Draw Media

ئەم پارلەمانەی ئێمە: لەخەمی کێ دان جگە لەخۆیان؟

ئەم پارلەمانەی ئێمە: لەخەمی کێ دان جگە لەخۆیان؟

2020-01-10 16:16:49



د. ئیسماعیل نامیق

رەوانشاد کاک نەوشیروان لەمانگی پێنجی 2007 بەناونیشانی ( ئەم پارلەمانەی ئێمە: لەخەمی کێ دان جگە لەخۆیان؟) ووتارێکی نووسیوە لەسەر خراپی ئەدای پارلەمان. تیایدا هاتووە: " بۆچی رۆژێ لەرۆژان پێتان دانەگرت فڵانە وەزیر یان فیساریان بانگ بکەن بۆ لێپرسینەوە لەسەر کاروباری وەزارەتەکەی و، ئەگەر گەندەڵی لەسەر بو بەماڵ، باوەڕی لێ بسێننەوەو حەواڵەی دادگای بکەن. چەند جار خەم وپەژارە، سکاڵا وگازاندە، ناڕەزایی وهەڕەشەکانی خەڵکتان بردە بەردەم پارلەمانەکەتان و، گفتوگۆی جدیتان لەسەر کرد و، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەریتان دا؟ ئەوە بۆچی کە دێنە سەر خواستەکانی خۆتان: زیادکردنی موچە وئیمتیازات، کڕینی سەیارە، کڕینی شوقە، وەرگرتنی زەوی، سەفەرکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە...... بیرتان رۆشن وچاوتان تیژ وزمانتان پاراوە، کەچی لەئاست خواستەکانی خەڵکدا گوێتان گران ولەئاست جێبەجێکردنی ئەرکە پارلەمانیەکانتان دا لەشتان قورسە؟ ئێوە ئەی ئەندامانی بەڕێزی پارلەمانی کوردستان! لەبەردەم پرسیارێکی مێژویی دان: لەخەمی کێ دان جگە لەخۆتان؟"
بەڕای من خانەنشین کردنی پارلەمانتار بەتەمەنێکی کەم وبێ مەرجی خزمەت وبەمووچەیەکی زۆر یەکێکە لەهۆکارە سەرەکیەکانی خراپی ئەدای پارلەمان، چونکە لەسایەی ئەم دۆخەدا کاتێک کەسێک دەبێت بەپارلەمانتار ئیتر منەتی بەدەنگدەر وبەحیزبەکەی وبەوەزیفەکەشی نامێنێ، لەبەرئەوەی دڵنیایە ئایندەیەکی باش وژیانێکی خۆشی بۆ خۆی دروستکردووە، خەمی ئەوەی نیە جارێکی تر دێتەوە بەردەم دەنگدەر، پێویستی بەحیزبەکەشی نامێنێ، هەروەها کێشەی دەستکەوتنی کار وداهاتیشی نیە. بەڵام ئەگەر پارلەمانتار خانەنشین نەکرێت، ناچار ئەبێت لەماوەی ئەرکەکەیدا، کارێک بکات شەرمەزار نەبێت، لەبەرامبەر دەنگدەر وحیزبەکەیدا و، خەمی ئەوەش بخوات کاری پارلەمانیەکەی لەداهاتوودا شەفاعەتێکی بۆ بکات بۆ دەستکەوتنی کار وخەرجی ژیانی، هەموو ئەمانەش وا دەکەن پارلەمان وپارلەمانتار کارا وچالاک بێت.
بەرێز کاک عومەری سەید عەلی/ رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان: هەر لەپێناو کاراکردنی پارلەمان بوو بزوتنەوەی گۆڕان دروشم وگوتاری (نا) بۆ خانەنشینکردنی پارلەمانتار وپلەباڵاکانی بەرزکردەوە وبوو بەسەرمەشق وداهێنەری چاکسازی لەهەرێمی کوردستاندا، پێم وایە ئەم دروشمە هەنووکە دروشمی نەگۆڕی گۆڕانە. بۆیە داوا لەبەڕێزتان دەکەم، ئەم شەرەف وشانازیە با هەر بۆ گۆڕان بێت، لێمەگەڕێ کەس بەمنجە منج موزایەدەی پێوە بکات، پەلە بکە وپێش پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بەناوچاکسازی، هەر دوازدە پارلەمانتارەکە کۆبکەرەوەو، ئەو بەڵێن نامەیەیان پیشان بدەرەوە وبیربخەرەوە کەلەکاتی کاندیدبوونیاندا پڕیان کردۆتەوەو بەگۆڕانیان داوە، چونکە ئەوان بەڵێنیان داوە لەخەمی خەڵکدا بن وپابەند بن بەبەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە. ئایا نەهێشتنی خانەنشینی پارلەمانتار وپلەباڵاکان بەرنامەی گۆڕان نیە؟ تکایە هیچ دوو دڵ مەبە لەوەی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەنابت ودوازدە پارلەمانتارەکە ئەم بەڵێنەی خوارەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەنگدەرەکانی وهەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان نوێ بکەنەوە وجێبەجێ بکەن: " بزوتنەوەی گۆڕان خانەنشینکردنی پارلەمانتار وپلەباڵاکان رەتدەکاتەوەو لەپارلەمانیشدا دژی دەوەستێتەوە ".

هەڵوێستتان لەسەر ئەم بابەتە سەنگی مەحەکە بۆ ئێوە و بزوتنه وه كه، ئێستا خەڵک زۆر بەوردیی وبەوریایی چاودێریی قسە وهەڵسوکەوتتان دەکات چاوەڕێی ئەوەیە تا چەند پابەند دەبن بەرێبازی کاک نەوشیروانەوە. بفەرموون ئەمەش خاڵی دووەم وسێیەمی نامەکەی رەوانشاد کاک نەوشیروانە کە لە23/ 1/ 2012 بۆ فراکسیۆنی گۆڕانی نارد: "

2- فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان و هه‌موو ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی‌ وه‌ك ئۆتۆمۆبێل و شوقه‌و ڤێلا ئه‌درێت به ئه‌ندام په‌رله‌مان، به‌نیسبه‌تێك كه‌ موچه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان نزیكبكه‌وێته‌وه‌ له‌ به‌رزترین ئاستی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ حكومی‌، مه‌به‌ستم ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ حكومه‌ت نییه‌ كه‌ ده‌ره‌جه‌ی‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌.

3- فراكسیۆنه‌كه‌تان پرۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش بكا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ خانه‌نشینی ئه‌ندام په‌رله‌مان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان به‌ر له‌ ته‌مه‌نی‌ تقاعدی‌ خدمه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ خانه‌نشین ئه‌كا، پرۆژه‌ یاساكه‌ زه‌مانه‌تی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان بكا بۆ وه‌زیفه‌ی‌ به‌ر له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانێتی‌، ئه‌وه‌شی كه‌ وه‌زیفه‌ی‌ نه‌بو بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك موچه‌ی‌ بدرێتێ وه‌ك زه‌مانه‌تێك تا كارێك ئه‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكه‌، چونكه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان هان ئه‌دا كاری‌ باش بكا بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر متمانه‌ی‌ خه‌ڵك وه‌رگرێته‌وه‌ و ببێته‌وه‌ به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان ". ئیتر خۆتان وویژدان وبەڵین وقسە وکردارتان.......

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand