Draw Media

‎هێرشە موشەكییەكەی ئێران (ئاماژە وسەرنج)

‎هێرشە موشەكییەكەی ئێران (ئاماژە وسەرنج)

2020-01-09 12:01:56



‎گۆران قادر

‎لەپاش بەئامانجگرتنی (قاسم. سولەیمانی) فەرماندەی هێزەكانی قودسی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە ودواتریش وەڵامی ئێران بەئاراستەكردنی ژمارەیەك موشەك ڕووەو بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەناو عێراقدا، هەرچەندە ئەم كردانە سەربازین وئامانجی دیاریكراویشیان هەیە، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە جۆرێكن لە كورتەنامە (مەسج)ی سیاسی، وە هێرشە موشەكییەكەی ئێرانیش دەكرێت وەك مەجێكی سیاسی ئەم ئاماژانەی تێدا بخوێنرێتەوە :
‎١- دڵنیاكردنەوە وهێوركردنەوەی ناوخۆیی :
‎بۆ هێوركردنەوەی جۆش وخرۆشی ناوخۆی ئێران وخاڵیكردنەوەی هەڵچوونی باری دەروونی ئێرانیەكانە بۆ لەدەستدانی یەكێك لە سەركردە دیارەكانیان.
‎٢- داخستنی كەیسەكە :
‎بەپێی ووتەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمە تۆڵەی كوژرانی (ئاغای سولەیمانی)یە، وهەر لەو ووتەیەدا ووتی ئەگەر ئەمریكا جارێكی دیكە زەبرێكی دیكە لە ئێران بوەشێنێت، ئەوا ئێرانیش دەستەوسان نابێت و وەڵامی توندی دەبێت، كە ئەمەش ئاماژەیە بۆ داخستنی كەیسەكە لەم ئاستەدا.
‎٣- خواستی كاری دیبلۆماسی :
‎ئێران پێشتر بە موشەك چەند ئامانجێكی پێكاوە لە دەرەوەی خاكی خۆی كە ڕێژەی پێكانەكان زۆر باشتر و ووردتربوون وەك لەهی ئەمجارە، بەڵام. لاوازی زەبرەكە وبەكارهێنانی وەها شێوازێك لە لێدان دەریدەخات كە ئێران خوازیاری دەستپێكردنی كاری دیبلۆماسیە.
‎٤- ئێرانی سەركەوتوو نەك شكستخواردوو :
‎وەشاندنی ئەم زەبرەی ئێران بەم جۆرە شەرمنانەیە ئاماژەیەكە بۆ هەوڵدان بۆ داخڵبوون بە كاری دیبلۆماسی وپرۆسەی دانوستان وەك سەركەوتوو نەك وەك شكستخواردوو، كە لە ئێستاشدا هەوڵ هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكانی ناوچەكە ولێك نزیككردنەوەی ئەمریكا وئێران.
‎سەرنجی كۆتایی بۆ دۆخەكە ئەوەیە كە لەم ئاڵۆزیانەی نێوان ئەم دوو ووڵاتەدا دوو خاڵی سەرەكی هەیە كە یەكێكیان جێگیرە وئەوی دی گۆڕاوە، بابەتە جێگیرەكە ئەوەیە كە ئەمریكا ئامادە نیە دەستبەرداری بنكە وبارەگا سەربازییەكانی ببێت لەناو عێراقدا وبۆ ئەم مەبەستەش كاری تەواو وجدی دەكات وهەموو ڕێگەكان دەگرێتەبەر، وە بابەتە گۆڕاوەكەش ئەوەیە كە بەم شێوازە شەرمنانەیە لە زەبر وەشاندن بەبێ ئەوەی كە هیچ زیانێكی ئەوتۆی لێبكەوێتەوەدیارە ئێران هەوڵیداوە كە قەیرانەكە لە دۆخی ئاڵۆزیەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخێكی كراوەتر وبە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەر كە لەلایەكەوە جۆش وخرۆشی ناوخۆیی پێدامركێنێتەوە ولەلایەكی تریشەوە ڕێ خۆش بكات بۆ بە گەڕكەوتنی هەوڵەكان لەلایەن ووڵاتانی دیكەوە بە ئاراستەی لێك نزیكبونەوە ودانیشتن.
‎ئەوەی لەسەر عێراق پێویستە بكرێت هەوڵدانە بۆ پاراستنی سەروەری عێراق ودوورخستنەوەی مەترسی بەرپابوونی جەنگ لەسەر خاكی عێراق تا چیتر گەلانی عێراق زیانی زیاتریان بەرنەكەوێت.
‎ئەوەی لەسەر كوردیش پێویستە لەم دۆخەدا لە پلەی یەكەمدا یەك گوتاری ویەكخستنی سەرجەم هەوڵ وتواناكان بۆ پاراستنی بێلایەنی هەرێمی كوردستان وتێكنەچوونی دۆخی ئارامی هەرێمەكە، ئەمەش بە هەوڵی سەرجەم هێزە سیاسییەكان وحكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت.

 *‎ماستەر لە زانستە سیاسییەكان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand