Draw Media

پەنگخواردنەوەی سەدەیەک بوو

پەنگخواردنەوەی سەدەیەک بوو

2019-03-07 08:49:17


سامانی وەستا بەکر
 
٢٨ ساڵ پێش ئێستا و لە و لە ٥ی ئادار لە ڕانیەو ٧ی ئادار لە سلێمانی سەرەتای قبوڵ نەکردنی ڕژێمی بەعپی عەرەبی یان ڕاستتر سەرەتای قبوڵ نەکردنی حوکمـی نەتەوەی عەرەب دەستـی پێکرد و تا ئێستاش درێژەی ھەیە.
ھەڵبەتە ئەو قبوڵ نەکردنە بە "ڕاپەڕین" ناوزەند کرا  کە لە ڕاستیا بەنگخواردنەوەو دەرھاویشتەی زوڵمێکی مێژووی لایەنی کەم سەد ساڵە بوو  کە لە چەند وێستەگەیەکـی جیاوازا کوردی پیا تێپەڕیبوو ئەمە وێڕای مێژووی کۆن کە ھەمیشە کورد لەلایەن بێگانەوە حوکم کراوە یان حکومەتی بەسەرا سەپێنراوە.

ئەو پەنگخوادنەوەیە دەرھاویشتەیە کاردانەوەی چەندین شۆڕشی پێشتریش بوو کە بە ھۆکاری جیاواز جیاواز ھیچیان ئامانجەکانیان نەپێکابوو یان سەرکەوتوو نەبوون کە ھەمیشە خودی کورد ھۆکارەکەی ئەگێڕێتەوە بۆ دەستی دەرەکی کە لەڕاستیا ئەوە تەنھا ھۆکار نەبووە بەڵکو خودی کوردیش فاکتەرێک بووە بۆ سەرنەکەوتنی.
وا باوە کە ڕاپەڕین کۆرپەی شۆڕشە واتە سەرەتا شۆڕشێک ھەیە و پاشان بە ڕاپەڕین سەرەتای کۆتای و دوا وێستگەی قۆناغی پێشووترو سەرەتای دەستپێکی قۆناغی نوێ و دەرەنجامەکانی شۆڕش دەستپێئەکات.
لە دوای شۆڕش و ڕاپەڕین چاوەڕوانی گۆڕانکاری و شێوازێکی حوکمڕانی جیاوازتر لەوەی پێشوو ئەکرێت و زۆرینەی گەل خۆی بەخاوەنی ئەزانێت و پشتگیری لێئەکات.

شۆڕش لە خاڵێکەوە دەستپێئەکات و لە راپەڕینا ئەبێ بە واقیع و بەردەوامی ئەبێت بەجۆرێک ھەندێک جار شۆڕش بۆ  چەندین دەیە بەردەوامی ئەبێت و ھەنگاو لەدوای ھەنگاو ئامانجەکانی شۆڕش بە کردار جێبەجێ ئەکرێ.
کاتێ کە ئامانجەکانی شۆڕش بەکردار و لەسەر زەوی ھەستی پێنەکرێ و گەل خۆی تیا نەدۆزێتەوە ئیتر ئەوە بەسەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ شۆڕشێکی نوی ئەژمارەکرێت و  بێ بەشکراوان لەدەوری کۆئەبنەوە و  ئیتر لەوەبەدواوە شۆڕشگێڕانی پێشوو ئەبن بە دیکتاتۆرو کەلێن لە نێوانی دەسەلاتدارو میلەتا دروست ئەبێ.

کەمن ئەو شۆڕشانەی کە بە درێژای چەندین سەدە کاری لەسەر ئامانجەکانی کردبێ و بەردەوام لە ھەوڵی دانەبڕاوا بووبێ تا بەڵێنەکان بکرێ بە کردار نمونەی ئەو شۆڕشانەش شۆڕشی فەرەنسی و ماویەکان و ئەمریکیەکانن.
ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٩٩١ گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی نەھێناوەتەوە کایەوە کە تێرکەری خواستی خەڵکبێ و ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە ڕاپەڕین گۆڕانکاری گەورە لە دایک نابێ بە پێچەوانەوەی شۆڕشەوە کە گۆڕانکاری گەورە دروست ئەکات و  ئەمەش ئەو جیاوازییەیە کە تێگەشتنی ئاسان نیە ئەگەر میلەت ئاستی ھۆشیاری زۆر بەرز نەبێت.

شۆڕشی تەواو نەکراو وەک قوماشێکی بڕاو نەدوراوە واتە بەکارنایەت ئەمە کێشەی ھەرێمی کوردستانیشە کاتێک ئەو دەرھاویشتەو پەنگخواردنەوەیەی کە چەندین سەدەبوو لە ناخیا قەتیس مابوو وە لە بەھاری ساڵی ١٩٩١یا بەڕاپەڕین دەریبڕی بە ئاسانی تەسلیمی چەکدارەکانی شاخی کرد کە بە شۆڕشگێرەکانی شاخ ناسـراوبوون کە لەڕاستیا  بەشێکی کەم و نوخبەیان نەبێ ئەوانیتر دوورو نزیک شۆڕشگێڕ نەبوون.
یەکێک لە خاڵە لاوازوکانی ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ نەبوونی سترایژییەت و پاشەڕۆژ بوو بەجۆرێک ھیچ حیـزبێکی سیاسی کوردی پلانی بۆ دوای ڕاپەڕین نەبوو یان بەرنامەی بەڕێوەبردنی شاری لە شاخ جیانەکردبۆوە بێجگە لە نەوشیروان مستەفا  کە وەک ئەندازیاری ڕاپەڕین پلانی ستراتیژی قۆناغی دوای ڕاپەڕینیشی ھەبوو بەڵام ڕێگری لێکراو بەتەنھا ئەویش پێی جێنەجێ نەکرا.

یەکێکیتر لە خاڵە لاوازەکانی ڕاپەڕین نەبوونی فکر بوو بەڵکو ڕاپەڕین لە پێناو تۆڵەیا لەدایک بوو "تۆڵە لە سەدام" کە لە ڕاستیا ئەبێ لە شۆڕشا فکر لەدایکبێ وەک نمونەی شۆڕشی فەرەنسی و ئەمەریکی بەجۆرێک شۆڕش بیرمەند بەرھەم ئەھێنێ و ئامانجەکانی پێئەسپێرێ بەجیاوازی لەمەڕ خۆمان لە ھێزی چەکداری دروست کردوو شۆڕشی پێشپارد و لەوەودوا بوو بەکاڵا بۆ حیزبایەتی.

ئەگەر قۆناغی دوای ڕاپەڕین بکرێ بە دوو بەشەوە ئەوا بەشە بەکەڵک و بەسوودەکەی فێربوونی ئەزموونی دیموکراسی و چوونە سەر سندوقی ھەڵبـژاردن و دروست کردنی حکومەت بوو بە ھەموو کەم و کوڕیەکانیشیەوە، بەڵام بەشە بێ کەڵک و خراپەکەی ئەوەبوو شەڕی ناوخۆ کراو  خەڵکی پێ چاوترسێن کرا بەجۆرێک خەڵکەکە لەبەر ھەڵنەگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ بیری ئازادی لەبیرچۆتەوانێ.

ڕاپەڕین نەبووە گێڕانەوەی یەکسانی و ھاوبەشی حوکمێکی خۆماڵی لە نێوان حیزب و خەڵکا و مرۆڤ نەبووە بە چەق بۆ خزمەت کردن و بە ئامانج نەگیرا بۆ پێشکەش کردنی ژیانێکی شایستە. ڕاپەڕین بووە ھۆکاری ناوچەگەرای و لێکدابڕان و ڕق لێک بوونەوە و سەپاندنی دوو ناوچەی جوگرافیای ڕەنگکراو بە چەک سەپاو.

بەرژەوەندی ھاوبەشی حیزبی، بازرگانی، خێزانی و کەسی خاڵی جەوھەری ڕاگرتنی ئەزموونی حوکمڕانی خۆماڵی کوردی دوای ڕاپەڕینە نەک ستراتژیەک بۆ پاشەڕۆژ لەسەر بنەمای ئازادی، خاک، نەتەوە، سەربەخۆی....ھتد کە ئەمەشیان خاڵێکی لاوازە.

ئەوەی دەسکەوتەکانی ڕاپەڕینی ڕاگرتووە حوکمڕانیەکی ڕەشید نیە بەڵکو کۆژانێکی میلەتە لە ترس لە حوکمی بێگانە کە ڕاست وایە زۆرینەیەک لە یەکێتیەکی گشتیا بە شێوەیەکی پراگماتیکی سوود لەیەکتر وەرگرین و پلانی ھاوبەش و ستراتیژی و پاشەڕۆژی کورت و مام ناوەنجی و درێژخایەنمان ھەبێ، کوردبوون ببەسرێتەوە بە مافەوە واتە تا ماف زۆربێ کورد بوون جوانترئەبێ و پێچەوانەکەشی ڕاستە.

نەوەی شاخ لە بەھاری ١٩٩١وە حوکمی نەوەی دوای راپەڕین ئەکا و ھیچ لێتێگەشتنێکی بۆ خواستەکانی نیە و لە توانایا نیە لە دنیابینی تێبگات و دەستبەرداری لایەنی کەمی دیدگای بەناو شۆڕشگێڕی خۆی نابێ و بوارێک ناڕەخسێنێ کە نەوەی دوای ڕاپەڕین ئەزموونی حوکمڕانیەکی مەدەنی بەرجەستەکراو ئەزموون بکات. ئەم نەوە نوێیە پۆستاڵ و ئەمنە سورەکەی نەبینیوە بۆیە دیدی بۆ ئازادیش جیاوازە بەجۆرێک مەفھومی ئازدی لای نەوەی دەوای ڕاپەڕین "دروست کردنی ژیانێکی ھاوچەرخ و داڕشتنی ژیانە بەوجۆرەی خۆی بۆی ئەڕوانێ" نەک مەفھومە کۆنەکەی لای نەوەی شاخ کە ئازادی بریتیە لە "دەربڕینی بیروڕا بە ئازادی"!

ئەگەر ئەو  دەرھاویشتە پەنگخوراوەی ساڵی ١٩٩١ وەرگرین ئەوا ئەبینین لێکچوونێکی زۆری لە شۆڕش تیایە چونکوم شۆڕش ھەمیشە سێ قۆناغە،  قۆناغی ئامادەکاری، قۆناغی ڕاپەڕین و قۆناغی دوای شۆڕش کە ئێمە لە قۆناغ و یەکەم و دووەما سەرکەوتووبووین  بەڵام لە قۆناغی سێیەما شکستمان خورادووە کە ئەمەش خاڵی لێچووە بە بەراورد بە زۆربەی ئەو شۆڕشانەی لە جیھاندا ڕوویانداوە.
ئەگەر باس لە گەورەترین دەستکەوتی ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٩٩١ بکرێت ئەوا یەک ڕیزی ھەموو خەڵک و ھەموو حیزبەکان لە یەک سات و بۆ یەک ئامانج دیاترین خاڵێکە کە بەدەست ھاتبێت ئەگەرچی درێژەشی نەکێشاو حیزبەکان بوون بە ھۆکاری لێکترازانەوەی ئەو یەکڕیزیە، ئاخر کەمن ئەو ساتە مێژووانەی کە کورد تیایا یەک و یەکگرتووبووبێ.

ھەرچیەکی ناوبنرێ  و ھەرچۆنێک لێکدانەوەی بۆ بکرێ ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١دا ڕوویا گۆڕانکاریەک گەورەو سەردەمی دەستپێکی قۆناغێکی ھیوابەخش بوو ئەگەرچی نەوەکانی دوای ڕاپەڕین ھەندێک جار بۆچوونێکی تریشیان ھەبێ کە ئەوەش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە لەسەردەمی دەسەڵاتی حوکمی بەعپا نەژیاون و وێرانکردنی ٥٠٠٠ گوندو ١٨٠٠٠ ئەنفال و خاپوورکردنی شاخ و دۆڵ و لادێکان  و کیمیای باران و خنکاندنی شارێکیان بەچاو نەدیووە، ڕێش و لەبەرک کردنی جلی ڕەش و کۆڕو کۆبوونەوەیان لێ قەدەغە نەکراوە.
شۆڕش باشترین کاڵایە بۆ بازرگانی کردن و شۆڕشگێڕەکانیش باشترین بازرگانن لە کۆتاییا، شۆڕش لە ڕۆژھەڵاتی ناوین لە باشترین پێناسەیا حەزێکی خودە بۆ گەشتن بەدەسەڵاتێکی بێ کۆتای باوان بۆ وەچەکانی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand