Draw Media

هێمن باقر    سێ‌ حیزبەكەی دەسەڵات بەوجۆرەی كەلەسەری ڕێكەوتبون یاسای چاكسازیان تێپەڕاند،بەڵام دوای ئەوەی كە لەناوەڕۆكەكەی خۆی بەتاڵیان كردەوە. هەر لەبەر ئەمەشە دەكرێت یاساكە بە موزەیفكردن و كوشتنی ئیرادەی چاكسازی دابنرێت. لەگەڵ رێزماندا بۆ ئەوانەی بەنیەتی چاكسازییەوە چونە ناو ئەم پڕۆژەیەوە،بەڵام بەتەنها نیەت بەس نییە،بەڵكو ئەوەی بۆ خەڵكە گرنگە ئەنجامە نەك نیەت. بەر لەهەموشتێ‌ چاكسازی بەتەنها لوتف و كەرەمی چەند پەرلەمانتارێك نییە پێیان وابێت ئەوان لە پیاوەتی و كەرەمی خۆیان كردویانە.بەڵكو چاكسازی خواستێكی گەشەكردوی جەماوەری كوردستانە كە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن تەبەنیان كردو كردیانە بەرنامەی سیاسی خۆیان لەسەر ئەو بنەمایەشە لە 2009 وە دەنگیان پێدەدرێت.هاتنە ژێرباری پارتی و یەكێتیش بۆ چاكسازی لەژێر كاریگەری ئەو واقیعە نوێیەدا بووە. لەپێناوی خەونی چاكسازیدا دەیان كەس كوژراوە و سەدان بریندار هەیە و خەڵكێكی زۆر قوربانی داوە. هەرلەبەرئەوەیە ئەو چاكسازیەی دەكرێت دەبێت راستەقینەبێت و بارتەقای لانی كەمی 10ساڵی خەباتی مەدەنی و سیاسی خەڵكی كوردستان بێت. ئەم خەونە دەبێت بەراستەقینەیی لەدایك بێت نەك موزەیف بكرێت و بەتاڵبكرێتەوە لە هەموو ماناكانی. كرۆكی فەلسفەی چاكسازی بریتییە لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانی خەڵكی كوردستان. هەر یاسایەك بتوانێت ئەم ئامانجانە بەدیبێنێت ئەوا سەرخستنی ئیرادەی جەماوەرە بە پێچەوانەشەوە ئەگەر كەمتربێت لەوە، شكاندنی ئیرادەی چاكسازی و ئیرادەی میللەتە. ئێستا با پێكەوە سەیرێكی یاسای چاكسازی بكەین بزانین ئایا دەتوانێت دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەران بۆ خەڵك فەراهم بكات یان نا؟ 1.دەڵێن بەپێی یاساكە كەمترین موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار لە 25% دەستپێدەكات تا 50%كە بریتییە لە 4 ملیۆن دینار.تەبعەن لەهەموو كوردستاندا 100 پلە باڵا نییە شمولی 25% بكات و هەمویان لەسەروو ئەو تەمەنەوەن ئەمە وادەكات جیاوازی لەنێوانی خانەنشینی پلە بڵا و فەرمانبەری ئاسایی 15-17 هێندە بێت. ئایا دەكرێت ئەمە ناو بنرێت دادپەروەری كۆمەڵایەتی؟ 2.یەكێك لە ئامانجەكانی یاساكە لە بنەرەتدا پاكردنەوەی لیستی موچەخۆران بوو لە كەسانی ناشایستە و خانەنشینكردنی كادێرانی حیزبی بە پلەی سەربازی و ئیداری جیاواز كە بەپێی مەزندەكانی كاك عەلی حەمەساڵح 100 هەزار كەسێك دەبێت.من ئەپرسم ئایا هەر بەراستی لەدوای ئەم یاسایەوە 100 هەزار موچەخۆری نایاسایی موچەیان دەبڕدرێت یان هەر لەسەرەتاوە یەكێتی و پارتی لەسەر ئەوە ڕێكەتوون ئەو دۆسیەیە چارەسەر بكرێت؟ واتە دیزەبەدەرخۆنە بكرێت. هەموان دەزانین خانەنشینی نایاسایی پەیوەستە بە پارتی و یەكێتییەوە و هەندێ‌ حیزبی دیكەش هەن كە ژمارەیەكیان بۆ كراوە. كاك عەلی باش دەزانێت پارتی مەلەفی دامەزراندن و بڕوانامە و خانەنشینكردنی ئەوانەی خۆی تەرتیب كردوە و لەڕوی شكڵیەوە كێشەیان نییە.ئەمێنێتەوە سەر ئەوانەی یەكێتی كە بەپێی زانیاریەكانی من دڵنیام كاك عەلی لەمن باشتر ئاگاداری وردەكاریەكەیەتی.هەر لەسەرەتاوە دڵنیایی دراوەتە قوباد تاڵەبانی كە موچەی كادێرانی یەكێتی نابڕدرێـت،بەڵكو ڕێكدەخرێتەوە.لەم ڕێكخستنەوەیەدا لەوانەیە شتێك كەم بكات،بەڵام گرەنتی ئەوە دراوە چاو لەكەموكوڕی دۆسیەكانیان بپۆشرێت. لەم پرۆسەیە پارەیەكی زۆر كەم دەگەڕێتەوە كەشایەنی ئەوە نییە ناوی چاكسازی لێ‌ بنرێت. جگەلەوەش سیفەتی نایاسیی بون بۆ هەتا هەتایە لەسەر ئەەو دۆسیانە لادەچێت. 3.لەبارەی خانەنشینی پلە باڵاكانەوە بەناوی وەزیر و بریكار و راوێژكارەوە،ئەمانە چەند بەشێكن. بەشێكیان پەرلەمانتار و وەزیر و راوێژكاربون بە فعلی پۆستەكەیان بینیوە،كەواتە تەنها بڕێك لەموچەكانیان كەم دەكرێتەوە. بەشێكی دیكەیان پۆستەكەیان نەبینیوە بەڵام مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی و پارتی بوون و بڕیارە موچەكەیان بۆ بكرێتە خانەنشینی پێشمەرگایەتی.بێگومان هەریەك لەوانە موچەی خانەنشینی لیوا یان شتێك خوارتر وەردەگرن و دیسان تەنها ناونیشانیان دەگۆڕێت و موچەكەیان دەمێنێت.بەشێكی زۆركەمی تێدایە دۆست و ئەحباب كە لەدوو تاقمەكەی سەرەوە نین،من گومانم هەیە خانەنشینی ئەوانەش ببڕێت. 4. لەبارەی كەمترین موچەی خانەنشینی لە كوردستان لە یاساكەدا كە راستەوخۆ پەیوەستە بەدادپەروەری كۆمەڵایەتیەوە. نەیتوانیوە حكومەت ناچار بكات بە بڕەپارەیەكی دیاریكراو و بەڵكو بەپێی بڕگەیەكی مەتاتی بە ناوی ئەولەویەت بدرێت بە بەرزكردنەوەی خانەنشینی موچە كەمەكان. بابەتەكەیان داوەتە دەست حكومەت.لەكاتێكدا ئەوان لەیاساكەدا گرەنتی خانەنشینی خۆیان كردووە كەچی هیچ گرەنتیەكیان دەستەبەرنەكردووە بۆ بەرزكردنەوەی خانەنشینیە كەمەكان بۆ 400 هەزار دینار. 5.سەبارەت بەوەی گوایە لە نێوان 85- 120 هەزار ناوی دوبارە و زیاتر هەیە،ئەوە پێشتریش لە پرۆسە فاشیلەكەی بایۆمەتریدا دەركەوتووە،بەدەقیقی نازانم ژمارەكە چەەندە چونكە هەر ئەندام پەرلمانێك ژمارەیەكی جیاواز لێدەدات،بەڵام بەدڵنیایەوە بەشی هەرە زۆری ئەمانە 90% یان ئەوانەن كە سەرەرای موچەی فەرمانبەری موچەی كەمئەندامی یان شەهیدانیان وەرگرتوە و لە بنەرەتدا بە دوو موچەی نایاسایی حساب نین،لەبەرئەوە موچەكانیان نابڕێت،بەڵكو تەنها ئەوەندەیە لەچوارچێوەی یەك موچە بۆیان كۆدەكرێتەوە. ئینجا بەویژدانتان ئەمە چاكسازییە یان رێكاری ئیداریی. بۆیە ئەوانەی رمڵی ئەوە لێدەدەن گوایە 85-100 هەزار ناوی دوبارە هەیە و ئەم یاسایە چارەسەریان دەكات،تەنها دەیانەوێت خەڵك بخەڵەتێنن چونكە زۆربەی زۆری ئەو موچانە نابڕێت بەڵكو كۆدەكرێنەوە و بەە ئەنجام هیچ خەرجیەكی ئەوتۆ لەم بڕگەیە كۆنابێتەوە. 6. یاساكە بڕگەیەكی زۆر مەترسیداری تێدایە كە دەسەتی حكومەت واڵا دەكات بۆ پێداچونەوە بە دەرماڵەكاندا كە هیچ گومانم نییە لەداهاتوو دەستی بۆ دەبات،حكومەت دەیویست پەرلەمان بیكات و پەرلەمانیش دەیەوێت حكومەت ئۆباڵەكەی بخاتە ئەستۆی خۆی. 7.لەیاساكەدا نەتوانراوە زوڵمی راگرتنی پلەبەرزكردنەوە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێم هەڵبگیرێت كە راستەوخۆ پەیوەست بە گوزارەنی فەرمانبەرانەوە و كەم فەرمانبەرهەیە پلەبەرزكردنەوەی نەبێت و موچەكەی گۆڕانی بەسەردا نەیەت. 8.پرسی پاشەكەوتی موچە لە یاساكەی پێشودا زۆر باشتر داڕێژرابوو تا ئەم یاسایە،لەم یاسایەدا بە تەنها حكومەت ئیلزام كراوە بە كردنەوەی ژمارە حسابێكی خاڵیەوە كە لەوانەیە لە كردنەوەی ئەو ژمارە حسابیەدا حكومەت ملیۆنان دینار قازانج بكات و پارەیەكی كاش لەگیرفانی موچەخۆران بكێشێتەوە بەناوی دروستكردنی حسابی بانكی. بۆ زانیاری هەموو لایەك كابینەی پێشو دانی دەنا بەوەدا كە ئەو پاشەكەوتە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە،بەڵام حكومەتی ئێستا لەڕوی مەبدەئیەوە خۆی بە قەرزاری ئەو پارەیە نازانێت و پێی وایە قەرزە لە گەردنی عێراق.بە مانای ئەوەی كە عێراق دایە وە منیش ئەیدەمەوە،ئەگەریش نەیدایەوە ئەوا قەرزاری حكومەتی عێراقن. بۆ زانیاری هەریەك لە مەسرور بارزانی و ئاواتی شێخ جەنابوە وەزیری داراییە لەسەر ئەم بابەتە هەمان بۆچونیان هەیە. 9.سەبارەت بە یەكخستنی ژمێرەی لیواو فەوجەكان،كارێكی باش و گرنگە بەڵام هەموان دەزانین یەكێتی و پارتی ئەوەندە نەزان و نەشارەزانین لە تەرتیبكردنی لیستی ناو و دۆسیەدا، ئیترنەتوانن ئەو پارانە وەربگرن كەپێشتر بە گونیە وەریان گرتووە. 10.بەنیسبەتی وەرگرتنەوەی قەرزی سەر كۆمپانیاكانەوە لە یاساكەدا،بونی بڕگەكە بۆخۆی عەیبەیەكی گەورەیە،قەرزێك كە حكومەت داویەتی و كات و سوی لەسەرە پێویستی بە یاسا نییە. حكومەتەكەی مەسرور بارزانی ئەگەر ئیرادەی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی هەبێت ئەتوانێت وەك بن سەلمان لە ئوتێلێكدا سجنیان بكات و نەك قەرزەكان جلەكانی بەریشیان پێ‌ داكەنێت،بەڵام كە نایكات دیارە نایەوێـت. فڕێدانی ئەم بڕگەیە بۆ ناو یاسای چاكسازی تەنها مەبەست لێی ئیحراجكردنی شاسوار و فراكسیۆنەكەیەتی لەبەرامبەر رەتكردنەوەی یاساكە.بەدڵنیایەوە ئەگەر فراكسیۆنی نەوەی رازیبوایە بە یاساكە لەبەرخاتری ئەوان وازیان لەو بڕگەیە دەهێنا. ئەوەی كە توشی سەرسوڕمانی كردم پەرلەمانتارێكی گۆڕان تازە بەتازە دەڵێت ئەو یاسایە پەیوەندی راستەوخۆی نییە بە بژێوی هاوڵاتیانەوە،بەڵكو ڕێكخستنەوە و چاكسازی كارگیڕییە؟ برای بەرێز ئەو یاسای چاكسازیەی ئێمە چاوەڕێی بوین ئامانجەكەی ئەوە نەبوو تەنها رێكخستنەوەی كارگیڕیی بێت،بەڵكو چاوەڕێ‌ بوین ئەم یاسایە تەحقیقی دادپەروەری و بەرزكردنەوەی گوزەرانی خەڵك بكات. دەیان جار خۆتان وتوتانە ئەگەر ئەم یاسایە جێبەجێبكرێت 150 ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و ئەوپارەیەش گوزەرانی خەڵكی پێ باش دەكرێت. ئێستا كە دەزانن جەدوای ئابوری یاساكە شكستی پێهێنراوە بۆ ڕستیەكەی لە خەڵك دەشارنەوە و دانی پێدانانێن كە ئەم یاسایە ئەوە نییە كە بەڵینتان بەخەڵكی كوردستاندا؟ لەكۆتایدا نامەوێت بڵیم یاساكە لەسەداسەد خراپە و هیچ خاڵێكی باشی تێدا نییە،بەڵكو بەڕونی دەمەوێت ئەوەبڵێم خاڵەباشەكان خاڵی كراونەتەوە لەوەی كاریگەریەكەیان بەپێی خواستی خەڵك بێت.بە مەزەندەی من ئەم یاسایە لە ئاستی 25% ی چاوەڕوانیەكانی خەڵكدایە و ئەوەش بە شكاندنی ئیرادەی چاكسازی دەزانم نەك دەسكەوت.


ئەردەڵان عەبدوڵا لەم بەشەشدا هەوڵ دەدەم حکایەتێکی تری کۆشكی دەسەڵات باسبکەم، کە ئەویش خیانەتی شۆرشگێرەکانە لە هاوڕێکانیان، کاتێک دەگەنە کۆشكی دەسەڵات. دیارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونەی زۆرمان هەیە، هەمیشە شۆڕشگێرەکان بە خەونی گەورەوە دەچنە ناو کاروانی خەبات و تێکۆشان، بەڵام کاتێک دەگەنە کۆشکی دەسەڵات، خەونەکانیان تەنها لە کورسییەکدا کۆدەبێتەوە، ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو خەون و ئامانج و کارانەیانە، کە لە ساڵانی خەبات و تێکۆشان کردوویانە. زۆرجاریش ئەم کورسییە، تەواوی خەونەکانی پێشوویان دەشێوێنێت و دەبێتە کابووسێکی گەورە بۆیان، تەنانەت هەرچی شتی جوان و پیرۆزیشە کە پێشتر پێکەوە کردوویانە، ئامادەن لەبەر خاتری کورسی دەسەڵات، هەمووی تێکبدەن. وەکو وتم مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەو حکایەتانە، لێ من تەنها باسی چواریان دەکەم، کە ئەوانیش شۆڕشی وڵاتانی " روسیا، میسر، عیراق، جەزائیر"، بۆیە ئەمانەشم هەڵبژاردووە، هەریەکەیان سەر بە ئایدۆلۆژیاو شارستانییەکی تایبەتن، ئومێدەوارم کە بە دڵی خوێنەران. شۆڕشە خوێناوییەکەی روسیا شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917ی روسیا یەکێکە لە شۆڕشە مەزنەکانی جیهان کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا روویدا. هیچ شۆڕشێکی جیهانیش، هێندەی ئەم، کاریگەری گەورەی بەسەر جیهانەوە نەبووە، لەوانەبێت ئەمەش لەبەرئەوەبێت، کە روسیا زلهێزێکی گەورەی جیهانی بووەو هەروەها لەرووی فکریشەوە فکری کۆمۆنیستی، فکرێکی جیهانی بوو، هەربۆیە کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە زۆر گەورە بوو بەسەر جیهانەوە. ئێمە واز لەوە دەهێنێن ئایا ئەم شۆڕشە باش بوو یان خراپ، خوێناویی بوو یان مرۆڤیی بوو، سوودی بۆ کێ و زەرەرەری بۆ کێ هەبوو؟!، چونکە ئەمە مەبەستی من نییە لێرەدا، پێشتر لە وتارێکدا بە درێژی باسی شۆڕشی رووسیام کردووە بەناوی " ئۆکتـۆبەر، شـۆڕشێک دونیـای گۆڕی، دونیـایـەک شـۆڕشی گـۆڕی" لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاومکردەوە. لێ ئەوەی لێرەدا مەبەستمە، جەنگی سەرکردەکانی شۆرشەکەیە بەتایبەتی هەردوو سەرکردەی ناسراوی ئەم شۆڕشە کە ئەوانیش "ستالین و ترۆستکییە". جەنگی ئەم دوو سەرکردەیە نەک تەنها لە رووسیا بگرە تەواوی کۆمۆنیستی جیهانی کردە بە دوو شەوەو هەریەکەیان ئەوەی تریان تاوانبار دەکردو هەتاوەکو کۆتایی یەکێتی سۆڤێتیش، ئەم جەنگە بەردەوام بوو، دەتوانم بڵێم هەتاوەکو ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. لیۆ ترۆتسکی ترۆتسکی ناوی راستەقینەی Lew Dawidowitsch Bronstein لیۆ داودۆڤیش برۆنشتاینە، لە 7 نۆڤێمبەری 1879 دا لە دایک بووە لە 21 ئابی 1940 لە مەکسیک بە تەور کوژرا. ترۆتسکی لە بنەماڵەیەکی جوولەکەی ئەرتەدۆکسی روسی لە دایک بووەو باوکی جووتیارێکی دەوڵەمەند بووەو لە رووی داراییشەوە رەوشی ژیانیان باشبووە. لەناو بنەماڵەکەشیاندا رەوشێکی دژە دەسەڵاتی هەبووە، ئۆلگای خوشکی، ئەندامێکی چالاکی گرووپە شۆڕشگێرەکانی روسیا بووە، پاشانیش دەبێتە خێزانی لیۆ کامینێڤ، کە یەكێک بوو لە سەرکردەکانی پارتی بۆلشەفی روسیاو سەرکردەیەکی ناسراوی شۆڕشی رووسیاش بوو. هەرزوو ترۆتسکی تێکەڵی گرووپە چەپەکانی روسیا دەبێت و ساڵی 1902 بۆیەکەمجار ڤلادیمیر لینینی رابەری پارتی بۆلشەفی و شۆڕشی روسیا دەبینێت و پاشان دەبنە دوو هاوڕێی نزیکی یەکتری، هەرچەندە لەکاتی دروستبونی جیابوونەوەی بۆلشەفی و مەنشفی، ترۆتسکی سەر بە مەنشەفییەکان بوو، بەڵام لەسەروبەندی شۆڕشدا، دووبارە ترۆتسکی لە لینین نزیک دەبێتەوەو دەبێتە یەکێک لە سەرکردە دیارو چالاکەکانی شۆڕشەکە. ترۆتسکی هەر لەسەرەتاوە دژی حکومەتی کاتی وەستایەوە داوای شۆڕشی کۆمۆنیستی دەکرد، رۆڵێکی بەرچاویشی هەبوو لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرداو توانی رابەرێتی بۆلشفییەکان لە پیترسبورگی پایتەختدا بکات و دەست بەسەر دەسەڵات دابگرێت. پاشانیش لە کاتی جەنگی ناوخۆدا رۆڵی بەرچاوی هەبوو، ساڵی 1918 بووە کۆمیساری جەنگ و توانی لە ماوەیەکی کەمدا سوپای سوور دروست بکات، لە سەرەتادا ناوی ئەم سوپایە "سوپای جووتیاران و کرێاراکان " بوو. پاشتر سوپای سوری روسیا دەبێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەوڵەتی کۆمۆنیستی و دەبێتە یەکێکیش لە سووپا مەزنەکانی جیهان. بەڵام لە ساڵی 1924دا کاتێک لینین دەمرێت، ئیتر خۆری دەسەڵاتی سیاسی ئەم پیاوە کز دەبێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە جەنگ و ململانێیەکی سەخت لەگەڵ سەرکردەیەکی تری شۆڕشەکە کە ئەویش ستالینە. ترۆتسکی جگە لەوەی سیاسییەکی چالاک بوو، نووسەرێکی پڕ بەرهەمیش بوو، کۆمەڵێک کتێبی فکریی و سیاسی گرنگی هەیە کە لەناو چەپەکانی جیهاندا سەردەمانێک زۆر باویان بوو، بەتایبەتی کتێبەکانی "شۆڕشی بەردەوام، مێژوویی شۆڕشی روسیا، شۆڕشی لەخشتەبراو" من هەر سێ کتێبەکانیم خوێندۆتەوە، نایشارمەوە لە ساڵانی نەوەتەکاندا، زۆر دڵم بەم کتێبانە خۆشبوو، بەتایبەتی "شۆڕشی لە خشتەبراو" زۆر کاری تێکردم و یەکێکیشە لەو کتێبانەی کە توانیویەتی بۆچوونم بگۆڕێت. جۆزێف ستالین جۆزێڤ ستالین کە ناوی راستەقینەی خۆی Iosseb Bessarionis dse Dschughaschwili لە 18 دیدسەمبەری 1878 لە جۆرجیا لە دایک بووەو لە 5 ئازاری 1953دا لە مۆسکۆ کۆچی دواییکردووە. باوکی کابرایەکی هەژاری پینەچی بووە، بەڵام هەمیشە کەسێکی سەرخۆش و توندڕەو بووە، بە بەردەوامی ژنەکەیی و منداڵەکانی ئازار داوە. پاشان باوکی دەمرێت، کەمێک لە رووی دەروونیەوە رەوشیان باش دەبێت بەڵام لە رووی مادییەوە خراپ دەبێت و لە رەوشێکی هەژاریی و برسێتی خراپدا دەژین. پاشان دەچێتە قوتابخانەو لە تەمەنی 9 ساڵیدا، فێری زمانی روسی دەبێت. بەڵام دایکی" ئیکاترینا" لە تەمەنی 11 ساڵیدا دەیباتە قوتابخانەیەکی مەسیحی، بەو هیوایەی ببێتە قەشە، بەڵام ستالین ئەو خەونەی دایکی ناهێنەتە دی، چونکە رەوشی ناو قوتابخانەکە زۆر خراپ بووە، هەمیشە مامۆستاکان لە قوتابییەکانیان داوەو مامەڵەی توندیان لەگەڵ کردوون. پاش ماوەیەک ستالین واز لەم قوتابخانەیە دەهێنێت. دایکی ستالین هەتا کۆتایی ژیانی، لە کوڕەکەی نیگەران دەبێت چونکە وازی لە قوتابخانە هێناوەو نەبۆتە قەشەو بۆتە کەسێکی کۆمۆنیست. ستالین هەمیشە مایەی نیگەرانی بووە بۆ دایکی، چونکە زۆرجار تووشی کێشەی زۆری لەگەڵ دەسەڵاتداران کردووە، تەنانەت نوکتەیەکیش هەبوو، دەڵێن: کاتێک ستالنیش دەبێتە سەرۆکی روسیا، دایکی هەر خەمی ستالینی هەیەو دەڵێت: ئەم کوڕە هەتاوەکو ئێستا نەحەسایەوەو ژن و منداڵی نییە. جەنگ لەگەڵ ترۆتسکی وەکو وتم لە پاش مردنی لینین لە ساڵی 1924، جەنگ و ململانێیەکی توند دەکەوێتە نێوان ستالین و ترۆتسکییەوە، هەریەکەیان خۆیان بە هەق دەزانی بۆئەوەی ببێتە جێگرەوەی لینین. لە راستیشدا بە هەموو پێوەرێک مافی ترۆتسکی بوو، چونکە ئەو رابەرێتی بۆلشەفییەکانی کرد لە دژی دەسەڵاتی کاتی، لە کاتێکدا ستالین لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی بوو، هەروەها ئەو دامەزرێنەری سوپای روسیا بوو کۆمیساری سیاسەتی دەرەوەی روسیا بوو، ئەویش توانی رێکەوتنامەی ئاشتی لەگەڵ ئەڵمانیا بکات. بەڵام ستالین لەساڵەکانی شۆڕشدا ئەو رۆڵەی نەبوو، بەڵام بەهۆی سیاسەتی خۆیەوە توانی بگاتە لوتکەی دەسەڵات و لە ساڵی 1925ەوە هەموو دەسەڵاتەکانی لە ترۆتسکی سەندەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە کامینێڤ زاوای ترۆتسکی بوو، کەچی پشتگیری ستالینی کرد، هەرچەندە ئەویش دوایی بووە قوربانی سیاسەتی ستالین. جەنگەکە بەمەش تەواو نەبوو ستالین هێندە فشاری بۆ ترۆتسکی و هاوەڵەکانی هێنا، ناچار ساڵی 1928 ترۆتسکی روسیای بەجێهێشت. بەڵام ستالین بەوەش وازی نەهێناو ساڵی 1932 ناسنامەی سۆڤێتی لە ترۆتسکی سەندەوەو لە دەرەوەی وڵاتیش بە دوای ترۆتسکییەوە بوو هەتا لە کۆتاییدا، لە مەکسیک لە 21 ئابی ساڵی 1940، لەماڵەکەی خۆی، بەهۆی یەکێک لە پیاوەکانیەوە، ترۆتسکی بە تەوەر دەکوژێت. ستالین لەساڵی 1928ەو ەدەستیکرد بە هەڵمەتێکی گەورەی پاکتاوکردنی هەموو نەیارێکی خۆیی و تۆمەتی و لایەنگری ترۆتسکی دەخستە پاڵ، لە پاش ترۆتسکیش کۆمەڵێک سەرکردەی بۆلشەفی سزادا لەوانە:" کامینێڤ، زینۆڤێڤ، بوخارین" تەنانەت ژنەکەی لینینیشی سزادا، هەربۆیە ژنەکەی وتی: گەر لینینیش ئێستا بمایە، ئەوا ستالین دەیخستە زیندانەوە. زیاتر لە سەرو ملیۆنیک کەس، بوونە قوربانی ئەم جەنگەی نێوان ئەم دوو سەرکردەیەی روسیا. جگە لەوەش لە تەواوی جیهانیشدا، جەنگێکی فکری و سیاسیی هەردووکیان بەردەوام بوو. ساڵی 1928 ترۆتسکی کتێبێکی بەناوی شۆڕشی بەردەوام نووسی، کە ئەمەش دژی هەموو بۆچونەکانی ستالین بوو. پاشانیش ساڵی 1932 کتێبی شۆڕشی روسیای نووسی، لەمەشدا رۆڵی خۆی بەهێز کردو رۆڵی ستالنیشی زۆر کەمکردووە. دواجاریش ساڵی 1936، کتێبە بەناوبانگەکەی "شۆڕشی لە خشتە براو " نووسی، کە بە تەواوەتی هێرشی توند دەکاتە سەر ستالین و بۆچوونی سیاسی و ئیدارییەکانی. جەنگی ستالین و ترۆتسکی، یەکێکە لە حکایەتە ناخۆش و خوێناییەکانی شۆڕشی جیهانی، کێشەکە لەوەدایە لە جەنگی ئەم دووانە، تەنها خۆیان نەبوون، بگرە خەڵکانێکی تریش هاتنە ناو ئەم جەنگەوەوەو زۆرێکیش بوونە قوربانی ئەم جەنگە، بەتایبەتی لە روسیادا. بەڵام ئەمەش بووە سروشتی هەموو شۆڕشگێڕەکان کە پاشئەوەی بگەنە دەسەڵات، دژی یەکتری دەجەنگێن، هەرچەندە لە شوێنەکانی تر کەمتر خوێناوی بوو، بەتایبەتی لە میسر. حکایەتی شۆڕش لە میسر لە پاش روسیا تەوژمی شۆڕش لە دژی دەسەڵاتی پادشایەتی، پەلی هاویشت و گەیشتە کیشوەری ئەفریقاو وڵاتە کۆنەکەی میسری گرتەوە. لە نیوەی سەدەی بیستەمدا، گڕوتینی شۆڕش و هزری شۆڕشگێڕی میسری گرتەوە، لەمەشدا بزووتنەوە چەپەکان و شۆرشگێڕەکان رۆڵیان هەبوو، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی فکری کۆماری. لەناو سوپای میسریش، کە بەهێزترین دەزگای دەوڵەتی میسر بوو، رەوتێکی شۆڕشگێری لەناو ئەفسەرو سەربازەکانی دروستبوو. ساڵی 1949 جەمال عەبدول ناسرو کۆمەڵێک هاوڕێی تری، رێکخراوی " ظباط الاحرار" دروست دەکەن. لێرەش شۆڕش حکایەتێکی خۆش و سەیری هەیە، هەوڵ دەدەین لێرەدا باسی لێوە بکەین. لە میسر سوپا رۆڵێکی بەهێزی هەبوو لە ناو دەوڵەتدا، بەڵام پارتە سیاسیەکانیش بەتایبەتی "وەفد"و کۆشکیش "سەرا" پادشاش، رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە ئیدارەدانی دەوڵەت. لە ناو پارتە سیاسییەکانی تردا "ئیخوان مسلمین" تازە پەیدا بوو، بەڵام رۆڵی بەرچاوی لەناو کۆمەڵگەی میسریدا هەبوو، هەروەها خاوەنی رێخکراوێکی بەهێزی سیاسی و نهێنیش بوو. یەکێك لە هەوڵەکانی ئیخوان، پەلهاویشتن بوو بۆ ناو سوپاو دروستکردنی رێکخراوێکی نهێنی کە بتوانێت کودەتایەکی سەربازی لە دژی پادشا بکات. دیارە قسەکردن لە بارەی ئەوەی ئایا رێکخراوی " ظباط الاحرار" سەر بەئیخوان بوو، زۆر کۆنەو بۆچوونی جیاوازیش هەیە، لێرەشدا کاتی ئەوە نییە. جەنگی ناسر و نەجیب محەمەد نەجیب لە ساڵی 19 شوباتی 1901 لە دایک بووەو لە 28 ئابی 1984 کۆچی دواییکردووە. محەمەد نەجیب لەوکاتەدا سەرۆکی یانەی " ظباط" بوو هەروەها لەرووی پلەی سەربازیشەوە لە هەموو ئەندامانی تری ریكخراوەکە، پلەکەی بەرزتربوو، بۆیە بووە سەرۆکی رێكخراوەکە. پاشانیش لە 23 تەموزی 1952 دا، سووپا کودەتایەکی سەربازی بەسەر مەلیک فاروقدا کردو لەسەر تەختی دەسەڵات لایبردو پاشانیش بەرەو ئیتالیا بەڕێیان کرد. دەتوانین بڵێین کودەتایەکی سپی بوو، خوێنی تێدا نەڕژا. لەپاش لابردنی مەلیک، ئینجا جەنگ و ململانێیەکی سەخت کەوتە نێوان جەمال عەبدول ناسرو محەمەد نەجیب. کار گەیشتە ئەوەی 14 نۆڤێمبەری ساڵی 1954 محەمەد نەجیب لەسەر کورسی دەسەڵات بە زۆر لەلایەن ناسرەوە لابرا، کە ئەمەش وەکو نیمچە کودەتایەک وابوو. ناسر بەوەش نەوەستا، محەمەد نەجیبی هاوەڵی، دەستبەسەر کردو لە ماڵەکەی خۆیدا نەیهێشت بچێتە دەرەوە بە هیچ شێوەیەکیش نەیاندەهێشت کەس پەیوەندی پێوە بکات بەتایبەتی دەزگا ئیعلامییەکان و ئەندامانی سوپا. هەر لەپاش ئەم بڕیارە، یەکسەر هەوادارنی نەجیب کەوتنە خۆیان و داوای گەڕانەوەی نەجیبیان دەکرد، بەڵام ناسر بەهێزێكی سەربازییەوە پەلاماری دان و توانی کۆتایی بە لایەنگرانی نەجیب بهێنێت و پاشانیش سزای هەموویان بدات. پاشان ناسر بووە سەرۆک و هەتاوەکو مردنی ساڵی 1970 لە سەر کورسی دەسەڵات مایەوە و بووە یەکەم دیکتاتۆری عەرەبی. محەمەد نەجیبیش، لە سایەی ناسرو پاش ئەوەیش ئەنوەر سادات و تەنانەت موبارەکیش، هەر لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو. ئەمەش لەکاتێکدا محەمەد نەجیب نەبوایە، ئەو کۆمەڵە ئەفسەرە گەنجە نەیاندەتوانی کودەتا بەسەر مەلیک دا بکەن، چونکە محەمەد نەجیب خاوەنی پلەو ناوبانگێکی بەهێز بوو لەناو سوپادا. هەرچەندە جەنگی ناسر تەنها بە محەمەد نەجیب کۆتایی نەهات، بەڵکە سزای هەردوو هاورێ دێرینی وعبد المنعم عبد الرۆوف و خالد محیی الدین دا، لە ساڵی 1954دا، دادگای شۆڕش تۆمەتی خیانەت و هەوڵی کوشتنی ناسری بەسەر عبد المنعم عبد الرۆوف سەپاندو پاشان حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، ئەویش یەکسەر وڵاتی جێهێشت و نەگەڕایەوە میسر، هەتا ئەوکاتەی ناسر کۆچی دواییکردو ئەنوەر سادات بووە بە سەرۆک. هاوڕێیەکی دێرینی تری، ئەویش خالد محیی الدین، ئەویش تۆمەتی خیانەت و دژایەتیکردنی شۆرشی درایە پاڵ، ئەویش بە ناچاری میسری جێهێشت . دیارە لەمەشدا مێژوونوسان ئەم جەنگ و ململانێیەی نەجیب و ناسر بۆ جیاوازی فکری سیاسی دەگێڕنەوە، هەندێک پێیان وایە، کە محەمەد نەجیب، کەسێکی ئیسلامی بووەو سەر بە ئیخوان مسلمین بووە، بەڵام ناسر دژی ئیخوانەکان بووە. بەڵام کرۆکی کێشەکە، پەیوەندی بە کورسی دەسەڵاتەوە بوو. هەرچەندە جەنگ و ململانێی ئەفسەرە سەربازییەکانی میسر، باشتربوو، کەمتر خوێنی تێدا رژا، بە پێچەوانەی ئەوەی عیراقەوە، کە هاوڕێکان قەسابخانەیەکی گەورەیان بۆ یەکتری دانا. حکایەتی شۆڕش لە عیراق لە عیراقیشدا شۆڕشگێڕەکان حکایەتی سەیرو سەمەرەیان بۆ مێژوو تۆمار کرد، لەهەمانکاتیشدا خوێناویترین لاپەڕەی مێژوویان لە عیراقدا نووسیەوە. لە پاش شۆڕشی روسییەوە، دەنگۆی شۆڕش و ئاگرە سورەکەی، گەیشتە رۆژهەڵات و لە رێگەی پارتی کۆمۆنیستیشەوە، بیرورا شۆڕشگێڕییەکان، جێگای خۆی لەناو مێشکی رۆشنبیران و تاڕادەیەکیش سوپای عیراق کردەوە. لە پاش کودەتاکەی میسریش هێندەی تر، ترسی کودەتا عیراقی گرتەوە. لێرەشدا بە کۆپیکردنی ئەزمونی میسرییەکان، لەناو سوپای عیراقیشدا، رێکخراوی " ظباط الوظنین" دروست دەبێت. جەنگی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف، عەبدولکەریم قاسم ئەفسەرێکی ئاسایی سوپای عیراقی بوو، ئەو لە 21 نۆڤێبەری 1914 لە باوکێکی سونە مەزهەب و دایکێکی شیعە مەزهەب لە دایک دەبێت، ئەمەش تاڕادەیەک مەسەلەی مەزهەبی لە لای قاسم کاڵ دەکاتەوە، چونکە ئەو سەیری کردووە، دایکی و باوکی کە سەربە دوو مەزهەبی جیاواز بوون بەڵام هیچ کێشەی مەزهەبیان نەبووە، ئەمەش بۆ وڵاتێکی وەکو عیراق گرنگ بوو، چونکە ئەم وڵاتە ماوەی سەدان ساڵە، مەیدانی جەنگی مەزهەبی شیعەو سوننە بووە. قاسم لەناو سوپادا گۆشکرا بوو بە فکری نیشتمانپەروەریی و تاڕادەیەکیش سۆشیالیستی و لە ئەندامانی پارتی کۆمۆنیست نزیک بووە. ساڵی 1956 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تریدا لەوانە عەبدولسەلام عارف، کە دوایی دەبێتە جەلادی، رێكخراوی" ظباط الوطنین " دروست دەکەن. پاشان لە 14 تەموزی ساڵی 1958 واتە پاش دوو ساڵی تر، کودەتایەکی سەربازی بەسەر مەلیک فەیسەڵ و دەکەن و کۆتایی بە حکومی پاشایەتی دەهێنن. لێرە بە پێچەوانەی میسرەوە، کودەتاکە زۆر خوێناوی دەبێت و مەلیک و تەواوەی حاشیەکەی، لەسەر شەقامەکانی بەغدادا، بە ناشیرینترین شێوە دەکوژرێن، ئەمەش جارێکی تر، مێژووی خوێناوی لەعیراقدا زیندوو دەکاتەوە. کارەساتەکە ئەوەیە، قاسم خۆی دوایی دەبێتە قووربانی ئەو تەوژمە خوێناوییەی، کە ئەم کودەتایە لەگەڵ خۆی هێنای. هەر لە پاش گەیشتن بە کۆشكی دەسەڵات، هاوڕێکان لێرەش دەکەونە گیانی یەکتری، جەنگ و ملانێیەکی سەخت لەنێوان قاسم و عارف دەستپێدەکات. قاسم زیاتر هەستی نیشتمانپەروەری بەسەریدا زاڵبوو، گەرچی عارف زیاتر فکری عوربەچێتی بەسەردا زاڵبوو، خۆی بەهەواداری ناسر دەبینی، گەرچی قاسم خۆی بە نەیاری ناسر دەبینی. جگە لەسەرهەڵدانی کۆمەڵێک رووداو لەوانە: سەرهەڵدانی بزوتنەوەی چەکداری کورد، کودەتاکەی شەواف لە موسڵ، پرسی بەنیشتمانیکردنی کەرتی نەوت، هەموو ئەوانە وایکرد خلافاتی نێوان ئەم دوو پیاوە زۆرتر بێت، ئەوەبوو قاسم لە ساڵی 1959 هەموو پۆستەکانی لە عەبدولسەلام عارف وەرگرتەوە، تا ئەوکاتە جێگری قاسم بوو هەروەها پۆستی وەزیری ناوخۆشی هەبوو. پاشان ناردی بۆ ئەڵمانیای رۆژائاواو کردی بە باڵیۆزی عیراق لە بۆن. بەڵام جەنگەکە بەمە نەوەستا، ئەوەبوو دادگا تۆمەتی خیانەتی درایە پاڵ عارف و سزای لەسێداردانی بۆ دەرچوو، بەڵام پاشان قاسم لێی خۆشبوو، ساڵی 1962 گەڕایەوە بۆ عیراق. هەندێک لە مێژوونوسیش ئەمە بە هەڵەی گەورەی قاسم دادەنێن، چونکە پاش چەند مانگێک لە گەڕانەوەی عارف، لە 8 شوباتدا، بە هاوکاری بەعسیە قەومییەکان، کودەتایەکی سەربازی بەسەر قاسم دەکەن و بە ناشیرینترین شێوە دەیکوژن، جگەلەوەش گەورەترین قەسابخانەیان لە مێژووی نوێی عیراقدا بۆ کەسانی کۆمۆنیست و نیشتمانپەروەر دادەنێن، کە هەزاران کەس بونە قووربانی. لێرەشەوە چرای بەعسییەکان هەڵدێت و هەتا کۆتایی حوکمی سەدام حسێن بەردەوام دەبێت. لێرەش قاسم بووە قوربانی هاوڕێیەکی نزیکی خۆی، کە پێکەوە شۆڕشیان لە دژی حوکمی پاشایەتی کرد، بەڵام کاتێک گەیشتنە کۆشکە جوان و رازاوەکانی دەسەڵات، بوونە جەلادی یەکتری. جەنگی سەرکردەکانی شۆڕشی جەزائیر شۆڕشی جەزائیری یەکێکە لە شۆڕشە خوێناوییەکانی سەدەی بیستەم، لەپێناو رزگارکردنی جەزائیر لە چنگی داگیرکەری فەرەنسا، نزیکەی ملیۆنێک کەس کوژران، هەروەها هاوڕێ و هاوخەباتەکانی ئێرەش، بوونە جەلادی یەکتری. لێرەش شۆڕشگێڕەکان حکایەتی تایبەت و سەیرو سەمەریان هەیە. بەرەی رزگاریخوازی جەزائیری لەلایەن کۆمەڵێک کەسی شۆڕشگێڕی جەزائیریەوە لە ساڵی 1954 دامەزارو رابەرێتی بزوتنەوەیەکی چەکداری لە دژی فەرەنسا بەرپاکردو هەتاوەکو ساڵی 1963 بەردەوام بوو، لەکۆتاییشدا توانی بە دوا ئامانجی خۆی بگات و سەربەخۆیی بۆ جەزائیر بەدەستبهێنێت. بەڵام هەر لەپاش سەربەخۆبوون، یەکسەر شۆڕشگێرەکانی سەردەمی خەبات و تێکۆشان، لوولەی تفەنگەکانیان ئاڕاستەی یەکتری کرد. هیچ شۆڕشێکی جیهانی هێندەی ئەوەی جەزائیر خوێناوی نەبوو، لە لایەکەوە قوربانی زۆر درا کە گەیشتە نزیکەی یەک ملیۆن قوربانی، دووەمیشیان، لەناو سەرکردەکانی شۆڕشەکەدا، هەر لەپاش سەربەخۆیی بوون جەزائیر، دەستکرا بە هەوڵدانی لەناوبردنی یەکتری. هەرلەپاش رزگاربوونی جەزائیر و دروستبوونی یەکەمین حکومەتی سەربەخۆ، "محمد خضير" ئەمینداری گشتی بە زۆر لەلایەن هاوەڵەکانییەوە لە پۆستەکەی لابراو پاشان تاوانبارکرا بەوەی خائینەو دژی شۆڕش کاردەکات، هەربۆیە یەکسەر ئەویش رایکرد بۆ سویسراو نزیکەی 12 ملیۆن دۆلاریشی لەگەڵ خۆی بردەدەرەوە. بەڵام پاشان لە ساڵی 1967 لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، تیرۆر کرا، زۆربەی مێژوونوسانیش پەنچەی تۆمەت بۆ حکومەتی جەزائیری بەسەرۆکایەتی هواری بۆمدیان رادەکێشن. لەپاش ئەویش نۆبەی "محمد بوضياف" هات، کە ئەویش یەکێک بوو لە سەرکردەکانی شۆڕشەکە، هەر لەپاش سەربەخۆبوون و دروستکردنی حکومەتی نیشتمانی لە ساڵی 1963دا ئەویش تاوانبارکرا بە خائین و دژایەتیکردنی شۆڕش، هەربۆیە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام لەپاش ئەوەی کۆمەڵێک دەوڵەت و کەسایەتی جیهانی داکۆکیان لێکردو سزاکەی کەمکرایەوەو لە وڵات دەرکرا. ئەویش ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی جەزائیر دەژیاو هەتاوەکو ساڵی 1992و نەگەڕایەوە وڵات، لەپاش ئەوەی جەنگێکی ناوخۆیی گەورە لەنێوان سوپاو ئیسلامییەکان دروستبوو، ئەو لەلایەن سوپاوە هێنرایەوە جەزائیر، هەتاوەکو بکرێتە سەرۆک، بەڵام تەمەنی زۆر بڕی نەکرد، هەر لەهەمان ساڵدا، تیرۆر کرا. جەنگی ئەحمەد بن بلەو هواری بومدیان لەپاش ئەویش ئەحمەد بن بلە بوو بە یەکەمین سەرۆکی جەزائیر، بەڵام پاشان هەر زوو جەنگ و ململانێی شەخسی کەوتە نێوان ئەو و هواری بومدیانی هاورێ و وەزیری بەرگری جەزائیر، ئەوەبوو لە 19 تەموزی ساڵی 1965دا، هواری بومدیان کودەتایەکی سەربازی بەسەر بن بلە کردو پاشانیش دوورخرایەوەو خرایە ماڵێکی دوورە دەستەوە لە " المسیل" هەتاوەکو ماوەی 15 ساڵ، زیندانی کرا. پاشان ساڵی 1979 کاتێک شازلی بن جدید هاتە سەرکار، لێخۆشبوونی بۆ دەرکردو ئازادیکرد. بەڵام ئەو زۆر باوەڕی بە سەرانی وڵات نەدەکرد بۆیە لە ساڵی 1980 وڵاتی جێهێشت و نەگەڕایەوە وڵات. شۆڕشی جەزائیر و شۆڕشگێڕەکانیشی، وەکو هەموو شۆڕشگێڕەکانی تری جیهان، کورسی دەسەڵات، زۆر شتی جوانی لەبیربردنەوە، هەرچەندە ئەمان بەشێوەیەکی توندڕەوانە تر، لە هاوەڵەکانی تریان لە جیهان، ویستی گەیشتن بە دەسەڵاتیان هەبوو. دوا قسە بەدڵنیاییەوە شۆڕشگێرەکان لە جیهاندا حکایەتی زۆرو سەیریان هەیە، من لەم وتارەدا ویستم تەنها باسی هەندێکیان بکەم، دیارە مەبەستیش ناشیرینکردنی شۆڕش و شۆرشگێرەکان نییە، بەڵکە زیاتر مەبەستی من، پیشاندانی لایەنە ناشیرینەکانی کۆشكی دەسەڵاتە، کە چۆن دەبێتە شەیتانێک بۆ رۆحی پاکی شۆڕشگێرەکان. لە بەشی داهاتووشدا باسی حکایەتی فەیلەسووفان و رووناکبیران لەگەڵ کۆشکی دەسەڵات دەکەم. سەرچاوەکان: 1/. . Helmut Altrichter. Stalin: Der Herr des Terrors . C.H.Beck; Auflage 2/ Robert Service. Trotzki: Eine Biographie. Suhrkamp Verlag; Auflage: 3/ لیون تروتسکی . تاریخ الثورە الروسیە. ترجمە . اکرم دیری. هیثم الایوبی. مٶسسە العربیە للدراسات ونشر. . بیروت 4/ اسحاق دویتشر. ستالین، سیرە سیاسیە. ترجمە فواز طرابلسی. دار الطلیعە للطباعەو النشر. بیروت .1969 5/ ئیبراهیم عەلاوی. ئاڵوگۆڕ.بەرلین_ بەغداد. شۆڕشی 14ی تەموزی عێراق لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. وەرگێرانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا. چاپی یەکەم. لە بلاوکراوەکانی دەزگای دوارۆژ بۆ رووناکبیری و راگەیاند.. 2015 6/ صلاح عیسی. عبدالناصرو محمد نجیب بین الثورات. رۆژنامەی البیان ئیماراتی. 2 ئابی 2017. 7/ نبذە عن أحمد بن بلە. سایتی بی بی سی. 11. ابریل. 2012 8/ محمد بوضياف. سایتی المعرفە


زانا عەبدولڕەحمان هەڤاڵانی سەكردایەتی نوێی كە هیوایی زۆرمان لەسەر هەڵچنیون زوو زوو كۆئەبنەوە بۆ گفتگۆی پەیرەو بەڵام من لە شتێك تێناگەم ئەو هەموو وێنەیە چیە ئەیگرن ئیش وكارمان بوە بە لایكردنی وێنەی سەكردایەتی نوێی یەكێتی، تكایە رایگرن ئێوە یەكەم ساڵی زانكۆتان نیە ئێوە سەكردایەتی حیزبێكن زیاتر لە  بیست هەزار شەهیدی هەیە، برۆن دوایی خەم و ئازاری كادرەكانمان بكەون.  پارتیش هەر رۆژەو كادرێكمان لە هەولیرو بادینان بیسەروشوێن ئەكات كەس هیچ ناڵێت، كادرەكانی یەكێتی لەو سنورە زۆر ئازان بەبێ پشتیوانی رووبەرووی زۆرداری پارتی ئەبنەوە، بۆیە گرنگە لە پەیرەو ئەو خاڵە بچەسپێنن هەر ئەندامێكی سەركردایەتی دەوام و كاری لە سنورە بێت كە خۆی لەسەر كاندید كردوەو دەرچووە. هەڤاڵان خۆ سلێمانی هۆتێل نیە هەمووتان خۆتان لێرە خزاندوە ئەو بینا گەورەی مەكتەبی سیاسی هەولێر بۆچی دروست كراوە؟ برۆن دەوامی تێدابكەن ململانێ لە هەولێرە، نیوەی زیاتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دە سالیش ئەبێت بادینانیان نەدیوە، یەكێتی حیزبی هەموو كوردستانە نەك تەنها هی سلێمانی، بۆیە رۆڵی خۆتان ببینن بارەگاكان ئاوەدان بكەنەوە هێزوگور بە كادرەكانی یەكێتی ببخەشن لەو سنورە، لانیكەم تۆمەتەكانی پارتی مەسەلمێنن پێیان بڵێن وەكو كادرەكانمان ئەكوژن وئەگرن فەلاقەئەكەن ئەم تۆمەت دروستكردنە بۆ چیە؟ ‎هیچ كەس وەك كادری یەكێتیی بێخاوەن نیە لە سنوری پارتی، كێشەكە ئەوەیە كە پارتی ئەتگریت بەرپرسەكانی یەكێیتی نەك دیفاع ناكەن !! تۆمەتەكانی پارتیش لەسەر ئەسەلمێنن، خنكاندنی ئەو پێشمەرگەیە جارێكی تر بێهیوایی كردمەوە، بیرمە لە مانگی چواری ٢٠١٥ هێزێكی پارتی حەیدەر شەشۆ و چەند هاورێكیان لە گەرمەی شەری داعش دەستگیركرد لەكاتێكدا تەنها حەیدەر هێزەكەی كە یەكێیتی بوون شەنگال چۆڵ نەكرد گیانی هەزاران ئێزیدیان لەمردن رزگاركرد. ‎شەوەكەی كە هەواڵەكەم زانی فشاری زۆرمان دروستكرد بۆ ئەوەی لانیكەم زانیاریمان بدەنێ پارتی وتیان بەتۆمەتی پەیوەندی بە حەشدی شەعب دەسگیركراوە. ‎بەیانی كە چوومە پەرلەمان تكام لە فراكسیۆن كرد كە لەناو بینایی پەرلەمان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بكەین، ئەو كارە ئیدانە بكەین. ‎فشار لە پارتی بكەین ئازادی بكات، كەچی هەستم كرد هەندێك لە هەڤاڵەكان ساردن وتیان پێوست ناكات، بەڵام پێداگریم كردو كۆنگرەكەمان كرد، ‎ئێوارەكەی  كۆبونەوەی فراكسیۆن بوو لەگەل مەكتەبی سیاسی من كەمێك درەنگ گەیشتم كە كۆبونەوە دەستی پێكردبوو هەڤاڵێكی مەكتەب سیاسی یەكێیتی وتى ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە بە پرسی كێ كراوە كێ رێگەی داون، حەیدەر لەسەر جاسوسی گیراوە چۆن دیفاع لە جاسوس ئەكەن، ئیتر من بەرچاوم تاریك بوو. ‎وتم : من بووم، ئەگەر حەیدەر جاسوسە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییە برۆن خۆتان بگرین رەمی بكەن. بۆ پارتی بگرێت یان دەسەڵاتی پارتیتان نەماوەو ئەتانەوێت بەم قسانە خۆتان بدزنەوە وەك بەگری لێ ناكەن تۆمەتەكەی لەسەر ساغ مەكەنەوە. ‎ ئیتر دەنگم هەڵبری تورەبووم كۆبونەوە تێكچوو چوون بۆ نانخواردن، ‎من نانم بۆ نەخورا بیرمكردوە ئێوارەیەك پارتی من بگرێت تومەتێك بۆ دروست بكات كێ بەرگریم لێ ئەكات. لەناو خەڵكیش حەیات ئەبەن، بۆیە تیلم كرد بۆ شێخ لاهور بابەتەكەم تێگەیاند وتی نامەیەكم توندم ناردوە بۆ پارتی تا بەیانی بەری نەدەن ئێمەش هەڵوێستمان ئەبێت و بێدەنگ دانانیشین تۆزێك ئاهێكم هاتەوە، بۆیە لاهورم خۆشدەوێت. لەوكاتەی كە پێوستە دێتە خەت لەخەمی كادری یەكێتیی خاوەندارییان ئەكات، بەڵام فریایی هەموو گرفتێكش ناكەوێت. ‎من لەگەڵ هیچ جۆرە توندیەك نیم، بەڵام لەگەڵ سەرداخستن و بیدەنگیش نیم ناكرێت هەڤاڵەكانی ئێمە بگیرێن و لێیان بدرێت ئێمەش هەر بەدوایی  یەكریزیەوە بین، ‎ئەم پێشمەرگەیش ئەبوو لە كاتی گرتنی بەرگری لێبكرایە تازە كە رۆیشتوە سودی نیە هیچش ناكرێت، بۆیە هەڤاڵانی سەكردایەتی نۆێ هەر وێنەئەگرن بچن لای پردی دەلال لای قەڵایی هەولێر بیگرن. ‎


پەیمان عزەدین  دوای دەنگدانی پەرلەمان لەسەر قانونی چاکسازی  ، بە ئیمزاکردنی بە ڕێزتان یان ئیمزا نەکردنی لە ماوەی یاسایی دیاریکراودا دەبێتە قانونێکی بەرکار، بۆ ئیمزانەکردنی ئەم قانونە و گێڕانەوەی بۆ پەرلەمان زیاتر لە هۆکارێکی قانونی و کۆمەڵێ‌یەتی و ئەخلاقی  هەیە کە لەم نوسینەدا ئەیخەمە بەرچاوی بەڕێزتان.  ١-ناوی قانونەکە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ناوەڕۆکی یەکناگرێتەوە و ئەمەش یەکێکە لە عەیبە قانونیەکانی یاساکە، هیچ ماددەیەکی ناو یاساکە بە دورو نزیک پەیوەندی بە چاکسازیەوە نیە و ماددەکان تایبەتن بە ڕێکخستنەوەی خانەنشینی و دەرماڵە لە هەرێمدا، کە لە بنچینەدا بۆ زۆرینەی ئەو ڕێکخستنەوانە قانونی نەدەویست و چۆن حکومەت ئەو دەماڵە و خانەنشینیە ناقانونیانەی دروست کردوە بەهەمان شێوە دەیتوانی بیانبڕێت یان کەمیان بکاتەوە. ٢-هەر قانونێک بەناوی چاکسازیەوە پەسەند بکرێت ، ئەسڵ وایە ئەو قانونە کاری لەسەر هێنانەدی دادپەروەری کردبێ ، کە ئەمەش لە هیچ ماددەیەکی قانونەکەدا بە ڕونی و بە زەمانەتەوە لانی کەمی دادپەروەری ناهێنێتە دی . دادپەروەری ئەوەیە هەمو پلەکانی وەزیفی لەسەر یەک بنەما خانەنشین ببن و لەسەر یەک بنەما دابمەزرێن و دەرماڵەیان بۆ زیاد بکرێت.کە بە هۆی ئەم قانونەوە ئەو نا دادپەروەریانە زیاتر ئەچەسپێن و دوبارە دەستکاریکردنیان زەحمەت ئەبێت . ناکرێت و نابێت لە یەک حکومەت و سیستمی حکومڕانیدا کەمینەیەک ڕێژەی خانەنشینکردنیان لەسەر کۆی موچە بۆ هەژمار بکرێ و زۆرینەیەکیش ئەو ڕێژەیەیان لەسەر موچەی بنەڕەتی بۆ هەژمار بکرێت ، بۆیە ئەرک و ئەمانەتێکی مێژویی لەسەر شانی بەڕێزتانە ئەگەر تەنیا لەبەر ئەم خاڵەش بێ قانونەکە بگێڕنەوە پەڕلەمان و ئەو خاڵە بەو جۆرەی لێبێت کە بۆ خانەنشینی موچە باڵاکانیش رێژەی ٪٢٥ و ٪٥٠ لەسەر موچەی بنەڕەتیان هەژمار بکرێت لەبەر ئەم  هۆیانە : -حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیازە یاسای خانەنشینی یەکگرتو لە داهاتودا بنێرێتە پەرلەمان ، چۆن دەکرێ لە ئێستادا قانونێک بەو جیاوازیە گەورەیە لە خانەنشینیدا پەسەند بکرێ کە چەند مانگێکی تر و لە پێشنیازی قانونێکی تردا باس لە خانەنشینیی یەکگرتو بکرێت ، بۆیە لە ئێستاوە  بایەکخستنی بنەماکانی خانەنشینی لە خزمەتی موچەخۆران و قانونی خانەنشینی یەکگرتودا بێت . -هەمو هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لە بەرزترین پلەی وەزیفیەوە تا نزمترینی هاوڵاتی ئەم هەرێمەن و مافی هاوڵاتیبون و بنەماکانی دادپەروەری و بەڵێنەکانی بەڕێزتان ئەوە دەخوازێ کە هەمان بنەما بۆ هەژمارکردنی خانەنشینی ڕەچاو بکرێت . -ئەم هەنگاوە ڕق و یەکتر ناشرین کردن کاڵ دەکاتەوە ، چونکە ئەوە  ئەوناعەدالەتیەی ئەم چەندین ساڵەیە ئەو هەمو ڕق و کینەیەی لەیەکتر دروستکردوە ، دڵنیام بەڕێزتان و هەر کەسێکی تر بچینە شوێنی فەرمانبەرێکی بەتەمەن کە بە هۆی کەمی خانەنشینیەوە خواخوای کاری زیاتر و ماندوبونی زیاترێتی ، بە دڵنیاییەوە ڕقی لەو پەرلەمانتار و وەزیرە دەبێتەوە کە تەنیا بۆ چوار ساڵ ١٥ هێندەی ئەو وەربگرن ، ئێوە ئەگەر ئاشتی کۆمەڵایەتیاتان ئەوێ ئیمزا لەسەر ئەم قانونە مەکەن . ٣-ئەوەی لەم قانونەدا وەک کڕۆکی چاکسازی باسدەکرێت ،هەڵوەشاندنەوەی هەزاران پلەی وەزیفی و خانەنشینی نایاساییە کە زۆربەیان نە بڕوانامەیان هەبوە و نە تەمەنی خانەنشینی و نە پلەی وەزیفی ، لەگەڵ ئەوەشدا هەم دامەزراون و هەم خانەنشین کراون، کە ئەمانەش هەمویان ئەندام و بەرپرس و دەنگدەری یەکێتی و پارتین بە پلەی یەکەم و پارتەکانی تر بە پلەی دووەم ، کە زۆر دڵنیام لەهیچ حاڵەتێکدا ئەو کارە ناقانونیانە هەڵناوەشێنرێتەوە و لە باشترین حاڵەتیشیدا دەخرێنە ژێر ناونیشان وناو چوارچێوەیەکی قانونی نوێ ، کە ئەمەش  زۆرتر ناوەڕۆکی قانونەکە لە بابەتی چاکسازی دور دەخاتەوە . بۆیە و لەبەر ئەو هۆکارانە تکایە قانونەکە ئیمزا مەکە .   


کاروان عەلی شامار بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەردەستن و ئەوانەشی کە لە میدیاکاندا بڵاو دەکرێنەوە تیرۆری ھاوڵاتیان لەژێر قەڵەمرەوی پارتی دیموکراتدا رۆژ بە رۆژ روو لە ھەڵکشانە، سەرباری ئەوەش لەپشت ھەر تیرۆرێکەوە سیناریۆیەکی ئابڕووبەرانەی ئامادەیە! باشتر بڵێین مەبەستی پارتی لەتیرۆرکردنی ھەرکەسێکدا تەنھا بەکوشتنیەوە ناوەستێ لێ کەسایەتی تێک دەشکێنێ و حەیاو حورمەتیشی دەبا!  ھەنوکە پارتی و تیرۆ دوو ڕووی دراوێکن، چاوگی ئەم راستیەش ئەوەیە کە کوشتن و تیرۆر و دروستکردنی سیناریۆی بڕواپێنەکراو لە زۆنی زەردا لەحاڵەتەوە بوە بە دیاردە! ھۆکارەکانی زۆربونی تیرۆر لەلان دەزگاکانی دژە تیرۆر و دەزگا سەرکوتکەرەکانی پارتیەوە کە دەرھەق بە خەڵکی بەشمەینەت و سڤیل دەکرێ زۆرن وەلێ سەرەکیترینیان زادەی بێھەلوێستی لایەنەکان و دیفاکتۆی ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارەیە کە بووە بە حوکمرانی بەشێکی گەورەی کوردستان. پارتی  بەجۆرێک ترس و تۆقانی لەنێو ھاونیشتیمانیانی پایتەختدا بڵاوکردۆتەوە کە لەنێو ماڵەکانی خۆشیاندا ھەست بە سەلامەتی و دڵنیای ژیانیان ناکەن! تیرۆری کەسێتی لای پارتی رەھەندێکی مێژووی ھەیەو شەھیدکردنی پێشمەرگەکەی یەکێتی لە نێو ئاسایش و سەنتەری شاری ھەولێردا نە سەرەتایەو نە کۆتایش دەبێ. وە باشدەزانێ ئەگەر بەو مێنتاڵە تیرۆرە دژ بە ھاوڵاتیان نەوەستێتەوە توشی دارمان و لەناوچون دەبێ! ئاماژەکانی بەردەوامی و ستۆپنەکردن بەو تیرۆر و تۆقانەی کە پارتی دەستی داوەتێ مەترسیدارە و ناکرێ لایەنە سیاسیەکان ھەروا بێدەنگ بن! چون ئەوەی ئەمرۆ بەرامبەر بە (مەجید ھەروتی) کرا گەر وا بەسانایی بەسەریاندا تێپەرێ ئەوا یەقینم چارەنوسی گشت ئەوانی تر لەو باشترنابێ و دوور نییە لەداھاتوودا ھەموومان دەرگیری تیرۆرێکی لەوجۆرەبین!


 هیوا سەید سەلیم دوابەدوای تێپەڕاندنی یاسایی جاکسازی لە مووچە و دەرماڵە، لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، هێندێک پێیان وایە ئیدی تۆپەکە کەوتەوە گۆڕەپانی حکومەتەوە، بۆیە لێرە بەودواوە حکومەت دەست کراوەتر دەبێت،  تا کار بە ماددە و یاساکانی  ئەو پرۆژە یاسایە بکات، ئەگەر سەرۆکی هەرێم رەتینەکاتەوە، یان تیبینی لەسەر چەند بڕگەیەکی نەدات. بەو پێیەی پڕۆژەکە لە ئەساسدا پرۆژەی حکومەت بووە، وا پێشبینی دەکرێت کە نە لەلایەن سەرۆکی هەرێم رەتدەکرێتەوە، نە کێشەیەکیش بۆ حکومەت درووست بکات، بگرە پەرلەمان رێک بە دڵی حکومەت پڕۆژەکەی تێپەڕاند، هەر ئەوەشی پێدەکرا.   لە کۆبوونەوە هاوبەشەکانی پەرلەمان و حکومەت.دووەمیان هێڵی سووری بۆ پەرلەمان دیاریکردبوو ، بەوەی بۆیان هەبوو چۆنی بیانەوەێت لە خەرجیەکان کەم بکەنەوە، مووچەکان بۆ ئاستی هەرە نزم دابەزێنن، بەڵام نابێت یەک فلس لەو پارەی بۆ  حکومەت دەگەڕێتەوە،  بچێتە سەر لایەنی دیکە کە بە مووچەخۆری پلە نزم ناسراون، پەرلەمان هەر واشی کرد! ئەوانەی کە لە لایەنی حکومەتەوە پرۆژەی یاسایی چاکسازی لە مووجەو خانیشینیان ئامادە کرد بوو، زۆر لە یاسادانەرانی ژێر چەتری پەرلەمان زیرەکتر بوون،  لەهەمان کاتیشدا زیرەکانە دەستی پەرلەمانیان بەست بوو،  بەوەی نابێت هیج بڕگەیەکی ئەو ماددەیە بە شیوەیەک دەستکاری بکرێت کە بارگرانی دارایی لەسەر حکومەت درووست بکات.    بۆیەش لە کاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەکە، حکوومەت بە تیمێکی بەهێز کە لە چەندین وەزیر و بەرپرس    و راوێژکاری بەزەزموون پێکهاتبوو، لە بەردەم پەرلەمان ئامادەبوون و چەکی دەستیشیان بریتی دەبێت لە رێگری لە بارگرانی دارایی. پەرلەمانی کوردستان وێڕای ناڕەزایەکانی شەقام، هەروەها نارەزایی بەشێک لە فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن (یەکگرتوو- نەوی نوێ- کۆمەڵ)، یاساکەی بە دەنگی زۆرینە، بەکەم کردنووەی ریژەیەک لە مووچەی پلە باڵاکان،  وە وەک خۆهێشتنەوەی لایەنی کەمی مووچەی پلە لە خوارەکان تێپەڕاند، لێرە بەدواوە حکومەت هیچ بیانوێکی نەماوە بۆ جێبەچێکردنی ماددەکانی ناو پرۆژەکە، لە پاکسازی لە لیستی ئەوانەی بە ناشایستە خانەنیشینی کراون، و ئەوانەشی کە لیستی شەهیدانیان ناشیرین کردووە شەهید نەبوونە و لە ریزی شەهیدان مووچە وەردەگرن ، بەوەشی کە کەم ئەندام شایستە نین هەروەها و زیندانی نەبوونە. پێداچوونەوە بە هەموو ئەمانە و گێرانەوەی داهاتێکی زۆر لە مووچەی پلە باڵاکان بیانوێک لەبەردەم حکومەت ناهێڵێت کە ئیدی حسابێک بۆ پاشەکەوتی مووچە نەکات،  ئەو مافە زەوتکراوە بۆ مووچەخۆرەکان نەگێڕیتەوە،  هەروەها مانگانەش لەکاتی خۆی مووچە دابەش نەکات، ئەمە جگە لەوەی دەبێت لە رێگای دەرکردنی یاسایەکی تازە بۆ خانەنیشینی پرسی لایەنی کەمی مووچە چارەسەر بکریت،  بەشیوەیەک کە هاوتای یاسایی خانەنیشینی یەکگرتووی بەغدا بکرێت. جگە لە هەموو ئەمانە کە بە یاسا رێکخراون، لە چوارچێوەی یاسایی چاکسازی لە مووچە دەرماڵە و خانەنیشینی  ، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، کە یاسایی چاکسازی لە مووچە و خانەنیشینی،  نابێت جێگرەوەی چاکسازیە راستەقینەکە بێت، وە حکومەت و پەرلەمان  لێرەوە بوەستێنێت  ئەوەی لەو یاسایە هاتووە بە خەڵکی بفرۆشنەوە بەوەی تەواو چاکسازیان کردووە. چاکسازی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان لە ئاشکرکردنی داهات و سەرفیات و دانانی سنوور بۆ گەندەڵیە گەورەکان و سزادانی مافیاکانی کۆپانیا زەبەلاحەکان دەستپێدەکات، چاکسازی گەورە بریتە لە رێگری لە قۆرغکاری بازاڕ و  دەست نەبردن بۆ داهات و موڵکی گشتی، کە ساڵانێکە مافیاکانی پشت ئەستوور بە هێز و ئیمکانیاتی حزبی لەسەر داهاتی گشتی دەڵەوەڕێن و یاری بە بازاڕ و قووتی خەڵکەوە دەکەن. لێرە بەدواوە یاریەکە باشتر دیمەنەکانی دەردەکەوێت، بزانین چەندە یاریزانەکان جدین، ساڵانێکە لەو هەرێمە خەڵک بێ متمانە کراوە، بە هەنگاوی کرداری ئەو متمانەیە دەگەڕێتەوە، بارودۆخی ناوچەکەش وا دەخوازێت کە ئەوی جاران مافیاکان دەیانکرد ئێستا ئاسان نەبێت، با هەمووان لە دۆخی عێراق بڕوانن گەندەڵی چی بەسەر ئەو ولاتە هێنا؟  بۆ چەند مانگێک دەچێت هەرچی دەکرێت سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی ناخرێتەوە سەر سیکەی خۆی .  


پەیڕەو ئەنوەر تورکیا وەک دیاردە و هێز لە قەیرانە! قەیران لەناوەوە، قەیران لە دەرەوە، قەیران لەگەڵ دراوسێ و هەڤاڵەکانی، قەیران لە سیاسەتی دەرەوەی. ناسنامەی زاڵ لە سیاسەتی دەرەوەی ئێستای تورکیا فراوانبوون و هەڵکشانە، دروستکردنەوەی یادەوەرییە لەگەڵ جوگرافیای سیاسی ئیمپڕاتۆری عوسمانی، سنوورەکانی، یادگارییەکانی. ئەمڕۆ ئەردۆگان و پارتەکەی بە چڕی کارلەسەر ئەوە دەکەن [عوسمانیزمی نوێ] بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە، تێکەڵ بە نۆرم و رێساکانی سیستمی سیاسی هەرێمی ببێت، ببێت بە مۆدێڵ و بیرکردنەوە و ئاگایی. پێدەچێت تورکیا خەیاڵ و لێکدانەوەیەکی گەورەی هەبێت بۆ ئامادەبوون لە ناو جەستەی دوێنیی عوسمانیزم. لیبیا، سوریا، سودان، عیراق، وڵاتانی قەوقاز، ئاسیای ناوەڕاست ... هتد دیارە تورکیا عیراق بە ناوەند، شادەمار و قوڵایی ستڕاتیژی و جیۆپۆلەتیکی خۆی دادەنێت! بڕیاردەدات کونسوڵخانە لە [کەرکووک و نەجەف] بکاتەوە. کونسوڵخانە لەدیدی تورکیا لە کەرکووک و نەجەف بەتەنها دەزگا، دامەزراوە و کەناڵێکی دبلۆماسی نییە! ئەوەی هەستی پێدەکرێت شتێکی ترە، سەرەتایەکە بۆ سەپاندنی دیاردەی تورکیا لە عیراق. تێكەڵبوون و زاڵبوون بە سەر جیۆپۆلەتیکی شیعە لە عیراق. لەڕاستیدا عیراق دەرگا و دەرفەتێکی لەبارە تاوەکوو تورکیا بتوانێت بەها و رێسا و سیمبوڵەکان لەڕێگەیەوە بۆ خۆی گلبداتەوە. تورکیا وا لە عیراق دەڕوانێت: یەکەم: عیراق و عیراقیبوون خۆی لە قەیران و پاشەکشەدایە! عیراق لەڕووی دەزگا، هێز و بیرکردنەوە ناتوانێت بجوڵێت. ئەم دۆخە بۆ تورکیا لەبارە زیاتر بکشێت، باڵایی دروستبکات. دووەم: بێزاربوون، بێ ئومێدبوونی بەشێکی شەقامی عیراقی، گەنجانی تازە پێگەیشتوو لە شیعە وەک ئیمپڕاتۆر، یادەوەری و مەزهەب پاڵ بە تورکیاوە دەنێت مۆدێڵی عوسمانیزم و پەرەپێدان بە دونیای سوننە و جیۆپۆلەتیکی سوونە درێژبکاتەوە بۆ ناوەند و پەراوێزی عیراق. سێیەم: ئێران و ئەمەریکا دەیانەوێت عیراق وەک گۆڕەپان و پانتایی جەنگ بەرهەمبهێنن! جەنگ بەسەر شانی عیراقییەکانەوە. تورکیا دەیەوێت وای پیشانبدات ئەم دۆخە بەجۆرێکی تر دەستکاری دەکات[عیراق دوور لە جەنگ] دیارە تورکیا لەڕێگەی چیڕۆکی ئاوەدانکردنەوە و کۆمپانیا و دەرفەتی کارەوە ئەم سایکۆلۆژیا و هەستە بۆ عیراقییەکان دەگوازێتەوە. دەرەنجام عیراق بەلای تورکیاوە بازاڕ، نۆستالیژیا، کایەی ئاسایش و جیۆپۆلەتیکە. جاران [موسڵ] وەک حەوشەی پشتەوەی ئەو رۆڵەی دەبینی. ئەمڕۆ تورکیا شتێکی تر دەخوازێت، هەوڵدەدات موسڵ تێپەڕێنێت و لە نەجەفەوە بجوڵێت. نەجەف وەک قوڵایی ستڕاتیژی چیڕۆکی شیعە و ئێران. بەستنەوەی [نەجەف بە موسڵ] قوڵایی ستڕاتیژی عوسمانیزمی نوێ، چیڕۆکەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە. ئەم بیرکردنەوە پڕە لە سەرکێشی. هەڵکشانی تورکیا لە پانتایی شیعە لە عیراق گۆڕانکاری لە بونیاد و جیۆسیاسی وڵاتە دێنێتەوە کایەوە. خەیاڵی تورکیا ئەوەیە بە عیراقییەکان بڵێت منیش دژ بە ئەمەریکا و سەربازی ئەمەریکیم. لەسەر هێڵی [رووسیا-ئیڕان-چین] لەهەمان بلۆکم، دەرفەتی زیاترم پێ بدەن، خاوەن یەک ماڵ و ناسنامەین. عیراقییەکان چۆن لەم رووداوە دەڕوانن! توانای گۆڕینی ناوەند، بنکە و سەرچاوەی مەزهەبییان هەیە!


ئەنوەر حسێن (بازگر) بەدوای دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15/2/1999 لە نایرۆبی کە بە گرنگترین و گەورەترین ئۆپراسیۆنی تورکیا دادەنرێت لە دژی پەکەکە لە دەرەوەی تورکیا و قەندیل، بە هاوکاری (CIA، موساد و میت...) ئەنکەرە وەکو تاکتیکی کوشندە دژی پەکەکە بیری لەوە کردەوە کە تەنها ئۆپراسیۆن و گەڕان و هێرشی سەربازی لە قەندیل ئەنجام نەدات و لەو چوارچێوەیەدا نەیهێڵێتەوە، بەڵکو لە ڕێگای فشاری سیاسی، سەربازی و هەواڵگری و فرۆکەی بێ فرۆکەوان سەرکردە و ڕێبەرانی پەکەکە بکوژێت و تیرۆر بکات.  قۆناغی یەکەمی ئەم پلانە تازەیەی (میت) لە مانگی ئۆکتۆبەری 1998 بە فشار لە سوریا، ئۆجەلانی لەو وڵاتە دەرپەڕاند.  قۆناغی دواتری، (میت) و هاکان فیدان پەلیهاویشت بۆ ناو دڵی ئەوروپا و فەڕەنسای قەڵای دیموکراسی لە (9/1/2013) لە پاریس ساکینە جانسز ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە و لێپرسراوی فایلی کڕینی چەک بۆ پەکەکە و لەیلا سۆیلەمەز و فیدان دۆغانی تیرۆر کرد.  ئەم سێ هەوڵەی ئەنکەرە و (میت) دژی پەکەکە، نەک هەر سەرکەوتوو بوو، بەڵکو بەبێ دەنگی و چاوپۆشی ئەمەریکا و ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێپەڕی و وایکرد ئەنکەرە دەست واڵاتر بکات بۆ تیرۆر و ئۆپراسیۆنی هەواڵگری لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی و کوردستان و پەلاماری سەرکردە یەکەمەکانی پەکەکە بدات.  بۆیە لە ناوەڕاستی 2017 دیسان (میت) هەوڵی تیرۆری موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی و لێپرسراوی (HPG) دەدات لە ناو دڵی پەکەکە لە قەندیل و کارەکە شکست دەخوات.  هەر دوا بە دوای ئەوەش دەزگای (میت) لە 2017 هەوڵی ڕفاندنی جەمیل بایک دەدەن لە شارۆچکەی دوکان، بەڵام ئۆپراسیۆنەکانیان شکست دەخوات و دوان لە ئەفسەرانی (میت) لەلایەن هێزی فیدایی پەکەکەوە دەستگیر دەکرێن و تا ئێستاش لە قەندیلن.  پلانەکانی (میت) بۆ کوشتنی سەرکردەکانی پەکەکە تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوە، بە تایبەتی کە ئەم مۆدێلی جەنگە نوێیە، کە ئەمەریکا لە کوشتنی زەرقاوی، ئەبوبەکر بەغدادی، قاسم سولەیمانی، مەهدی موهەندیسی تێیدا سەرکەوتوو بوو، ئیسرائیلیش لە کوشتنی عیماد موغنەیە و چەندین بەرپرسی تری حزبوڵڵا و حەماس و جیهاد تاقیکردەوە.  گەر پێشتر پەلامارە سەربازییەکانی لە قەندیل بوو بێت، دواتر بەهۆی بێ دەنگی عێراق و ئێران و وڵاتانی ترەوە، تورکیا لە 15/8/2018 زەکی شەنگالی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە و بەرپرسی هێزەکانی یەبەشە لە شەنگال تیرۆر کرد، لە 5/7/2019 دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکەی لە ناو خاکی ئێران شەهید کرد.  لە 17/7/2019 سەرحەد ڤارتۆ ئەندامی مەجلیسی گشتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پەکەکەی تیرۆر کرد، لە 15/10/2019 لە شاخی گوێژەی سلێمانی دەمهات عەگید ئەندامی مەجلیسی گشتی و بەرپرسی پەیوەندییەکان و مەسعود ئامەدی تیرۆر کرد.  دواین جاریش ڕۆژی 15/1/2020 وەکو یەکەم چالاکی ساڵی تازە زەردەشت شەنگالی ئەندامی مەجلیسی گشتی و لێپرسراوی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) لە شەنگال تیرۆر کرد.  ئێستا پاش ئەو پانۆرامایە (میت) لەم چەند ساڵەدا، چۆن لە ڕێگای فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە بەشێکی زۆری سەرکردەکانی پەکەکەی کردۆتە ئامانج و شەهیدی کردون.  بەڵام سەرچاوەی زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، ئێستا (میت) و حکومەتی ئەنکەرە، فایلێکی گەرمی ڕۆژانە کە لەسەر مێزی کۆبوونەوەکانیان و پیلان و نەخشەسازی بەردەوام و گەرم و گوڕ و تەرخانکردنی پارە و ئیمکانێکی زۆر و زەوەندی خستۆتە گەر و لە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری وردایە لەلایەن دەزگای هەواڵگری و دۆستەکانی لە ناوچەکەدا و بوونی فرۆکەی بێ فرۆکەوان بەردەوام لە قەندیل و شەنگال و ناوچەکە، گەڕان و ئامانجی سەرەکی کەسێکە.  واتا بۆتە خاڵی یەکەم و گرنگی جێگە سەرنجی تورکیا و بە ئامانج گرتنیەتی وەکو نێچیرێکی گەورە و کەسی یەکەمی دوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دووەم و گەورەترین ئۆپراسیۆنی تورکیا دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان ئامانجی (جەمیل بایک – هەڤاڵ جومعە)ە – هاوسەرۆکی (کەجەکە)یە.  بەڵام پێناچێت ئەمجارە تورکیا لە ڕاوکردنی ئەم نێچیرە سەرکەوتوو بێت، چونکە لانی کەم ئەو شوێنانەی ئەنکەرە فۆکەسی لەسەرە، ئامانجەکە زۆر دوورە لەو شوێنەوە.


ئەرسەلان باییز  (68) (محەمەد كوڕی راشد) میری دوبەی، لە كتێبەكەی خۆی (ڕوانین) نووسیویەتی: گەنج بووم تازە ڕیش و سمێڵم دەهات، ڕۆژێك پیاوماقووڵ و ریشسپیەكانی عەشیرەت هاتن بۆ لام و وتیان: -ئێمە لە ڕوومان نایەت بە باوكت بڵێین. دەمانەوێ لەڕێی بەڕێزت ئەم پەیامەمان بە باوكت بگەیەنی. (ماوەیەكی زۆرە جەنابی شێخ خەریكی هەڵكەندنی ئەو چاڵ و خۆڵانەی كەناری ئاوی كەنداوە، هەرچی پارەو پول هەیە لەوێی خەرج دەكات. وا باشترنییە ئەو پارانە بە ئێمە بدات…؟ ئایا ئەو چاڵ و چۆڵانە چ سوودێكی بۆ ئێمە هەیە…؟) (میر محەمەد) دەگێڕێتەوە: منیش بە سواری جێبە لاندرۆڤەكە چوومە لای باوكم بۆ پێگەیاندنی پەیامی ریشسپیانی عەشیرەت، كاتێ چوومە لێواری كەنداو سەیرم كرد سەدان كرێكارو ئەندازیار خەریكی هەڵكەندنی چاڵ بوون. باوكیشم لەوان سەرقاڵتر بوو. وردە وردە لێی نزیك بوومەوەو پێموت: باوكە..! راسپاردەیەكی پیاوماقوڵانی عەشیرەتم هێناوە. ئەویش بە هێمنییەكەی خۆی وتی: بڵێ بزانم چیە… هەموو قسەكانی پیاوماقوڵەكانم بۆ باوكم گێڕایەوە. ئەویش لەكاتی قسەكردنەكانمدا چیلكەی بەدەستەوە بوو لە لمەكەی پێش خۆی خەتی دەكێشا. دوای تەواوبوونی قسەكانیشم هیچ وەڵامێكی نەدامەوە. منیش قسەی ترم نەكرد. دوای سەعات چواری ئێوارەو تەواوبوونی وادەی كاركردنی كرێكارو ئەندازیارەكان. هەردووكمان بەیەكەوە سواری جێبەكە بووین و بەرەو ماڵ گەڕاینەوە. لە ڕێگا وتی: -بۆیە لەوێ وەڵامی قسەكانی تۆم نەدایەوە نەوەكا قسەو باسی تری بەسەردا بێت و حەماسەتی كرێكارەكان لە كاركردن كەمبكاتەوە. رۆڵە…! ئەوەی من ئێستا دەیكەم بۆ نەوەی ئایندەیە… من دەڕۆم و لە ژیان نامێنم. رۆژێك دادێت ئەم بەندەرانە دەبێتە هۆی سەرچاوەیەكی گەورەی ژیانی عەشیرەتەكەمان… رۆژێك دادێت بە سەدان كەشتی گەورە دێنە ئەم بەندەرە، لەبری هەر كەشتییەكیش گوژمێكی زۆر پارە وەردەگرین. پێشبینی (میر راشد) زۆر دووربینانە بوو. ئەو لە خەمی ئایندەی میللەتەكەی خۆی بوو. ئەوسا ئەمارەت، زۆر دواكەوتوو بوون. ئەمارەتێك ژیانیان لەسەر شیرو پشتی حوشتر بوو، كەچی دوای 30 ساڵ ئەمڕۆ بۆتە نموونەی وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا. وڵاتان لاسایی دەكەنەوە. ئایا میرنشینێكی وەكو دوبەی هەزار جار باشتر نییە لە وڵاتێكی وەكو (عیراق، سوریا، میسر، جەزائیر، یەمەن‌و سودان)ی بەناو كۆماری و جارجارەش بەناو سۆسیالیستی..؟؟ سەركردەكانی وڵاتێكی شانشین كە ژیان و ئاسایش و حورمەتی زۆری بۆ میللەتەكەی مسۆگەر كردووە، جێی شانازیی نییە…؟ ئایا سەركردەی لەو جۆرانە جێی تەقدیرو پیاهەڵدان نین؟ خۆزگە كوردستانیش لە ماوەی ئەو بیست و پێنج ساڵەی رابردوودا لەبری ململانێی ناشەرعیی حزبیی لەسەر دەسەڵات، خزمەتی زیاتری گەل و كوردستانمان بكردایە. منێك كە زیاتر لە پەنجا ساڵی تەمەنی لاوێتی خۆم بۆ ئایدیۆلۆژیای چەپ و ماركسی تەرخان كرد، بەپێی قەوارەی تێگەیشتنی ئەوسای خۆم و رێكخراوەكەم، سەربازێكی توندڕەوو گیانبەخشی ئەو ڕێگایە بووم، ئێستا دەڵێم: «خۆزگە رۆژێك دادەهات كوردستانیش دەبووە نموونەی وڵاتێكی شارستانی و خۆشگوزەرانی خەڵكەكەی، با سیستەمی حوكمڕانییەكەش پاشانشین بێت».   15/01/2020


 عەتا قەرەداخی ‌     ئایا په‌یوه‌ندیی نێوان دابونه‌ریت‌ و سیاسه‌ت چۆن دیاری ده‌كرێت؟ ئایا كام له‌م دووانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا كاریگه‌ریی ئاشكرا و له‌به‌رچاوی له‌سه‌ر ئه‌وی تریان هه‌یه‌؟ ئایا كام له‌و دوو بۆچوونه‌ نزیكترن له‌ راستی؟ ده‌بێ سیاسه‌ت كۆنترۆڵی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ بكات به‌ دابونه‌ریت‌ و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌‌ و له‌ بارێكی وه‌هاشدا دابونه‌ریت ئاماده‌بوونێكی ئه‌وتۆی نه‌مێنێت؟ یان دابونه‌ریت كۆنترۆڵی سیاسه‌ت بكات‌ و ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ملكه‌چی دابونەریت نه‌بێت، ئه‌وا دزێو‌ و ناشیرین ده‌ربكه‌وێت‌ و نه‌توانێت مانه‌وه‌ی خۆی مسۆگه‌ر بكات؟ دیاره‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراو و دواكه‌وتووی په‌راوێزی مێژوو، وه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێكهاته‌ خێڵایه‌تی ‌و ئایینیی داخراو، ئه‌وه‌نده‌ی دابونه‌ریت ‌و عورف تێیدا باڵاده‌سته‌، ئه‌وه‌نده‌ سیاسه‌ت به‌ مانای راسته‌قینه‌ی سیاسه‌ت، چ وه‌كوو زانستی سیاسی‌ و چ وه‌كوو سیاسه‌تی رۆژانه‌ و كاری حزبیش باڵاده‌ست نییه‌ و سه‌رباری خه‌ریكبوونی خه‌ڵكێكی زۆر به‌ سیاسه‌ته‌وه‌، سیاسه‌ت له‌چاو هێزی دابونه‌ریت‌ و عورفدا ئاماده‌بوونێكی لاوازی هه‌یه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه كه‌ دابونەریت به‌رهه‌می ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ یه‌كه‌ سه‌ره‌تایی‌ و بچووكه‌كانی پێكهێنه‌ری كۆمه‌ڵگاوه‌، تا یه‌كه‌ و دامه‌زراوه‌ باڵا َكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌، كه‌ دابونەریت له‌ روانگه‌ی مۆدێرنیزم‌ و مۆدێرنێته‌وه‌، كه‌ خاسێتیی كۆمه‌ڵگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی دابونەریته‌، به‌ خاسێتی سه‌ره‌تایی یان خاسێتی كۆمه‌ڵگه‌ سه‌ره‌تایی‌ و دواكه‌وتووه‌كان داده‌نرێت، كه‌ ده‌شێ كۆمه‌ڵگه‌ی خێڵایه‌تی یان ئایینیی داخراو بگرێته‌وه‌. بێ گومان ده‌بێ بزانین ئه‌وه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ نه‌ریتییه‌كاندا كار ده‌كات‌ و په‌یوه‌ندییه‌كان رێك ده‌خات‌ و ئاراسته‌ جووڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان دیاری ده‌كات، ئه‌وه‌ دابونه‌ریت‌ و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، كه‌ رۆڵی دابونه‌ریت‌ و عورف زۆربه‌ی كات نه‌ك هه‌ر ده‌كه‌وێته‌ پێش یاسا و ده‌ستووره‌وه‌، به‌ڵكوو ده‌كه‌وێته‌ پێش شه‌رع‌ و بنه‌ماكانی ئایینیشه‌وه‌. راسته‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له‌مێژه‌ باسی سیاسه‌ت ده‌كرێت‌ و زۆریش باسی دیموكراسی‌ و ئازادی‌ و كرانه‌وه‌ به‌ رووی دنیای نوێ‌ و هاوچه‌رخدا ده‌كرێت‌ و به‌ حیسابیش له‌مێژه‌ شار له‌ كوردستاندا دروست بووه‌‌ و به‌و پێیه‌ش ده‌بێ كۆمه‌ڵگه‌ی شار ئاماده‌بوونی هه‌بێت. دیاره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی شار و له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی شاردا، په‌یوه‌ندییه‌كان ئاراسته‌یه‌كی ئاسۆییان هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیی شێوه‌ هه‌ره‌می كۆتایی دێت‌ و هه‌ر كه‌سه‌ له‌سه‌ر بنه‌ما و ئاستی ئاماده‌بوونی خۆی جێگه‌ و پێگه‌ی ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا و له‌ بارێكی وه‌هاشدا، واته‌ له‌ زه‌مینه‌ی شاردا، تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن شوناس بوونی ده‌بێت. دیاره‌ بوونی تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن شوناس ده‌توانێت ئاراسته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان بگۆڕێت، له‌ په‌یوه‌ندیی لادێ، یان خێڵ‌ و عه‌شیره‌ته‌وه‌، بۆ په‌یوه‌ندیی شار. له‌ په‌یوه‌ندیی شاریشدا په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ یاسا رێك ده‌خرێن‌ و هه‌موو كه‌س ئه‌رك‌ و مافی خۆی ده‌زانێت. دیاره‌ كاتێك چه‌مكی ئه‌رك ‌و ماف ده‌بێت به‌ چه‌مكێكی جێگیر و كارپێكراو له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، ئیتر شوێن‌ و پێگه‌ی دابونه‌ریت‌ لاواز ده‌بێت‌ و كه‌س له‌به‌ر خاتری كه‌سێكی تر كارێك ناكات، یان هه‌نگاو نانێت. كه‌واته‌ به‌ئاشكرا ده‌بینین، ئه‌وه‌ی تاكوو ئێستا له‌ كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌می دابونه‌ریت‌ و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌رهه‌می یاسا و په‌ره‌سه‌ندن‌ و ته‌نانه‌ت سیاسه‌ت‌ و حزبایه‌تیش نییه‌. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وا له‌ ئێمه‌ ده‌كات، كه‌ بڵێین دابونه‌ریت‌ و عورف، كه‌ به‌رهه‌م‌ و ده‌رهاوێشته‌ی ژیانی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، تاكوو ئێستا نه‌ك هه‌ر به‌ زیندوویی ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو رۆڵ‌ و كاریگه‌ریی ئاشكرا و له‌به‌رچاویان هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت رۆڵ‌ و كاریگه‌ریی دابونه‌ریت‌ و عورف وای كردووه‌، كه‌ كه‌سێتیی دامه‌زراوه‌ نوێیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ حزب‌ و ده‌سته‌ و گرووپ‌ و كۆی ئه‌و رێكخراوانه‌ش كه‌ خۆیان به‌ رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ناو ده‌به‌ن، لاواز و په‌راوێزیی بێت‌ و وه‌كوو پاشكۆی دامه‌زراوه‌ ته‌قلیدییه‌كان، یان ئه‌ڵته‌رنایتیفی ئه‌وان ده‌ربكه‌ون‌ و ته‌نانه‌ت له‌ شێوازی كاركردنیشدا هه‌ست بكرێت، كه‌ هه‌مان عه‌قڵ‌ و به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، كه‌ عه‌قڵ‌ و به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌وی دامه‌زراوه‌ ته‌قلیدییه‌كان، یان كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدییه‌ به‌گشتی. لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین، كه‌ هه‌ژموونی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، وه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووی په‌راوێزی مێژوو، به‌ جۆرێك به‌هێزه‌، كه‌ كۆنه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تیی داگیر كردووه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و نوخبه‌یه‌شی، كه‌ ئیدیعای ده‌ربازبوون له‌ هه‌ژموونی دابونه‌ریت‌ و عورف ده‌كه‌ن، یان ته‌نانه‌ت خۆیان وه‌كوو دژ و نه‌یاری دابونه‌ریت و عورف نیشان ده‌ده‌ن‌ و پێیان وایه‌ ده‌بێ خه‌بات بكرێت له‌پێناو ده‌ربازكردنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ رۆڵ‌ و فشار و هه‌ژموونی دابونه‌ریت‌ و عورف، خۆیشیان زۆربه‌ی كات بێئاگایانه‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌ ژێر كاریگه‌ریی هه‌مان هێز و فشاره‌وه‌‌ و هه‌مان شێوه‌ی به‌شه‌ فراوانه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌جووڵێنن‌ و كار ده‌كه‌ن، كه‌ یان به‌ پیرۆز و گرنگ سه‌یری دابونه‌ریت‌ و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ئاسایی سه‌یری ده‌كه‌ن‌ و ره‌نگه‌ پێشیان وابێت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و تێكچوون بپارێزرێت، پێویست به‌وه‌ بكات، كه‌ هه‌مووان ده‌ست به‌ دابونه‌ریت‌ و عورف‌ و ئه‌و ئه‌خلاق‌ و بنه‌مایانه‌وه‌ بگرن، كه‌ له‌ رابردووه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر رۆیشتووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ ئاستدا په‌یوه‌ست بوون به‌ هه‌موو خاسێته‌ ته‌قلیدییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌، وه‌كوو جۆرێك له‌ ئیلتیزامكردن بۆ پاراستنی بوون‌ و شوناس سه‌یر ده‌كرێت. هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م تێڕوانینانه‌شه‌، كه‌ سیمای ئاشكرای ململانێی نێوان نه‌وه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ زیاتر به‌ ململانێ‌ و ناكۆكیی نێوان نه‌وه‌ی كۆن‌ و نوێ داده‌نرێت. كۆنێك، كه‌ خۆپارێزه‌ و ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێك له‌ جێگای خۆیدا بمێنێته‌وه‌، یان ته‌نانه‌ت هه‌نگاوی به‌ره‌و رابردوو بنرێت، بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌و پیرۆزی‌ و خاسێته‌ له‌ده‌ستچووانه‌ی كه‌ ئێستا نه‌ماون، نوێیه‌كیش، كه‌ ده‌یه‌وێت نه‌ك هه‌ر هێڵێكی راست ‌و چه‌پ به‌سه‌ر هه‌موو رابردوودا بهێنێت، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێت كۆی عه‌قڵ‌ و ره‌فتار و دابونه‌ریت‌ و عورف‌ و شێوازی بیركردنه‌وه‌ و روانینی رابردوو بۆ ژیان بڕووخێنێت‌ و له‌ شوێنی ئه‌وانه‌دا، نوێیه‌ك به‌ دید و بۆچوونی حه‌زی خۆی بنات بنێت، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ تاكه‌ رێگای گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌زانێت. كوردستان له‌سه‌ر دوو ئاست له‌ ململانێی نێوان كۆن‌ و تازه‌دا ده‌ژی. یه‌كه‌میان ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، واته‌ چۆن نه‌وه‌ی نوێ ده‌یه‌وێت رابردوو ره‌ت بكاته‌وه‌ و له‌ شوێنی ئه‌ودا نوێ بینا بكات، واته‌ نوێ به‌پێی روانین‌ و لێتێگه‌یشتنی خۆی. دووه‌میشیان ئاستی ململانێی نێوان كۆن‌ و نوێی بواری سیاسه‌ته‌. مێژووی سیاسی له‌ كوردستاندا مێژوویه‌كی ئه‌وه‌نده‌ درێژ نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا مێژوویه‌كی پڕ له‌ ململانێیه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، كه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر له‌ ئاستێكدا ململانێی نێوان بیروباوه‌ڕ و ئایدیۆلۆجیا جیاوازه‌كان بووبێت، ئه‌وا له‌ ئاستێكی تردا ململانێی نێوان كۆن‌ و نوێیه‌، له‌نێوان هه‌ڵگرانی هه‌مان به‌رنامه‌ و بیر و ئایدیۆلۆجیادا، كه‌ ئه‌مه‌ش كۆن‌ و نوێی ته‌مه‌نه‌، كه‌ زیاتر مه‌به‌ست كۆن و نوێی عه‌قڵ و دید و تێڕوانینه‌ بۆ ژیان و بۆ دنیا. له‌ كوردستاندا ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌كوو مێژووی سیاسی بشێ سه‌یر بكرێت ئه‌و مێژووه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ درووستبوون‌ و ده‌ركه‌وتنی حزبدا ده‌ست پێده‌كات كه‌ ئه‌ویش ته‌مه‌نی نزیكه‌ی سێ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك ده‌بێت. سه‌ره‌تای درووستبوونی ژیانی حزبایه‌تی له‌ كوردستاندا له‌لایه‌ن نوخبه‌ی خوێنده‌واری كورده‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ هه‌ڵده‌گرێت، كه‌ حزب له‌ كوردستاندا له‌ دروستبوونییه‌وه‌ به‌رهه‌م‌ و دروستكراوی نه‌وه‌ی نوێ بووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌، له‌ هه‌ر قۆناغێكی مێژووییدا سه‌یر بكه‌یت، نوخبه‌ی خوێنده‌وار وه‌كوو نوێنه‌ری نوێ‌ و گۆڕانكاری‌ و نه‌یاری عه‌قڵی به‌ستووی كۆمه‌ڵگه‌ خۆی نماییش ده‌كات‌ و وای نیشان ده‌دات، داواكاری بنیانتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێیه‌، واته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژموونی عه‌قڵی رابردوو، رزگاركراو له‌ هه‌ژموونی دابونه‌ریت‌ و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ هه‌موویان خاسێتیی كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدین. له‌ كوردستانیشدا دروستبوونی حزب هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌و جۆره‌ بووه‌ و هه‌ر چۆن له‌ڕاستیدا حزب دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی شار و هاوچه‌رخه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ كوردستانیشدا حزب هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌كوو دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ له‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌ركی گۆڕانكاری‌ و بیناكردنی نوێ دروست بووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌شێ دوو ئاستی گرتبێته‌وه‌، كه‌ یه‌كه‌میان رزگاركردنی كوردستان بووه‌ له‌ ده‌ستی داگیركه‌ران، دووه‌میشیان رزگاركردنی كۆمه‌ڵگه‌ بووه‌ له‌ عه‌قڵ‌ و كو‌لتوور و دابونه‌ریتی دواكه‌وتووی رابردوو. ئیتر چه‌ندێ ئه‌وه‌ی به‌كرده‌وه‌ پیاده‌ كردبێت یان نا، ئه‌وه‌یان بابه‌تێكی تره‌. دیاره‌ مێژوو ئاسایی ره‌وتی خۆی ده‌كات، به‌ڵام ناكرێت رۆڵ‌ و كاریگه‌ریی هێز و عه‌قڵ‌ و روانینی ده‌سته‌ و گرووپ‌ و نوخبه‌ی پێشه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ پشتگوێ بخرێت، كه‌ زۆر جار رۆڵی ئه‌مان له‌ چالاككردنی هێزی گۆڕانكاری‌ و به‌ره‌وپێشه‌وه‌ جووڵاندنی كۆمه‌ڵگه‌دا گرنگ‌ و پڕبایه‌خ ده‌بێت. دیاره‌ هه‌میشه‌ش ئه‌م هێزانه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێزی كۆنه‌پارێزی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ململانێدا ده‌بن، كه‌ عه‌قڵ‌ و دابونه‌ریت‌ و عورف‌ و ئه‌خلاقی رابردوو پاڵنه‌ر و بزوێنه‌ریەتی. هه‌روه‌ك كاتێك رووبه‌ری حزبیش له‌ كوردستاندا فراوان بوو، هه‌مان ململانێكانی نێوان كۆن‌ و نوێ له‌و رووبه‌ره‌شدا ره‌نگی دایه‌وه‌ و ئاماده‌بوونی خۆی نواند. ده‌شێ زۆر لە كێشه‌كانی ناو دامه‌زراوه‌ی حزب له‌ كوردستاندا، په‌یوه‌ندیی به‌ ناكۆكیی نێوان كۆن‌ و نوێوه‌ هه‌بێت، نه‌ك به‌رنامه‌ و ئایدیۆلۆجیا‌ و ستراتیژ. بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر له‌ رووی راستییه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و ململانێ‌ و ناكۆكییانه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌ ساڵانی شه‌سته‌كاندا جه‌سته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانی گرته‌وه‌، ئه‌وا ناتوانین بیسه‌لمێنین، كه‌ جیاوازیی بیر و بۆچوون‌ و ئایدیۆلۆجیا و ستراتیژی كاركردن هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌و ناكۆكی‌ و ململانێیه‌، كه‌ دواجار دابه‌شبوونی لێ كه‌وته‌وه‌، به‌ڵكوو له‌ڕاستیدا هۆكارێك هه‌میشه‌ له‌ ململانێكانی نێوخۆی حزبی كوردیدا ئاماده‌یه‌، ئه‌ویش ناكۆكی‌ و ململانێی نێوان نه‌وه‌ی كۆن‌ و نه‌وه‌ی نوێیه‌. نه‌وه‌ی كۆن پێی وایه‌ خۆی ره‌وایه‌تیی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ تا له‌ ژیاندا بێت ده‌بێ ئه‌و خاوه‌نی هه‌موو ده‌سه‌ڵات‌ و بڕیارێك بێت‌ و ناتوانێت دان به‌ بوونی نه‌وه‌ی نوێدا بنێت، نه‌وه‌ی نوێش پێی وایه‌ سه‌رده‌می نه‌وه‌ی كۆن به‌سه‌ر چووه‌ و ئه‌و ناتوانێت له‌ پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌می نوێ تێبگات‌ و ناتوانێت به‌پێی پێداویستییه‌كانی ژیانی نوێ‌ و سه‌رده‌می نوێ كار بكات‌ و حزب‌ و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ڕێوه‌ ببات. دیاره‌ نه‌وه‌ی كۆن ره‌گ‌ و ریشه‌ی له‌ خاكدایه‌ و ئه‌زموون‌ و هێز و هه‌ژموونێكی جێگیر و پته‌وتری هه‌یه‌ له‌چاو نه‌وه‌ی نوێ و ئه‌وه‌ش زۆرجار وا ده‌كات، له‌ ململانێكانی نێوان دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و حزبیشدا له‌ كوردستاندا هه‌ژموونی نه‌وه‌ی كۆن باڵاده‌ستتر ده‌ربكه‌وێت‌ و زۆربه‌ی كات بوار بۆ نه‌وه‌ی نوێ نه‌كاته‌وه‌، كه‌ بوونی خۆی بسه‌لمێنێت، نه‌وه‌ی نوێش له‌به‌ر كه‌مئه‌زموونی و لاوازیی توانا و ئاستی تێگه‌یشتن و نه‌توانینی لێكدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی واقیع وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌، زۆربه‌ی كات له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی پێشتردا وه‌كوو به‌زیو یان پاشه‌كشه‌كردوو ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌ش وای كردووه‌، زۆربه‌ی كات سه‌ربای ململانێی سه‌ختی نێوان ئه‌و دوو نه‌وه‌یه‌، نه‌وه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی سه‌ختی نه‌وه‌ی كۆندا رابێت‌ و هه‌ڵبكات‌ و به‌ جۆرێك خۆی بداته‌ ده‌سته‌وه‌. ده‌شێ ئه‌مه‌ش یه‌كێكە له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی لاوازیی ئاستی نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕانكاری له‌ كوردستاندا، چ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و چ له‌سه‌ر ئاستی سیاسی. ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ی، كه‌ له‌ شه‌سته‌كاندا له‌ سه‌ركردایه‌تیی بارزانی جیابوونه‌وه‌، پاشان به‌ناچاری هاتنه‌وه‌ ژێر سایه‌ی هه‌ژموون‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و. ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ی، كه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیدا، چه‌ند جار یاخی بوون‌ و له‌ شێوازی ده‌سه‌ڵاتی باوكسالاری‌ و ئیلهام وه‌رگرتوو له‌ دابونه‌ریت‌ و عه‌قڵی باوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی سه‌ركردایه‌تیی تاڵه‌بانی بێزار بوون، نه‌ك هه‌ر هاتوونه‌ته‌وه‌ ژێر سایه‌ی ئه‌و هه‌ژموون‌ و ده‌سه‌ڵات‌ و عه‌قڵه‌وه‌، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ رۆیشتنی كاتدا خۆیشیان بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌و عه‌قڵ‌ و میتۆدی كاركردنه‌ی، كه‌ پێشتر لێی یاخی بوون. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌قلیدیی وه‌كوو ئێمه‌دا، یاخیبوون له‌ ده‌سه‌ڵاتی باوك‌ و یاخیبوون له‌ دابونه‌ریت‌ و عورفی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ئاسان نییه‌ و ئه‌وانه‌یشی، كه‌ دروشمی خه‌باتیان بۆ گۆڕینی ریشه‌ی ئه‌و كو‌لتوور و دابونه‌ریته‌ هه‌ڵگرتووه‌، خۆیان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسا و رێسایانه‌دا ده‌جووڵێن، كه‌ به‌رهه‌می ئه‌و دابونه‌ریت‌ و كولتوور و عورفە‌یه‌. كه‌واته‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای باسه‌كه‌، ئێمه‌ چه‌ندێ ئیدیعای نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕانكاری‌ و رووخاندنی بنه‌ما ته‌قلیدییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و دابونه‌ریت‌ و عه‌قڵی باو و باڵاده‌ستی كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ین، ده‌ربازبوونمان له‌ هه‌ژموونی ئه‌و خاسێتانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ رووی نه‌سته‌وه‌ ئاماده‌یی خۆگۆڕین‌ و گۆڕانكاریی ریشه‌ییمان نییه‌ و ده‌توانم بڵێم، له‌ بارێكی تردا هه‌موومان به‌ جۆرێك خۆپارێز و نەریتپارێزین.  


زانا توفیق بەگ   بابەتی  ڕەوایەتی و یەکسانی  بۆ هەر پڕۆژەیەك  یەکسان دەکرێتەوە   بە کەرامەتی مرۆڤەکانی ناو جڤاتی گشتی کۆمەڵگا.  ئێمەی کورد وەکو بونەوەرێکی   خاوەن ماف و  هەڵگری چەمکەکانی مرۆڤ دۆستی لە ناو ژینگەیەکی وەکو کوردستان دا . مە حاڵە واتای  ڕەوایەت و یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ  لە خۆماندا ببینینەوە چۆنکە ڕەگەزەکانی  بیرکردنەوەی  یەکسان  بوون لە ناو ئایدیەکان و هزرماندا  بوونی  نیە  ئێستای ئێمە یەکسان کراوە بە بابەتە مادیە کان  .  بابەتە مادێکان  ئێمەی لەگەڵ خویدا ڕاماڵیە وە ،  ئێمە تەنها بوونی خۆمان لە دنیای مادیی دا ،  دەبیننەوە لا مان وایە ئەگەر هاتوو تۆ خاوەنی گیرفانێکی مادی پڕ نە بوویت ئیتر تو داماڵدراوی لە کەرامەت و ژیان دۆستی و مرۆڤ دۆستی. هەرچەندە تۆ مافی ئەوەت هەیە کە جیاواز بیت لەگەڵ بەرامبەرە کەت وە  رێزی ئەو جیاوازیە لە سەر بنەما و کارو لێ هاتووی بێت وە دەست کەوتە مادێکانیش هەر لەسەر ئەو بنە مایە بێت نەك لە سەر دۆزینەوە ی پاساوی نایاسای بۆ ئەوەی  پرۆژەیەکی پێ بکەیت بە یاسا.  با بە تی خانە نشین کردنی پلە باڵاکان و ئەندامە  بەڕیزەکانی نوێنەرانی گەل لەم چەند رۆژە دا  کۆمەڵێ دیدی جیاوازی بە دوای خۆی دا هێنا ئەو سحرەی بە تەواوی بە تاڵ کردوە کە ئایا دەزگای پەرلە مان شەرعێتی لە   گەلەوە  وەرگرتووە یان شەرعێتی لە پارەی خانە نشینی دوای کاری پەڕلەمانی ،  ئاخۆ کامیان  شەرعێتە راستەقینە کە یە پارە یان بەرگری لە  گەل . دوای بیبنی دیمەنەکانی ناو پەڕلەمانی کوردستان و ئەندامە بەڕیزەکانی پەڕلەمان کە نوێنەری  بە ناو راستەقینەی  خەڵکی هەرێمی کوردستانن  تەنها  کێشەیان بریتیە  بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خودی خۆیانن هەڵپەی دابین کردنی داهاتوویەکی خۆشگوزەرانن بۆ خۆیان و نەوە کانیان .  بێ گۆمان  لە دوای بیبنی دیمەنەکان و هە لوێستە کان و لێدوانەکان هیچ  گۆ مانێك  هەڵناگرێ بۆ تێگەیشتن لە جەوهەری کارکردنیان  لە ئێستاو ڕابووردوودا هەر بۆ ئەوەی  زیاتر وورد بینەوە لە پاڵنەرەکانی ئەم بوونەوەرانەی پەرلەمان تی بگەین . گرنگە بە ووردی و  لە بنەڕتەوە هێما بۆ دروست کردنی کەلتووری دزکردن و گە ندەڵی وەکو ڕەمزێکی پیاوەتی ئازایەتی شانازی خۆنمایش کردن  لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا بخەینە ڕوو لە دوای دروست کردنی یەکەم پەڕلەمانی کوردستان دروست کردنی دەزگاکانی یاسادانان و  دەزگای  جێ بەچی کردن تا دەگاتە دەزگای قەزائی ئەم دەزگایانە وەکو چوارچێوەیەکی دەوڵەتداری کاریان نە کرد ئەم دەزگایانە نە یان توانی لە دوای زیاتر لە ٢٨ ساڵ لە ئەزموون مرۆڤێکی ایداری دەست پاکی بەرژەوەند خوازی گشتی بۆ ئێمە دروست بکەن ئەم  دەزگایانە زیاتر خەریکی کاری بزنزو دابین کردنی پرۆژە تایبەتێکانی خۆیان بوون ، وە ئەم دەزگایانەیان بۆکاری  ناشەرعی و بە سپی کردنەوەی سامان و بە یاسای کردنی بۆمەبەستی   پرۆژەکانیان بەکار هێناوە. هەر لەم دیدە وە قۆناغ بە قۆناغ تێکشاندنی  کەرامەتی مرۆڤەکان دەستی پێ دەکات تا کار گەیشتە ئەوەی بیرکردنەوەی مرۆڤی ئێمە چووە حاڵەتی  خەساندوە، خۆ دەوڵە مەند کردن لەسەر داهات و سامانی گشتی  رۆژ بە رۆژ ئەم جۆرە دیدەو پەروەردەیە لە ناوکایەی گشت  ووڵاتدا فراوان تر دە بوو تەنانەت  زیاتر بەهای کار کردن و خزمەتی گشتی کورت کرا بۆ وە  بۆ وەرگرتنی پۆستێکی ایداری سیاسی تا بتوانی خۆتی پێ دەوڵەمەند  بکەی یان لە کۆتا دا بتوانی خۆتی پێ خانە نشین بکەی، ئەوەی لای مرۆڤی کورد و کاربەدەستانی ئەم ووڵاتە گرنگ نیە پارێزگاری لە شیرازەی کۆمەڵگاو دروست کردنی انتمای نیشتمان و خوشەویستی لە پێناو خزمەتی گشتی هەوڵ دان بۆ پاراستی سامانی گشتی وەکو ئەرك و ئەخلاق . بەتایبەتی باشترین نمونە ئەم کارەساتەی پەرلەمانی کوردستانە چونکە ئەم دەزگایە کە لێنیکی هێجگار گەورەی دروست کردوە لەسەر ئاستی گشتی و  بەتایبەتی لە ناو خودی خویدا ئەگەر سەرنج بدەین لەسەر بچوکترین هەوڵ بۆ کەم کردنەوەی  بە فیڕۆدانی سامانی گشتی  کە بریتیە لە هەڵوەشاندنەوە ئەو یاسا بەردکارەی کە ناوی یاسای خانە نشینی پلە باڵاو ئەندام پەڕلەمانە کانە  لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەتی دا ناتوانن یەك بڕیاری دەستە جەمعی بدەن بۆ بنەبڕ کردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەم کارەساتە نا لۆژیکەی کە ناوی یاسای بە تەمەڵ کردنی کۆمەڵگا لەسەر داهاتی گشتی و سامانی ووڵات .           


  ساڵح ژاژڵه‌یی     به‌شی‌ ده‌یه‌م    سیناریۆی‌ دیاریکرنی‌ به‌ربژێره‌کان بۆ حکومه‌ت    ئەم چەند دێرەی لە سەرەتای ئەم بەشەدا دەیان نوسم پەیوەندی بە بەشی نۆیەمەوە هەیەو دەبوو لەویدا باسی بکەم، بەراستی لە یادم کردبو زۆر بەگرینگیشی دەزانم هەموان لێی ئاگادار بن . کاتێک لە سوید هاتمەوەو بەدواداچۆنم دەکرد بۆ ئەوەی بزانم کێ ئەم دوو یاسایەی تێپەراندوە ، پەیوەندیم  کرد بۆ بەریز کاک عومەری حاجی عینایەت  ئەندامی پەرلەمان، داوام لێکرد زانیاریم بداتێ و چۆن ئەم یاسایە تێپەرینراوە. لە وەڵاما وتی : من زۆر هەوڵم داوە ئەو دوو یاسایە تێنەپەریت و وتومە ئەمە لە زیان زیاتر سودی بۆ گۆڕان نابێت .  کاک عومەر دەڵێت:  کاک برزو و عەلی حەمە سالح وتویانە  لە گردەکە وە  پێمانوتراوە. واتە ئەوە فەرمانەو دەبێ جێ بەجێ بکرێت . کەواتە پێش ئەوەی لەپەڕلەمان قسەی لەسەر بکرێـت ، پێشوەخت لەگەل  پارتی ڕێکەوتن کراوە. دواجار لە کاتی دەنگداندا کاک عومەر و خاتو پەرواو دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین دەنگیان نەداوە بۆ تێپەڕاندی ئەو دوو یاسە . پێ دەچێت کەسانی تریش هەبوبن ئەوەیان پێ باش نەبوبێت  بەڵام نەوێراون دەنگ نەدەن .   دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ کۆتا بڕیار درا بۆ به‌شداریکرن له‌ حکومەتەدا، بڕیاردرا که‌ لیژنه‌یه‌ک پێک بهێنرێت و ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌کلایی که‌ره‌وه‌ی‌ هه‌بێت بۆ دیاریکردنی‌ به‌ربژێره‌کان بۆیە بڕیاردرا کۆبونه‌وه‌ی‌ جڤات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بکه‌ین.  رۆژی‌ کۆبونه‌وه‌که‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرا  کە پێش وەخت لیژنه‌یه‌کی‌ 7 که‌سی‌ پێکهێنراوه‌و ناوه‌کانیش دیاریکرابون. به‌ڵام وه‌کو بۆمان ده‌رکه‌وت و بە بن گویی ئێمەیاندادا  جڤاتی‌ نیشتمانی‌ هه‌ڵویستی‌ هه‌بوه‌ له‌سه‌ر دوان لە‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌که‌. واته‌ ئه‌وانه‌یان به‌دڵ نه‌بوه‌. ئەو دوو بەریژەش دکتۆر دەرباز و ئاسۆ رەحیم بون . به‌ کورتییه‌که‌ی‌ ئه‌یانویست شه‌ڕه‌که‌ به‌ ئێمه‌ بکه‌ن و ئێمە بریار بدەین  ناوی  ئەو دوو کەسە لە لیژنەکە  دەربهێنین .  قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ کراو به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی‌ مایه‌وه‌ دوای‌ دوو رۆژ سه‌یرمان کرد ژماره‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌که‌یان کردوه‌ به‌ 13 که‌س و ئه‌و دوو که‌سه‌ش هه‌ر له‌ لیژنه‌که‌دا ماون که‌ پێشتر به‌ دڵی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ نه‌بون.  کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ خۆشی‌ بۆته‌ سه‌رۆکی‌ لیژنه‌که‌.  لە راستیدا نەدەبوو  کاک عومەر بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبول بکات ئەگەر زۆریشی لێ بکەن ، چونکە کاک عومەر لە هەموو کارێکدا سەرکەوتو بێت لەم کارەدا سەرکەوتو و نابێت  ، چونکە ناتوانێت  بێ لایەن بێت.  دوای‌ دوو مانگ وه‌ره‌و بڕۆ و دانیشتن هیچ ئه‌نجامێکی‌ نه‌بوو.  دیاره‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌مه‌ هه‌ر سیناریۆ بوه‌و بۆ خه‌ڵه‌تاندن و ده‌ستی‌ ده‌ستی‌ بوه‌. دواجار لیژنه‌که‌ بڕیاری‌ خۆی‌ دابوو به‌پێی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی‌ دانرابون ،  بۆ هه‌ر پۆستێک 3 که‌سیان به‌ربژێر کردبوو.  بڕیاری‌ پێش وه‌ختیش ئه‌وه‌بوو دوای‌ ده‌ستنیشان کردنی‌ 3 به‌ربژێر بۆ هه‌ر پۆستێک  هه‌ردوو جڤاتی‌ گشتی‌ و نیشتمانی‌ ده‌نگیان له‌سه‌ر بده‌ن. به‌ڵام هه‌ندێک له‌ براده‌رانی‌ خانه‌ش و جڤاتی‌ نیشتمانیش ترسی‌ زۆریان هه‌بوو له‌وه‌ی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ به‌شداری‌ ده‌نگدان بکات.  هۆکاره‌که‌شی‌ بۆ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕایه‌وه‌ که‌ ئه‌ندامانی‌ جڤاتی گشتی بێمنه‌تن و خۆیان ئازادن چۆن و به‌ کێ ده‌نگ ئه‌ده‌ن. بۆیه‌ سه‌دان به‌هانه‌و شێله‌و بێله‌یان ده‌هێنایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ به‌شداری‌ ده‌نگ دان نه‌که‌ین.   به‌ڕاستی‌ ئێمه‌ش هه‌ڕه‌شه‌مان کرد ئه‌گه‌ر به‌شداری‌ ده‌نگدانه‌که‌ نه‌که‌ین. ده‌رگای‌ جڤات دائه‌خه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌ر به‌شداری‌ ده‌نگدان نه‌که‌ین. جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بڕیاری‌ دا ده‌سه‌ڵات بده‌نه‌ ده‌ست رێکخه‌ری‌ گشتی‌ و دواجار له‌ رێگای‌ ئه‌م سیناریۆیه‌وه‌ رێگایان له‌ ئێمه‌ گرت وه‌کو جڤاتی‌ گشتی‌ ده‌نگ بده‌ین. لێرەوە بە ئاشکرا دەردەکەویت جڤاتی نیشتمانی لە ئاستی ئەو بەر پرسیاریەتەدا نیە کە لە پێناویدا پێک هاتووە . کاک عومەری سەید عەلیش ئەوەی لە خوا دەویست و کاری بۆ ئەوە دەکرد  تاک لایەنە بریار بدات و ئەوەی دەیەویست ئەوە بکات و بەرژەوەندی بزوتنەوەکەو نارەزایەتی هیچ کەسی بەلاوە گرنگ نەبوو . دواجار هەموو سیناریۆ و پلانەکە وەکو خۆی دەرچوو . شایانی‌ باسە ئێمە وەکو جڤاتی‌ گشتی‌ پێشتر پێشنیارمان کردبوو هیچ کەسێک  لە ئەندامانی‌ خانەو کادرە ئەساسیەکانی‌ رێکخستن و ئەوانەی‌ پێشتر پۆستی‌ حکومییان هەبوە یان ئەندامی‌ پەرلەمان بون پۆست وەرنەگرن بۆئەوەی‌ بۆشایی رێکخراوەیی دروست نەبێت و لە لایەکی‌ تریشەوە بۆ ئەوەی  کەسانی‌ بە تواناو شایستەو موستەحەقیش شانسی‌ وەرگرتنی‌ پۆستیان هەبێت. بەڵام وەکو لەدوییدا دەرکەوت هیچ حسابێکیان بۆ پێشنیارەکەی‌ ئێمە نەکرد.   ئەگەر بەهانەکەی کاک عومەری سەید عەلی بۆ دانانی کوێستان خان ئەوە بوبێت کە دەبی ئافرەتی تێدابیت ، ئەوەش لە شوینی خۆیدا نییە ، باشە بۆ ئافرەتیکی تری دانەنا بۆ ئەوەی کەس گومانی نەبێت ؟. لە لایەکی تریشەوە مەرج نییە لە چوار وەزیرەکە یەکێکیان ئافرەت بێت ، چونکە ژمارەی ئەو پیاوانەی حەقی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەیە زۆرترن. دەکرا پۆستی جێگری وەزیرێک بۆ ئافرەتەکان دیاری بکرێت . بەڵام کاک عومەر ئەوە ناکات چونکە پۆستەکەی بۆ ئەو دانابوو .  کاک عومەر خۆی پیشمەرگە بوە . دەزانێت دکتۆر هەژار لە کەیەوە پێشمەرگە بووە، بونی دکتۆر لە پیشمەرگایەتیدا چ  رۆلێکی گرنگی هەبووە . لە سەروی ئەمەشەوە دکتۆر هەژار بروانامەی دکتۆرای هەیە لە بواری دەرونیداو مامۆستای زانکۆیە و ئەو بروانامەیە رێک بۆ ئەو بوارە دەگونجێت . جگە لەمەش پێشتر پۆستی وەرنەگرتوە و گورانخوازێکی زۆر باش بوە .   ئەگەر ئەوەش بکات بە بەهانەو بڵی ئەگەر ئەو دابنێم، دوایی گۆڕانخوازان گلەیی دەکەن و دەڵێن ، ئەوە لەبەر خاتری دکتۆر رەئوفی برایەتی، ئەوەش بەهانەیەکی بێ مانا دەبێت ، چونکە دەبێ  دکتۆر هەژار  لەبەر خاتری خەبات و ماندوبونی خۆی دانرێت، نەک براکەی. دکتۆر هەژار پیشمەرگە بووە ، نەک دکتۆر رەئوف .  ئەگەر کاک عومەر لەسەر بنەمای تەکەتول خاتو کوێستانی دانەناوە، با بفەرموێت رونکردنەوە بدات بۆ ئەوەی کەس قسەی نەمێنێت . ئەی باشە بۆچی ئاراس وەلی نەکرێتە وەزیر لەبەر دوو هۆکار . یەکەم : لە سەرەتای بزوتنەوەی گۆرانەوە بەشدارە. خاوەنی کەسایەتییەکی زۆرباشەو کەسێکی بەرێزەو  کاری خۆی بە باشی کردووە . دووەم : ئەم پیاوە شانسی نەبوە زانکۆ تەواوبکات. دەکرێت بکرێت بەوەزیر بەڵام ناکریت بکرێتە بەریوەبەری گشتی چونکە بروانامەی زانکۆی نییە .   لە ئەوروپاش  خەڵک هەیە بۆتە سەرۆکی حکومەت و بروانامەی زانکۆشی نەبوە .  ئەمە کاریکی نایاسایی نییە . مەسەلەکە ڕوونە، ئەم پۆستە دەبی هەر بۆ ئافرەت بیت، لەناو ئافرەتەکانیش دەبی هەر بۆ کوێستان خانبێت . ئەی باشە بۆچی ئەم پۆستە بۆ  چیمەن خان نەبێت لە سەرەتای بزوتنەوەی گۆڕانەوە  شێلگیرانە  کاردەکات و زۆر چالاکە .  ئەی بۆچی بۆ شانازخان خێزانی عەلی چەلەبی نەبێت  کە لەپێناوی گۆڕاندا کەوتنە سەر ساجی عەلی. یەعنی ئەگەر کوتلەبازی نییە کوێستان خان چی مەرجێکی تیادایەو ئەمانەی تر تیایاندا نییە، دوو خول پەرلەمانتار بووە چی بەرهەمێکی هەبووە؟ بۆچی ئەبێت جارێکی تریش بکرێت بەوەزیر؟ پسپۆڕییەکەی ئەوەندە دەگمەن و قاتییە ئیشەکە هەر بەو دەکرێت، یان چی؟. هەر بۆ زانیاری لە سەرەتاوە کوێستان خان هەر سیڤیشی پر نەکردبۆوە . دوایی سیڤی  پرکردبۆوە . کاتێکیش لیژنەکە بەربژیرەکان بۆ وەزارەتی کارو باری کۆمەڵایەتی  دەست نیشان دەکات  کوێستان خان چوارەمین کەس دەبێت لە دوای چیمەن خان و کاک ئاراس  وەلی و دکتۆر هەژار. واتە ئەو هەر لە بنەرەتدا بەربژیر نەکراوە .ئەگەر بە قسەی لیژنە ناکەی بۆ بە خۆرایی خەڵک مەشغول دەکەی ؟؟؟.  ئەی کاک عومەر پێمان ناڵێت ئەم ئینکاریەی  بۆ دانی کوێستان خان لەسەر چ بنەمایەکە ؟؟.  کەواتە لە سەرەتاوە فەلسەفەی ئەم حیزبە لەسەر بنەمای تەکەتول و پەراویزخستن و ملشکاندن و فێلیکردن و کلاوکردنە سەرەوە دروستکراوە بۆیە ئەوئەنجامەی ئێستای لێدەر چوو.  لە هەموی گرنگتر ئەوەیە کە لە بنەرەتدا  ئەو وەزارەتە هەر زیادەیەو هەموو کاری ئەو وەزارەتە  بە بەڕێوەبەرایەتییەک بەڕیوە دەچێت.  زۆری ژمارەی وەزارەتەکان خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی نیشتمانییە .  ئەگەر بەراستی دەیانەویت چاکسازی بکەن ، با ژمارەی وەزارەتەکان کەم بکەنەوە .  با حکومەت سەر ژمیرییەک بکات و بزانن چەند راویژکاری بی ئیش تەنها بۆ موچە دامەزرێنراون لە سەرۆکایەتی هەریم و پەرلەمان و حکومەتدا . کاک عومه‌ریش خه‌نی‌ بوو به‌و بڕیاره‌و ئه‌وه‌ی‌ به‌ لایه‌وه‌ گرنگ بوو بیکاته‌ وه‌زیر خاتو کوێستان محەمەد بوو . زۆرینە‌ پێیان وابوو خاتو کوێستان دوو دەورە ئەندامی پەرلەمان بوەو لە ئێستاشدا خانه‌نشینی‌ په‌رله‌مانه‌و خه‌ڵکانی‌ تر هه‌ن، هه‌م به‌ توانان و مه‌غدوریشن. به‌هه‌ر حاڵ کاک عومه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ته‌که‌توله‌که‌ی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ سلێمانی‌ بڕیاری‌ خۆی‌ داو ئاواته‌که‌ی‌ خۆی‌ به‌ زیندویی هێنایه‌ دی‌ و قسەی خۆی بردە سەرو حسابی بۆ کەس نەکرد.  ئه‌وه‌ی‌ جێی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ مانگێک پێش ئه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ پێکبهێنرێت بۆ دیاریکردنی‌ به‌ربژێره‌کانی‌ حکومه‌ت. ته‌له‌فزیۆنی‌ روداو ناوی‌ هه‌موو وه‌زیره‌کان و کاک مسته‌فاو مامۆستا جه‌لالی‌ بڵاو کرده‌وه‌ ته‌نها ناوی‌ به‌ڕێز که‌مال موسلیمی‌ تێدا نه‌بوو. دیاره‌  پۆستی جێگری سەروکی حکومەت کە بریار وابوو دایتاشن بۆ مامۆستا جەلال، نەکراو لێی پەشیمان بونەوەو بە نسیبی مامۆستا جەلال نەبوو . کەواتە پێش وەخت پۆستەکان یەکلایی کرابونەوە . کەواتە  دروستکردنی لیژنە بۆ شاردنەوەی راستیەکان بوو لە گۆڕانخوازان و هەر لەسەرەتاوە سیناریۆ بوە .   ئەگەر مامۆستا جەلال لە سەرەتاوە بیزانیایە ئەو پۆستە بۆ ئەو نابێت ، یان لە سەرەتادا هەوڵی وەرگرتنی وەزارەتێکی دەدا لە بری ئەو پۆستە، یان هەوڵی ئەدا ئەو رێکەوتنە سەر نەگرێت ، ئەگەر سەرنج بدەن  لە ئێستادا کەوتوتە تانە لێدان و قسەکردن لەسەر چاکسازی. بەراستی مامۆستا جلال ئەو تیرەی بە دەستی چەپە هاویشت و نیشانی نەپێکا. سیناریۆی‌ دانانی‌ وه‌زیره‌کان کۆتایی هات و سیناریۆی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن بوو به‌ باس و خواس. به‌بێ هیچ پێشینه‌یه‌ک به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ باس و خواسێک له‌ ئارادابێت. له‌ پڕجڤاتی‌ نیشتمانی‌ بڕیاریدا رۆژی‌ 12/ 9/ 2019  جڤاتی‌ گشتی‌ کۆبونه‌وه‌ی‌ خۆی‌ بکات و سه‌رۆکی‌ نوێی جڤات هه‌ڵبژێرن. هه‌روه‌ها رۆژی‌ 14هه‌مان مانگ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ کۆببێته‌وه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ 6 ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن بده‌ن.  به‌ڕاستی‌ ئه‌وه‌ وه‌ک شۆک وابوو بۆ ئێمه،‌ چونکه‌ وه‌کو خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن ماوه‌ی‌ یاسایی ته‌واوبوه‌. 4 ساڵیش له‌وه‌ پێش جڤاتی‌ نیشتمانی‌ ماوه‌ی‌ یاساییان ته‌واو بوه‌ و چۆن ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ ئه‌ندامانی‌ خانه‌ هه‌ڵبژێرن. ئێمه‌ داوامان لێکردن هه‌تا کاتی‌ کۆنگره‌ با ماوه‌ بۆ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن درێژبکرێته‌وه‌. ئه‌و کاته‌ هه‌ڵبژاردن له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ بکرێت ئه‌ندامانی‌ تازه‌ی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ هه‌ڵبژێرێن و ئه‌و کاته‌ ده‌نگدان بکه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن.  دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیابوین که‌ پاشگه‌ز نابنه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنه‌که‌ هه‌ر ده‌کرێت. به‌نده‌ وه‌کو جێگری‌ سه‌رۆکی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ و 6 ئه‌ندامی‌ به‌ڕێزی‌ تری‌ جڤات له‌ رۆژی‌ 10 مانگ واته‌ دوو رۆژ پێش هه‌ڵبژاردن نامه‌ی‌ ده‌ست له‌ کارکێشانه‌وه‌ی‌ خۆمان لە ئەندامێتی جڤاتی گشتی و بزوتنەوەی گۆران  ته‌سلیم به‌ به‌ڕێز رێکخه‌ری‌ گشتی‌ کرد. کۆتا سیناریۆی‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ ئه‌مه‌بوو: ته‌نها دوو رۆژ پێش هه‌ڵبژاردنی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆکایه‌تی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ که‌ له‌ سه‌رۆک و جێگر و سکرتێردا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌و سه‌رۆکی‌ جڤاتیش ده‌بێته‌ ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن. له‌ راستیدا که‌س بۆی‌ نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ جڤاته‌وه‌ بهێنرێت و خۆی‌ کاندید بکات.  هەر بۆ ئاگاداری‌ هەموو لایەک دکتۆر رەئوفیش بەر لە نزیکەی‌ ساڵیک بە منی‌ وتبو کە جارێکی‌ تر خۆم بۆ سەرۆکایەتی‌ جڤات کاندید ناکەمەوە، چونکە کارەکانی‌ خانە بە باشی‌ ناڕوات بەڕێوە، بڕیارەکان جێبەجێ‌ ناکرێن و زۆر دوادەکەون. چونکە بڕیارەکان بە تەنها لە دەستی‌ خانەدا نین. به‌ڵام له‌ چاوتروکانێکدا مامۆستا جه‌مال حاجی‌ محەمەد که‌ پێشتر سکرتێری‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن بوو. هێنایانه‌ کۆبونه‌وه‌ی‌ جڤات و ده‌ریشیان چواند. به‌لای‌ منه‌وه‌ ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین غەدرە‌  لە ئه‌ندامانی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ و نایاسایشەو دەستور بەزێنراوە . قسه‌که‌ له‌سه‌ر مامۆستا جه‌مال نییه،‌ چونکه‌ هاوڕێی خۆمه‌، به‌ڵام من قسه‌ له‌سه‌ر پڕۆسه‌که‌ ئه‌که‌م که‌ زۆر نا ده‌ستورییه‌.  دوایی هۆکاری خۆ کاندید کردنی مامۆستا جەمالیشم بۆ دەرکەوت . راستیەکەی ئەوەیە کە کاک عومەری سەید عەلی زۆری لێکردوە بۆ ئەوەی خۆی کاندید بکات بۆ ئەوەی لە خانەی راپەراندندا پشتیوانی لێبکات، چونکە لە ئیستادا خانەی راپەراندن بۆتە دوو تەکەتول . هه‌ر وه‌کو له‌ به‌شه‌کانی‌ پێشتریش ئاماژه‌م به‌ ئه‌وه‌ کرد که‌ کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ له‌ ساڵی‌ 2004 یه‌کێک بوه‌ له‌وانه‌ی‌ داوایان له‌ مام جه‌لال کردوه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ پۆسته‌که‌ی‌ ببێت، چونکه‌ ته‌مه‌نی‌ بۆته‌70 ساڵ .  به‌ڵام کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ ئێستا ته‌مه‌نی‌ 75 ساڵه‌و خه‌رێکی‌ ته‌که‌تول و سیناریۆ رێکخستنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێکی‌ تر ببێته‌وه‌ به‌ رێکخه‌ری‌ گشتی‌ و ئێستا چۆن وه‌ڵامی‌ خه‌ڵک ئه‌داته‌وه‌ دەربارەی‌ ئەوەی‌ بۆچی‌ کورسییەکانی‌ گۆڕان لە 24 وە بونە 12 کورسی‌ . چی‌ بە خەڵک دەڵێت کە بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ وای لیهات؟؟؟.  چی‌ ئەڵێت کە  12 دکتۆری‌ زانکۆ دەستییان لە کارکێشایەوە؟؟؟. ئەی لە خۆی ناپرسێت بۆچی گۆرانخوازان دەستە دەستە واز لە گۆران دەهێنن؟.  ئاواته‌خوازم‌ کاک عومه‌ر سه‌ید علی‌ ته‌مه‌نی‌ درێژ بێت و له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا به‌ چاوی‌ خۆی‌ بیدیایه‌ چ کاره‌ساتێکی‌ به‌سه‌ر گۆڕاندا هێناوه‌.  خۆ له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ‌ کەسی نەشارەزاو بێ ئاگا و بەرژەوەندیخواز بڵێن جا چی بکه‌ین چاره‌ نییه‌و له‌ ئێستادا له‌ کاک عومه‌رمان باشتر نییه‌. به‌ڵام با هه‌موان باش بزانن ئێستاش و پێشوتریش له‌ کاک عومه‌ر باشتر هه‌بون بۆ ئه‌و جێگایه‌، به‌ڵام پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی‌ نه‌یانهێشت که‌سی‌ تر ئه‌و پۆسته‌ وه‌رگرێـت؟  


هێمن مامەند پێش ناوهێنانی ئەو كەسە دووڕای جیاواز هەبوو ، هەندێك پێیانوایە كەئەمە بابەتێكی شەخسیە، بەڵام من دەپرسم ئەمە چۆن شەخسیە، كەبەرپرسانی ئەم هەرێمە جەنەراڵێكی ئەمریكیان هێنا كردیان بەراوێژكاری خۆیان لەكوردستان،  بێت بەهەزار مسقاڵ ئاڵتون هاوسەرگیری سێیەم  ئەنجام بدات؟ ئایا ئەوپارەیەی لەكوێ بوو ؟؟پاشان ئەمە نایاساییە ، چونكە لەهەرێمی كوردستان ژن هێنانی دووەم و سێیەم نایاساییە ، پاشان كێ ئەم راوێژكارە ئەمریكیەی  فێری ئەوە كرد كەبچێت لەناوچە دابڕاوەكانی هەرێم مامەڵەی هاوسەرگیریەكە بكات، كەواتە ئەم كوردستانە كانگای گەندەڵیەو ئەگەر ماندێلاو غاندیش  لەژیان بووان و بهاتبوان بۆئێرە  بەرپرسانەی ئێمە فێری  گەندەڵیان دەكردن. ئەو كەسە كێیەو چ كارەیە كەبەنایاسایی ژنی  دووەمی لەهەرێمی كوردستان   هێناو هەزار مسقاڵ ئاڵتون وەك پێشەكی و پاشەكی  گرێ بەستی هاوسەرگیریەكەیانە؟ هاری  جیم  شووت ، كە جەنەراڵێكی ئەمریكیەو لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق هاتە هەرێمی كوردستان و دواتر بوو بەراوێژكاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت و سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستان، دوای مانەوەی لەهەرێمی كوردستان هاری شووت ، كەپێشووتر ژنێكی ئەمریكی هەبوو لێی جیاببووەو  بۆجاری دووەم  لەساڵی 2006لەگەڵ (گ، ز) ، كەكچە كوردێكی خەڵكی شاری هەولێر بوو هاوسەرگیریان  ئەنجامدا ، بەرهەمی هاوسەرگیریەكەشیان دوو كوڕەو  لەسەرووبەندی هاوسەرگیری سێیەمی هاری شووتی   لێك جیابوونەوە هەرچەندە جیابوونەتەوە بەجیا دەژین،بەڵام تائێستا لەدادگا جیابوونەوەكەیان پشت ڕاست (تصدیق) نەكراوە.   هاوسەری سێیەمی هاری شووت كێیە؟ ماوەیەك لەمەوبەر هاری شووت تەمەن 59ساڵ ،  بۆجاری سێیەم هاوسەرگیری لەگەڵ  كچە كوردێك بەناوی (ه،نـ، م) تەمەن 29 لەیەكێك لەدادگای ناوچە دابڕاوەكانی هەرێم   كوردستان ئەنجامدا هۆكاری ئەمەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە كەلەهەرێمی كوردستان هاوسەرگیری  دووەم رێگە پێنەدراوە". مارەیی گرێ بەستی هاوسەرگیریەكەیان چەندە؟ مارەییەكەی هاوسەرگیریەكەیان  پێشەكیەكەی   زیاتر لە 300 مسقاڵ ئاڵتونەو   پاشەكیەكەشیان حەفت سەد مسقاڵ ئاڵتونە، كەئەمە زۆر نایاسایی و نائاساییە، چونكە ئەمە  بەركەوتەی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە، لەكاتێكدا هەزاران دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان هەیە بەهۆی بێكاری و نەبوونی توانای ماددی  ناتوانن هاوسەرگیری ئەنجام بدەن، هەروەها دەبێت بپرسین ، كەئەم هەموو ئاڵتون و پارەیەی لەكوێ بوو ؟ ئایا كەهاتە هەرێمی كوردستان خاوەنی ئەو پارەیەبوو  ، یان بەنایاسایی ئەو پارەیەی پەیدا كردووە؟؟؟.       ئەو وتارانەی لە (درەو) بڵاودەبنەوە تەنها گوزارشتن لە بۆچونی خاوەنەكان و ( درەو ) بەرپرس نیە لە ناوەڕۆكەكەی


سەلام عەبدوڵا جیاوازییەكی‮ ‬زۆر هەیە لە نێوان ئەو سەركردانەی‮ ‬كە وڵات و خەڵكی‮ ‬خۆیان خۆشدەوێ و بە رۆح و بەگیان دەیپارێزن و لە پێناویدا هەزاران قوربانی‮ ‬دەدەن و ناهێڵن دوژمنان خاكیان داگیر بكات و وڵاتیان وێران بكات لەگەڵ ئەو بە حساب سەركردانەی‮ ‬كە تەنها لە پێناو دەستكەوت و ناوبانگی‮ ‬خۆیاندا بێ گوێدانە خەڵك و خاك و وڵاتیان بەرەو هەڵدێر و تێكدان وێرانبوون دەبەن‮.‬ یەكەمیان لە ترسی‮ ‬ئەوەی‮ ‬وڵات و خەڵكی‮ ‬نەكەوێتە بندەست دوژمنان،‮ ‬پەنا بۆ هەموو مۆڵەت و دەرفەتێك دەبات كە گەل و وڵاتی‮ ‬بپارێزێ و ترسی‮ ‬رەواش دایدەگرێت بۆیە زۆر بە هۆشیارییەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ هەموو رووداوەكاندا دەكات و بێ باك نابێت لەوەی‮ ‬كە خەریكە روو بدات‮. ‬مێژووش نموونەی‮ ‬زۆرە‮.‬ ئەمەش دەقا و دەق بە پێچەوانەی‮ ‬ئەو بەناو سەركردانەیە كە باكیان لە داڕمان و تێكدان و وێرانبوون و ماڵوێرانی‮ ‬هاووڵاتیان نییە،‮ ‬بۆیە ئەمانە لە شوێنە شاراو و نهێنیەكانەوە قسەی‮ ‬زل و درۆی‮ ‬زەبەلاح بەبا دەدەن و ئەنجامەكەشی‮ ‬تەنیا لە كوشت و كوشتارو قاتوقڕی‮ ‬و لە دەستدانی‮ ‬خاك،‮ ‬شتێكی‮ ‬دیكە نییە و نابێت و نموونەش لە مێژوودا زۆرە كە دیارترینیان هیتلەر و مۆسۆلێنی‮ ‬و سەدام حوسێنە‮. ‬حەسەن نەسروڵڵا كە سەرۆكی‮ ‬رێكخراوێكی‮ ‬تیرۆریستیە و و لەلایەن‮ ‬یەكێی‮ ‬ئەوروپا و زۆربەی‮ ‬وڵاتانی‮ ‬جیهانەوە خراوەتە لیستی‮ ‬تیرۆریستییەوە لە دوا پەیڤیدا لە شاراوگە ژێر زەمینەكەی‮ ‬كە جاروبار بە ڤیدیۆ شۆ خۆی‮ ‬نمایش دەكات،‮ ‬كۆمەڵێك قسەی‮ ‬نابەجێ دەرهەق سەرۆك بارزانی‮ ‬دەكات كە سەرلەبەری‮ ‬درۆوفیشاڵ و هەڵبەستراوە‮. ‬هەر خودی‮ ‬ئەم حەسەنە لە هێرشی‮ ‬تیرۆریستانی‮ ‬داعشدا بۆ سەر هەرێمی‮ ‬كوردستان هەر لە حەشارگەكەیەوە دەیفەرموو كە ئەمریكا ــ كاتێك داعش رووی‮ ‬كردە كوردستان ــ ئەوسا هاتە سەر خەت و كوردستانی‮ ‬پاراست،‮ ‬كەچی‮ ‬ئێستا هەر خۆی‮ ‬بە پێچەوانەوەی‮ ‬ئەو قسانەیەو بانگەشەی‮ ‬بێسەروبەر دەكات كە تەنیا لەو جۆرە كەسانە دەوەشێتەوە،‮ ‬مێژووی‮ ‬پەنجا ساڵەی‮ ‬رابردوو كە سەرۆك بارزانی‮ ‬لە داكۆكی‮ ‬لەگەل و خەباتی‮ ‬رزگاریخوازییدا و تێكشكانی‮ ‬دەوڵەتی‮ ‬تیرۆریستی‮ ‬داعشدا رۆڵی‮ ‬بەرچاوی‮ ‬گیراوە بە هیچ جۆرێك نابێ لەگەڵ تیرۆریستێكی‮ ‬ناسراودا بەراود بكرێت،‮ ‬بۆیە تەنیا ئەوە دەڵێین كە نەسروڵڵا و هاوشێوەكانی‮ ‬تەنیا مێژوویەكی‮ ‬رەش و ماڵوێرانی‮ ‬بۆ گەلانی‮ ‬ناوچەكەو شەرمەزاری‮ ‬لەدوای‮ ‬خۆیان بەجێدەهێڵن‮.‬     ئەو وتارانەی لە (درەو) بڵاودەبنەوە تەنها گوزارشتن لە بۆچونی خاوەنەكان و ( درەو ) بەرپرس نیە لە ناوەڕۆكەكەی


 كامەران مەنتك    زۆر لەوانەی دەربارەی ئەگەرەكانی دابەش بوونی ئێراق دەنووسن و داخێون، هەمیشە باس لە دابەش بوونی ئەو‌ وڵاتە دەكەن لەسەر بنەمای ئەتنیكی و ئاینزایی، واتە دابەشكردنی بۆ سێ پارچە، كوردو شیعەو سوننە!. ئەم بیركردنەوە تەقلیدیە بە كەسانی ئاسایی نەوەستاوە و تەنانەت زۆر لە هزرمەندو سیاسەتمەداری گەورەش لەو چوارچێوەیەدا بیردەكەنەوە‌!. لە راستیدا ئەم بیرۆكەیە بنەمایە لەسەر تێڕوانینیكێ سەرپێ و نەبوونی شارەزاییەكی قووڵ دەربارەی ئێراق و پشت بە شێوازی دامەزراندنی ئێراق دەبەستێت لەسەر بنەمای هاوكێشەی (كورد + سوننه ‌= شیعە). لەبەرئەوەی شیعە لە ئێراقدا زۆرینە پێكدەهێنن و بە تەنیا و لە رێگای دیموكراتیەوە دەتوانن بە بێكوردو سوننە ئەو بڕیارانەی بیانەوێت بیدەن، دوا دانیشتنی پەرلەمانی ئێراق و بڕیاردان لەسەر دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە ئێراق راستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت. بۆ شیكردنەوەی ئەم بۆچوونە بەرلەهەموو شتێك پێویستە ئاماژە بە هۆكارەكانی دابەشكردنی ئێراق بكرێت، كە نەگونجان و نەبوونی كەلتووری بەیەكەوە ژیان و یەكتر قبووڵكردنە، ئەمە سەرباری جیاوازی قووڵایی ستراتیژی هەریەك لەو پێكهاتانە، كە بۆتە سۆنگەی دەستتێوەردانی هەرێمی و بەرژەوەندی زۆر دەوڵەتی لەم ناوچەیە چڕكردۆتەوە!. سوننە بۆ ماوەی هەشتا ساڵ حوكمی ئێراقی كرد، كوردو شیعە لەو ماوەیەدا سەركوت كران، دوای رووخانی رژێمی سەدام شیعە هەموو وڵاتەكەی وابەستەی ئێران كرد و كوردو سوننەی پشتگوێخست!. لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا ئێراق هێندەی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندی زلهێزەكانی ئەو كاتە دروستكراوە، هێندە رەچاوی سەقامگیری و بەیەكەوە ژیانی خەڵكەكەی نەكراوە. واتە ئێراق لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمایەكی پووچ بوونیاتكراوەو ئەوەی لەسەر پووچیش بوونیات بنرێت هەمیشە پووچ دەردەچێت. لەگەڵ ئەو پووچیەشدا دابەشكردنی ئێراق كارێكی وا ئاسان نیەو پەیوەندی بە مەنزومەیەكی هەرێمی و جیهانیەوە هەیە. ئەگەر گریمانی ئەوە بكەین ئەو مەنزومەیەش گۆڕانكاری بەسەر داهات و ئەو دەرفەتەی هێنایە پێشەوە، ئەوا دابەشكردنی ئێراق لەسەر بنەمای سێ پارچە سەركەوتن بە دەست ناهێنێت، چونكە دەوڵەتی شیعەكان دوو هێندەی دەوڵەتی كوردو سوننە دەبێت و هەمیشە هەوڵی لرف كردنیان دەكات. چونكە ئەو دوو پارچە بە بە بەشێك لەخۆی دەزانێت و هەمیشە هەوڵی گەڕانەوەیان دەدات!. بە لایەنی كەم لە قۆناغی سەرەتایی دابەشكردنەكە‌، ئەگەر بێتوو دابەشكردنەكە كۆگیر نەبێت و دەوڵەتانی تری هەرێمەكەش، وەكو ( توركیاو ئێران و سوریا ) نەگرێتەوە!. بۆیە لە پێناو هێنانەدی سەقامگیری دەبێت شیعەكانیش بكرێن بە دوو پارچە، لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا ئەوان لەسەر بنەمای یەكەكەی دوو بەقەدەر كوردو سوننە هاوسەنگیان پێكراوە، واتە (كورد + سوننه ‌= شیعە). ئەگەر بمانەوێت دابەشكردنە هاوسەنگ بێت دەبێت هاوكێشەكە بەم شێوەیەی خوارەوە دابڕێژرێتەوە (كورد + سوننە + شیعە +شیعە= سەقامگیری)، چونكە شیعەكانیش لەناوخۆیاندا كێشەیان هەیەو بە شێك بۆ قووڵایی عەرەبی دەگەڕێنەوەو بەشەكەی تریشیان بۆ قووڵایی فارسی!. بۆیە باشترین چارەسەر دابەشكردنی ئێراقە بۆ چوار پارچە، ناوەڕاست و باشوور بكرێت بە دوو پارچە بەغداشیان لەگەڵ بێت، كوردو سوننەكانیش هەریەكەی لە ناوچەی خۆی. ئەگەر ئەوەش هاتنە دی ئاستەنگ بوو، ئەوا دەكرێت بەغدا وەكو ئێستا بە سەنتەر بمێنێتەوە پارچەكانی تریش لەسەر بنەمای كۆنفیدڕاڵی رێككەوتنێك ئەنجام بدەن!. یاخود بەغداش بە تەنیا لەسەر شێوەی دەوڵەتانی كەنداو بكرێت بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئەو كاتە ئێراق دەبێت بۆ پێنج پارچە دابەش بكرێت!. هەرچەندە لە هەموو حالەتەكاندا ئەم پارچەكردنە بە بێ قوربانیدانی زۆر نایەتە بەرهەم و لە رووی جیۆپۆلەتیكشەوە دەروازەی دەریای ئەو ناوچەیە (شاری بەسرە) دەخاتە بەردەستی شیعەكان، ئەمەش بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریگەری لەسەر زیادكردنی هەژموونی هەرێمی ئێران دەبێت!.     ئەو وتارانەی لە (درەو) بڵاودەبنەوە تەنها گوزارشتە لە بۆچونی لخاوەنەكەیان و ( درەو ) بەرپرس نیە لە ناوەڕۆكەكەی



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand