ڕاپەڕین وەک چرکە ساتێکی دابڕاو!.
2019-03-05 08:05:30
رەنجدەر عوسمان
ئێمە لەبەردەم دوو مێژووی جیاوازدانین، ڕاپەڕین قۆناغێک نییە دوو مێژوومان بۆ لێک جیاکاتەوە، ئەگەرچی ئەو بە تەنها سەر بە هیچیان نییە، واتا نە بەشێکە لە مێژووی بەر لە ڕاپەڕین و نە دوای خۆی.
چرکە ساتێکی تاک و تەنهایە، هەڵقوڵاو و موڵکی خەڵکە، نە بەشێکە لە ستەمکارییەکانی ڕژێمی بەعس، نە میراتگریی ناشیرنیێەکانی شۆڕشگێڕەکانە.
فەزایەکە و مرۆڤی ئێمە بۆ چەند ڕۆژێک لە ئازادیی و هەیەجانی خۆیدا دەژی.
ئەگەرچی مێژوویەک لە زەبروزەنگ و ستەم پاڵنەریەتی، ئەگەڕچی پلان و نەخشەیەک هەبوو بۆ ڕاپەڕین، لەلایەن هێزە چەکدارەکان و بەرەی کوردستانی، بەڵام چرکە ساتی دەستپێک و خودی ڕاپەڕین لەو پانتاییانەوە سەرچاوە دەگرن کە خەڵک شەرعیەتیان دەداتێ.
دواتر کێشەکە لەو خۆشخەیاڵیەوە دروست دەبێت کە کۆمەڵگا ئازادیی و خەونەکانی خۆی دەسپێرێتەوە بە کۆمەڵێک بەناو شۆڕشگێڕ.
ئەم سپاردنەوەیەش ڕاستەوخۆ یەکسانە بە کوشتن و لێدان لە ئازادیی و مافە کۆیی و تاکە کەسیەکانی کۆمەڵگا و تاکی کورد.
لێرەدا مەبەستمان نییە بڵێین کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی ئازا بوە، بەڵام توانیویەتی فرسەت لەو دەرفەتە وەرگرێت کە مێژووی ناوچەکە لە لەحزەیەکی دیاریکراودا پێیدەبەخشێت.
بە مانایەکی دی ئەوەی ڕاپەڕین دروست دەکات، ژیرمەندانە سوود لە لاوازیی ئەوی دی وەردەگرێت.
واتا ڕاپەڕین هێندەی بەرهەمی لاوازیی ئەویدییە، هێندە بەرهەمی ئازایەتی کۆمەڵگای ئێمە نییە.
کۆڕەو سەلمێنەری ئەم دۆخەیە.
هەڵبەت مەبەستم نییە کە بڵێم خەڵکی ئازا و قارەمان لەناو مێژووی ئێمەدا و بە دیاریکراویی لە ڕاپەڕیندا بوونی نەبوە.
ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە، ئەگەرچی میللەتی ئێمە لە ڕاپەڕیندا خۆی لە ستەم ڕادەپسکێنێ و دەیەوێت تەوق و زنجیرەکان بۆ خۆی بکاتەوە بەڵام جارێکی تر یەکێکی تر بانگ دەکاتەوە بۆ ئەوەی زنجیرەکەی بکاتەوە مل.
وەک ئەوەی بڵێت ئەو ئازادییەی بە دەستم هێناوە، گەر یەکێک نەبێت بۆم بپارێزێت خۆم توانای پاراستنم نییە.
بەڵام لێرەدا پرسیارێک خۆی دروست دەکات ئەویش ئەوەیە، ئاخۆ کۆمەڵگایی کوردی لە لەحزەی سەرهەڵدانی ڕاپەڕیندا ئەو ڕزگارییەی بە دەستی دەهێنێت و ئەو ئازادیی و هەیەجانەی تێیدا دەژیت و لەمسی دەکات، ئایا بە هۆشیارییەوە دەستی بۆ دەبات؟، ئایا ئاگامەندە بەم چرکە ساتە؟، ئایا بیر لە نرخ و بەهاکانی دەکاتەوە؟، یاخود وەک شتێکی سەرپێی و ڕاگوزەر سەیری دەکات و بێ ئاگایانە بەناویدا دێت و دەڕوات؟.
هەڵبەت دەبێت ئەوە بڵێین لە ڕۆژگاریی ڕاپەڕیندا خەیاڵەکان تەنها لەسەر ڕوخان و کەوتنی ستەمکارە، ئەوەی خەڵکی بەر نەفرینی خۆیانی دەدەن ستەمکارێکە بەخۆیی و ڕژێم و سەرجەم دەزگا داپڵۆسێنەرەکانییەوە، ئەوەی بۆ کەسی ڕاپەڕیو گرنگە کۆتایی بە ڕابردوو بێنێت و بیر لە داهاتووش نەکاتەوە.
ئەو دەمەی چەکەکان ڕوویان لە بارەگا حیزبی و هەواڵگرییەکانە، تەنها ویستی کۆتایی پێهێنان لە گۆڕێیە نەک بنیاتنانی سبەینەیەکی جیاوازتر.
واتا ئەوەی غائیبە ئەوەیە ئەو ڕۆژگارەی دێت چییە و چۆنە، کەس بیری بۆ ئەوە ناچێت، تەنانەت ئەوانەی لە شاخیش بوون ئەقڵ و خەیاڵدانیان بۆ شتێکی تر نەدەچوو جیاواز بێت لەوەی کە تێیدا دەژین.
لێرەوە تێدەگەین مێژووی پێش و دوای ڕاپەڕین یەک شتن، ئەوەی جیاوازە ستەمکارێکی عەرەب ڕۆیشتوە و لە جێگەی ئەو کۆمەڵێک ستەمکاریی کورد لەسەر عەرشەکەی دانیشتوون.
ئەوەی نە ڕۆیشتوە ئەخلاق و ئاکار و کلتوری بەعسیزمە، کە تاوەکو ئێستا ئیش دەکات، ئەوەی بەردەوامە ئەو ئەقڵیەتە دژە ئازادیی و دژە دیموکراسییەیە کە بە هەمان ڕیتم و نەغمەی بەعسیزم لە کاردایە.
ئەوەی ئامادەیە بەعسیزمە بە هەموو جەبەرووتی خۆیەوە.
ئەوەی نایەوێت بڕوات و بەردەوام خۆی بەرهەم دێنێتەوە، ئەو فاشیزمەیە کە پەرش و بڵاو بۆتەوە لەناو هەموو خانەکانی ژیانی کۆمەڵگەی ئێمە.
فاشیزمێک بە تەنها لەناو دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو هەندێک جار دەڕژێتە ناو زمان و هەست و بیرکردنەوەی ئەوانەی نەیار بە دەسەڵاتیشن.
هەر بۆیە دەکرێت ڕاپەڕین وەک لەحزەیەکی تاقانە و دابڕاو سەیر بکەین، کە ناتوانرێت بەرهەم بهێنرێتەوە، بەڵکو دواتر لاقە دەکرێت، هەر بۆیە وەک توحفەیەک دەبێت وەک مێژوویەکی تاقانە سەیری بکرێت و لێگەڕێین تاک و تەنهایی خۆی بژی.