Draw Media

منیش لەوێ بووم

منیش لەوێ بووم

2019-03-06 13:49:24


دانا حەمەعەزیز

بارزانی دژی ڕاپەڕین بوو.
نەوشیروان مسته‌فا چۆن بارزانی هێنایه‌وه بۆ کوردوستان ؟
مەلا بەختیار بەیاننامەی دژی ڕاپەڕین دەرکرد. 
ڕەسوڵ مامەند: خۆمان توشی ئەم مەعمەعەیە ناکەین.

- له‌گه‌ڵ که‌مده‌رامه‌تیشدا، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان دوو ده‌زگای ڕادیۆی هه‌بوو. یه‌کێکیان توانای ناردنی 10 کیلۆ وات و ئه‌وه‌ی تریان2 کیلۆ واتی هه‌بوو. ڕادیۆ 10کیلۆ واتیيه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشی ئه‌گرته‌وه‌، به‌ده‌ست ته‌شویشی به‌عسه‌وه‌ واوه‌یلای بوو. 
له‌گه‌ڵ سره‌واندنی گورزی ئاسمانیی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق له‌ بەرەبەیانی 17/01/1991دا، پارازێته‌کانی ڕژێمی به‌عس له‌کارکه‌وتن، به‌وه‌ش ته‌شویش له‌سه‌ر ئیزگه‌ نه‌ما، نه‌وشیروان مسته‌فا (مام جەلال لە شام بوە) تواناکانی ڕاگه‌یاندنی له‌ ئیزگه‌دا کۆکرده‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌د‌ا ده‌رکردنی هه‌ردوو ڕۆژنامه‌ی (ڕێبازی نوێ و الشراره‌)ی به‌شێوه‌یه‌کی کاتیی ڕاگرت، خۆشی ڕۆژانه‌ له‌ باره‌گا قوڕه‌که‌یه‌وه‌ له‌ (زه‌ڵێ)، وتاری (ئاخاوتنی ڕۆژ)ی ئه‌نووسی و له‌ڕێگه‌ی بێسیمه‌وه‌ ئه‌ینارد بۆ سه‌قزو له‌ ئیزگه‌ بە کوردی و عەرەبی ئه‌خوێنرایه‌وه‌، ئاخاوتنی ڕۆژ، ئاخاوتن بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی عێراق و کوردستان بۆ خۆ ئاماده‌کردن بۆ ڕاپه‌ڕین. 
له‌گه‌ڵ ده‌ست پێکردنی هێرشی زه‌مینی هاوپه‌یمانان بۆسه‌ر سوپای بەعس له‌ کوه‌یت و عێراق، نه‌وشیروان مسته‌فا ئیزگه‌ی کرد به‌ دوو ستاف، ستافێكی له‌گه‌ڵ ڕادیۆ 2000 واتيیه‌که‌ برده‌ لای خۆی بۆ‌ زه‌ڵێ (ده‌زگا دە کیلۆ واتیيه‌که‌ به‌ موه‌لیده‌ ی ئاسایی کاری پێنه‌ئه‌کراو له‌سه‌ر پشتی وڵاخ نا ئه‌گوازرایه‌وه‌). 
- ئاماده‌کاریيه‌کان ته‌واو بووبوون بۆ ڕاپه‌ڕین و بۆ په‌له‌ماردانی ڕژێم. ئه‌وکاته‌ هیچ حیزبێکی ناو به‌ره‌ی کوردستانی ئاماده‌ نه‌بوون به‌شداری ڕاپه‌ڕین بکه‌ن و، ڕاپه‌ڕینیان به‌ خۆکوژیی له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دا. ئه‌م حیزبانه‌ له‌ڕاستیدا هیچ که‌رسته‌یه‌کی سه‌ربازیی و سیاسی و ڕاگه‌یاندنیان نه‌بوو، پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوای ئاشبەتاڵ 500 ملیۆن دۆلاری شۆڕشی ئه‌یلولی بۆخۆی بردبوو (کتێبەکەی دکتۆر مەحمود)، به‌ڵام هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کی شۆڕگێڕیی نه‌بوو، ته‌نانه‌ت ڕادیۆیه‌کی وای نه‌بوو که‌ خه‌ڵك گوێبیستی بێت، زۆر که‌س ئیزگه‌که‌ی یه‌کێتی (ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی کوردستان)یان به‌ ئیزگه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی ئه‌زانی. 
- مامجه‌لال له‌ سوریا بوو، هه‌وڵیدا به‌ هێزێکه‌وه‌ به‌ قاچاغ بچێته‌ تورکیاو له‌وێوه داخڵی کوردستانی عێراق ببێت، به‌ڵام پلانه‌که‌ جێبه‌جێ نه‌بوو. مامجه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ بێسیمی ڕاکاڵ ڕۆژانه‌ گفتوگۆیان ئه‌کرد. وتوێژه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فاو سه‌رکردایه‌تی یه‌كێتی بۆ قه‌ناعه‌ت پێکردنی لایه‌نه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی بۆ به‌شداری کردن له‌ ڕاپه‌ڕین، بێ ئه‌نجام بوو، هیچ کام له‌لایه‌نه‌کانی به‌ره‌ ئاماده‌ نه‌بوون به‌شداری ڕاپه‌ڕین بکه‌ن، به‌ڵکو دژی بوون و خه‌ڵکیان ساردئه‌کرده‌وه‌، رەسوڵ مەمەند (حزبەکەی سەی کاکە و حەمەی حاجی مەحمود) ئه‌یووت ئێمه‌ خۆمان توشی ئه‌م مه‌عمه‌عه‌یه‌ ناکه‌ین. هه‌ندێك گروپ و تاقمی بچوکیش به‌یانیان له‌دژی ڕاپه‌ڕین ده‌رکرد، مه‌لا به‌ختیار به‌ناوی ئاڵای شۆڕشه‌وه چه‌ند ڕۆژێك دوای هێرشی ئاسمانی هاوپه‌یمانان بۆسه‌ر عێراق، به‌یاننامه‌ی دژی ڕاپه‌ڕین ده‌رکرد، له‌ به‌یانه‌که‌دا مه‌لا به‌ختیار، یه‌کێتی تۆمه‌تبارکرد که‌ که‌وتۆته‌ شوێن هاش و هوشی ئیمپریالیزمی ئه‌مریکاو به‌ته‌مایه‌ گه‌له‌که‌مان دوچاری کاره‌سات و هه‌ڵدێر بکاته‌وه‌... 
- هه‌وڵه‌کان بۆ ڕازیکردنی پارتی بێ ئه‌نجام بوو، بارزانی نه‌ئه‌چووه‌ ژێر باری به‌شداری کردنه‌وه‌، بروسکه‌ی نارد بۆ لقه‌کانی له‌ناو ئێران که‌ وریا بن و نه‌چنه‌ ژێر کاریگه‌ریی یه‌کێتی یه‌وه‌ ( ڕێبین هەردی دەقی بروسکەکەی لایە).
- ڕۆژی 24/02/1991هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر ڕژێمی عێراق ده‌ستی پێکردو ته‌نها 100 سه‌عاتی خایاند، سه‌دام داوای ڕاگرتنی شه‌ڕی کردو، ڕۆژی 28/02/1991 جۆرج بوش ئازادکردنی کوێت و ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاند.
نه‌خشه‌که‌ی یه‌کێتی له‌ جیبه‌جیکردن نزیك بوو بووەوە، به‌ڵام هەوڵەکان بۆ قه‌ناعه‌ت پێکردنی بارزانی بێ هووده‌ بوون، یه‌کێتی گه‌ره‌کی بوو هه‌رچۆنێك بێت پارتی به‌شداری پێ بکات. مام جه‌لال له‌ بروسکه‌کانیدا بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ته‌ئکیدی ئه‌کرده‌وه‌ که‌ هه‌رچۆنێك بێت کاك مه‌سعود له‌گه‌ڵ خۆیان به‌رنه‌وه‌. مام جه‌لال و نه‌وشیراون مسته‌فا هه‌موو ڕێوشوێنه‌کانی هاتنه‌خواره‌وه‌یان بۆ بارزانی دیاری کردبوو، نه‌وشیروان مسته‌فا چه‌ندین جار جوابی بۆ بارزانی نارد، به‌ڵام نه‌ده‌هات، بۆیه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ چاوه‌ڕوانیی بارزانیدا له‌ توڕه‌ییدا وه‌ك ئه‌ڵێن ئاگری ئه‌کرده‌وه‌و له‌ بروسکه‌یه‌کدا بۆ مام جه‌لال ئه‌ڵێ: "بارزانی ئەم جەنازەیە بەمن ناچێته‌وه‌، هێزه‌کانمان دواکه‌وتون، من ناتوانم هیچی تر چاوه‌ڕێ بکه‌م ، ناچارم جوڵه‌ به‌ هێزه‌کان بکه‌م".
- سه‌عات ده‌ی بەیانی ڕۆژی 01/03/1991 سه‌رداری مه‌سجیدی فه‌رمانده‌ی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان هاته‌ لای نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ زه‌ڵێ، بۆ سه‌عات 12 ی نیوه‌ڕۆش شێخ مه‌ولای سه‌رکرده‌ له‌ مه‌جلیسی ئه‌علا گه‌یشت و به‌شداری کۆبوونه‌وه‌که‌ی کرد. سه‌رداری مه‌سجیدی زۆر به‌ ڕاشکاوی به‌ نه‌وشیروان مسته‌فای وت:( ئێوه‌ وه‌ك یه‌کێتی هه‌موو تواناو هێزه‌کان هی خۆتانه‌و ئاماده‌ن، ئیشتان به‌ بارزانی چیه‌، ئه‌و هیچ شتێکی به‌ده‌سته‌وه‌ نیه‌و له‌ قوڵایی خاکی ئێراندایه‌و، ئه‌وتان بۆ چیه‌...؟). مام جه‌لال زۆر مه‌به‌ستی بوو بارزانی به‌شداری پێ بکات، بۆیه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ ئاغای مه‌سجیدی وت: (‌ ئه‌بێ بارزانی بێت، ئێوه‌ بڕۆن قه‌ناعه‌تی پێبکه‌ن و بیهێنن بۆ زه‌ڵێ، چونکه‌ له‌م مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسازه‌دا کورد ئه‌بێ به‌یه‌که‌وه‌ بن، به‌تایبه‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندی باشه‌ له‌گه‌ڵ موسته‌شارو ره‌ئیس جاشه‌کان!). دوای قسه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فا، فه‌رمانده‌ی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان، حه‌میدی سه‌فایی نارد بۆ ورمێ به‌شوێن مه‌سعود بارزانیداو هه‌فته‌یه‌ك دوای ئه‌وه‌ بە قاسمەڕەشدا هێنایه‌ زه‌ڵێ. حه‌میدی سه‌فایی ئه‌فسه‌رێکی قه‌رارگای ڕه‌مه‌زان بوو،‌ به‌رپرسی کاروباری ده‌فته‌ری سیاسی پارتی بوو. 
- دوای ئازادکردنی رانیە‌و سلێمانی، نه‌وشیروان مسته‌فا بارزانی له‌گه‌ڵ خۆیدا ‌هینایه‌ خوارەوە، بارزانی یەك مەتریش لە نەوشیروان مستەفا جیا نەئەبووەوە.
گومانی تیا نیە، ماڵی بارزانی بە حوکمی جوگرافیاو پەنابردن بۆ سەرجەم دوژمنەکانی کورد، هەموو دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینیان زەوت کردوەو، زۆربەی فەرماندەو بەرپرسەکانی ڕاپەڕینیانیشیان کوشتووە، پێش کۆچی دوایی، فەرمانی گرتنیان بۆ نەوشیروان مستەفاش دەرکرد. 
دوای تێپەڕبوونی 28 ساڵ، پارتی هیچ شتێك نەماوە نەیدزێ، مێژوو نەبێ. بارزانی ویستی بە ڕیفراندۆم مێژووش بدزێ، بەڵام ئەمجارەش ئاشبەتاڵی بە خەونی سەربەخۆیی کورد کردەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand