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئەوەی ئێمە کە تا ساڵانی راپەرینی ١٩٩١ ئاشنای هیچ جۆرە فۆرمێکی دەستەڵاتی دیکە بەدەر لە سیستمێکی مەرکەزی و تۆتالیتاری نەبوو، تەنانەت میراتێک و گەنجینەیەکیشی لەبەردەستدا نەبوو تا بتوانێت شتی لەسەر بینا بکات، بەداخەوە هەر ئەوەندە توانامان هەبوو کە خەون بە راپەرین و راماڵینی ئەو سیستمەوە ببینین، نە زەمەن و نە پانتایی ژیان بواری دایین بۆ ئەوەی مەزەنەی سیستمێکی دیکە لە بری ئەو بکەین. لە هەمان کاتدا توانا و ئەزموونیش نەبوو بەهۆی دۆخی شۆک و بڕوانەبوون بەوەی کە لە پر ژینگەیەکی سیاسی دێتە ئاراوە و ئەکتەری نوێ دیمەنە سیاسییەکە مۆنۆپۆل دەکەن کە ئامادە نەبوون فۆرمێکی حکومرانی سیاسی واقیعی جیاواز بخولقێنن. کەس لە ئێمە لە وڵاتێکی دیکەوە نەهاتبۆوە بە بڕوانامە و ئەزموونی حکومڕانییەوە!
بەداخەوە ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتیانەی کە دواتر کاریان لە سەر ئاشنابوون بە فۆرمەکانی حکومڕانی کرد هەر لە ساڵانی دووهەزارەوە تا ئێستا شارەزای مێژووی ناوچەکە نەبوون و نین، کارمەندەکانیان میوانێکی کاتی بێ رۆح بوون، رێژەیەکی کەمیان یادگارییەکی قووڵیان بەجێ هێشت، ئەوەش نەنوسراوە، زۆر بە پەلەبوون بۆ ئەوەی لە یەک دوو هەفتەدا ئاڵۆزی مێژووی ئەم ناوچەیە لە هەندێ ۆرکشۆپی چەندە رۆژدا کورت بکەنەوە و هەندێ فۆرمی حکومڕانی و قاڵپی حازر بە دەست لە ژینگە و مێژوویەکی دیکەی خواستراوە پیادە بکەن.
بە درێژای ئەو مێژووە، ئەکتەر و رێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لۆکەڵەکان یەک وتەی کاریگەریان لەسەر بابەتەکانی حکومرانی نەبووە، کاریگەریان لەسەر نەخشەی سیاسی نەبووە، ئەوە ئەوان بوون، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بوون، بە دیدی خۆیانەوە حیکایەتە خوێناوییەکانی ئەفگانستان وعێراق و یەمەن ولیبیا و سوریا و شوێنەکانی دیکەیان بۆ ئێمە دەگێرایەوە. ئەوە ئێمە نەبووین شارەزای تیۆرەکانی ئەوان بین و بتوانین حکومڕانییەکی خۆماڵی بە بەری خۆمان بدرووین.
ئەو کاتانەی کە سەربازێکی ئەمەریکی یان بریتانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە بەسرە یان خەستەخانەیەکی لە هەولێر بینا دەکردەوە، ئەمە کاری ئەوان نەبوو و نییە، نە کاری سوپایە، نە داخوازییەکی نیشتمانییە، ئەمە بەداخەوە نارژێتە بیناکرنەوەی کۆمەڵگە و نەتەوەوە، هەر لە سەرەتاوە ئەم کارە هەڵە بوو، کە بووە بەشێکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتە گەورەکان، بە دەلیلی ئەوەی هەر رۆژی دوایی بۆیە نوێکەی سەر دیوارەکان لە لایەن قوتابییەکانەوە وەک نارەزاییەک رەش دەکرانەوە. پرۆسەی بیناکردنەوەی نەتەوە و حکومڕانی دروست و باش نایەتە بەرهەم ئەگەر توانا و ئیرادەی سیاسی کەس و ئەکتەرە سیاسییە لۆکەڵەکان پێنەگات، راستە زەمەنێک لە بە ئاگابوونەوە دەخوازێت، بەڵام ئەگەر لە خالێکەوە دەست پێنەکەیت و ئەزموونەکان نەنوسینەوە ئەو زەمنەش دوادەکەوێت یان رەنگە پرۆسەی بیناکردنی نەتەوە قەت نەیەتەدی و هەموو ئەو فۆرمانەی کە ئێستا لە ئارادایە بە نامۆیی بمێننەوە هەتاهەتایە.
دونیای دەرەوە، ئەوەی لە توانایدایە بۆت بکات، لە باشترین حاڵەتدا، ئاشناکردنی تۆیە بە تەکنیکەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەوڵەتداری، چاوەروانی ئەوە مەکە ئیرادەی سیاسی و تیۆرەکانی پەرەسەندی سیاسی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مەسەلە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەکەت بۆ دارێژێت، تەنانەت کە باسی جەندەر دەکات جورئەت ناکات دەستنیشانی مەترسییە سەرەکییەکانی کۆمەڵەگەت بکات، خۆی لە مەسەلە کەلتووریەکان و دینییەکان و مێژوویەکان دەپارێزێت، نەوەک پرۆژەکەی کە چەندان کیشۆری بۆ بڕیوە تێکبچێت، سادەترین پاساو دەهێنێتەوە و دەڵێت ئەکەوە کاری من نییه، کەواتە هەر لەسەرەتاوە دیارە کارە سەرەکییەکە دەبێت لەلایەن ئێمە ئەنجام بدرێت.
هەر بۆیە، پرۆژەی بیانکردنەوەی نەتەوە و هێنانەکایەی حکومڕانی دروست دوو چەمکی رۆژئاوایین، پێویستیان بە کەسانێک هەیە کە لە ژینگە و دۆخێکی سیاسی دیکەدا سەرلەنوێ بەرهەمی بهێننەوە نەوەک کوێرانە شاگەشکەمان بکات و کۆپی بکەین. ئەم جۆرە چەمکانە لە ژینگەی خۆرسک و سەرەکی خۆیدا زۆر خێرا گۆرانکاریان بەسەردا دێت و زۆر جار لەسەر فۆرمە سەرەتاییەکەی نامێنێت، بەمانایەکی دیکە، چەمکی بیانکردنەوەی نەتەوە کە سەردەمانێک لە ئەجندای سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتە رۆژئاواییەکان بوون ئێستا نەماوە.
راستە، پرۆسەی بیناکردنەوە و حکومرانی دروست پرۆسەیەکی ماراسۆنییە، بەڵام گرفتە جەوهەرییەکە ئەویە ئێمە هێشتا دەستنیشانی ئەوەما