Draw Media

گوڵاڵە سدیق  یەکێک لە یاساکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەنوسی موچە پاشەکەوتکراوەکانمانە، بەپێی دەقی یاساکە کردنەوەی هەژماری بانکی تایبەتە بە فەرمانبەران. بەگوێرەی یاساکە، پێویستە هەر فەرمانبەرێک هەژمارێکی بانکی تایبەت لەبانکێک لەبانکەکانی شارەکەی خۆی بکاتەوە ( یان بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتەکەیەوە دەردەچێت بە چ شێوازێک هەژمارە بانکیەکە دەکاتەوە)، وە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەشی ژمێریاری وەزارەتەکان و بەڕێزەبەرایەتییە گشتیەکان هەڵدەستن بە کۆکردنەوە و دانانی بڕی پارە پاشەکەوتکراوەکە لە هەژمارە بانکیەکەدا، بەڵام بەبێ ڕاکێشانی پارەکە لە هەژمارە بانکییەکە هەتا ئەو کاتەی حکومەتی هەرێم توانای دارایی بەرەو باشبون دەڕوات دواتر ڕێنمایی تر دەردەچێت بۆ شێوازی دانەوەی ئەو پارەیەی لەسەر هەژمارە بانکیەکەیە. یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران کردنەوەی هەژماری بانکی تایبەت بە موچەکانمان بوو. وە هەموان ئەوەندی کردنەوەی هەژمارە بانکیەکە و پێدانی چوارچێوەیەکی یاسایی بە پاشەکەوتەکە بەلامانەوە گرنگ بوو، ئەوەندە بەلامانەوە گرنگ نەبو توانای ڕاکێشانی پارەکەمان دەبێت لەهەژمارەکە یان نا! هەرچەندە هەوڵماندا بەڵام حکومەتی پێشو نەچوە ژێرباری کردنەوەی ئەم هەژمارە. لەبەرئەوە باشترین خاڵێک کە لە یاسای چاکسازییدا هەبێت ئەم یاسایەیە، چونکە پێشتر ئەم پاشەکەوتە لەهەوادا بو، هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نەبو، بەڵام بەکردنەوەی هەژماری بانکی و دانانی پارەکە تێدا ( بەشێوەی ژمارە) خۆی لە خۆیدا شەرعیەتدانە بە ئەو قەرزەی لەئەستۆی حکومەتدایە. هەرچەندە لەیاسەکەدا واهاتوە توانای ڕاکێشانی پارەکە نیه لەلایەن کەسی سودمەندەوە کە فەرمانبەرە، بەڵام ئەم هەژمارە قەرزێکی دانپیانراوە لەلایەن حکومەتەوە، ئەگەر لەسەردەمی ئەم حکومەتەشدا وەرنەگیرێت ئەوا ئاساییە و دەتوانرێت لەسەردەمی حکومەتەکانی داهاتو وەربگیرێت. لێرەدا پێویستە دوو نمونەی زیندوومان بیر بێتەوە: ١ـ کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران کرا، هەموان دەزانین و لەیادمانە بانکی هەڵەبجە بڕدرا و پارەکەی برا، لەکاتێکدا کە بانکی هەڵەبجە پڕبو لەپارەی دانراوی خەڵک، ئەوەبو حکومەتی عێراقی لیژنەی تایبەتمەندی لە بەغدادەوە دروستکرد لەگەڵ فەرمانبەرانی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین لە سلێمانی و بەهۆی بونی بەڵگەکانەوە خەڵکەکە پارە دزراوەکەی خۆی لە حکومەتی ئەوکاتەی عێراق وەرگرتەوە و مافەکانیان نەفەوتا، هەچەندە کردارەکە کاتی خایاند بەڵام لەکۆتاییدا بەهۆی بونی هەژماری بانکی و بەڵگەکانی هەژمارەکە خەڵک پارەی خۆی وەرگرتەوە. ٢ـ لەکاتی ڕاپەڕینەکەی هەرێمی کوردستان، دوبارە پارە لە بانکەکانی پارێزگا ڕاپەڕیوەکان نەمان! دیسان هەمو ئەو خەڵکەی پارە و مومتەلەکاتیان لە بانکەکان دانابو تەنها بەڵگە بانکیەکانیان لا مابو وەک بەڵگەیەک لای خۆیان هەڵیانگرتبو، چونکە خەڵک متمانەی بە بانک و کاری بانکی هەبو. پاش ڕوخاندنی ڕژێمی پێشوی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ دوبارە خەڵکەکە بەهۆی بەڵگەکانیانەوە توانیان پارەکانیان لەبانک وەربگرنەوە ( هەرچەندە دراوی عێراقی گۆڕابو، بەڵام بە شکاندنەوەی پارە سویسرییەکانیان بەپارەی چاپی برێمەر پارەکانیان وەرگرتەوە). ئەمە جگە لەو خەڵکەی کە پارەی ٢٥ دیناری سویسری هەبو، بەهۆی بڕیارێکی سەرکێشانەی سەرۆکی ڕژێمی پێشوی عێراق ئیلغا کرابوەوە، هەمویان دوبارە توانیان پارەکانیان بگۆڕنەوە بە پارەی چاپی برێمەر. لەبەرئەوە پێویستە دەستخۆشی لە خاڵە ئیجابییەکانی یاساکە بکەین هەرچۆن ڕێگە بەخۆمان دەدەین ڕەخنە لە خاڵە سلبییەکان بگرین. حکومەتی پێشو پاشەکەوتی کرد، ئەم حکومەتە دەیخاتە چوارچێوەیەکی یاساییەوە، با پشودرێژ بین گەر لەحکومەتی داهاتودا وەریبگرینەوە.


هونەر تۆفیق تورکیا و حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی لیبیا ، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان مۆرکرد سەبارەت بە هاوکاری سەربازی و دیاریکردنی سنووری دەریایی لەنێوانیاندا . ناڕەزایەتی توندی میسر ، ئیتالیا ، یۆنان ، قوبرس لێکەوتەوە . هەروەها یەکێتی ئەوروپا ، ڕوسیا ، ئەمریکا ، سعودیە ، ئیمارات بە هەنگاوێکی مەترسیداری تورکی حسابیان کرد . جارێکی تر پرسی رێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ ی وروژاندەوە . بۆیە لە کورت مەودادا ئەو رێککەوتنەی تورکیا - لیبیا کاریگەری دەبێت لەسەر نیشتمانی کورد . چی لە لیبیا دەگوزەرێت ؟ لە واقیعدا دەوڵەتی لیبیا لەپاش خستنی جەماهیریەکەی قەزافیەوە دابەشبووە بەسەر دوو حکومەتدا . لە رۆژهەڵاتەوە هێزەکانی بەرەی جەنڕال حەفتەر حوکمداری دەکەن ، میسر ، روسیا ، سعودیە ، ئیمارات پشتیوانی لێدەکەن . لە خۆرئاواشە وە ، ترابلوسی پایتەخت حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی بە پشتیوانی ئیخوانی موسلمینی جیهانی و تورکیا و قەتەر ناوچەکەیان بەڕێوەدەبەن . هیچکام لەو دوو حکومەتە بە هەڵبژاردن دەستەڵاتیان نەگرتۆتە دەست . تەرابلوس شەرعیەتی لە ڕێکەوتنی سیاسی بە نێوەندگیری نەتەوەیەکگرتووەکان وەرگرتووە . حکومەتەکەی حەفتەریش لە شۆرشی لیبیاوە شەرعیەت بەخۆی دەدات . لەو نێوەندەدا دەیان گروپی چەکداری توندڕەو لەجەنگی دژ بەیەکدان . سوپای بیانی لە لیبیا ؟! بۆ خستنی قەزافی دەیان وڵات بەشداری ڕاستەوخۆی کرد بە هێزی ئاسمانی و زەمینی . لەوانە قەتەر ، فەرەنسا ، ئەمریکا ، بەریتانیا ، ئیتالیا . روسەکان لەو کاتەدا کشانەوە ، وڵاتەکەیان بۆ شۆرشگێرەکان بەجێهێشت . بەڵام لەپاش ئەزموونی سوریاوە ، روسیا لەگەڕانەوەدایە بۆ لیبیا . هێزەکانی گروپی ڤاگنەر کە هێزێکی تۆکمەی شارەزاو تایبەتی نافەرمی روسین لە لیبیادا رۆڵی سەربازی گرنگ دەگێڕن . ناکۆکی بەرەکان ؟! هاوپەیمانی روسیا - تورکیا ، لە لیبیادا لەوپەڕی ناکۆکیدایە . روسیای لایەنگری حەفتەر ، ناڕازیە لە پشتیوانی تورکیا بۆ تەرابلوس . روسیا جگە لە ئامانجی ستراتیژی سەربازی و بەرگری لە دەریای ناوەڕاستدا ، چاوی لە سەرچاوەکانی وزەیە ( نەوت و غاز) لەو وڵاتەدا . گەڕانەوەی روسیا بۆ پێگە ئابووریەکەی لە لیبیادا بایی دەیان ملیارد دۆلار داهاتی ساڵانەیە بۆ مۆسکۆ . هەروەها سعودی و میسریەکان دژ بە حکومەتێکی ئیخوانین بە پشتیوانی ئەردۆغان ، لیبیا بگرێتە دەست . ئەمریکیەکان بە گومانەوە لە پەیوەندی دۆستەکەیان حەفتەر دەڕوانن لەگەڵ روسیادا . ڕێکەوتنەکەی تورکیا و لیبیا ؟! تورکیا لە زمانی ئەردۆغانەوە نایشارێتەوە کە لەهەوڵی پێداچوونەوە یان هەڵوشاندنەوەی ڕێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ دان . پرۆژەکەی ئەردۆغان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ باس لە بوژاندنەوەی سیاسی و ئابووری تورکیا دەکات لەیادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا . جاڕی ئەوە دەدەن کە لەپاش ١٠٠ ساڵ لەو رێكکەوتنە ، چیدی هەڵدەوەشێتەوە و تورکیا ئازاد دەکات سەروەری دەریایی و زەمینی بەسەر خاکە پچڕێنراوەکانی عوسمانیدا وەربگرێتەوە ، توانای وەگرتنی باج لە کەشتیەکانی گوزەرکار بە کەناڵی بۆسفۆردا بگەڕێتەوە بۆ تورکیا کە لۆزان فەرزی کردووە بەسەر تورکیادا نابێت باج لە هاتوچۆی کەشتیەکان وەربگرێت . هەروەها مافی گەڕان بداتەوە بە تورکیا لە دەریای ناوەڕاستدا نەوت و غاز دەربهێنێت . لە باکووری سوریا ( رۆژئاڤا ) یەکەم هەنگاوی شکاندنی لۆزان لەلایەن تورکیاوە نراوە . ناوچەکانی عەفرین ، سەریکانی ، تەل ئەبیەز ، ئیدلبی لە سوریا دابڕیووە . بەپێ ی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ تەرابلوسی لیبیشدا ، مەرجەکانی لۆزان لە دەریادا دەشکێنێت کە نزیکەی شەش هەزار دورگەی یۆنانی دەگرێتەوە لە نزیک کەنارەکانی تورکیادا . هەروەها مافی قوبرسی یۆنانی لە سوودی ئابووری دەریایی پێشێل دەکات بەپێ ی ئەم رێککەوتنە نوێ یە . لەهەمان کاتدا بەشێک لەمافی میسر و دورگەی کریتی یۆنانی زەوت دەکات کە ئەو سنوورە دەریاییە دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی ، تورکیا لەو رێکەوتنەوە مافی داگیرکردنی بۆخۆی دەگەڕێنێتەوە . کاریگەری لەسەر کورد ؟! تورکیا لەڕێگەی ئامادەکاریەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پرۆژەی سەروەری ( وەک ئەردۆغان ناوی ناوە ) دوو هەنگاوی سەرچڵانەی ناوە لە دەریای ناوەڕاست و باکووری سوریادا . ئەگەر ئەو رێکەوتنەی لیبیا - تورکیا لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تێپەربێت و بێدەنگی لەو هەنگاوانەی ئەردۆغان بکرێت . لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا ، ئەو رێگەیەش بەخۆی دەدات پابەندنەبوونی تورکیا بە هەر ١٤٧ خاڵەکەی ڕێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ ەوە ڕابگەیەنێت و هێرشیش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان کەلە ئێستادا چەندین بنکەی سەربازی تیادا هەیە ، بەناوی گەڕاندنەوەی سەروەری خاکی تورکیا ( عوسمانیەکان ) ەوە هەرێمی کوردستانیش داگیردەکات .


سامان وەستا بەكر  رۆژی یەکشەممە (٥/١/٢٠٢٠) کۆبونەوەیەکی گرنگی پەرلەمان ئەنجامدرا بەبێ بەشداری زۆرینەی هێزە سوننیەکان و کورد! ئەو کۆبوونەوە نا ئاساییەی پەرلەمانی عێراق زیاتر بوو لە کۆبوونەوەیەکی دژە هەڵوێست و دەرکردنی بڕیارێک بۆ چۆڵکردنی عێراق لە هێزە بێگانەکان کە بە دیاری کراوی مەبەست ئەمریکا بوو لە تۆڵەی کوشتنی قاسمی سلێمانی. کۆبوونەوەکەی ٥ی یەکی ڕۆژی یەک شەممە هەڵدانەوەی پەردە بوو لەسەر وێنە داپۆشراوەکەی عێراق، وێنەیەک هێندە ناشرین کێشراوە کە دوای سەدەیەک تا ئێستاش نیگار کێشیکەی (بەریتانیا) ئامادە نیە واژۆی خۆی لەسەر دابنێ و خۆی بکات بەخاونی ئەو هەڵە مێژووییە. داڕشتنی نەخشەی پێکهاتەی عێراق هێندەی لە تابلۆیەکی خەیاڵی و فەنتاسی ئەچێ کە خودی نیگارکێشەکە خۆی نەبێ ئاستەمە کەسیتر لێی تێبگات نیو هێندە لە نەخشەیەکی ئەندازەیی هاوتەریب و یەکسان ناچێت. کۆبوونەوەکەی ٥ی یەک پەردە لایان بوو لەسەر ئەو سیناریۆیەی کە پێش سەدەیەک بۆ (شانۆگەری عێراق) نوسراوە و لەو ڕۆژەیا بەشی یەکەم لە سێ بەشی سیناریۆکە پێشکەش کرا لەلایەن ڕەش پشۆشەکانەوە"شیعە" بەبێ ئامادەبوونی سپی پۆش "سوونە" و  ڕنگاڵە پۆشەکانەوە "کورد". لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراق دانیان بەخۆدا گرتبوو وە نەیان ئەویست لەسەر هیچ بەرەیەک خۆیان یەکاڵاکەنەوە و خۆ ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی کەسی و حیزبیشبێ وایان پیشان ئەیا کە بە یەک دووری لەنزیک هەر دوو بەرەی ئەمریکا و ئێرانەوە وەستان بەڵام سەرەنجام ڕەوشەکە گەشتە ئاستێ کە چیتر نواندنی پشتی پەردە کاری پێنەکراو نمایش لەودیووی پەردەوە بە ئاشکرا کرا، خۆ ئەگەر نمایشەکە کورت و خێراش بووبێ بەڵام وەڵامێکی ڕاست و ڕاستەقینەی هەموو لایەکی یایەوە. ئێستا هەڵگرانی ئاڵای ڕەش لەبەرەی ئێرانن و هەڵگرانی ئاڵای سپی و ڕانگاڵە ئەگەر لەبەرەی ئەمریکاش نەبن ئەوا لەبەرەی ئێران نین، ئەگەرچی لەترسی هەژموونی خوێناوی ئێران بەزارەکی شتێکی تریش  


هێمن میرانی دەربارەی چاکسازی نامەیەکی کراوە لە دۆخێکی ئاڵۆزدا چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بێدادی پرۆسەیەکی گشتگیر و گرنگە و تەنیا لە دەستکاریکردنی موچە و دەرماڵە و خانەنشینی پلە باڵاکان کورت ناکرێتەوە، بەڵام چونکە پڕۆژە یاساکەی ئێستا زیاتر هەڵوەستەی لەسەر ئەم پرسە کردووە، منیش هەندێ سەرنجی خۆم دەخەمە روو: یەکەم: ماوەیەکە لە گەڵ ژمارەیەک پارلەمانتاری بەرێز لەسەر خەتم دەربارەی پڕۆژە یاساکە و لەوێش رای خۆمم پێیان گوتووە. هەست دەکرێ دوو دڵیەکی گەورە لە ئارادایە لە دەستبەردان لەو ئیمتیازە زۆرەی بە ناوی خانەنشینی بە یاساکانی ژمارە ١٢ و ١٣ ی ساڵی ١٩٩٩ بە وەزیران و ئەندامانی پارلەمان بەخشراوە. ئێستاش تەنانەت دەنگۆی رێکەوتنی هەمووان هەیە ( نازانم ئەمە چەند راستە) لە سەر هێشتنەوەی ئەو ئیمتیازاتانە بۆ خۆیان لە کاتێک ئەوان نوێنەری خەڵکن لە پارلەمان نەک نوێنەری خۆیان. رای گشتی بە تەواوی لە گەڵ ئەوەیە ئەو ناعەدالەتیە گەورەیەی لە نێوان خانەنشینی پلە تایبەت و باڵاکان لە گەڵ خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت هەیە نەمێنێ، بۆیە ئەگەر پارلەمان دژی رای گشتی هەڵسوکەوت بکات یەکێک لە وەزیفە گەورەکانی خۆی لە دەست دەدات کە نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوەندی گشتیە. دووەم: پارلەمانتاران باش دەزانن کە داهات و بودجەی کوردستان زۆر زۆر کەمترە لەو پارەیەی لەبەر دەستی بەغدایە. بۆیە ئەگەر ئەوە پێوەر بێ، نابێ لەو یاسایەدا ئیمتیازێکی زیاتر لەوەی بە پارلەمانتارانی بەغدا دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان دەدرێ، بۆ خۆیان بهێڵنەوە. ئاشکرایە لە بەغدا خانەنشینی پارلەمانتار و پلە باڵاکان هەڵوەشاوەتەوە. لێرەش ئەو بەڕێزانەی پۆستی باڵا وەردەگرن دەبنە فەرمانبەری پلە باڵای دەوڵەت و دوای تەواوبوونی ئەو ئەرکەیان دەبێ یان بگەڕێنەوە شوێنەکانی پێشوویان یان ئەگەر گەیشتنە تەمەنی خانەنشینی ئەو ساڵانەی خزمەتیان لەو پۆستانە بۆ حساب بکرێ و وەکو هەر فەرمانبەرێکی دیکە خانەنشین بکرێن. ئەگەر ئەوە روو نەدات ئێوە هەرگیز بیرتان بۆ ئەو فەرمانبەرانە ناچێ کە دوای لایەنی کەم ١٥ تا ٢٥ ساڵ خزمەتکردن ئێستا بە چەند مانگێک جارێک ٢٠٠ هەزار دیناریان وەکو سەدەقە پێ دەدەن، کە ئەمە شەرمەزارییەکی یەکجار گەورەیە. کەواتە کورت و پوخت: 1. هەموومان داوا دەکەین کە خانەنشینی پارلەمانتار و وەزیر و وەکیل وەزیر و بەڕێوبەری گشتی و هتد وەکو پرەنسیپ دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان نەمێنێ. ئەوەی گەیشتە تەمەنی خانەنشینی ئەو ساڵانەی خزمەتی بۆ حساب دەکرێ و بە گوێرەی یاسای گشتی خانەنشینی، نەک هیچ یاساییەکی تایبەت کە بۆ خۆتان داتانهێناوە، خانەنشین دەکرێ. یاساکانی ١٢ و ١٣ ی ساڵی ١٩٩٩ و هەر یاسایەکی دیکە کە ئیمتیازی تایبەتی بەو خەڵکانە بەخشیووە دەبێ هەڵبوەشێتەوە. 2. دەستکاری کەمترین موچەی فەرمانبەران بکرێ کە خانەنشین دەبن بە جۆرێک رەوا نیە کەس لە ٤٠٠ هەزار دینار وەکو ئەوەی بەغدا کەمتر وەربگرێ. ئێوەی بەڕێز بیهێننە بەرچاوی خۆتان کە ٤٠٠ هەزار دینار بەشی چی دەکات؟ ئەگەر هیچ ئەی ئەو ٢٠٠ەی ئێستا چ بۆ هاووڵاتیەکی ماندوو دوای ساڵانێکی زۆری خزمەت دابین دەکات.. بەڕێزینە: لە هەستیاری ئەو دۆخە بگەن کە لەو ناوچەیە دەگوزەرێ!!! خەڵکی کوردستان لەو خۆپیشاندەرانەی بەغدا ترسنۆکتر نین لەوە کەمتر قەبوڵ بکەن، دۆخی ئابوری کوردستان لە هی بەغدا باشتر نیە ئێوە لەسەر ئیمتیازاتی خۆتان رێک بکەون و حسابی بەرژەوەندی گشتی کە گوایە ئێوە نوێنەرایەتی دەکەن، نەکەن. نابۆخانەنشینی_پلە_باڵای_وەزیر_و_پەرلەمانتار


د. ئیسماعیل نامیق رەوانشاد کاک نەوشیروان لەمانگی پێنجی 2007 بەناونیشانی ( ئەم پارلەمانەی ئێمە: لەخەمی کێ دان جگە لەخۆیان؟) ووتارێکی نووسیوە لەسەر خراپی ئەدای پارلەمان. تیایدا هاتووە: " بۆچی رۆژێ لەرۆژان پێتان دانەگرت فڵانە وەزیر یان فیساریان بانگ بکەن بۆ لێپرسینەوە لەسەر کاروباری وەزارەتەکەی و، ئەگەر گەندەڵی لەسەر بو بەماڵ، باوەڕی لێ بسێننەوەو حەواڵەی دادگای بکەن. چەند جار خەم وپەژارە، سکاڵا وگازاندە، ناڕەزایی وهەڕەشەکانی خەڵکتان بردە بەردەم پارلەمانەکەتان و، گفتوگۆی جدیتان لەسەر کرد و، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەریتان دا؟ ئەوە بۆچی کە دێنە سەر خواستەکانی خۆتان: زیادکردنی موچە وئیمتیازات، کڕینی سەیارە، کڕینی شوقە، وەرگرتنی زەوی، سەفەرکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە...... بیرتان رۆشن وچاوتان تیژ وزمانتان پاراوە، کەچی لەئاست خواستەکانی خەڵکدا گوێتان گران ولەئاست جێبەجێکردنی ئەرکە پارلەمانیەکانتان دا لەشتان قورسە؟ ئێوە ئەی ئەندامانی بەڕێزی پارلەمانی کوردستان! لەبەردەم پرسیارێکی مێژویی دان: لەخەمی کێ دان جگە لەخۆتان؟" بەڕای من خانەنشین کردنی پارلەمانتار بەتەمەنێکی کەم وبێ مەرجی خزمەت وبەمووچەیەکی زۆر یەکێکە لەهۆکارە سەرەکیەکانی خراپی ئەدای پارلەمان، چونکە لەسایەی ئەم دۆخەدا کاتێک کەسێک دەبێت بەپارلەمانتار ئیتر منەتی بەدەنگدەر وبەحیزبەکەی وبەوەزیفەکەشی نامێنێ، لەبەرئەوەی دڵنیایە ئایندەیەکی باش وژیانێکی خۆشی بۆ خۆی دروستکردووە، خەمی ئەوەی نیە جارێکی تر دێتەوە بەردەم دەنگدەر، پێویستی بەحیزبەکەشی نامێنێ، هەروەها کێشەی دەستکەوتنی کار وداهاتیشی نیە. بەڵام ئەگەر پارلەمانتار خانەنشین نەکرێت، ناچار ئەبێت لەماوەی ئەرکەکەیدا، کارێک بکات شەرمەزار نەبێت، لەبەرامبەر دەنگدەر وحیزبەکەیدا و، خەمی ئەوەش بخوات کاری پارلەمانیەکەی لەداهاتوودا شەفاعەتێکی بۆ بکات بۆ دەستکەوتنی کار وخەرجی ژیانی، هەموو ئەمانەش وا دەکەن پارلەمان وپارلەمانتار کارا وچالاک بێت. بەرێز کاک عومەری سەید عەلی/ رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان: هەر لەپێناو کاراکردنی پارلەمان بوو بزوتنەوەی گۆڕان دروشم وگوتاری (نا) بۆ خانەنشینکردنی پارلەمانتار وپلەباڵاکانی بەرزکردەوە وبوو بەسەرمەشق وداهێنەری چاکسازی لەهەرێمی کوردستاندا، پێم وایە ئەم دروشمە هەنووکە دروشمی نەگۆڕی گۆڕانە. بۆیە داوا لەبەڕێزتان دەکەم، ئەم شەرەف وشانازیە با هەر بۆ گۆڕان بێت، لێمەگەڕێ کەس بەمنجە منج موزایەدەی پێوە بکات، پەلە بکە وپێش پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بەناوچاکسازی، هەر دوازدە پارلەمانتارەکە کۆبکەرەوەو، ئەو بەڵێن نامەیەیان پیشان بدەرەوە وبیربخەرەوە کەلەکاتی کاندیدبوونیاندا پڕیان کردۆتەوەو بەگۆڕانیان داوە، چونکە ئەوان بەڵێنیان داوە لەخەمی خەڵکدا بن وپابەند بن بەبەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە. ئایا نەهێشتنی خانەنشینی پارلەمانتار وپلەباڵاکان بەرنامەی گۆڕان نیە؟ تکایە هیچ دوو دڵ مەبە لەوەی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەنابت ودوازدە پارلەمانتارەکە ئەم بەڵێنەی خوارەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەنگدەرەکانی وهەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان نوێ بکەنەوە وجێبەجێ بکەن: " بزوتنەوەی گۆڕان خانەنشینکردنی پارلەمانتار وپلەباڵاکان رەتدەکاتەوەو لەپارلەمانیشدا دژی دەوەستێتەوە ". هەڵوێستتان لەسەر ئەم بابەتە سەنگی مەحەکە بۆ ئێوە و بزوتنه وه كه، ئێستا خەڵک زۆر بەوردیی وبەوریایی چاودێریی قسە وهەڵسوکەوتتان دەکات چاوەڕێی ئەوەیە تا چەند پابەند دەبن بەرێبازی کاک نەوشیروانەوە. بفەرموون ئەمەش خاڵی دووەم وسێیەمی نامەکەی رەوانشاد کاک نەوشیروانە کە لە23/ 1/ 2012 بۆ فراکسیۆنی گۆڕانی نارد: " 2- فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و هه‌موو ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی‌ وه‌ك ئۆتۆمۆبێل و شوقه‌و ڤێلا ئه‌درێت به ئه‌ندام په‌رله‌مان، به‌نیسبه‌تێك كه‌ موچه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان نزیكبكه‌وێته‌وه‌ له‌ به‌رزترین ئاستی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ حكومی‌، مه‌به‌ستم ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ حكومه‌ت نییه‌ كه‌ ده‌ره‌جه‌ی‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌. 3- فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ خانه‌نشینی ئه‌ندام په‌رله‌مان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان به‌ر له‌ ته‌مه‌نی‌ تقاعدی‌ خدمه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ خانه‌نشین ئه‌كا، پرۆژه‌ یاساكه‌ زه‌مانه‌تی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان بكا بۆ وه‌زیفه‌ی‌ به‌ر له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێتی‌، ئه‌وه‌شی كه‌ وه‌زیفه‌ی‌ نه‌بو بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك موچه‌ی‌ بدرێتێ وه‌ك زه‌مانه‌تێك تا كارێك ئه‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكه‌، چونكه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان هان ئه‌دا كاری‌ باش بكا بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر متمانه‌ی‌ خه‌ڵك وه‌رگرێته‌وه‌ و ببێته‌وه‌ به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان ". ئیتر خۆتان وویژدان وبەڵین وقسە وکردارتان.......


پەیكار عوسمان  ١- عێراق دۆزەخێکی جوانە. دۆزەخە بەو هەموو کەڵبە دەرەکییە نا کە تێی چەقیوە، دۆزەخە بەوەی کە خۆی کەڵبەی خۆیەتی. جوانیشە چونکە لە سۆمەرەوە تا ئێستا، لە ڕێگەی مەرگی خۆشەوەبێت هەر لەناو مێژوودابووەو نەکەوتۆتە دەرەوەی حیکایەت و یارییەکە. ٢- ئەمریکا بەهەشتێکی ناشرینە. بەهەشتە بەوەی کە بەرامبەرەکەی هەرکێ بێت، هەر ئەمریکا جوانترە لەو. ناشرینیشە چونکە جوانییە زیادەکەی لە ئەخلاقدا نیە لە شتی تردایە! ٣- ئێران ئاگرێکی خۆشە. ئاگرە بەوەی لە هەرکوێ بێت ئەیسوتێنێ. خۆشیشە چونکە لە هەرکوێ بێت، خەڵکێك لەو شوێنە، پێیان خۆشە هەبێ و خۆیان دایئەگیرسێنن! ٤- کوردستان شەڕی هەیەو نیە. کوردستان شتێکە لە ناوەوەماندا هەیەو لە دەرەوەماندا نیە. ئیتر ئێمە دارێمان بە دەستەوەیە هەردو سەری شەڕە، یان ئەبێ شەڕ لەگەڵ ناوەوەی خۆمان بکەین، یان ئەبێ شەڕ لەگەڵ دەرەوەی خۆمان بکەین! ٥- سەرمایەداری گونی قۆڕە. گونە بەوەی کە قازانجی بە مرۆڤ و دنیا داوە. قۆڕە چونکە ئەو قازانجە لە خودی مرۆڤ و دنیاکە گرنگترەو دواجار سەری هەردوکیان ئەخوا. ٦- قەشمەریات خۆشیی نیە. بەرهەمهێنانی "خۆشی" مرۆڤانەترین ئاکارو بەرزترین هونەرە، چونکە ژیان لەهەر شتێك زیاتر، پێویستی بە خۆشی و دڵخۆشی و کەیفخۆشی و ئارامکەرەو خاوکەرەوە هەیە. بەڵام گاڵتەکردن بە هەموو شتێك، خۆشیی بەرهەمناهێنێ، بەڵکو "هیچیی" بەرهەم ئەهێنێ! هیچییش مەکینەی دروستکردنی نائومێدییەو لە پشتی پێکەنینە تێپەڕەکانەوە، دەروونی ئینسانەکان و ژیان، ئاڵۆزو هیچئەکاتەوەو وێرانەیەك بەجێئەهێڵێ! ٧- تەحلیل باشەو خراپیشە. باشە ئەگەر لە عەقڵەوەبێت، لێرەدا بیپێکێ و نەیپێکێ کێشەیەك نیە گرنگ ئامادەیی عەقڵە. خراپە ئەگەر تەنیا لە زمانەوەبێ و هەر بۆ چەنەبازی و چەلەحانێ و ڕقبازی و خۆدەرخستن بێت.. هەرگیز لەڕێگەی زمانەوە ئیسپات وجود مەکە، چونکە ئەوە ئیسپاتی وجودی تۆ نیە، ئیسپاتی ونبوونی تۆیە لەناو شەپۆلی باودا. ئاخر وجودی ڕاستەقینەی تۆ، لە ناو عەقڵتایە نەك لەسەر زمانت! بێدەنگبەو لێگەڕێ عەقڵ لەناو تۆدا قسەیەك بکاو تەنیا ئەو قسەیە بهێنە دەرەوە، چونکە تەنیا ئەوە پەیوەندی بە وجودی تۆوە هەیەو ئیسپاتی وجودی پێئەکرێ. ٨- ڕاستگۆیی بێ مەرجی یە. ژیاندۆستی ئەوەیە کە بێ مەرج ژیاندۆستبیت، نەكئەوەی بۆ یار ژیان و ئاشتی بخوازیت و بۆ نەیار شەڕو مەرگەسات. ڕاستگۆیی لەت و دابەشناکرێ، کە لەتتکرد، ئیتر تۆ درۆ لەگەڵ خۆتدا ئەکەیت.


​ پشکۆ ناکام​ ​ .....ئەو عالەمە بۆ هەر لە خۆیەوە کەوتۆتە دڵەڕاوکێ گوایە شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەکەوێتە هەرێم!! نەک ئەو دووانە خوای ئەکرد سوپا لە مەریخ و زوهرەشەوە بێتە هەرێم بزانە چۆن هەر بیرە نەوتێک ، ببورن بستێکی هەرێمیان لێ ئەکرێ بە فڕنی( دجاج بالتنور) ، ئەوە نیە جەنابی   بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەتەوە ووتویەتی : خەمتان نەبێ، نەک خەڵک مافی مێروولەکانیش لە هەرێم پارێزراوە ، جا ئیتر بێ خەم بن کە ڕابردووش باشترین شایەتە کە چۆن ئەم حکومەتەی هەرێم و هێزە چەکدارەکانی هەرگیز گەراننەوە بۆ دواوە نازانن ، یاخوا  نەکەونە راونان ئەوەنە ڕا ئەکەن دوایی  ڕێی گەرانەوەیان  لێ تێکئەچێ ! لەڕووی ئابوریشەوە حکومەتەکەمان ئەوەنە بەتەنگ خەڵکەوەیە نەوتەکەی بۆ بیست ساڵی داهاتوو ڤرۆشتوە و پارەکەی هەڵگرتوە " تانکەری سپی بۆ رۆژی رەش" و کەسیش نازانێ پارەکەی لە کوێیە نەبادا ناحەزان زەفەری پێ بەرن و ئەو خەڵکە داماوەی لێ بێ بەش بکەن...، جا دە ساڵیش شەڕ بکەوێتە هەرێمەوە خەڵک بە کەماڵی ئیسراحەت لە پارەی نەوتە فرۆشراوەکە ئەخۆن ، لە ڕووی سیادەی هەرێم و سەربەخۆیی کوردستانیشەوە حکونەت سەربەخۆیی کوردستانی وا پاراستوە  کە نە "میت"ێک ، نە اگلاعاتێک ، نە هیچ موخابەراتێکی تر  بە خەویش قاچ بخەنە هەرێمەوە  و لە ڕووی بوونی هێز و بنکەی دراوسێ لەسەر خاکی کوردستان لە ئاو پاکترە و بە تێلسکۆپی فەزائیش یەک بنکەی سوپای دراوسێیەک نابینرێ ، دیعایەش لێرە و لەوێ هەر ئەکرێت و نابێ بکەوینە داوی ئەوەی کە ئەووترێت ،،،​ بۆ هێزی لە شکان نەهاتووی حکومەتی هەرێمەوە هەر کەس و لایەک لە خەیاڵیا بێ دەست درێژی بکاتە سەر هەرێم بەدەردێک ئەبرێ تا ئێستا لە گوگڵ باسی لێ نەکرا بێ ، هەر بۆ نمونەلە بیرمانە و دوێنێ بوو ، کاتێ داعش ویستی هێرش بکاتە سەر شەنگال چۆن هێزەکانی حیزبەکەی  بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەت هەڵیان تەکانن و داعشیان وا ڕاونا کە تا ئێستاش هەر ڕائەکەن بۆیە ئامۆزای بەختەوەر کە بە فەرماندە مێژوییەکە ناسراوە ​ كە ووتی: ئەمە شەڕە راکردنیشی تیایە..!! ئەووترێت هێزەکانی هاوپیمانانیش دایمە لەپشتەوەی هێزەکانی حکومەتی هەرێم بوون و نەیان ئەوێرا رووبەرووی داعش بنەوە، ئەوبوو ئەو هێزانە کەوتنە فرۆشتنی ئەو چەکانەی لە حکومەتی هەرێمەوە وەریان گرتبوو ، جا بۆ هەر شەنگال ئەی کاتێ حەشدی شعبی ویستی بچێتە کەرکوکەوە ، هێزەکانی ڕیفراندۆم چۆن بەرنگاریان بونەوە و وایان لێ کردن ناوی خۆیان لەبیر بچێتەوە و تا پردێ راویان نان و هێزەکەی حیزبی ریفراندۆمی هەرێم سێ چوار قەزا و ناحییەی زیایەیان   خستە سەر هەرێمی کوردستان ....​ ئەوەشمان لەبیر نەچێ ئەقڵ و زهنیەتی دیبلۆماسییانەی حکومەتەکەی بەختەوەر ئەونە ژیر و وورد بینیانەیە چەنووڵاتێک ناویان ناوە " دیبلۆحوتی حکومەتی هەرێم وەک ئیشارەتێک بۆ گەورەیی "ماسی" یەکە وەک حوت وایە ، بۆیە ئەبێ برواما هەبێ کە ئەقڵی دیبلۆحوتانەی حکومەتە بەختەوەرەکەی هەرێم بە جۆر و لە ئاستێکایە کە نەهێڵێ شەر بکەوێتە کوردستانەوە ، لە خفاپترین حاڵەتیشا لەوانەیە خودی بەختەوەری سەرۆکی حکومەت و حاشییەکەی کوردستان بۆ سەلامەتی خۆیان هەرێم بە جێ بێڵن چونکە میللەت هەر دروست ئەبێتەوە ،بەڵام لەو جۆرە حکومەتە  ئاستەمە دروست نابێتەوە......​ چارەسەرێک تریش وا لەبەردەم بەناو حکومەتەکەی هەرێم ئەویش راگرتنی بەڵانسە لەسەر نەزەرییەی" دوا ڕۆژی ئاب" !! بەڵام مەعلوم نیە ئەم جارە کام سوپای هاوڕێ یەتە مواعادەلەکەوە ..با چاوەڕێ بین...


گوڵاڵە سدیق ماوەی دوو ساڵ زیاترە یاسای چاکسازی لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستاندا ئەمسەر و ئەوسەری پێ دەکرێت، یان ڕاستر بڵێین یاسای شەرعاندنی خانەنشینی پلە باڵاکان. کە هەریەکە لەو کەسانەی کە مەعنین بەو کارە وەک هەنگوینیان لە کلۆرەی داردا دۆزیبێتەوە، هەریەکە بەجۆرێک مەدح وسەنای ئەم یاسایەدا دەکات، وەک بڵێیت ئیتر کێشەی دارایی خەڵک ناهێڵێت! ئێمە دەزانین یاسایەک هەیە لە عێراقدا کە پێی دەگوترێت یاسای خانەنشینی یەکگرتو (کە زۆرترین دادپەروەری تێدا ڕەچاو کراوە)، بەپێی ئەم یاسایە هەمو تاکێک کە فەرمانبەری حکومەتە (لە سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، وەزیر، پەرلەمانتار بگرە تادەگاتە فەرمانبەرێکی ئاسایی)، بەپێی ئەم یاسایە خانەنشین دەکرێت کە بریتیە لە: کۆی موچە + ٢٠٥ * ساڵانی خزمەت + دەرماڵەی بڕوانامە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە پێی ئەم پرۆژە یاسایە چەند جۆرێک یاسای خانەنشینی هەیە (یاسای تایبەت بە خانەنشینی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، یاسای تایبەت بەو پەرلەمانتارانەی ٤٥ ساڵ تەمەن و ١٥ ساڵ خزمەتیان هەیە، یاسای تایبەت بەو پەرلەمانتار و پلە تایبەتانەی تەمەنیان کەمترە لە ٤٥ ساڵ و خزمەتیان نیه) هەرچی خەڵکە یاسایەکی تایبەتی بۆ دانراوە بۆ خانەنشین بوون کە کەمترین مافەکانیان تێدا جێی کراوەتەوە، بەم شێوەیە: ــ ئەو کەسانەی پلە باڵان و ٤٥ ساڵ تەمەن و ١٥ ساڵ خزمەت یان زیانریان هەیە بە هەمان یاساکەی بغداد خانەنشین دەکرێن، کە یاسایەکە تا ڕادەیەکی باش دادپەوەروەری کۆمەڵایەتی تێدایە. ــ هەمو ئەو کەسانەی پلە تایبەتن و تەمەنیان لە ٤٥ ساڵ کەمترە و ساڵی خزمەتیان کەمە، بە %٤٠ کۆی موچەکانیان خانەنشین دەکرێن، کە دەکاتە نزیکەی سێ ملێون و نیو دیناری عێراقی، هەتا ئەو کاتەی تەمەنیان دەگاتە ٤٥ ساڵ، ئەو کاتە ئوتوماتیکی دەچنەوە سەر یاساکەی سەرەوە و زیاتر سودمەند دەبن. (واتە ئەمانیش دەچنەوە سەر یاساکەی بغداد) ــ بەڵام هەرچی فەرمانبەری ئاسایی هەیە وەک (مامۆستا، ئەندازیار، دکتور، فەرمانبەر... هتد) بە یاسایەک خانەنشین دەبن کە بریتیە لە %٨٠ موچە بنەڕەتییەکانیان، کە کەمترین مافی تێدا ڕەچاوکراوە، چونکە هیچ خوێندنەوەیەک بۆ ساڵانی خزمەت و دەرماڵەی بڕوانامە نەکراوە!! ــ ئەمە جگە لە خانەنشینانی سەربازی کە بە بڕیاری تایبەت و پلەی جۆراوجۆر خانەنشین کراون. لەم یاسایانەدا دەبینین غەدرێکی یەکجار گەورە دەرهەق بە مافی خانەنشینانی مەدەنی و هاوڵاتیان کراوە، ئەویش بە هەژمارکردنی تەنها %٨٠ موچە بنەڕەتیەکانیانە، بەبێ ڕەچاوکردنی دەرماڵەی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت. ئەمە لەکاتێکدا ئەم توێژە زۆرینەی کۆمەڵگا پێکدەهێنن! لە هەمو وڵاتێکێدا یاسای خانەنشینی یەکگرتو هەیە و هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەهەمان یاسا خانەنشین دەکرێت، ناکرێت لە سیستمی دارایی هیچ وڵاتێک زیاتر لەیەک یاسای خانەنشینی هەبێت. چجای لە هەرێمێکی سێ پارێزگاییدا، زیاتر لە سێ جۆر یاسای خانەنشینی هەیە، هەر چین و توێژێکی پلە باڵا چونکە خۆیان یاسا دەشەرعێنن، هەر توێژە و بەباڵای خۆی یاسا بۆ خۆیان دەردەکەن، وە ناکرێت هەمویان (بێ جیاوازی) ئەو خەڵکە لەیاد بکەن کە بەهۆی دەنگدانی ئەو خەڵکە جەنابیان پلەی عالی مەقامییان وەرگرتوە. لەسەرەتای دروستبونی ئۆپۆزسیۆنەوە دیارترین دروشم کە بەرزکرابێتەوە، دروشمی (دادپەروەری کۆمەڵایەتی) بوە، هەر پەرلەمانتارێک لەکاتی کاندیدبونی بە (دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە) ئەگەر بێتو لە ئێستادا ڤیدیۆکانی کاتی بانگەشەیان بۆ لێبدەیتەوە، هەمویان تەئکیدیان لەوە کردوەتەوە کە کاردەکەن بۆ هاوتاکردنی موچەی پلەباڵاکان لەگەڵ هاوڵاتیاندا، وە کاردەکەن بۆ نەهێشتنی خانەنشینی پلە تایبەتەکان. ئەم دروشمە ببوو بە دروشمی هەمو حزبە سیاسیەکان بە ئۆپۆزسبۆن و دەسەڵاتەوە. لەبەرئەوە; کاک و خوشکی پەرلەمانتار، ئەگەر یاساتان بۆ خۆتان دەرچواندوە و تێدا لە خەمی داهاتوی خۆتان و مناڵەکانتان بوون دەستان خۆش بێت، بەڵام ئەزیەت بکێشن و داوا بکەن کە هاوڵاتیانیش با بەهەمان یاساکەی جەنابتان خانەنشین بکرێت. ناکرێت فەرمانبەرێک پاش تەواوکردنی زانکۆ و خزمەتی زیاتر لە ٤٠ ساڵ، هێشتا بۆ خانەنشینکردنەکەی یەک لەسەر چواری خانەنشینی پەرلەمانتارێک یان پلە تایبەتێک وەرنەگرێت کە تەمەنی هێشتا ٣٠ ساڵەو تەنها ٤ ساڵ خزمەتی پلە باڵای هەیە. لە ئێستادا چەسپاندی دادپەوەری کۆمەڵاتیەتی ئەرکی هەمو هێزە سیاسیەکانە بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنەوە، هیچ داوای زۆرتان لێ ناکەین تەنها دەڵێن بە هەمان یاسای خانەنشینی خۆتان خانەنشینمان بکەن، ناکرێت یاساکە بۆ ئێوەی بە جۆرێک بێت و بۆ هاوڵاتیان جۆرەکەی تر. هەروەک چۆن لە پێناو دەرچواندنی ئەم یاسایەدا هەمو پەرلەمانتارەکانی خولەکانی پێشو و ئێستا، کە تەمەنیان گەنجە، بێ جیاوازی بیروڕا و ئایدۆلۆجیا، لەپێناو بەرژەوەندی خۆتان و داهاتوی مناڵەکانتان، هەموتان یەکتانگرتوە و لە خەمی خانەنشینی خۆتانن و تا ئاستی هەڕەشەکردن بە دەنگنەدان بەیاساکە لەبەرژەوەندی خۆتان هەڕەشەتان کردوە، ئەرک بکێشن شەڕ لەسەر ئەو خەڵکەش بکەن کە دەنگی پێداون و بەهۆی دەنگی ئەوانەوە سەرکەوتن بۆ پەرلەمان. ئەگەر ئەم کارە نەکرێت لەوەی ئێستا کە هەیە زیاتر سیاسەت و سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان متمانەی خۆی لەدەست دەدا، لەمەشدا زەرەرمەندی یەکەم هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی جاران و ئێستایە، بەو پێیەی کە خەڵک و دەنگدەر زۆرترین ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوون. داوای زۆرتان لێناکەین تەنها دەڵێن بە یاسەکەی خۆتان و بغداد خانەنشینمان بکەن.


      كامیل عومەر سەندیكای رۆژنامەنووسان، رێكخراوێكی پیشه‌یی فه‌رمی دانپێدانراوه‌ له‌لایه‌ن حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەناو یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەریی هەرێم وەك لایەنێكی فەرمیی پەیوەندیدار بە رۆژنامەنووسان ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كانی جێگیركراوه‌، به‌م جۆره‌ش تاكە سەندیكایەكی پیشەییه‌ كە حكومەتی هەرێم وەك نوێنەری رۆژنامەنووسان مامەڵەی لەگەڵ دەكات.  به‌پێی ناوه‌ڕۆكی یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 1998ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان و یاسای رۆژنامه‌گه‌ری كوردستان، دەبوو ئەم سەندیكایە نوێنەرایەتی راستەقینەی هەموو رۆژنامەنووسان بكات‌و سەربەخۆیی و به‌رگریكردن له‌ كاركردنی رەنگبداتەوە‌و، بوێرانه‌  دەنگی بڵندی رۆژنامەنووسان بگه‌یه‌نێت، به‌بێ‌ جیاوازی لە ئینتیمای سیاسی‌و ئایدۆلۆژی، بەڵام وەك بینیمان‌و دەبینین: یەكەم: ئەم سەندیكایە وەك كۆی سەندیكا‌و ئەنجوومەن‌و كۆمسیۆنەكانی دیكە، خراوه‌ته‌ خزمه‌ت سیستمه‌ سیاسییە ناتەندروستەكه‌ی هەرێم ‌و دابەشكاری‌و پشكی حزبی بەشێوازێكی ئاشكرا ره‌نگڕێژی به‌رێوه‌بردن و به‌رنامه‌ و كاره‌كانی كردووه‌، بۆیه‌ نوێنەرایەتی راستەقینەی كۆی رۆژنامەنووسانی هەرێم ناكات. دووەم: ئەم سەندیكایە، له‌بری جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی وه‌ك له‌ بڕگه‌ی (7)ی مادده‌ی (4)ی یاساكه‌ی دا هاتووه‌ "داكۆكیكردن له‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی و ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و ئاشتی و مافه‌كانی مرۆڤ"  له‌ ئه‌ركه‌كانی سه‌ندیكایه‌، بووه‌ته‌  فەرمانگەیەك بۆ تۆماری ئه‌ندامێتی رۆژنامه‌نووسان ‌و، وەك خۆیان دەڵێن: زیاتر لە هەشت هەزار ئەندامی رۆژنامه‌نووسییان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ لەكاتێكدا رۆژنامەنووسان قەیرانی رێكخراوێكی داكۆكیكاریان هەیە له‌ مافه‌كانیان، تەنانەت بەشێكی گرنگ لە رۆژنامەنوسە پیشەییەكان، ئەندامی ئەم سەندیكایە نین‌و بەنوێنەر‌و داكۆكیكاری خۆیانی نازانن. سێیەم: سه‌ره‌ڕای گرنگی تۆماری دۆسییه‌كانی پیشێلكاریی و بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرت و به‌یاننامه‌ له‌ باره‌یانه‌وه‌، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان ساڵانه‌ یان شەش مانگ جارێك ئاماری پێشیلكارییەكانی دژ بە رۆژنامەنوسان بڵاودەكاتەوە، به‌ڵام بەبێ‌ ئەوەی هەڵوێستیكی تووند‌و جددی و كاریگەر‌و به‌رجه‌سته‌ دژ بە بكەری ئەو پێشێلكارییانە بنوێنێ‌ كه‌ پێكدێن له‌ دەسەڵاتی سیاسی‌و دەزگا ئەمنیەكان و دادگاكان. چوارەم: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ندیكا تیرۆركردنی پێنج رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ (سۆرانی مامه‌حه‌مه‌، سه‌رده‌شت عوسمان، كاوه‌ گه‌رمیانی، عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف، ویدا حوسێن)ی له‌ راپۆرته‌كانی خۆی تۆمار و بڵاوكردۆته‌وه‌، هاوكات نه‌یتوانیوه‌ بوێرانه‌ دژ به‌ تیرۆركردنیان بووه‌ستێته‌وه‌ و داوای جوڵاندنی كه‌یسه‌كانیان بكات له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و دادگاكان، جگه‌ له‌وه‌ش، له‌ یادكردنه‌وه‌ و ناوهێنانی رۆژنامه‌نووسانی تیرۆركراودا له‌ زۆنێكی حزبییه‌وه‌ بۆ زۆنێكی حزبی دیكه‌ جیاوازی و چاوپۆشی كردووه‌.   پێنجەم: ئەم سەندیكایە له‌ ئاست مافه‌ پیشه‌ییه‌كانی رۆژنامه‌نووس په‌یوه‌ست به‌ گرێبه‌ست و كاتژمێره‌كانی كار و مافی دایكایه‌تی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌ك لایه‌نه‌ی گرێبه‌سته‌كان له‌لایه‌ن ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان، جۆرێك له‌ بێ ده‌نگی و چاوپۆشی هه‌ڵبژاردووه‌، لەكاتێكدا لەیاسای رۆژنامەگەریی ئەو دەسەڵاتەی پێبەخشیووە‌و وەك لەیاساكەدا هاتووە"پێویستە دەزگاكانی رۆژنامەگەریی‌و بەڕێوەبەرایەتی رۆژنامەكان، پابەندی هەموو ئەو مافانەبن كە لە یاسا بەركارەكان‌و گرێبەستی پەسەندكراو لەلایەن سەندكای رۆژنامەنووسان بۆ رۆژنامەنووسان دیاریكراوە". شەشەم: بەپێی بڕگەی یەكەم‌و دووەم لە ماددەی هەشتەمی یاسای رۆژنامەگەریی هەرێم، نابێ‌ بەبێ‌ ئاگاداری سەندیكای رۆژنامەنوسان، رێكاری یاسایی بەرامبەر رۆژنامەنوس بگیرێتەبەر‌و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێ‌، كەچی چەندین رۆژنامەنووس ئەم پێشێلكارییەی بەرامبەر كراوە‌و سەندیكاش بێدەنگ‌و بێهەڵوێست بووە لە بەرامبەریان، بێ هه‌ڵوێستی سه‌ندیكاش له‌و كاتانه‌دا وه‌ك پێكردنی گڵۆپی سه‌وزه‌ بۆ درێژه‌ی پێشێلكارییه‌كان. سه‌ره‌ڕای خستنه‌ڕووی ئه‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ دەیسەلمێنن ئەم سەندیكایە نەیتوانیووە نوێنەر‌و دەمڕاست‌و داكۆكیكاری راستەقینەی رۆژنامەنووسان بێت، هۆكارێكی گرنگی دیكە هەیە، ئه‌ویش ناشەرعی بوونی نوێنەرایەتیكردنی سه‌ندیكایه‌ له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوو تا ئێستا، چونكه‌ پێنج ساڵە ئه‌م سه‌ندیكایه‌ ئێكسپایه‌ر بووە‌و لە ساڵی 2011ەوە كۆنگرەی نەبەستووە، لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەوی كاركردنی، دەبێ‌ ئەم سەندیكایە هەر چوار ساڵێك جارێك كۆنگرەیەك ببه‌ستێت و دەستەیەكی نوێ‌ بۆ بەڕێوەبردن هەڵبژێرێت. لەهەمووی سەیرو سەمەرەتر، ئەوەیە دەستەی بەڕێوەبەری ئەم سەندیكا ئێكسپایەر‌و ناشەرعیە، شەرعیەت بەخۆیان دەدەن دەست بۆ مەلەفێكی هەستیاری وەك پێكهێنانی "ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێم" ببەن، بەپاساوی ئەوەی كاری رۆژنامەنووسی رێكدەخەنەوە، لەكاتێكدا ئەم سەندیكایە خۆی پێویستی بە رێكخستنەوە ‌و شەرعیەت هەیە‌و بەهیچ یاسا‌و پێودانگێك بۆی نییە كار بۆ پێشنیازكردنی هیچ پرۆژە‌و دەركردنی هیچ یاسایەك بكات، به‌ تایبه‌تتریش له‌ دۆخێك كه‌ خۆی پێویسته‌ لایه‌نێكی داكۆكیكار بێت له‌ مافه‌كانی رۆژنامه‌نووسان و ئازادی راده‌ربڕین.  بۆیه‌ پوختەی قسە ئەوەیە، سەندیكایەك‌ پێنج ساڵ ئێكسپایەر بووبێت‌و لەماوەی نۆ ساڵی رابردوویدا لە ئاست بەرپرسیارێتیدا نەبووبێ‌ بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان‌و مافەکانیان،  نەیتوانیبێ‌ چاودێری جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكانی كاری رۆژنامەنووسی بكات، ئیدی چ ئومێدێكی لەسەر هەڵدەچنرێ‌‌و چۆن بە گومانەوە لە هەنگاوەكانی ئێستا و داهاتووی نەڕوانرێ‌؟!


 زانا توفیق بەگ بۆ ئەوەی ئەو جیاوازیانە ڕوون بکەینەوە کە ئایا ئەوەی ئێستاکە لە عێراق دا دەگوزەرێت هە مان ئەوو ڕووداوانەیە کە پێش چەند ساڵێك لە هەندێ لە ووڵاتە عەرەبێکاندا ڕووی داو ناونرا بەهاری عەرەبی؟  لێرەدا پێویستمان بە بەراووردێکی بابەتی و واقیعیانە هەیە لەگەڵ ڕاپەڕینەکانی خەڵکی عێراقدا پێویستە سەرەتا بەم تێزە دەست پێ بکەین.   ساحەی تەحریری میسر خۆپیشاندەران داوای کۆتای هێنانی دەسەڵاتی مبارەك و رۆیشتنی لەسەر عەرشی دەسەڵات دەکرد زۆر ڕاشکاوانە داوای گۆڕینی سەرۆکایەتی کۆماری میسریان دەکرد   . هاوکات پێشەنگی خۆپیشاندەران بریتیی بوون لە خوێندکاران وقوتابیانی زانکۆکانی میسرو توێژاڵەکانی  کۆمەڵگای میسری بەتایبەتی دکتۆری زانکۆکانی (قاهیرەو عین الشمس) لە میسر وە سەندیکاکانی پارێزەران و خەڵکی بی دەرامەتی ناو کۆڵانە داروخاوەکانی کۆمەڵگای  میسری واتە بە کورتی گووتاری خۆپیشاندەران بریتیی بوون لە داواکردنی بنیاتنانەوەی ووڵاتێکی مەدەنی کە جۆرێك لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بکا،هاوشان هە موو دروست کەری  داواکارێکانیان لە ڕێگای بەشێکی پارتە سیاسێکانەوە بوو کە پێشتر لەلایەن دەزگاکانی سەرکوتکردنی سەر بە (حسنی مبارك) سەرکووت کرا بوون لەوانە گروپەکانی سەر بە ئیخوانەکان و بەتایبەتی  لێرەدا گرنگە باسی ڕۆڵی  ئیسلامیە ئوسولێ کانیش بکەین کاتێک کە راستەوخۆ تێکەڵی خۆپیشاندەرانی گۆرەپانی تەحریر ببوون لە میسر، بەڵام رێگەی ئەوەیان پێ نەئەدرا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کە ئامانجی ڕوونی داواکارێکانیان بگوڕن بۆ بەرژەوەندی ئیخوانەکان جگەر لە بەشداریان نە بێت لە هەڵبژاردنەکانی میسردالە دوای رۆیشتنی (مبارەک) ، هەرچەندە لە دوای دەرچوونیان جارێکی تر گۆرەپانی تەحریر ئەوانیشی گۆڕی دیارە ئەم حکایەتە راستەقینە بۆ خۆپیشاندەرانی خەڵکی تونس هاوکات راستە هەرچەندە   تونسێکان لەپاش رۆیشتنی(زینعابدین بن علی) لە دەسەڵات،گروپ و رێکخراوەکان و پارتە سیاسێکان دەورێکی کاریگەریان هە بوو لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی و اداری لە تونس دا دەرئەنجام دەسەڵاتی سیاسی کەوتە دەست  (بزوتنەوەی نەهەزەی ئیسلامی) بەڵام ئەوان بەشیوازێکی زۆر پراکماتیکی سیاسەتی دەوڵەتیان بەڕێوە برد تەنانەت هەندێك لە سیاسیە فەرەنسێکان بەشێکی زۆر لە میدیاو رۆژنامەنووسەکانی ئەوروپایەکان زۆربەی  ڕاپۆڕتی هەواڵ و  سەردێری رۆژنامەکان و دەزگاکانی بینراو بە شێوەیەکی سەڕسوڕهێنەری باسی شێوازی بەڕیوەبردنی ووڵاتی تونسیان دەکرد لایان اعجاب بوون. چونکە گۆرانکاریان لەیاسا مەدەنێکان تونس دا نەکرد توانیان جورێك لە خۆ کرانەوە دروست بکەن بتوانن لەگەڵ جۆری سیستەمی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای تونسی دا بگونجێن کە زیاتر لەژێر هەژموونی ووڵاتی فەڕەنسادا بوون.  ئەمە بەشێوەیەکی واقیعیانە دوو نمونە زیندوی شێوازی گوڕانکاری بوون بە ڕێگای خۆپێشاندان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. با بزانین تاچ ئەندازەیەك وێنەکانی خوپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق زۆر جیاوازترە لەو تابلۆیانەی کە لە (میسرو تونس،یەمەن ،سوریا،سودان)  ڕووی دا  کە ئێستای عێراق لەچ هەلومەرجێکداگوزەر دەکات . بابێنە سەر  گۆڕەپانی تەحریری بەغداد لێکەوتە و ئاڕاستەو دەرهاویشتەکانی لەگەڵ بەهاری عەرەبی دا ئاسمان و ڕێسمانە بەتایبەتی خاڵە جیاوازەکانی زۆر زیاترن لە خاڵە هاوبەشەکانی،  چونکە لێرە ئامانجی خۆپیشاندەران نەزانراوە هەریەك لەئاوازیك دەخوێنی ڕاستە خۆپیشاندانەکە جورێک لە خۆرسکی پێوە دیارە دەرئەنجامی کەڵکەبووی ئەو شێوازە خراپەی بەڕیوەبردنی ووڵاتە بەتایبەتی دروست کردنی فیگەری  پیاوانی ئاینی بۆ بەڕیوەبردنی ووڵات و داڕێژەری سیاسەتی حکومەت. هەر بوویە  کێشەسەرەکێکەی خوپێشاندەرانی خەڵکی عێراق لە بنچینەدا بە بڕوای من بریتیە لە جیاوازی مینتاڵێتی گشتی کۆمەلگای عێراقی لەگەڵ کۆمەڵگاکانی تری وەکو (میسرو تونس) ئەوانی تر.  چونکە کێشەی سەرەکی لەناو ئەم کۆمـەڵگایەدا   بریتیە لەو یاساو رێسایانەی کە خەڵکی عێراق مەشروعێت ئەدا بە پیاوانی ئاینی وە هاوکات ئەم فیگەرە مەزهبیانە دەکاتە ، فریاد ڕەسی خۆپیشاندەران کە ئەوانیش لەژێر ناوی مەزهەب و دیندا ئاڕاستەی خۆپیشاندەران دەگوڕن بەشێوازی پلانی تایبەت و بەرژەوەندی مەزهەب و ووڵاتانی ایقلیمی وە پیاوانی ئاینی لە ڕێگەی مزگەوتەوە ئەو کاریگەرییە راستەقینەیەیان لەسەر ئاستی شەقام دروست کردوە وە جورێك مەشروعێتیان وەرگرتووە لەڕێگەی حەوزەی دینێکانەوە هاوشان  دەسەڵاتێکی روحی موقەدەسیان بە خۆیان داوە کە  تەوژمی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن بۆ جۆرێکی تر کە خۆیان مەبەستیانە ئەمە خاڵی جەوهەری پێچەوانەی بەهاری عەرەبی بوو کە هیچ دەسەڵاتێکی دینی بێت یان دەرەکی توانای گۆڕینی داواکارێکان و تەوژمی خۆپیشاندانەکانیان نە بوو.   خۆپیشاندەرانی عێراق ناتوانن ، کۆنترۆڵی ئامانج و ئاڕاستەی خۆپیشاندەران خۆیان بکەن لێرەدا ئەمە جۆغزێکی ترسناک و مەترسیدارە . بۆ ئەوەی زیاتر تێگەیشتمان لە دۆخی عێراق هەبێت لێرەدا  هاوشێوەیەکی  لە یەکچوومان هەیە لەگەڵ دۆخەکەدا بۆ چارەسەری دۆخ ئێستای خۆپیشاندەرانی عێراق دەتوانین سودی لێ وەربگرین کە ئەویش بریتیە لە شەڕی ناخۆی لوبنان کە ئەویش سەرەتای ململانێکان بە دین و مەزهەبەکان دەستی پێ کرد ئەویش بەهۆی  کەڵەکە بوونی تەرەکوماتی کۆمەڵی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوکات جیاوازی چینایەتی مەزهەبی بوو تەنانەت  لە نێوان گەڕەك و شوێنە  نیشتەجێ بۆکاندا بە زەقی دەبینرا  لەشاری  بەیروت و دەوروبەری دا، پاشان   ناڕەزایەتێکانی خەڵك دەستی پێ کرد  بوە هۆکاری شەڕێکی خوێناوی هەشت ساڵەی نێوان پێکهاتەکانی لوبنان وەکو (سونی،شیعی،مارونی واتە مەسیحێکان،دورزێکان،فەلەستینەکانی نیشتەجی شاری بەیروت)  وە هەندێ ووڵاتی تر لەسەر زەوی لوبنان خەریکی ململانیێ یەکتر بوون  وەکو ململانیێ (عێراق و ئێران) لە رێگای (حزب للە و جەماعەتی میشل عون) ململانێی (فەلەستێنکان و ئیسرائیل) کێشەکانی (سونەو شیعەو مارۆنێکان)  لە دەر ئەنجامدا داواکاری خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە داواکردنی چاکسازی و خۆشگوزەرانی دورخستنەوەی دەستی بێگانەو فەراهەم کردنی هەلی کار بۆ گەنجەکانیان گۆڕا بۆ ڕاوەستانی شەڕی ناخۆی لوبنان وە کۆمەڵگای لوبنانی زیاتر لە سەد ساڵ پاشەکشەیان کرد جگە لە ئاوارە بوونیان بۆ ووڵاتانی دووهەم سێ هەم وە  دۆخەکەیان بە جۆرێك گوڕا هیچ کەس و ووڵاتێك ئیرەی بە خەڵکی لوبنان  نەدەبرد تا بەستنی پەیمانی (گائف) لە سعودیە ڕاوەستانی شەڕی ناخۆی لوبنان،  جگە لە خەسارەتێکی گەورەی مرۆڤایەتیان لێ کەوت. کە من وەکو لایەنێکی مرۆڤدۆست ئاواتەخواز نیـم دۆخی  کۆمەڵگای عێراقی بە هەمان دۆخی لوبنان دا تێ بپەڕێت . وەهەوڵ بدرێت ئەگەر بە رێژەیەکی کەمیش بێت دۆخی دارایی هاونیشتمانی چاك بکرێت و چارەسەر بدوزرێتەوە، بۆ ئەوەی تیشکی ئەو شەڕە نەگاتە هەرێمی کوردستان چونکە هەندێ بووچوونی سیاسی هەیە دەڵێن ئەگەر شەڕ بکەوێتە بەغداد ئەوا ئێمە دەتوانێن دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان سەقامگیر تر و باشتر بکەین هەنگاو بنێین بەرەو دروست کردنی دەولەتێکی سەربەخۆ هەرگیز من وای نابینم دۆخەکە بەو شێوازە هەنگاوی ایجابی بنێت چونکە ئەگەر لە هەر چوار دەورت ئاگر بێت بەچ میکانزمێك  دەتوانێت بە ئارامی پروسەی سیاسی و قەوارەی هەرێم بپارێزیت یان   پریشکی ئەو ئاگرەت بەر نەکەوێت بەتایبەت ئەگەر بۆ ناسەقامگیری هەلوومەرجی ئاسایشی سیاسی هەرێمی کوردستان بێت من پێم وا نیە تورکیا یان ئێران بەو ئاسانیە لێ گەڕێن  کوردستان ئارام و بێ کێشە بێت  هاوکات بۆ ئەوەی  لە دۆخەکە باشتر حالی بین گرنگە لەم دەستەواژەیەی ئەوروپێکان  تێبگەین کە بۆ دۆخێکی نامەوار بەکاری دەهێنن دەڵێن.     (لەکاتی کێشەدایان ڕووداو هیچ  پەیوەندی بە پێکەنین و گریانەوە نیە ئەوەندەی پەیوەندی بە تێگەیشتنی واقیعەوە هەیە) بۆ پشت ڕاست کردنەوەی ئەم دەستە واژەیە هیگڵ بیرمەند دە لێت (هەرچی واقیعە ئەقڵانیە).    


‎گۆران قادر ‎لەپاش بەئامانجگرتنی (قاسم. سولەیمانی) فەرماندەی هێزەكانی قودسی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە ودواتریش وەڵامی ئێران بەئاراستەكردنی ژمارەیەك موشەك ڕووەو بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەناو عێراقدا، هەرچەندە ئەم كردانە سەربازین وئامانجی دیاریكراویشیان هەیە، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە جۆرێكن لە كورتەنامە (مەسج)ی سیاسی، وە هێرشە موشەكییەكەی ئێرانیش دەكرێت وەك مەجێكی سیاسی ئەم ئاماژانەی تێدا بخوێنرێتەوە : ‎١- دڵنیاكردنەوە وهێوركردنەوەی ناوخۆیی : ‎بۆ هێوركردنەوەی جۆش وخرۆشی ناوخۆی ئێران وخاڵیكردنەوەی هەڵچوونی باری دەروونی ئێرانیەكانە بۆ لەدەستدانی یەكێك لە سەركردە دیارەكانیان. ‎٢- داخستنی كەیسەكە : ‎بەپێی ووتەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمە تۆڵەی كوژرانی (ئاغای سولەیمانی)یە، وهەر لەو ووتەیەدا ووتی ئەگەر ئەمریكا جارێكی دیكە زەبرێكی دیكە لە ئێران بوەشێنێت، ئەوا ئێرانیش دەستەوسان نابێت و وەڵامی توندی دەبێت، كە ئەمەش ئاماژەیە بۆ داخستنی كەیسەكە لەم ئاستەدا. ‎٣- خواستی كاری دیبلۆماسی : ‎ئێران پێشتر بە موشەك چەند ئامانجێكی پێكاوە لە دەرەوەی خاكی خۆی كە ڕێژەی پێكانەكان زۆر باشتر و ووردتربوون وەك لەهی ئەمجارە، بەڵام. لاوازی زەبرەكە وبەكارهێنانی وەها شێوازێك لە لێدان دەریدەخات كە ئێران خوازیاری دەستپێكردنی كاری دیبلۆماسیە. ‎٤- ئێرانی سەركەوتوو نەك شكستخواردوو : ‎وەشاندنی ئەم زەبرەی ئێران بەم جۆرە شەرمنانەیە ئاماژەیەكە بۆ هەوڵدان بۆ داخڵبوون بە كاری دیبلۆماسی وپرۆسەی دانوستان وەك سەركەوتوو نەك وەك شكستخواردوو، كە لە ئێستاشدا هەوڵ هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكانی ناوچەكە ولێك نزیككردنەوەی ئەمریكا وئێران. ‎سەرنجی كۆتایی بۆ دۆخەكە ئەوەیە كە لەم ئاڵۆزیانەی نێوان ئەم دوو ووڵاتەدا دوو خاڵی سەرەكی هەیە كە یەكێكیان جێگیرە وئەوی دی گۆڕاوە، بابەتە جێگیرەكە ئەوەیە كە ئەمریكا ئامادە نیە دەستبەرداری بنكە وبارەگا سەربازییەكانی ببێت لەناو عێراقدا وبۆ ئەم مەبەستەش كاری تەواو وجدی دەكات وهەموو ڕێگەكان دەگرێتەبەر، وە بابەتە گۆڕاوەكەش ئەوەیە كە بەم شێوازە شەرمنانەیە لە زەبر وەشاندن بەبێ ئەوەی كە هیچ زیانێكی ئەوتۆی لێبكەوێتەوەدیارە ئێران هەوڵیداوە كە قەیرانەكە لە دۆخی ئاڵۆزیەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخێكی كراوەتر وبە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەر كە لەلایەكەوە جۆش وخرۆشی ناوخۆیی پێدامركێنێتەوە ولەلایەكی تریشەوە ڕێ خۆش بكات بۆ بە گەڕكەوتنی هەوڵەكان لەلایەن ووڵاتانی دیكەوە بە ئاراستەی لێك نزیكبونەوە ودانیشتن. ‎ئەوەی لەسەر عێراق پێویستە بكرێت هەوڵدانە بۆ پاراستنی سەروەری عێراق ودوورخستنەوەی مەترسی بەرپابوونی جەنگ لەسەر خاكی عێراق تا چیتر گەلانی عێراق زیانی زیاتریان بەرنەكەوێت. ‎ئەوەی لەسەر كوردیش پێویستە لەم دۆخەدا لە پلەی یەكەمدا یەك گوتاری ویەكخستنی سەرجەم هەوڵ وتواناكان بۆ پاراستنی بێلایەنی هەرێمی كوردستان وتێكنەچوونی دۆخی ئارامی هەرێمەكە، ئەمەش بە هەوڵی سەرجەم هێزە سیاسییەكان وحكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت.  *‎ماستەر لە زانستە سیاسییەكان


 عەلی کەریمی ئێران بەهەموو حیسێبێک تاریخی مەسرەفی تەواو بووە. چەند رۆژ پێش، ئەمریکا لە کردەوەیەکی زۆر لە ناکاو و بە زەبر، گەورە ژنرال و پیاوکوژی کۆماری ئیسلامی قاسم سولەیمانی، لە نیوەی شەودا پارچە پارچە کرد و لەتوکوتەکانیان بە سندوق ناردەوە بۆ ئیمامی ئۆمەت و فرمێسکەکانی ئیمام بە بەرچاوی هەموو جیهان بۆنی ئاگر و غەزەبی تۆڵەی لێوەدەهات. لە سناریۆیەکی شینی ئیمام حوسێنانەدا و ژێر پێ کەوتنی دەیان کەس لە خەڵکی ئێران و قوڕی هەموو ئێران بەسەر کردن لە نیوەی شەودا لەتوکوتەکانیان لە چاڵ نا. پێش چاڵ کردنی وەک فەرهەنگێکی عەشیرەتی تا تۆڵە نەکەینەوە ناینێژین، چەند موشەک رەوانەی عێراق و هەولێر کرا و هەواڵی ئاگری شەڕیکی گەورە بە گوێی گۆی زەویدا دادرا و زۆربەمان تا بەری بەیان چاوەڕێی یاری پلەی ستێشنەکەی ساڵی ٢٠٠٣ بووین کە بە نیوە شەو سەدامی پێ رووخا و لەناویان برد. بەری بەیان سەرۆکی ئەمریکا دڵنیای کردین بچین بنووین و سبەی قسەمان بۆ دەکا و رایگەیاند کەس نەمردووە و موشەکەکان شتێکی واش نەبوون. رێک وا دەرچوو، بۆ چەند کاتژمێریك نرخی نەوت و ئاڵتون چوونەسەریان بەخۆوە بینی و دواتر وەک خۆی لێهاتەوە. ئیمامی ئێران بەیانی زوو گووتی جارێ زلەیەکمان لە ئەمریکا سرەواند و دواتر تۆڵەی تریش دەکەینەوە. بەم کارەی دۆی شەو بە خەیاڵی خۆیان شەقامی ئێران جارێ ئارام کرایەوە و کەف وکوڵەکانیان دامرکاندۆتەوە. هەڕەشەی پیتاندن و دەسپێکردنەوەی سەلاحی ئەتۆمی هەڕەشەی هەرە گەورەی هەردوو لای ئێران و ئەمریکایە، ئێران دەڵی دەست پێدەکەمەوە  وئەمریکاش دەڵی بیکەی لەناوت دەبەم. هەر ئێستا سەرنجام ئاغای ترامپ هاتوو قسەی کرد و هەرچی پیاوی عەسکەری و سیاسی و ئەمنی خۆی هەبوو لە پشت سەری وەستا بوون، بە وەی کە ئێران هەرگیز بە سلاحی ئەتۆمی ناگات بە بێ سەلام و علێک دەستی پێکرد. ئەو بە دڵنیایی باسی بێ زیانی خۆیانی کرد لە هێرشی شەوی رابردوو، تەنیا هەڕەشەی لە ئێران کرد کە نابێ دەست بە دروست کردنی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە. بیانووی چەکی ئەتۆمی بەرای من هەنگاوی داهاتووی ترامپ دەبێ بۆ کۆدەنگی هاوپەیمانان. ئەمریکا هەروەک لە ساڵانی ٨٠ زانیاری هەڵەی هەبوو لە سەر سۆڤیەت و لێی تۆقیبوو هەر ئێستاش لە نەبوونی زانیاری دروست لەبەر گەورەیی و پانتایی خاکی ئێران حەز ناکا بە تەنیایی رووبەڕووی ئێران ببێتەوە. لە هەنگاوی داهاتوو کاری ئەمریکا دەبێتە کۆدەنگی و هاوپەیمانێکی فراوان لە سەرتاسەری ناوچەکە وئوروپا و کانادا و ئوسترالیا بۆ بەگژداچوونەوەی بە کۆ، دژی ئێران. هەروەک باوە و دەیبینین زۆربەی جاران کاری راوێژکاران لە سیاسەت بە زۆر هۆکار راست دەرناچن و لایەنێک بە چەواشەدا دەبەن.  هەر ئێستا بە هەموو  لێکدانەوەیەک ئەگەر هەر هەمووی سناریۆ و موئامرە نەبووبێت، دەبوو ئەمریکا دژکردەوەیەکی توندی دژی ئێران کردبا، بۆ نەیکرد؟! ئەمریکا لە هەلێک دەگەڕێ کۆدەنگێکی جیهانیی تەواو دژی ئێران دروست بێت و بە کورتی ئاغای ترامپیان قەناعەت پێنەکراوە کە شەڕی ئێران بە تەنیا بەوان دەکرێ و ئێران ئەوە نییە کە خۆی لێ وێنا دەکا و ئەو شێرە نییە کە دونیای تۆقاندووە، ئەوان واتا ئێران زۆرتر فەقیر کوژ و تەنیا ئازان بۆ خەڵکی بێدەرەتان و بێدەسەڵاتی خۆیان و زۆرتر لەوەی کە شەڕ بکەن بە درێژایی مێژوو بە درۆ و فێڵ وناجوامێری، دوژمنی خۆیان شکست پێداوە و رێوی سفەتانە پەنایان بۆ حیلە و خەنجەر لە پشتدان بردووە. ئێران وەک عیراق و سەدام گەر شەڕی لە گەڵ بکرێ زۆر زوو چۆک دادەدا بەس تا ئێستا راوێژکارانی ئاغای ترامپ نەگەیشتوونە ئەوەی ئازایانە بریار بدەن و ئەو هەموو خاوە خاوە نەکەن لە بەگژداچوونەوەی گەورەترین دەسەڵاتی تروریستان لە سەرتاسەری جیهان. خۆ ئەگەر یارمەتی خەڵکی بێزار و ماندووی ئێرانیان دابا لە هاتنە سەرجادە و توڕەیان لە مانگی رابردوو دەکرا زۆر بە ئاسانتر بە دەستی کۆمەڵانی خەڵک خۆیان لە کۆڵ شەڕی مەلایان کردباوە، تەنانەت رازی نەبوون بۆ چەند رۆژێک هێلی ئینترنێتیان بۆ دابین بکەن تا وەکو لە پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا بەردەوام بن و دەنگیان بگاتە هەموو لایەک و وا بەئاسانی سەرکوت نەکرێن!  هەڵبەت ئەوەش هەیە هەرچی دەگڕێتەوە سەر خودی ئەمریکا و بەتایبەت ترامپ، رەنگە زۆریش بە زەرەری نەبێ مانەوەی ئێران و پارە پەیدا کردن پێی!


مهاباد قەرەداغی - زوو بنوو ! لە جەنگی مۆدێرندا دوای نیوەشەو سەعات سفری دەستوەشاندنە. تۆ لەو کاتەدا لە خەوی قووڵدا بە و یەک زەڕەش مەترسە چونکە وەک تاک تۆ بە ئامانج نەگیراویت و ئیحتیمالی بەڕێکەوت بەرکەوتنیش یەک لە سەدملیۆنە. - زوو لە خەو هەستە، بەڵام یەکەم کار کە دەیکەیت گوێگرتن نەبێ لە هەواڵی جەنگ. ڕۆژی یەک جار گوێ لە هەواڵەکان بگرە تا ئاگادار بیت، بەڵام گوێ لە شیکاری سەربازی و سیاسی و ئەمنی هیچ چاودێرێک مەگرە چونکە ڕاست نین و زندۆقت دەبەن. - هێمن و ئارام کاری ڕۆژانەی خۆت بکە! ترس و شڵەژان وزەی خراپت بۆ کێش دەکات و لەوانەیە ئاراستەی ساروخەش بگۆڕێت بۆ لات! - وێنە و هەواڵی دژواری کوشتوبڕ بڵاومەکەرەوە و مەبە بە پەیامنێری تووندوتیژی و مەرگ، بە پێچەوانەوە لەو کاتانەدا گوڵ و گۆرانی و نوکتە و قسەی خۆش بڵاو بکەرەوە. - بازاڕ مەوروژێنە و گرانی دروست مەکە بە عەمبارکردنی زەخیرە، دڵنیابە لە برسا نامریت، بەڵام گەر وا بکەیت ئەگەری ئەوە هەیە لە ترسا بمریت. - سەعییەکەت بکە گەر قوتابیت، هیوای ئەوە مەخوازە بەهۆی چەند موشەکێکەوە دەرگاکانی خوێندنگەکان دابخرێن. - بڕوا بە وتی وتی مەکە و ماڵی خۆت بەجێمەدێڵە و ڕاکەیت، چ لە گۆڕێ نییە و نابێت، موشەکی نوکە زیرەکن و ڕێی ئامانجی خۆیان شارەزان. -بیر لە شتی باش بکەرەوە و بۆ کوردستان نزای باش بکە. بۆ نمونە بیکە بە خوو هەموو سەرسەعاتێ بڵێی خوایە کورد و کوردستان بپارێزە. ئایا دەزانی نزا وزەیەکی پۆزەتیفە و کاریگەری باشی ڕۆحی هەیە؟ وزەناسەکەن جەخت دەکەنەوە ئەگەر هەزار کەس پێکەوە بە هەمان هێزی باوەڕەوە نزا بکەن کێو بجوڵێت کێو دەجوڵێت! با ئێمەش بۆ کورد و کوردستان ئەو وزەیە بکەین بە پارێزەر و بەرگریکار، مادام فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانمان نییە. خوایە وەتەن ئاواکەی


 نەبەز جەلال  ئەوانەی عەقڵیان لە چاویاندایەو بەدەم ئەبێژن. ھیچ جیاوازییەکیان نییە، لەگەڵ: ئەوانەی عەقڵیان لەسکیاندایەو بەدەم ئەچێژن. گەمەی سیاسی دۆخەکە لە ئێستادا جگە لە چاوبەستکردن و کڵاو کردنەسەری زۆرینەی ناوچەکە ھیچی تر نییە، مەرام و ستراتیجی بەرژەوەندی زلهێزەکان لە ڕۆژەھەڵاتی ناوین زۆر زۆرتر دەخوازێ لەوەی بە پراکتیک و بەرکەوتن، ھەنگاوی سیاسی و سەربازی بەرچاوی بۆ دەنرێ. ئەوەی دەبینرێ دەرئەنجامی جۆرو توانستی ئەزموونی خەبات و ژیانی سیاسی خەڵکی ئەم ناوچەیەیە، بەدڵنیایش لەوە زیاتریشیان بۆ بەرھەم ناھێنرێ و ھەڵناسوڕێندرێت.! ئەمەشە گشت ڕێ و ڕێچکە سیاسییە لادەرەکان، لە دەروازەی ھەمەچەشنەوە دهێنێتەوە سەر تولە ڕێی خۆبەدەستەوەدان و بچوکردنەوە و ئیشکردن لەسەر کڵاونانەسەری یەکترە بۆ براوەی یەکەم لەدۆخەکەو، وەرگرتنی هێزی  باڵادەستی بازنەیی و دوبارە پەیمان بەخشینەوە بە ژێر دەستەیی سیاسی دروستکراو، بەردەوامی خۆڵکردنە چاوو چاوبەستن و بێدەنگی قبوڵکردنی دۆخێکی سەپاوی  مەحکوم بەئەرک و جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکان بۆ مانەوە .!   گەر ڕاستگۆبین دەزانین، مێژووی حوکمی ناوچەکە هاوتەریب لەسەر  بنەمای دەستاو دەستی دەسەڵاتی کارتۆنی و ژێر دەستی سیاسیدا دروستبووەو بە هەردوو ویستی ململانێی بڕوا و بوونی قۆناغیدا تێپەڕیوە. بەرکاری ئەم سیستمی بەڕێوەبردەنەی ئێستەشمان درێژکردنەوەی هەمان  پرۆسەی بەهێزکردن و ساغکردنەوەو دروستکردنە بۆ لادان و تۆکمەبوون لە داهاتوو. بەردەوامی ئەم خوە سیاسییەشە وەک دیوی ناوەوەی پێکهێنان وادەکات و، بە پێویستی دەزانێ پاڵەوانە کارتۆنی و قێزەونەکان لە ناوچەکەدا نەبڕێن وهەمیشە بیانهێنەوە سەر شانۆی سیاسی و بیانکەنەوە بە ئومێدی جۆری خەڵکە کڵاو لەسەرنراوەکە.!   گەرچی سیمای زۆرمان لەو شێوە جۆر و جیاوازانەی بەرەی سیاسی ناوچەکە، بە زەبری خوێن و ماندوبونی قوربانییان بەڕێکرد، لە هەردوو بەرەی دژو و دۆست وەک  دوژمنە سەرسەخت و نەیارەکانی کورد و سەرانی بەناو شۆڕشگێرە سیاسییە فرۆشراوەکانی پارێزەر بوون لە بەرگریکردنی ژێر بەژێر و دروستکردنی بەرژەوەندی زلهێزەکان و ڕوتاندنەوەو بچوکردنەوەی  کورد و دۆزەکەی. لێرە سیاسەت ناوی ھونەری شاردنەوەو باس نەکردن و بێدەنگی هەڵبژاردن و بێدەنگکردنی ڕاستییەکانە ، نەک خزمەتکردن و ھۆشیارکردنەوەو پێگەیشتن و سەرخستنی گەل.! یەکێک دێ؛ بێ ھیچ بنەمایەک زانستی سەلمێندراو، بەکەرەستەی خۆماڵی و بۆماوە پەیمانی خۆشگوزەرانیمان پێدەداو و یەکێکی تریش بە ھەمان بەرماوەی  پڕپۆڵە وەریوەکانی سیاسەت بێ ئومێدمان دەکا. لەڕاستیشدا ھەر دووکیان کار بۆ یەک ئامانجی دیاریکراو دەکەن، پەیماندانە بۆ نەکردن و ئەوەشی کە بێ ئومێدت دەکا هەر ئەوەی ئەو دەکا کە نەتوانراوە بکرێ. خەڵکیش بە هۆکاری تێچوونی خەوش و خۆڵەکەی ناو چاویان هیچ نابینین و حاڵی نابن. تا هزری سیاسیمان نەتوانێ، ئەم کلتوری موتوربەکردن و هێز دروستکردنە دەرەکی و ماڵییە پێچەوانە نەکاتەوەو تێنەپەڕێنێت، قەت ناگاینە ئەو کەنارەی کە دۆخی پێکەوەیی و سەنگی جەمسەرگیریی هێزی ناوچەکە وەک بوون بیخوێنێتەوە و بیکاتە هاوبەشی دیارو ڕاستەقینەی خۆی لە بەرژەوەندییە گشتییەکانداو، گوێ لە خواستەکانی بگیرێ وەک ماف و هاوسەنگی سەرانی ووڵاتانی  زلهێز لە ناوچەکە. گەر نا بەردەوامی بەهەمان ڕیتمی کۆنی سیاسەتی وابەستەیی و ملکەچدان لێدەدرێتەوەو لە چاوەڕوانیدا دەچەقین، تا زلهێزەکانی دۆست، خۆیان دەکەونە بیری ڕەحمەتێکی دۆستانە بۆ دۆزینەوەی ناوێکی نوێ و نازناوێکی ترمان لێدەنێن لە فۆرمە ناولێنراوە کارتۆنی و دروستکراوەکەی دەبێتە نوێبوونەوەی ناوچەکە  دوای دەستکاری هێزە براوەکان و ئێمەش بە خۆڵکردنە چاوەوە سەرقاڵدەکەن..


زەبەنگ بەهادین ئەمریکا دۆستی ھەمیشەی نی یە بەڵام بەرژەوەندی ھەمیشەی ھەیە ، ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە ئەمریکا ھەمیشە پێ ی ناسراوە  . ئێرانیش تا ئەو رۆژەی لە لایەن عەمامە بەسەرەکانەوە سەرکردایەتی بکرێت بە واتا دوژمنی ھەمیشەی ئەمریکایە و ئاشوبی بەرداوەمە بۆ ناوچەکە . لە دوای روخانی رژێمی شا ئەمریکا و ئێران دوو دووژمنی شەری ساردن لە ناوچەکە ھەمیشە ھەر لایەکیان ھەوڵی باڵا دەست بوونی ھەژموونی خۆی داوە لە خۆر ھەڵاتی ناوەراست ، راستە ئەمریکا سوودی بینیوە لە بوونی ئێران بە کێشانەوەی پارە لە ووڵاتانی کەنداو بە بیانوی پاراستنیان لە رژێمی ئێرانی  بەڵام ھەنێک جار پریشکی زەرەریشیان ھەبووە بۆ ئەمریکی یەکان  یەکان  ، بۆ ئێرانی یەکان روخانی رژێمی سەدام بە بەرژەوەندی ئەوان شکایەوە بەشێکی شورشی بەھار عەرەبیش سوودی بۆ ئێرانی یەکان زۆرتر بوو وەک لە ئەمریکی یەکان ئەمەش ئەمریکای ناچار بە پێدا چوونەوە کرد بە پێگەو ھەژموونی خۆی لە خۆر ھەڵاتی ناوەراستدا ، لە دوای شەری داعش باڵا دەستی ئێران فراوانتر بوو تا رادەیەک کردنە دەرەوەی ئەمریکا لە عێراق رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو نزیک بوونەوە دەچوو ،ئێران لە رێگەی قاسمی سلێمانی ھێدی ھێدی جومگەکانی دەسەڵاتی عێراقی دەگرتە دەست لە رێگەی ھاوپەیمانە شیعەکانی خۆیەوە ، لەو نێوەندەشدا کورد بە ھۆی کێشەی دارای و ناوخۆی زیاتر بەرەو بەرەی ئێرانی ھەنگاوی دەنا .کورد دەیزانی لە دوای شکستی ریفراندۆم تاکە رزگار کەری گەرانەوەیە بۆ ناو باوەشی بەغداد ئەمەش بە مانای باوەشکردن بە ماڵی ئێرانیدا ،ئەوەی بە دەست ئەمریکاوە مابوو سوونەکانی عێراق بەڵام ئەوان بە ھۆی شەری داعشەوە تووشی نشوستی زۆر بوون وە تەواو لاواز بوون لە عێراقی نوێدا ، بۆیە داھاتوی ئەمریکا لە عێراقدا ترسێکی راستەقینەی لێ نیشتبوو تا لە کۆتادا بینیمان پەرلەمانی عێراقی بریاری دەرکردنی ئەمریکای دەرکرد لە عێراقدا.  کورد و بەشێکی زۆری سوونەکان بەشداری ئەو بریارەی پەرلەمانیان نەکرد ئەم ھەنگاوەی کورد لە روی لۆژیکی ھەڵبژاردەیەکی دروست بوو ،بە مانا کورد بەرەی ھاوپەیمانی راستەقینەی بۆ کۆتا جار ھەڵبژارد و چووە بەرەی ئەمریکا ،ئێرانی یەکانیش بە ناردنی مووشەک بۆ سەربازگەی ئەمریکی یەکان لە ھەولێر پیرۆز بای ئەو ھەڵبژاردەیەیان لە کوردەکان کرد . کوردوستانی باشوور ھەڵبژاردەکەی دروست بوو لە بەر ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ ئەوەی کوردی پاراستوە ئەمریکا بووە ئەوەی ھاوکاری کوردی کردوە لە شەری داعش ئەمریکا بووە تەنانەت لە دوای داگیر کردنەوەی کەرکوک لە لایەن حەشدی شەعبی ئەمریکا حەشدی راگرت دەنا ئەوان دەیانویست ھەرێمی کوردوستان ھەمووی داگیر بکەن بە واتا ئەمریکا پێویستی بە کوردە بە بەردەوامی ، وە کوردیش پێویستی بە ئەمریکایە بۆ مانەوەی خۆی ،ھەموومان باش دەزانینی پێگەو دەسەڵاتی ئەمریکا زۆر زۆری زیاترە لە پێگەو دەسەڵاتی ئێرانی لە جیھاندا لەبەر ئەوە لایەنگیری کورد بۆ ئەمریکا ئومیدی سەرکەوتنی بۆ کورد زۆرترە وەک لە لایەنگیری کورد بۆ ئێران ، ئەمریکی یەکان بە بەردەوام پێویستیان بە کودە لە رووی پیگەی کوردوستان شوێنی جوگرافی و پێکھاتەی کۆمەڵگای کوردی یەوە کە ئاشنان بە ئەمریکی یەکان ھەروەھا لە روی بەرژەوەندیشەوە ئەمریکی یەکان کوردوستانی باشوریان دەوێت ئێمەش دەبێ ئەوە بزانین لە سیاسەتدا ھەمیشە ئەوە ھەڵبژێرە کە دەیەوێیت و پێویستی پێتە نەک ئەوەی تۆ ئەتەوێت پێویست پێ یەتی ، ئەمریکا ئەمرۆ زیاتر پێویستی بە کوردە بۆیە دەبێ کورد بە ئەندازەی پێویستی یەکانی ئەمریکا داخوازی یە نەتەوەیەکەی خۆی بەرز بکاتەوە و داواکاری یە رەواکانت کە بە مافی خۆی دەزانێت  بە پێ ی کات و شوێنی گونجاو وا بەست بە ویستەکانی ئەمریکا بێنێتە دی .ئەم ھەلەی بۆ کورد رێککەوتوە دووبارەی مێژووە کاتێک بەریتانی یەکان داوایان لە شێخ محمود کرد دەست بخاتە دەستی یانەوە بەڵام شێخ رازی نەبوو ئەوە بوو دەستی خستە دەستی عوسمانی یەکان ئەمەش بە زەرەرێک بە سەر کوردا شکایەو کە تا ئێستاش کورد باجەکەی ئەداتەوە بۆیە دوو بارە کردنەوەی ھەمان ھەڵە بە دڵنیای ھەمان ئەنجامی خراپی دەبێت ، لەم سۆنگەیەوە روون دەبێتەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردوستان ئەمجارە ھەڵبژاردەیەکی سەرکەوتوویان کردوە بە بریار دان بۆ چوونە بەرەی ئەمریکی .



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand